وتار
ئیفلاسی ئیسلامی سیاسی لەئەربەکانەوە بۆ ئەردۆغان

هۆشیار مەلا عەبدولڕەحمان

مێژوی ئیسلامی سیاسی لە تورکیادا دەگەڕێتەوە بۆ نجم الدین ئەربەکان ، کە وەکو باوکی بزوتنەوەی براموسلمانەکانی تورکیا ناسراوە، کە تا خۆی لە ژیاندا بو مۆرکی ئیسلامی بە سیاسەتی ناوخۆ ودەرەوەی حکومەتەکانی تورکیاوە هەستی پێدەکرا لەگەڵ ئەوەی ،کە سیستەمەکەش عەلمانی کەمالیستی بو، بەڵام دوای هاتنەپێشەوەی خویندکارەکانی بە سەرکردایەتی رەجەب تەیب ئەردۆغان وەکو ئاراستەیەکی کۆنسەراتیڤی جیاواز لەمامۆستاکەیان ! توانیان خاڵێکی وەرچەرخان دروست بکەن، ئەویش بەوەی ،کە ئەردۆغانیەکان پێیان وابو، کە مامۆستاکەیان نەیتوانیوە وەکو پێویست ئیسلام و قورسایی تورکیا بەکاربهێنێ بۆ دەوڵەتمەداری ودەوڵەتانی عەرەبی ئیسلامیش هاوکارییان ناکرد وبەدەنگیەوە نەدەهاتن. ئەوە بو نجم الدین ئەربەکان وئەوانەی دوای خۆشی لە حیزبی فەزیلەت کەوتن و نەیانتوانی ڕکابەری ئەردۆغان وپارتەکەی بەکەن پارتی دادوگەشەپێدان. لە ئێستاشدا لە تورکیادا تەنها (جەهەپە) و(مەهەپە) ماون، بەڵام چ مانێک بەدەستی سەپۆتاژ ومانۆڕی ئەردۆغانەوە؟
ئێستاش لە تورکیا شتێک نەماوە بەناوی ئیسلامی سیاسیەوە. ئاکپارتی ئیفلاسی کردوە ، چونکە بەرهەمی هەمو حوکمرانیەکەی ئاکپارتی دابەشبونی خەڵکی تورکیا وهەژاربونی تاکی تورکی داتەپینی ئابوری تورکیای لێکەوتەوە، سەرباری تێکچون وتێکچڕژانی پەیوەندیەکانی ناوەوە و دەرەوە ! فاکتەری سەرەکی ترازانی تورکیا بەرەو دەوڵەتی نادیمۆکراتی و دیکتاتۆری داپڵۆسێنەر دەگەڕێتەوە بۆ تێوەگلانی ئەردۆغان و سەرانی پارتەکەی لەکاری قاچاغچێتی ودەست تێکەڵبونیان لەگەڵ گروپە تیرۆرستیە جیهادیەکانی دونیای ئیسلامی وەکو القاعدە وداعش و النصرە واحرار الشام .
تێوەگلانی حکومەتی ئاکپارتی لەکاری قاچاغچێتیەوە دەگەڕێتەوە بۆ نێوەندگیری کەسێکی بازرگان بەناوی (رەزا زەراب) ی بەڕچەڵەک ئێرانی. زەراب توانیتی لە ڕێگەی بەخشینی بەرتیلەوە بگاتە ناوماڵ وخێزانی هەمو وەزیرەکانی حکومەتەکەی ئەردۆغان وپاشان ماڵی خودی ئەردۆغابیش... لەو کاتەی ،کە ئەوروپا وئەمەریکا کێشەی ئابوری ئیفلاسی بەزۆرێک لە کۆمپانیاکانی ئەو وڵاتانەکرد، کەچێ تورکیا لەساڵانی ٢٠٠٧ بۆ ٢٠١٢ لەوپەڕی گەشەی ئابوری وئاوەدانکردنەوەدا بو، سەرەڕای ئەوەش تورکیا ببوە ژێماڵەی سەرمایەی ئەوروپی ومیرنشینەکانی کەندا، بەڵام نهێنی گەشەی ئابوری ئەو وڵاتە لەساڵی ٢٠١٧ دا دەرکەوت، کە تورکیا جولەی بەدراوی قاچاغ وبەکارهێنانی بانقەکانی تورکیا بۆ ئەو مەبەستە کردوە، کەلە کۆتایشدا دەرکەوت ، کە ئەو مەسەلەیە پەیوەندیە بەسکانداڵێکی نێونەتەوەییەوە هەیە، کە پێشێلکردنی سزادانی ولاتی ئێرانە لەلایەن نەتەوە یەکگرتوەکانەوە، ئەگەرچی ئەم کێشەیە هێشتا درێژەی هەیە و دادگاکانی فیدراڵی ئەمەریکی لە سکانداڵەکە دەکۆڵنەوە و پێشدەچێت لە ئاکامدا تورکیا خودی خۆشی روبەڕوی سزای نێودەوڵەتی ببێتەوە ، چونکە رۆژانە دانپێانەکانی زەڕاب خەڵکی تر ڕادەکێشێتە نێو سکانداڵەکەوە.
لە ژێرکاریگەری ئەو سکانداڵەدا ئیستا تورکیا بۆتە دەوڵەتێکی نادیمۆکراتی و داپڵۆسینەر، بەتایبەتی دوای کۆدەتا گوماناویەکەی ١٥ ی تەموزی ساڵی ٢٠١٦ ڕژێمی ئەردۆغان کەوتۆتە ویزەی خەلکەکەی وڕەشبگیریەکی فراوان دەستیپیکردوە بۆ هەوادار ولایەنگرانی هەدەپە وبزوتنەوەی خزمەت (گولەنیەکان) ،کەبەسەدان هەزار زیندانی لێکەوتۆتەوە، کە تەنها لەکۆی ١٠٢ سەرۆک شارەوانی هەدەپە ٩٤ لەسەرکارەکانیان لابراون و گزیری سەر بەئاکپارتی لە شوێنەکان دانراونەتەوە، لەوانە ٢٧ سەرۆک شارەوانیان ژنن و٦٨ کەسیشیان پیاون لە زیندانەکاندا بەندکراون و بێ ئەوەی دادگاییش بکرێن، تەنها هەڕەشەی سزادانی ٨٠ ساڵ و٤٥٠ ساڵ وهەتاهەتاییان لێدەکرێت، ئەمە جگە لە زیندانی کردنی ئەندامانی هەدەپە، کەلە ئێستادا پتر لە ١٥ ئەندامیان لە زیندانەکان بێ ئەوەی هیچ دادگاو دادوەرێک بوێرێت سزای یەکجارەکیان بەسەردا بسەپێنێت، چونکە گرتن وبەندکردنیان بەبڕیاری خودی ئەردۆغان بوە، تەنها بە بڕیاری سیاسی گیراون ولەنێویشیاندا سەدان رۆژنامەنوسی ناوداری تورکیا وبیانی هەیە، کە بەشێکیان بەرەگەز تورکن وهاونیشتمانی وڵاتانی ئەوروپین.
بۆیە ئیتر لەوە زیاتر سیستەمی دەولەتی ئیسلامی سیاسی بڕناکات وولاتەکەی گەیاندۆتە دۆخی جەقبەستن وهاوڵاتیانی تورکیای بەیەکتر نامۆکردوە و پرۆژەی نیۆعوسمانی فەشەلی هێناوە، کە سەرانی ئاکپارتی بەنیازبون لەپەراویزی بەهاری عەرەبیدا باڵادەستی خۆیان لە ولاتانی ئیسلامیدا فۆرمۆڵە بکەنەوە.

‌ 1384 جار بینراوه‌
14/12/2017
Print Friendly and PDF
بابەتەکانی تری نوسەر
Telerik
شوان داودی - گۆشەی لەژێر چاویلكەوە
؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟
؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟
راپرسی
کێ بەرپرسە لەم دۆخەی ئێستای کوردستان؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved