وتار
خۆپیشاندانه‌كان رێكخستن و نوێنه‌رایه‌تی كردن

لەتیف فاتیح فەرەج

 
خه‌بات بۆ ژیانی باشتر ، پێویستی به‌ سوتاندن و په‌لاماری هه‌ڕه‌مه‌كیانه‌و توندو تیژی نیه‌ ، خه‌بات بۆ ژیانی باشتر پێویستی به‌ پێكه‌وه‌یی ، یه‌كهه‌ڵوێستی و سوربوون و به‌رده‌وامیه‌ ، ئه‌مڕۆ خۆپیشاندانه‌كان ده‌ریانخست كه‌ هێشتا ئاستی هۆشیاری نه‌گه‌یشتوه‌ته‌ ئه‌و شوێنه‌ی چ خۆپیشانده‌ران ، چ هێزه‌ ئه‌منیه‌كان ، له‌ ماناو ناوه‌ڕۆكی گۆڕانكاری  نه‌گه‌یشتون ، خۆپیشاندانه‌كان پێویستیان به‌ سه‌ركردایه‌تی كردن و رێكخستن و نوێنه‌رایه‌تی كردن وزنجیره‌ به‌ندیه‌ ، له‌ سه‌رو به‌ندی خۆپیشاندانه‌كانی 17ی شوباتی 2011 من داوای زنجیره‌ به‌ندی و ئه‌نجومه‌نی  سه‌رتاسه‌ری خۆپیشاندانم كرد ، دیار بوو هه‌ندێ‌ له‌ دۆستانی سلێمانی پێیان هه‌زم ناكرا له‌و ئه‌نجومه‌نه‌ سه‌رتاسه‌ریه‌دا خه‌ڵكی هه‌ولێرو دهۆك هه‌بن ، به‌و بیانوه‌ی هه‌ولێرو دهۆك هیچیان نه‌كردووه‌ ، له‌ كاتێكا ئه‌گه‌ر ئه‌و ئه‌نجومه‌ن و زنجیره‌ به‌ندیه‌ هه‌با ، ره‌نگه‌ حزبه‌كانیش زیاتر په‌یوه‌ستبان پێیه‌وه‌ .
خۆپیشاندانه‌كان پێویستیان به‌ شوێن و به‌رده‌وامی و دروشمگه‌لی ئاوه‌زدارانه‌ هه‌یه‌ ، من ئه‌مڕۆ له‌ نێو خۆپیشاندانه‌كه‌ی چه‌مچه‌ماڵدا هیچ یه‌ك له‌و بابه‌تانه‌م نه‌بینی ، نه‌دیاری كردنی شوێن بۆ مانه‌وه‌ی به‌رده‌وامی ، نه‌دروشمی دروست و ئاوه‌زدارانه‌ ، نه‌ په‌یوه‌سته‌گی به‌ یه‌كتره‌وه‌ ، چه‌ندین ئاراسته‌ی جیا جیاو ناته‌با به‌ یه‌كتر هه‌بوون ، هه‌ست ده‌كه‌م شوێنانی دیكه‌ش لێره‌ باشتر نه‌بونه‌ ، روداوه‌كان واده‌ڵێن ، كه‌واته‌ :
رێكخستنی خۆپیشاندانه‌كان له‌ دۆخی ئاوادا زۆر گرنگه‌ ، پێكه‌وه‌یی ، یه‌ك ئامانجی ، سور بون له‌ سه‌ر داواكان ، پاراستنی ژیان و ئارامی خۆپیشانده‌ران و دام و ده‌زگاكان ، ئیمی خۆپیشاندان له‌ فه‌وزاو په‌لامارو ناشرینی جیا ده‌كاته‌وه‌ ، له‌ راستیدا ئه‌مڕۆ چه‌ندین جار ویستم به‌ ئارامی بۆ خۆپیشانده‌ران بدوێم ، به‌ڵام هیچ بوارێك بۆ ئه‌وه‌ نه‌بوو ، به‌شێك له‌ میدیاكانیش رۆڵێكی خراپیان له‌ گوێزانه‌وه‌ی وێنه‌ ناشرینه‌كه‌دا هه‌بوو ، نه‌ك وێنه‌ی جوانی خۆپیشاندان ، له‌و بابه‌ته‌ش هه‌بوون كه‌ ده‌یانوویست سواری شه‌پۆلی توڕه‌ی خه‌ڵك بن .
بۆ ئه‌وه‌ی خۆپیشاندان به‌رهه‌می هه‌بێت ، بۆئه‌وه‌ی به‌ ده‌سكه‌وته‌وه‌ خه‌ڵكه‌كه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ نێو ماڵ و خانه‌واده‌ ، بۆ ئه‌وه‌ی كه‌س نه‌بێته‌ قوربانی ، زۆر پێویسته‌ له‌ هه‌موو شارو شارۆكه‌كان ئه‌نجومه‌نی شوار یان نوێنه‌رایه‌تی كردن هه‌ڵبه‌ت له‌ ناو خودی خه‌ڵكه‌كه‌وه‌ دروست بكرێت و ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ راسته‌و خۆ په‌یوه‌ندی به‌ هه‌موو شارو شارۆكه‌كانه‌وه‌ گرێبدات 
به‌ بڕوای من ده‌بێت خه‌ڵكی هه‌ولێرو دهۆك هانبدرێن بۆ ئه‌وه‌ی داوای مافه‌كانی خۆیان بكه‌ن ،ئه‌مه‌ به‌ وه‌ نابێ‌ كه‌ هێرش بكرێته‌ سه‌ریان یان تانه‌یان لێبدرێت ، به‌وه‌ ده‌بێت كه‌ لێره‌وه‌ پشتگیریان بكرێت ، له‌ ئه‌نجومه‌نه‌ سه‌رتاسه‌ری و شوراسه‌ره‌كیه‌كه‌دا نوێنه‌ریان هه‌بێت .
ئه‌ركی حزبه‌كانی ئۆپۆزسیۆنه‌ بۆ ئه‌وه‌ی جڵه‌وی رێبه‌رایه‌تی له‌ ده‌ست ده‌رنه‌چێت رێبه‌رایه‌تی بكه‌ن و خۆیان له‌ به‌رپرسیاره‌تی نه‌شارنه‌وه‌ ، ئه‌ركی پۆلیس و ئاسایش و دام و دوزگا سه‌ربازیه‌كانه‌ ئارامی و ئاسایشی خۆیان و خۆپیشانده‌ران دابین بكه‌ن ،ئه‌وه‌ی ئێستا ده‌گوزه‌رێت ناجۆری و ته‌ڵخیه‌كی زۆری پێوه‌ دیاره‌ پێویسته‌ ڕوونبكرێته‌وه‌ .
ناكرێ‌ له‌ نێو ئه‌و هه‌موو نائومێد كردنه‌ی ده‌سه‌ڵاتا ، له‌ خۆپیشاندانه‌كانیش نائومێد بین و سڵی لێبكه‌ینه‌وه‌ .
‌ 1263 جار بینراوه‌
18/12/2017
Print Friendly and PDF
بابەتەکانی تری نوسەر
Telerik
راپرسی
?? ?????????? ??????? ???? ?? ??? ???? ??????

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved