وتار
غازی سروشتی كوردستان نیعمەتێكی تاڵانكراو

نەوزادی موهەندیس


ئاشكرایە كە هەرێمی كوردستان وەك هەرێمێك لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراقی فیدڕاڵیدا، خاوەنی سامانێكی سروشتی هەمەڕەنگ و هەمەجۆری دەوڵەمەندە و لەهەموانیش زیاتر وەكو دوو سەرچاوەی گرنگی وزە نەوتی خاو و غازی سروشتی هەیە. كە لە ئێستادا هەرێمی كوردستان نزیكەی 160 ملیار بەرمیل نەوتی خاوی یەدەگ و بڕی 7ر5 تریلیۆن مەتر سێجا غازی سروشتی یەدەگی هەیە. كە هەبوونی ئەم دوو بڕە لە سەرچاوەی وزە وای لە هەرێمی كوردستان كردووە كە ببێتە یەكێك لە هەرێمە دەوڵەمەندەكانی دونیا و ناو و ناوبانگی بچێتەسەر نەخشەی غاز و نەوتی جیهانی و پلەی هەشتەم بۆخۆی بگرێت لەسەر ئاستی دونیادا لە دەوڵەمەندیدا لەو دوو سەرچاوە گرنگەی وزە.
هەرێمی كوردستان لەساڵی 2002وە كەوتۆتە خۆی بۆ هەڵكەندن و لێدانی بیری نەوت و هاندانی كۆمپانیا نەوتیە بیانی و جیهانیەكان بۆ ئەوەی لە هەرێمدا سەرمایەگوزاری بكەن بەمەبەستی بوژاندنەوە و گەشەپێدانی ژێرخانی ئابوری هەرێمەكەمان و لەو میانەیەدا زیاد لە 52 گرێبەستی نەوتی ئەنجامداوە لەگەڵ 26 كۆمپانیای نەوتی گەورە و بچوك و مامناوەندا لە ئێستادا و لەساڵی 2015دا بەرهەمی هەرێمی كوردستان وەكو ڕاگەیەنراوە ڕۆژانە بریتیە لە 600-750 هەزار بەرمیل و زیاتریش و لەپلانی وەزارەتی سامانە سروشتیەكانیشدایە كە لە كۆتایی ساڵی 2016دا بڕی بەرهەم بگەیەنێتە 1 ملیۆن بەرمیل و لە ساڵی 2019شدا بیگەیەنێتە 2 ملیۆن بەرمیل.
هەروەها هەرێمی كوردستان توانیویەتی لە ساڵی 2007دا یاسای ژمارە 22ی غاز و نەوتی هەرێمی كوردستان دەربكات بۆ ڕێكخستنی كاروبار و بواری نەوت لە كوردستاندا، كە بۆخۆی ئەمە هەنگاوێگی گرنگی یاسایی بوو كە لەمەدا هەرێم پێش دەوڵەتی عێراقی داوەتەوە كە تائێستا خاوەنی یاسایەكی غاز و نەوت نیە كە گرنگترین یاسایە و دەبێتە هۆی نەمان و كەمكردنەوەی كێشە و گرفتەكان لە نێوان بەغداد و هەولێریشدا.
لە ئێستادا داهاتی نەوت تاكە سەرچاوەی داهاتی عێراق و هەرێمیشە و خەزێنەی وڵات بەڕێژەی 95% پشت بەو داهاتە دەبەستێت ، بەڵام لەئێستادا بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهاندا نەعێراق و نەهەرێمیش قازانجێكی گەورە لەو داهاتە ناكەن و توشی قەیرانێكی دارایی توند بونەتەوە.
لەهەرێمدا بەداخەوە سەرەڕای ئەو بڕە نەوتەی كە مانگانە دەفرۆشرێت بەڵام بەهۆی خراپی ئیدارەدان و ناشەفافیەتی سیاسەتی نەوتی هەرێمەوە و قۆرخكاری و شاردنەوەی داهات و تاریكاندن و بە شەخسەنەكردنی ئەو بوارە گرنگە نیعمەتی نەوت لەلایەك بەتاڵانبراوە و هەرزان فرۆشكراوە و لەلایەكی تریشەوە ئەم نیعمەتە بۆتە نیقمەت و برسیكردن و زیاتر هەژاركردنی میلەتەكەمان.
لە ئێستاشدا باسی دەرهێنان و فرۆشتن و گرێبەستكردن دەكرێت لەگەڵ كۆمپانیا بیانی و نێودەوڵەتیەكاندا بۆ غازی سروشتی هەرێمی كوردستان، وەك سەرچاوەی دووەمی گرنگی وزە و پێداویستیەكی گرنگی دونیای ئایندەی دوای چۆڕبڕبونی نەوت بەتایبەتیش ئەوروپا و ئەمریكاو وڵاتانی ناوچەكە.
هەرێمی كوردستان بڕی 7ر5 تریلیۆن مەتر سێجا غازی سروشتی یەدەگی هەیە و كە تائێستا دەرنەهێنراوە و بڕیارە لە ساڵی 2017وە دەست بكرێت بە فرۆشتنی بە كۆمپانیای بۆتاشی توركی كە لە 13/9/2013وە گرێبەستێكی لەگەڵدا واژۆكراوە بۆ ماوەی 26 ساڵ. ئاشكرایە توركیا بۆخۆی خاوەنی بڕێكی زۆر كەمی نەوت و غازی سروشتیە ، بۆیە هەمیشە پێداویستیەكانی لەدەرەوەی خۆی دابین دەكات، بەم گرێبەستەی كەلەساڵی 2017وە دەكەوێتە بواری جێبەجێكردن هەرێم ساڵانە دەتوانێت بڕی 10 ملیار مەتر سێجا غاز هەناردە بكات و تاساڵی 2022 دەیگەیەنێتە 20 ملیار مەتر سێجا. كە ئەمە بۆخۆی بڕێكی بازرگانی زۆر باشە . ئاشكراشە نرخی 1 مەتر سێجا غازی سروشتی بەرز و نزم دەكات لەنێوان 2-5 دۆلاردا. هەرێم دەتوانێت بەم بڕە غازە سروشتیەی پێداویستی 50 ساڵی توركیا دابین بكات لەكاتێكدا توركیا ساڵانە پێویستی بە 50 ملیار مەتر سێجا غازی سروشتی هەیە، كە لە ئێستادا ڕێژەی 55% پێداویستیەكانی لە ڕوسیاوە دابین دەكات لە غازی سروشتی. بەڵام ئەوەی كە تێبینی كراوە و بڵاوكراوەتەوە لە ماڵپەڕی بلۆمبێرگی ئەمریكیدا كە تایبەتە بە كاروباری وزە لە دونیادا ، هەرێمی كوردستان بە پێی ئەو گرێبەستەی كەلەگەڵ توركیادا ئەنجامیداوە 26ر28مەترسێجا غازی سروشتی بە تەنها 7 دۆلار بە توركیا دەفرۆشێت لەكاتێكدا لە بازاڕەكانی دونیادا 1 مەتر سێجا غاز بە 167ر2 دۆلار دەفرۆشرێت ، بەم پێیە هەرێمی كوردستان 8 جار بە هەرزانتر غازەكەی دەفرۆشێتە توركیا. كە ئەمەش بۆخۆی بەتاڵانبردن و هەڕاجكردنی غازی سروشتیەكەمانە وەك نەوتەكە و غازەكەشمان جارێكی تر دەبێتە نیقمەت و ماڵوێرانی و هەژارتركردنی خۆشمان و نەوەكانی داهاتووشمان.
پرسیار لێرەدا ئەوەیە ، ئەرێ‌ غازی سروشتی هەرێمی كوردستان دەبێتە جێگرەوەی غازی سروشتی ڕوسیا بۆ توركیا ؟ ئایا هەرێم دەتوانێت ببێتە ڕكابەری ڕوسیا لە بازاڕەكانی دونیا بۆ فرۆشتنی غازی سروشتی؟
وەڵام ، گەر بەراوردێك بكەین لەنێوان ڕوسیا و هەرێمی كوردستاندا لە بون و بەرهەم و یەدەگی غازی سروشتیدا، ئەوسا بە سانایی دەتوانین وەڵامێكی زانستی و واقعی بدەینەوە. ئاشكرایە ڕوسیا لە سەر ئاستی هەموو دونیا پلەی حەوتەمی هەیە لە یەدەگی نەوت و پلەی یەكەمی هەیە لە بونی یەدەگی غازی سروشتیدا كە بڕەكەی بریتیە لە 44650 تریلۆن مەتر سێجا و لەسەر ئاستی بەرهەمهێنانیش لە دونیادا هەر پلەی یەكەمی هەیە وبڕی بەرهەمی ساڵانەی بریتیە لە 3021 تریلیۆن مەتر سێجا و بڕیاریشە لە ساڵی 2020دا بڕی بەرهەمی بگەیەنێتە 450 ملیۆن تەن لە غازی سروشتی و بڕی هەناردەشی بۆ ئەوروپا بەرز بكاتەوە بۆ 160 ملیار مەتر سێجا ساڵانە، كە ئەم بڕە یەكسانە بە 40% پێداویستی ئەوروپا و ڕێژەی 55% پێداویستی توركیا دابین دەكات.
لەكاتێكدا هەرێمی كوردستان لەم سنورەی ئێستایدا تەنها خاوەنی 7ر5 تریلیۆن مەتر سێجا غازی سروشتیە و ئێستاش نەبۆتە خاوەنی پڕۆسەی بەرهەمهێنانێكی زۆر و هەناردەی ناكات ، تەنها لە ساڵی 2008وە بەپێی گرێبەستێكی 25 ساڵە لەگەڵ كۆمپانیای دانەغازی ئیماراتی و هاوبەشەكانیدا توانیویەتی ڕۆژانە بڕی 300 ملیۆن مەتر سێجا غاز بەرهەم بهێنێت بۆ وێسگە كارەباییەكانی هەولێر و سلێمانی لەهەردوو كێڵگەی غازی سروشتی كۆرمۆر و چەمچەماڵدا.
ڕوسیا خاوەنی 3 هێڵی بۆری گەیاندنی غازی سروشتیە لە ڕوسیاوە بۆ ئەوروپا كە بریتین لە هێڵەكانی : 2 هێڵی بۆری شین لە دەریای ڕەشەوە غازی سروشتی دەگوێزێتەوە بۆ توركیا بەڕێژەی 50% و هێڵی بەڵقان لە ئۆكرانیا و مۆڵدافیا و ڕۆمانیا غازی سروشتی بۆ توركیا دەگوێزێتەوە و هێڵی باكوری ئەوروپاش غازی سروشتی بۆ فێنلەندا و سوید و بەریتانیا دەگوێزێتەوە.
بەم شێوەیە دەبینین بڕی یەدەگی هەرێم و ڕوسیا جیاوازیەكی گەورەیان لە نێواندا هەیە كە دەكاتە 5 ئەوەندەی یەدەگی هەرێمی كوردستان.
 هەربۆیە هەرێم ناتوانێت ببێتە ڕكابەری ڕوسیا و جێگرەوەی بۆ دابینكردنی غازی سروشتی بۆ توركیا و ئەوروپا بەڵكو تەنها دەتوانێت ببێتە سەرچاوەیەكی تر بۆ دابینكردنی غازی سروشتی توركیاو وڵاتانی ئەوروپا و ببێتە هاوبەشێكی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەو بۆریە غازیانەی كە پلانە ڕابكێشرێت بۆ ئەوروپا لە ئاسیای ناوەڕاستەوە وەكو پڕۆژەی بۆری غازی سروشتی نابۆكۆ كە بڕیار وابوو لە ساڵی 2014دا تەوا ببێت بەڵام بەهۆی شەڕی داعشەوە پڕۆژەكە وەستاوە.
لە ئێستادا و بەهۆی گرژبونی پەیوەندیەكانی توركیاو ڕوسیاوە لەدوای خستنەخوارەوەی فڕۆكەیەكی جەنگی ڕوسیاوە لەلایەن توركیاوە ، ڕوسیا لەلایەك وەكو كاردانەوە و گەمارۆدان و سزادانی ئابوری توركیا بیر لە بڕینی گەیاندنی غازی سروشتی خۆی دەدات بۆ توركیا و بە كردارەكیش پڕۆژەی ڕاكێشانی بۆریەكی غازی بۆ توركیا ڕاوەستان و لەبەرامبەریشدا توركیا لە هەوڵی دۆزینەوە و دابینكردنی سەرچاوەی جێگرەوەی ڕوسیایە لە غازی سروشتی ، هەربۆیە بەناچاری و لەبەر پێویستی زۆری توركیا و هەرزانی نرخی غازی سروشتی هەرێم و نزیكی لەتوركیاوە هەرێم دەبێتە بەشێك لە چارەسەرەكانی دەردی كەمبونەوەی غازی سروشتی بۆ توركیا كە گەرەكێتی لە ساڵی 2016وە بەڕێژەی 25% غازی سروشتی ڕوسیا كەمبكاتەوە و بەهەمان شێوە لەهەوڵدایە كە غازی سروشتی لە قەتەرەوە بۆ توركیا ڕابكێشێت و خۆی لە تەنگژە و قەیرانی كەمی و نەبونی غازی سروشتی دەرباز بكات.
لە كۆتایدا گرنگە كە دەسەڵاتدارانی حكومەتی هەرێمی كوردستان درك بە گرنگی ئەو سەرچاوە سروشتیەی وزەی هەرێم و میلەتەكەمان بكەن و هەرزان فرۆش و بەتاڵانی نەبەن و بیكەنە چەكێكی گرنگ و كاریگەر لەبەرامبەر دۆست و دوژمناندا و سوود و كەڵكی لێوەربگرن و بیكەنە كارتی فشاری ئابوری و پتەوكردنی ژێرخانی ئابوری هەرێم و دابینكردنی ئایندەیەكی گەشیش بۆ وڵاتەكەمان و نەوەكانی داهاتوو.

‌ 2571 جار بینراوه‌
20/12/2015
Print Friendly and PDF
بابەتەکانی تری نوسەر
Telerik
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved