وتار
كێ ژمارەیەكی پێوانەیی نوێ لەخۆپیشاندانەكان تۆماردەكات؟

* بورهان حاجی سلێمان

خۆپیشاندان كە لە پەیماننامەی ماگنا كارتای ساڵی 1215 بەریتانیاو دەستكەوتەكانی شۆڕشی فەرەنسا لە ساڵی 1789 تا دەگاتە پەیماننامەی مافەكانی مرۆڤ و هاوڵاتی لە ساڵی 1789و جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤ لە ساڵی 1948 مافێكی سروشتی و مەرجداری گەلانە، لە ئاسانترین پێناسەدا؛ شێوازێكی مەدەنی و دیموكراسی و هۆكارێكی گرنگی فشارخستنە سەر دەسەڵاتە بۆ دەستەبەركردنی ماف و جێبەجێكردنی داواكارییە جیاجیاكانی خەڵك ، یان ئەو گروپەی كە ئەو مافە سروشتییەی پیادە دەكات تا دەگاتە ئەنجامدانی ریفۆرمی پێویست، یان دەستلەكاركێشانەوەی حكومەت.
یەكێك لە كۆڵەكە بنەڕەتییەكانی خۆپیشاندان ئەوەیە پاڵنەر یان دۆزێكی رەوا بوونی هەبێت،  لە هەرێمی كوردستانیش  قەیرانی ئابووری و شكستی سیاسی و سەربازی و بوونی گەندەڵی ناداپەوەری و تاكڕەوی لە سەركێشی كردن بە چارەنووسی كوردستانەوە، زەمینەیەكی لەباریان رەخساندووە بۆ سەرهەڵدانی خۆپیشاندان كە بە كردەیی لە رۆژی یەكشەممەی رابردووەو لە چەمچەماڵەوە چەخماغەی داو بۆ رۆژی دواتر پرشیكی گەیشتە زۆربەی شارو شارۆچكەكانی زۆنی فرەڕەنگ لە هەرێم، بەڵام ئەمجارەش هێشتا وەكو خۆپیشاندانەكانی شوبات – نیسانی ساڵی 2011 كە لەناو خەڵك بە (حەڤەی شوبات) بەناوبانگە، ئەم خۆپیشاندانەی ئێستاش بەهەمان شێوە نەیانتوانیوە سنوری كێشراوی 31ی ئابی ساڵی 1996 ببەزێنێت و ئاودیوی دێگەڵە بێت، هەمووشمان دواتر ئاكامەكانی ئەو 60 رۆژەمان بینی كە نەیتوانی هیچ گۆڕانكارییەك ئەنجامبدا جگە لە گەیاندنی زیان ئابوری بە پارێزگای سلێمانی و رژانی خوێنی چەند گەنج و منداڵێك، چونكە لە ئامانج و كات و قەبارە گرنگتر بۆ خۆپیشاندان (شوێنە) كە كاریگەری راستەوخۆی لەسەر ئەنجامەكان دەبێت، چونكە بمانەوێت و نەمانەوێت ئێستا هەولێر سەنتەری دەسەڵات و ناوەندی دروستكردنی بڕیارەو زۆربەی كۆنسڵخانەو نێردە بیانییەكانیش دەكەونە زۆنی یەكڕەنگی زەردەوە، ئەگەر خۆپیشاندەناكانیش لە ناو ماڵیدا نەكرێت، ئەوە وەك خۆپیشاندانەكانی حەڤدەی شوبات رەنگە تەنها بە شكانی شوشەی پەنجەروسوتانی چەند بارەگایەك لێی دەردەچێت و سەرەنجام دابەشبوونی زیاتر روو لە سنووری سلێمانی بكات و پارتیش وەك پێشتر لە جاران بەهێزتر دەبێت، ئاكامەكەشی لارسەنگی زیاتری باڵانسی سیاسی هەرێمی كوردستان بێت، كە خۆی لە خۆیدا هۆكارێكی سەرەكی سەرهەڵدانی دیاردەی تاكڕەوەی گەیاندنی هەرێمەكە بوو بەم رۆژە.
بۆیە ئەو لایەنانەی سەرپەرشتی خۆپیشاندانەكان دەكەن یان سورای شەپۆلی ناڕەزاییەكانی خەڵك بوونە ئەگەر مەبەستیانە گۆڕانكاری ریشەیی بكەن و مەبەستە نیشتمانی نەك (ناوچەیی)یەكانی خۆپیشاندانەكان بەدی بێنن ئەوە پێویستە بەربەستی هێڵی ساڵی 1996 ببەزێنن و ژمارەیەكی پێوانەیی نوێ تۆمار بكەن و دەنگی داخوازییەكانیان بگەینن بە گوێی (پیرە قەرات).
‌ 760 جار بینراوه‌
18/12/2017
Print Friendly and PDF
بابەتەکانی تری نوسەر
Telerik
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved