وتار
كوردستان بازاڕێك بۆ راوێژكارە بیانییەكان

یوسف تەها



پێمسەیرە سەركردەكانی كورد تا ئێستاش سەرەڕای هەموو ئەو تەجروبانەی پێشووتر، هەر دەرسیان وەرنەگرتووە، خۆ مێژووی پڕ نەهامەتی كورد ئەوان خۆیان تۆماریان كردووە، نازانم بۆ چی تا ئێستاش پەناو پەناگەیان هەر دەوڵەتانی دژە كورد و دەوڵەتانی بێ بەڵێنن. 
خۆ ئەوان خۆیان لە عەقڵیەتی روژئاواییەكان تێدەگەن، ئەوان بەرژەوەندیەكانیان لە سەرووی هەموو شتێكە، خۆیان بۆ هیچ كەس لار ناكەنەوە، باشیش دەزانن كاتێك وەزیرێك لە پۆستەكەی نامێنی دەبێتەوە هاوڵاتییەكی ئاسایی و هیچ دەورێكی لە بڕیاری ئەم وڵاتە نامێنێ و تڕۆ دەكرێ، ئیتر كەس.... بە كڵاویان ناپێوێ، بە پێچەوانەی كاربەدەستەكانی وڵاتی ئێمە كە نەریتی وازهێنان یا لادان لەپۆست باو نییە، گەرلاش بدرێن پۆستی گەرورەتر وەردەگرن، جگە لەمە تامردن لە پۆستەكانیانن، دوای مردنیشیان منداڵ و نەوەكانیان كاربەدەستی وڵاتن.
پێمسەیرە سەركردەكانمان بە هەمان چاو سەیری وەزیر و گزیرە تڕۆكراوەكانی بیانی دەكەن، وادەزانن كە هەمان كەس و بڕیار بەدەستەكەی جارانن، لەمەوە هەر وەزیرێك یا كاربەدەستێكی وڵاتانی بیانی دوای ئەوەی لە ئەركەكەی تڕۆ بكرێ، بەدوای كارێك دەگەڕێ، باشترین كاریش بۆ ئەوان راوێژكاریە لە هەرێمی كوردستان، چونكە كوردەكان زۆر كەیفیان پێ دێ راوێژكاری بیانیان هەبێ ( پۆزی پێ لێ دەدەن ). بۆیە ئەوەندەی راوێژكاری بیانی لە كوردستان هەن و گوێیان لێ رادەگیرێ، راوێژكارە خۆماڵییەكان بوینە سفری پاش فاریزە، هەرچەنەدە ئەوانەی خۆشمان هیچیان هی راوێژكاری نین، چونكە بە خزم خزمێنە و دوستایەتی بوینە راوێژكار، كە ئەركی سەرەكیان لە كاتێ پرسە خەسوانێكاندا تەنها سەر لەقاندن و چەپڵە بارانە بۆ قسەی دڵی سەركردەكان. هەر ئەو راوێژكارە شەرمنانە بوون، رۆژێك نەیانووت بە سەركردەكان ئەوە نابێ وابێ و رێی راستان پیشان نەدان. هەر ئەوانە و راوێژكارە بیانییە تڕۆكراوەكان بوون كوردیان بەم رۆژە گەیاند، برسیكردنی خەڵك و پرسی ریفراندۆم و سەربەخۆییش هەر كاری ئەمان بوون. ئەمانە بوون تەماشاكارانی یارییەكان كە لەگەڵ هەر لایەنێكن كە براوە بێت. ئەمانە تەنها فكرەكانیان فڕێدەدا بێ هیچ لێكۆڵینەوەیەكی پێشوەختە، ئەوەی سەیرە لێشیان وەردەگیرێ ، بۆیە وڵاتی ئێمە پڕ بووە لە راوێژكاری تڕۆكراوی بیانی و رۆژئاوایی، ئەوانە رۆژێك لە رۆژان باكیان بە كورد نەبووە و وشەیەكیشیان لەبارەی كورد و مێژووی كورد نەخوێندیتەوە، چۆن دەتوانن ببن بە راوێژكاری میللەتێك كە هیچی لەبارەوە نەزانن. ئەمانە رۆژ ئاوایین هەموو خەمێكیان بەرژەوەندیەكانیانە، ئەوانە ئێستاش گەر كاربە دەستی وڵاتەكانتان بونایە دژی خواستی كورد بڕیاریان دەدا، بەڵام ئێمە هەر تێناگەین.


‌ 982 جار بینراوه‌
23/12/2017
Print Friendly and PDF
بابەتەکانی تری نوسەر
Telerik
راپرسی
پێت وایە دۆخی ئێستای كوردستان بەچی چارەسەر ئەبێت؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved