وتار
‌لێگه‌ڕێن لاهور شێخ جه‌نگی شانازیی بۆ یه‌کێتیی بگه‌ڕێنێته‌وه‌

كاروان عه‌لی شامار

(1)
هه‌نوکه‌ هیچ پارتێکی سیاسی‌ بارته‌قایی یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستان بێ پلان و به‌رنامه‌ نییه‌ به‌تایبه‌ت له‌مه‌ڕ پێشهاته‌ سیاسیه‌کان به‌جۆرێک که‌ نه‌ توانای بریاردانی هه‌یه‌ نه‌ ده‌شتوانێ له‌ هاوكێشه‌و گه‌مه‌ سیاسیه‌کان وه‌ک سه‌رده‌می سه‌رۆک مام جه‌لال براوه‌و سه‌رکه‌وتووانه‌ لێی ده‌رچێت، یه‌کێتی دوچاری کۆمه‌ڵیک گرفت بووه‌ به‌شێکیان ره‌هه‌ندی مێژووویان هه‌یه‌و به‌شێکی تریان به‌ مه‌رگی مام جه‌لال مه‌وداکانی فراوانتربووه‌.
یه‌کێتی له‌ دوای مه‌رگی رابه‌ره‌که‌یه‌وه‌ نه‌ی توانیوه‌ بچوکترین شانازی بخاته‌ سه‌ر خه‌بات و سه‌روه‌ریه‌کانی،‌ له‌ چالاکترین پارتی سیاسیه‌وه‌ بووه‌ به‌ پارتێکی په‌رگیر که‌ ته‌نها شانازیه‌ مێژووییه‌که‌ی ماوه‌ته‌وه‌، ناکرێت پارتێکی وه‌ک یه‌کێتی که‌ هه‌میشه‌ سه‌رقافڵه‌ بوبێت له‌ خه‌باتی شاخ و شاردا وه‌ فریادره‌س وچاره‌سه‌رسازی زۆرێک له‌ قه‌یرانه‌کانی هه‌رێم و خه‌لكی بوو بێت ئیستا خۆی به‌شێک بێت له‌ کێشه‌کان و له‌ ئاست ئه‌و هه‌موو بێدادی و بێ مافیه‌ی پارتێکی سیاسی به‌رامبه‌ر هاونیشتیمان بێده‌نگ بێ و هیچ هه‌نگاو و کرده‌یه‌کی سیاسی به‌ئاقاری چاره‌سه‌رکردنی دۆخی ئابوریی و سیاسی هه‌رێمدا نه‌نێت!
(2)
یه‌کێتیی له‌ ئیستایا زۆر به‌ڕونی به‌سه‌ر دوو به‌ره‌یا دابه‌ش بووه‌ به‌ره‌یه‌کی ده‌یه‌وێ یه‌کێتی به‌ته‌واوی بکاته‌ حزبێکی ترادیسیۆناڵی و هه‌رچی سه‌روه‌ری رابردووی هه‌یه‌ ته‌سلیم به‌ نه‌یارانی بکات و به‌ پاشکۆکردنی یه‌کێتی و به‌رده‌وامی دۆخی چه‌قبه‌ستووی سیاسی و ئابوریی له‌ ئه‌جنداو ئه‌وله‌ویه‌تی مه‌هامه‌کانیانه‌، ئه‌م تاقمه‌ که‌مینه‌ن و ئه‌وانه‌ن که‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ تایبه‌تیه‌کانیان وای لێکردوون که‌ ئیدامه‌ی دۆخه‌که‌ به‌ن به‌وجۆره‌ی که‌ هه‌یه‌. ئه‌وه‌ی دلسۆزی بێت بۆ شه‌هیدان و 45 ساڵ خه‌باتی شۆرشگێری حزبه‌که‌یان نه‌یان ماوه‌ له‌به‌رامبه‌رهه‌ڕاجکردنی خوێنی شه‌هیداندا سه‌فه‌قاتی ژێر به‌ژێری ملوێن دۆلاریان له‌ نێواندا هه‌یه‌و هه‌رچی قوتی هاونیشتیمانیانیش هه‌یه‌ له‌ ژێرزه‌مینه‌کان حه‌شاریانداوه‌.
به‌ره‌که‌ی تر ته‌واو پێچه‌وانه‌ی به‌ره‌ی یه‌که‌مه‌ به‌رژه‌وه‌ندی گشتی و هه‌وڵدان بۆ ئه‌وه‌ی یه‌کێتی بکه‌نه‌وه‌ به‌ یه‌کێتیه‌که‌ی جاران و باشکردنی دۆخ و گوزه‌رانی ژیانی هاونیشتیمانیان له‌ مه‌هامه‌ سه‌ره‌کیه‌کانیانه‌ وه‌ک پڕه‌نسیپیش کار ده‌که‌ن به‌ فه‌لسه‌فه‌و بیر و باوه‌ڕی مام جه‌لال، ئه‌م به‌ره‌یه‌ تاراده‌یه‌کی زۆر ئه‌وانه‌ن که‌ لاهور شێخ جه‌نگی نماینده‌یان ده‌کات روخسار و روئیایان له‌لایه‌ن خه‌ڵکه‌وه‌ به‌به‌راورد به‌ به‌ره‌ی یه‌که‌م تا راده‌یه‌کی زۆر قبوڵکراوه‌ وێڕاوی زۆرینه‌ی یه‌کێتیه‌کان قبوڵکردنی ئه‌مانه‌ له‌ لۆکاڵێه‌تی حیزب ده‌رچووه‌و لایه‌نه‌کانی تریش تاڕاده‌یه‌کی باش مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م به‌ره‌یه‌دا ده‌که‌ن. که‌سێکی نزیک له‌ ره‌وان شاد نه‌وشیروان مسته‌فا بۆی گێرامه‌وه‌ به‌چه‌ن مانگێک پێش کۆچی دوایی‌ ڕێکه‌وتنامه‌ی ده‌باشان به‌هۆی لێدوانی نابه‌رپرسانه‌ی هه‌ندێک پرۆپارتیه‌وه‌ له‌ که‌ناری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌دا بوو وه‌لێ کاک نه‌وشێروان به‌ته‌له‌فون په‌یوه‌ندی کرد بوو به‌ سه‌رکرده‌کانی گۆرانه‌وه‌ که‌ مامه‌ڵه‌ی فه‌رمی له‌ گه‌ڵ لاهوردا بکه‌ن.
(3)
قۆناغه‌کانی ململانێی ره‌وت و باڵه‌کانی (ی ن ک) هیچ کات وه‌ک ئێستای خراپ نه‌بووه‌، چون ئه‌گه‌ر چاوگی ململانێکانی له‌رابردوودا ئایدۆلۆجیا بوو بێت نوکه‌ له‌سه‌ر هه‌موو شته‌ فکر و ئایدۆلۆجیا نه‌بێت، وێرای هه‌موو خراپی دۆخی ناوخۆی یه‌کێتی و که‌ف و کوڵێ شه‌قام به‌شێکی زۆر له‌ به‌رپرسه‌کانی یه‌کێتی له‌بری چڕکردنه‌وه‌ی هه‌وڵه‌کانیان بۆ ئاشتکردنه‌وه‌ی شه‌قام و باشکردنی دۆخی نێوخۆی که‌چی له‌ به‌رزه‌کی بانان لێی دانیشتوون و بێ باک بێ باک وه‌ک پارتێکی سیاسی بێ گرفت مامه‌ڵه‌ ده‌که‌ن له‌ کاتێکدا دۆخی حزبه‌که‌ له‌ لێواری مه‌رگدایه‌.
ڕاشکاوانه‌تر‌ بڵێم خه‌ڵک و یه‌کێتیه‌کان بێ ئومێدبوون له‌ زۆرێک له‌و روخسارانه‌ی که‌ بونه‌ به‌ بار به‌سه‌رشانی میلله‌ت و حزبه‌وه‌ و هیچ ئاسۆیه‌کی روون بۆ چاره‌سه‌ری کێشه‌کانی یه‌کێتی و شه‌قام نابینن دوا بژارده‌ لای یه‌کێتیه‌کان هه‌وڵ و شه‌ونخونی لاهور شێخ جه‌نگیه‌ بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ک فریاد ره‌سێک بوێرانه‌ یه‌کێتی بخاته‌وه‌ سه‌ر شاڕێگه‌و ئارامی و ئاشته‌وای کۆمه‌ڵه‌یه‌تی بۆ شه‌قام بگه‌رێنێته‌وه‌. گومان له‌وه‌شدا نییه‌ لاهور شێخ جه‌نگی بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ئاست متمانه‌ی گه‌ل و یه‌کێتیه‌کاندا بێت و که‌لێنی تاڵه‌بانیان بۆ پڕکاته‌وه‌ هه‌روا ئاسان نابێت و پێویستی به‌ به‌ره‌نگاری و ته‌حه‌دای گه‌وره‌ هه‌یه‌ بۆ ئه‌مه‌ش پێویستی به‌ کرداری ئانی و مانۆرو جوڵه‌ هه‌یه‌، چه‌ن ئه‌و جوڵانه‌ش بۆ شکانی بته‌‌ گه‌وره‌کان خێراتر بێت دۆخی (ی ن ک) و خه‌لكێش باشتر ده‌بێت و وه‌ به‌پێچه‌وانه‌وه‌ کوشتنی کات و بێده‌نگی له‌ ئاست بێدادی و به‌رژه‌وه‌ندیه‌ بێشوماره‌کانی سه‌ره‌ گه‌وره‌کان ده‌یخاته‌ به‌رده‌م به‌رپرسیارێتییه‌کی مێژووی گه‌وره‌وه‌!
یەقینم وایە گه‌ر لێگه‌ڕێن ئەو هه‌وڵانه‌ی لاهور جه‌نگی دەستی داوەتێ بێ بەرهەم نابێت و لەئاییندەداو جیلی داهاتوو لاهور وەک فریاد رەس و گه‌ڕانه‌وه‌ی شکۆ بۆ یەکێتی و یه‌کێتیه‌کان ناوی دێنن.

‌ 1452 جار بینراوه‌
25/12/2017
Print Friendly and PDF
بابەتەکانی تری نوسەر
Telerik
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved