وتار
ئەم هەڵبژاردنە كەس دەنگ نادات!

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

میللەت و كۆمەڵگەی وشیارو بەئاگا كاتێك دەمرێت و لە جوڵەی خۆی دەوەستێت كە؛ ئازادییە تاكە كەسییەكان و مومارەسەكردنی مافەكانیان لێبسەنرێتەوە.
هەر میللەت و تاكێكیش خۆی بەئازادو دیموكراتخواز بزانێت، دەبێت شەڕی هەموو ئەو بەربەست و كۆت و بەندانە بكات كە دەبنە رێگر لە بەدەستهێنانی مافە سەرەتاییەكانیاندا.
بۆ نمونە. پرۆسەی "هەڵبژاردن" مافێكی رەوای تاكەو ناكرێت هیچ دەسەڵات و هێزێك بەهەر بیانوویەك بێت ئەم مافە لە تاك و گەل بسێنێتەوە.
ئەگەرچی هێشتا لە باشووری كوردستان كاتی ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردن نازانرێت و دیارینەكراوە، بەڵام ئەمڕۆ زیاتر لەهەر جارێكی تر قسە لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردن دەكرێت، بەهۆی سیاسەتی هەڵەی حیزبەكان و حكومەتیشەوە؛ زۆرجار گوێمان لێدەبێت كە دەوترێت "ئەم هەڵبژاردنە كەس دەنگ نادات"!
هەڵەیەكی گەورەیە تاكی كورد لەسەر بڕوایەكی لەو شێوەیە رابهێنرێت كە نەچێتەسەر سندوقەكانی هەڵبژاردن و مافێكی سەرەتایی خۆی مومارەسە نەكات، بەبیانوی ئەوەی خزمەت بەحیزبێك دەكات. بەپێچەوانەوە دەنگنەدان خزمەتە بەحیزبەكان و دەتوانن لەبری ئەوان دەنگ بدەن.
چارەكە سەدەیەكە لەباشووری كوردستان هەوڵدەدرێت دۆخێكی ئازاد فەراهەمبكرێت و سیستمێكی دیموكراتی دابمەزرێنرێت. بەڵام وەستان لەم هەوڵانەو دەستبەرداربوون لەویستی سیستماتیككردنی كۆمەڵگەو خەونی دیموكراسیبوون و دەستاودەستكردنی دەسەڵات بەشێوەیەكی مەدەنیانە، كوشتنی رۆحی نوێخوازی و كرانەوەو پێشكەوتنە لەخودی تاكەكاندا.
نەك پێویستە ئەمجارە كەس نەچێتەسەر سندوقی هەڵبژاردن و دەنگ نەدەن. بەڵكو دەبێت هەموومان بچینەسەر سندوقەكانی هەڵبژاردن و دەنگ بدەین. بۆئەوەی ئەم دۆخە مەنگبووەی سیاسەت و پرۆسەی هەڵبژاردن بشڵەقێنرێت و دەرفەت بەهێزی تایبەت نەدرێت بەویستی خۆی گزی لەدەنگ و هەڵبژاردندا بكات.
ئەگەر مێژووی بیست و شەش ساڵە كورد لەباشووری كوردستان نەمامی ئازادی و دیموكراسی و مافی تاك و تەعبیركردنی لەخود رواندووە، ئەوا پێویستە ئەم نەمامە گەشەپێبدرێت و ژینگەی گونجاوی بۆ خۆشتربكرێت تاكو گەورەترببێت و سێبەری هەبێت و لەسایەیدا بحەسێینەوە. نەوەك رۆحی تەمبەڵی و سستبوون و خاوبوونەوە لەتاكەكاندا بڕوێنرێت و هەموو ئەو خەون و هیوایەی بۆ ئایندەی ئەم وڵات و گەلە هەیانبووە، تێكبشكێنرێت و لەبارببرێت.
گەڕانەوەی تاك و كۆمەڵگە لەپرۆسەی دەنگدان و هەڵبژاردن، پێش ئەوەی شكستی تاك بێت لەخەونی تێپەڕاندنی مێژوو و كرانەوە بەڕووی دنیایەكی نوێدا. سەركەوتنی دەسەڵات و بەردەوامیدانە بەو فۆرمە دەسەڵاتە ترادیسیۆنییەی هەموومانی پڕ پڕ كردووە لەڕەشبینی بۆ دروستكردنی داهاتوویەكی باش و شایستە بۆ كۆمەڵگەو تاكی كوردی.
گۆڕانكاری و هیوایەك بۆ چاكتربوونی كۆی سیستمی حزبایەتی و حكومڕانی لەم كۆمەڵگە كوردییەدا، كارێكی ئەستەمە. بۆیە دەبێت رێگاكانی چاكتركردن و فشاركردن زیاتر بكرێت و بەهێزتر بكرێت؛ نەك لێیبكشێینەوەو تاكەكان هانبدەین نەچنە پرۆسەیەكی مەدەنی دیموكراسی وەك هەڵبژاردنەوەو دەنگ نەدەن.

‌ 453 جار بینراوه‌
06/01/2018
Print Friendly and PDF
بابەتەکانی تری نوسەر
Telerik
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved