وتار
خۆپیشاندانە جەماوەرییەكەی ئێران و دەرهاویشتەكانی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست

ئومێد مەحمود

كۆماری ئیسلامی ئێران لە ئێستادا تەمەنی دەنێتە نێو 39 ساڵ لە حوكمڕانیی، دەوەڵتداری و حكومەتداریی 39 ساڵ، دوای شۆرشێكی جەماوەریی سەرتاسەریی دژی ستەمكاریی و بێمافی و بێدادیی، برسێتی، سەركوتی سیاسی و فكری، جگە لە سەركوت و لە خوێن شەڵاڵكردنی هەر داخوازی و داوكارییەكی مافە نەتەوەییەكانی وەك كورد و بلوژ و ئازەرو نەتەوەكانی دیكە لەو وڵاتە، دەسەڵاتی دیكتاتۆریانەو شاهانەی محەمەد رەزای پەهلەوی و دوای سەركەوتنی شۆڕشی گەلان و كۆمەڵانی خەڵكی ئێران و روخاندنی سیستمی پاشایەتی و بنەماڵەیی و هاتنە سەر كورسی دەسەڵاتی رەوتی ئیسلامیی شیعەگەرا بە رابەیەتی ئیمام خومیەنی، كە بەڵینی دەسەڵات و حوكمی دادو مافەكانی مرۆڤ پێشكەوتن و درسوتكردنی بەهشتی دا بە جەماوەری راپەڕیو، كە نەك هەر نەیتوانی بەڵێنەكانی لە دابینكردنی ژیان و گوزەرانێكی شایستە بۆ هاوڵاتیان و گەلانی ئێران دابین بكات، بەڵكو، هەردوای هاتنە سەر دەسەڵاتی كەوتە گرتنبەری ئەوپەڕی توندوتیژترین سیاسەتی سەركوت و سەنگەساركردن و زیندان و بێكاریی و برسێتیی و پەرەپێدان و تەشەنەكردنی ئالوودەبوون بە ماددە هۆشبەرەكان، وەك شێركۆ بێكەسی شاعیر وتی: ئێران لە سایەی دەسەڵاتدارانی نوێدا سەرتاپا رەش دەچوەو تاران بو بە پایتەختی سێدارەو مزگەوتێكی گەورەی مەرگ.
خۆپیشاندانە جەماوەرییەكانی چەند رۆژی رابردووی ئەو وڵاتە، یەكەمجار نیە، هاوڵاتیان دژی ئەو هەموو سەركوت و ژیانە كولەمەرگییە دەیان جاری دیكە و بگرە رۆژانە هاتونەتە دەنگ و روبەڕووی دەسەڵاتداران و دەزگا ئەمنییەكان بونەتەوە، بەڵام لە ماوەی 39 ساڵی رابردووداو دوای شۆڕشی ئێران دژی سیستمی یاشایی محەمەد رەزا شا، ئەوە یەكەمینجارە جەماوەر و كۆمەڵانی خەڵك بەو فراوانی و توڕەییە بێنە سەر شەقام.
ئەوەی جێی سەرنجی چاودێرانی سیاسییە، تائێستا روخسارو سیمای سیاسی ئەو خۆپیشاندانانە كاڵە و روون نیە.
هەروەك هێزەكانی ئۆپۆزسیۆنی تەقلیدی و ناسراو، بەتایبەتی ئەوانەی لە دەرەوەی ئێرانن، جێ پەنجەیان دیار نیە، تا ئێستا رێبەرایەتی و سەركردایەتی خۆپیشاندانەكان ئاشكرا نین و نادیارن.
لەكاتێكدا هەڵوێستی وڵاتانی ئەوروپاو ئەمریكا، بە ئاشكرا لەسەر زاری سەرۆك و بەرپرسە باڵاكانەوە پشتیوانی خۆیان بۆ خۆپیشاندەران دەربڕیوە، تا ئاستی ئەوەی داوا لە تاران دەكەن كە رەفتارو مامەڵەی نەرم بنوێنێت و دووربكەوێتەوە لە توندوتیژیی.
بە رەچاوكردنی سیاسەتی تاران لەگەڵ هەمو دەنگێكی ناڕازیی، ئاماژەكان ئەوە نیشان دەدەن، حكومەت تا ئەوپەڕی دڵرەقی و بێ‌ بەزەیی دەست بە سەركەوتی جەماوەری راپەڕیو دەكات و بۆ كپكردنەوەو خامۆشكردنی خۆپیشاندەران سڵ لە هیچ جۆرە دەستدرێژیی و پێشێلكارییەك ناكاتەوە، بەڵام ئاخۆ ئەو جەماوەرە راپەڕیوە خاوەن ئەزموونە تا چەند دەتوانێت خۆراگر بێت و چۆن دەتوانێت سیاسەت مامەڵەی شیاو و گونجاو لەگەڵ دەسەڵاتداران و دۆخی سیاسی ئیقلیمی و جیهانی بكات و ئەگەر سەكەوتنی گەورە بەدەستنەهێنێت، بتوانێت بەشێك لەداخوازییەكان بەدەستبهێنێت.
بێگومان كاردانەوەو رەنگدانەوەو كاریگەریی ئەو خۆپیشاندانە لەسەر سەرجەم وڵاتانی ناوچەكەو بەتایبەتش لەو وڵاتانەی كە ئێران هەژموونی كاریگەرو فراوانی هەیە، كەم نابێت و هەر هەنگاوێك چ بە ئاراستەی ئیجابی یان سەلبی لەسەر دۆخی سیاسی و ئابوری ئەو وڵاتانە رەنگ دەداتەوەو ئەگەر ئەو بومەلەرزە جەماوەرییەی كە زۆربەی هەرە زۆری شارەكانی ئێرانی گرتوەتەوە، بتوانێت هەر گۆڕانگارییەكی جددی بهێنێتە ئاراوە، ئەوا سەرجەم وڵاتانی دراوسێی ئێران و تەنانەت خۆرهەڵاتی ناوەڕستش دەلەرزێنێت.


‌ 793 جار بینراوه‌
06/01/2018
Print Friendly and PDF
بابەتەکانی تری نوسەر
Telerik
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved