وتار
مه‌سجه‌كانى مه‌سرور بارزانى

عەدنان كۆچەر


دیسانه‌وه‌ خولانه‌وه‌ له‌ناو هه‌مان بازنه‌ى هۆنینه‌وه‌ى تۆمه‌تدا، سه‌رله‌نوێ خۆسه‌رقاڵكردن به‌هه‌مان میتۆدى خوێندنه‌وه‌ى روداوه‌كان‌و سه‌پاندنى "ته‌سه‌ور" وه‌ك فاكت، جارێكى دیكه‌ ئاڵوده‌بوونه‌وه‌ به‌ روئیاى پڕ سه‌ركێشی‌و دڵڕه‌قی له‌هه‌ڵسه‌نگاندنى قۆناغى دواى ریفراندۆم، ئه‌وانه‌ رواڵه‌ته‌ سه‌ره‌كییه‌كانى دیداره‌كه‌ى مه‌سرور بارزانى بوو له‌گه‌ڵ كه‌ناڵى (روداو)، چونكه‌ هه‌ر خۆشی له‌پشت ئه‌و ماكینه‌ ئیعلامییه‌ی پارتییه‌وه‌یه‌، هه‌مان لۆژیك پێشتر له‌رێی (رێبوار كه‌ریم وه‌لی)‌و ئه‌وانى دیكه‌وه‌ له‌ خوێندنه‌وه‌ى روداوه‌كان خۆى به‌رجه‌سته‌كردووه‌، ئه‌وه‌ى ئه‌و بوێریه‌شی به‌وانداوه‌ به‌ ویستى خۆیان ته‌سه‌ورنامه‌كانى خۆیان دژ به‌ یه‌كێتى به‌یانبكه‌ن، به‌شێكى ئۆباڵه‌كه‌ى له‌ئه‌ستۆى ئه‌و نه‌وه‌ بیماره‌ى ناوخۆی یه‌كێتییه‌، كه‌ به‌رله‌وه‌ی پارتى په‌لامارمان بدات، ئه‌وان سه‌رقاڵن‌و شمشێریان خستۆته‌ سه‌ر گه‌ردنى هه‌ڵوێسته‌كانى یه‌كێتى.
پرسیاری سه‌ره‌كى‌و جه‌وهه‌ری ئه‌وه‌یه‌ كه‌ داخۆ پارتى بۆ واده‌كات؟، له‌راستیشدا وه‌ڵامه‌كه‌ى ئاسان‌و ئاساییه‌و هه‌مووان ده‌یزانن، چونكه‌ له‌بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ له‌ده‌ستچوونى بیره‌ نه‌وته‌كانى هاڤاناو باى حه‌سه‌ن وه‌ك شاده‌ماریی ئابوورى خێزانیی‌و ته‌خشان‌و په‌خشانكردنى داهاته‌كه‌ى له‌بێده‌نگكردن‌و كڕینى ئیراده‌ى خه‌ڵكدا كۆتایی هات، به‌وه‌ش له‌ده‌ستچوونى "دراو" ناچاریان ده‌كات به‌ "درۆ"وه‌ سه‌رقاڵ بن، پارتى واده‌كات چونكه‌ ده‌یهه‌وێت ده‌ستى چه‌ورى خۆى له‌شكستى ریفراندۆم‌و سه‌ركێشییه‌كانى ماڵبات به‌سه‌رى خه‌ڵكى دیكه‌دا بسڕێته‌وه‌و له‌رێی خۆ به‌ پاڵه‌وانكردنه‌وه‌ ئه‌و رێكخستنه‌ سیاسییه‌ی پارتى ته‌ژی بكاته‌وه‌ له‌ووره‌و ئومێد، كه‌ له‌دواى ریفراندۆمه‌وه‌ ئومێدیان به‌حیكمه‌تى بارزانى له‌قبووه‌، واده‌كات، چونكه‌ حوكمڕانى شكستخواردوی ئه‌وان له‌دابینكردنى ژیانێكى شه‌ره‌فمه‌ندانه‌ بۆ هاونشتیمانیان له‌كۆتایی ژیانیدایه‌و ده‌یانه‌وێت ئۆباڵى برسیكردنى خه‌ڵك‌و بڕینى قوتى هاوڵاتیان گرێبده‌نه‌وه‌ به‌ خه‌ڵكى دیكه‌وه‌، هه‌موومان ده‌زانین پارتى بۆ واده‌كات، به‌ڵام ئه‌وه‌ى شایسته‌ى له‌سه‌ر وه‌ستانه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ داخۆ به‌شێك له‌ یه‌كێتییه‌كان بۆ واده‌كه‌ن، ئه‌وانه‌ى دنه‌ى پارتى ده‌ده‌ن سه‌نگه‌ر له‌یه‌كێتى‌و هه‌ڵوێسته‌كانى بگرێ‌و ته‌واوى شكسته‌كانى ئه‌و قۆناغه‌ له‌سه‌ر جه‌سته‌ى یه‌كێتى ساغ بكه‌نه‌وه‌و پارتى لێ ببوێرن.
له‌راستیدا قۆناغى داهاتوو ده‌شێت بینه‌رى هێرشی هه‌مه‌لایه‌نه‌ى پارتى بین له‌دژى یه‌كێتى‌و هێزه‌كانى دیكه‌، تا له‌هه‌ڵبژاردنه‌كان نزیك ده‌بینه‌وه‌ گرێ ده‌روونییه‌كانى پارتى پتر خۆیان له‌دژى یه‌كێتى به‌یانده‌كه‌ن‌و ده‌یانه‌وێت له‌و وێستگه‌ى داهاتوو چ هه‌ڵبژاردنه‌كانى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، یانیش هه‌ڵبژاردنه‌كانى په‌رله‌مانى كوردستان بێت، ده‌ستى چه‌ورى خۆیان به‌سه‌رى خه‌ڵكی دیكه‌دا بسڕن، له‌به‌رئه‌وه‌ش دیداره‌كه‌ى مه‌سرور بارزانى ئه‌ڵقه‌یه‌كه‌ له‌ ئه‌ڵقه‌كانى ئه‌و هێرشه‌ ناڕه‌وایه‌ى كه‌ به‌ مه‌به‌ست ده‌یخه‌نه‌ سه‌ر یه‌كێتى‌و زۆنى سه‌وز، له‌وه‌شدا ده‌شێت ئاوا ئامانجه‌كانى پشت ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌ دیاری بكه‌ین:
ـ یه‌كێتى له‌به‌ستنى كۆنگره‌ نزیك ده‌بێته‌وه‌‌و هه‌موو ئاماژه‌كانیش بۆ ئه‌وه‌ ده‌چن كه‌ كۆنگره‌ى داهاتوو سه‌ره‌تاى ده‌ركه‌وتنى به‌هێزى ئه‌و ئاراسته‌یه‌ ده‌بێت كه‌ ناكۆكن له‌گه‌ڵ فۆڕمى پێشووى په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ پارتى، چونكه‌ ئه‌وه‌ى پارتى له‌یه‌كێتى ده‌یخوازێت ئه‌و تایپ‌و فۆڕمه‌ى پێشووى سه‌رده‌مى رێككه‌وتنامه‌ى ستراتیژى‌و كه‌تنه‌ گه‌وره‌كه‌ى ریفراندۆمه‌، له‌كاتێكدا نه‌وه‌ نوێیه‌كه‌ى ناو یه‌كێتى ئه‌و تایپه‌ ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌، لێره‌وه‌یه‌ تا له‌كۆنگره‌ نزیك ده‌بینه‌وه‌ وه‌زیفه‌ى رۆشنى پارتى پتر خۆى به‌یانده‌كات‌و ده‌یهه‌وێت هه‌م سه‌قامگیریی ناوخۆیی یه‌كێتى تێكبدات‌و هه‌میش كاریگه‌ریی له‌سه‌ر ده‌ره‌نجامه‌كانى كۆنگره‌كه‌ دابنێت، چونكه‌ پێیانوایه‌ به‌ لێدان له‌ ئاراسته‌ په‌سه‌ندكراوه‌كه‌ ده‌توانن ده‌رفه‌ت بۆ ئه‌و نه‌وه‌یه‌ى پێشتر بڕه‌خسێنن گه‌ڕێكى دیكه‌ سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتى بكه‌ن، كه‌ له‌رووى دنیابینى سیاسییه‌وه‌ زۆر جیاوازنین. له‌به‌رئه‌وه‌شه‌ تا نزیكتربین له‌كۆنگره‌، راده‌ى دڵڕه‌قی ئه‌وان پتر خۆى به‌رجه‌سته‌ ده‌كات.
ـ به‌شێكى دیكه‌ى ستراتیژی پارتى له‌پرسی په‌لاماردانى یه‌كێتى‌و فۆكه‌س خستنه‌ سه‌ر كه‌ركوك، بریتییه‌ له‌درێژه‌دان به‌ نائارامى شاره‌كه‌و درێژخایاندنى دۆخى داسه‌پاو تا هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، چونكه‌ رێگرییه‌كانى پارتى‌و په‌كخستنى كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى پارێزگا هه‌ر له‌و سۆنگه‌وه‌یه‌ كه‌ پارتى ده‌خوازێت، چونكه‌ كه‌ركوك‌و ناوچه‌كه‌ وه‌ك جێ نفوزى یه‌كێتى ئه‌ژمارده‌كرێت‌و باڵانسی یه‌كێتى له‌هه‌ڵبژاردنه‌كان راستده‌كاته‌وه‌، ئیدى هه‌وڵى پارتیش به‌ ئاراسته‌ى لێدان له‌ سه‌نگى یه‌كێتى له‌كه‌ركوك‌و ناوچه‌كه‌ دوو ئاراسته‌ وه‌رده‌گرێت، یه‌كه‌میان هه‌وڵی نابودكردنى یه‌كێتى له‌نێو راى گشتى كه‌ركوك‌و دووه‌میش په‌كخستنى هه‌ر هه‌وڵێك به‌ ئاراسته‌ى چاره‌سه‌رى دۆخى شاره‌كه‌.
ـ ره‌هه‌ندێكى دیكه‌ى نیگه‌رانییه‌كانى پارتى، شكستخواردنیه‌تى له‌ پرسی كاركردن له‌سه‌ر پارچه‌كانى دیكه‌ى كوردستان، هه‌مووان ده‌زانن ئه‌جێنداى پارتى له‌ به‌رامبه‌ر باكور‌و دروستكردنى حزبی كارتۆنى، هه‌روه‌ها له‌ رۆژئاواو سنوورداخستن‌و پشتیوانیكردنى ئه‌نه‌كه‌سه‌ دژى ئه‌زموونه‌كه‌و به‌كارهێنانى هێزه‌كانى رۆژهه‌ڵات بۆ ئه‌جێنداى خزمه‌ت به‌ پارتى شكستیانخوارد، كه‌چی به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ستراتیژى نه‌ته‌وه‌ییانه‌ى یه‌كێتى له‌ پشتیوانى هه‌ده‌پ‌و سه‌رخستنى نه‌به‌ردییه‌كانى كۆبانى له‌رۆژئاواى كوردستان‌و په‌یوه‌ندی سه‌نگین له‌گه‌ڵ كوردانى رۆژهه‌ڵات، بووه‌ وانه‌یه‌ك كه‌ دیسانه‌وه‌ پارتى پێی هه‌زمنه‌كرێت، له‌به‌رئه‌وه‌ش ستراتیژى په‌لاماردن‌و هێرشكردنه‌ سه‌ر یه‌كێتى ئێستا له‌هه‌موو كاتێكى دیكه‌ زیاتر خۆى به‌رجه‌سته‌ ده‌كات.
ـ ستراتیژى په‌لاماردان لۆژیكێكى كۆنى پارتییه‌ بۆ ئه‌وه‌ى خۆى له‌گوناهى ریفراندۆم پاكبكاته‌وه‌، ئاخر ئه‌و پێیوابوو كه‌ سه‌ركردایه‌تیكردنى ئه‌و ئاراسته‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌ به‌ناوى ریفراندۆمه‌وه‌ ده‌شێت له‌هه‌ڵبژاردنه‌كانى داهاتوو بۆی ببێته‌ ده‌نگ‌و قورسایی هه‌ڵبژاردن، كه‌چی كاتێك ریفراندۆم له‌جێی ئه‌وه‌ى ببێته‌ فریادڕه‌س، بووه‌ نه‌گبه‌تى، ئێستا پارتى له‌رێی تۆمه‌ت به‌شینه‌وه‌و خۆكردنه‌ قوربانى‌و ختوكه‌دانى هه‌ستى نه‌ته‌وه‌یی ده‌یهه‌وێت جارێكى دیكه‌ ته‌وزیفی هه‌ڵبژاردنه‌كانى بكاته‌وه‌، له‌وه‌شدا باشترین ستراتیژ له‌ خه‌یاڵدانى ئه‌وان بریتییه‌ له‌ په‌لاماردانى یه‌كێتی‌و تۆمه‌تباركردنى یه‌كێتی به‌وه‌ى نه‌یهێشت ریفراندۆمه‌كه‌ سه‌ربكه‌وێت، له‌وه‌شدا ده‌یانه‌وێت فۆكه‌س له‌سه‌ر خۆیان لابده‌ن‌و بڕیارى ناحه‌كیمانه‌ى ریفراندۆم له‌سه‌ر خه‌ڵكى دیكه‌ بشكێنن.
ئێستا یه‌كێتى له‌به‌رده‌م دوو شه‌پۆلى په‌لاماره‌، یه‌كه‌میان پارتییه‌، كه‌ دیداره‌كه‌ى مه‌سرور بارزانیش له‌و چوارچێوه‌یه‌دا ده‌خولێته‌وه‌و دووه‌میش ئه‌و ئاوازه‌ نه‌شازه‌ى ناوخۆیه‌، كه‌ هه‌میشه‌ پێش پارتى‌و له‌كه‌ناڵه‌كانى ئه‌وانه‌وه‌ فۆڕمێكى دیكه‌ى ئه‌و په‌لاماره‌ به‌ڕێوه‌ ده‌به‌ن، یه‌كه‌میان ده‌بێت وه‌ڵام بدرێته‌وه‌و دووه‌میش ده‌بێت له‌رێی دیسپلینى حزبی بێده‌نگ بكرێت.
‌ 855 جار بینراوه‌
11/01/2018
Print Friendly and PDF
بابەتەکانی تری نوسەر
Telerik
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved