وتار
حیزبی سیاسی لەنێوان زەرورەتی قۆناغەكە و هەڵپەی دەسەڵاتدا !

نەوزادی موهەندیس

 ئاشكرایە دروستبوون و سەرهەڵدانی بیری نوێ‌ وڕەوتی تازە و جوڵانەوە و تاڤگەڕی سیاسی نوێ‌ لەكات و ساتی مێژوویدا دێنە دروستبوون و دامەزراندن و زەرورەتی قۆناغەكە دەیسەپێنێت، وەك دەرچەیەك بۆ دۆزینەوەی رێگا چارەكان یان گەڕان بەدوای جێگرەوەی نوێدا بۆ كۆنە هەبوەكان لە سەركردە و پارتی سیاسی و رێكخراوی جەماوەری تر.بۆیە ناكرێت لەخۆڕا و بەبێ‌ پێویستبوونی رۆژگار و سەردەمەكە و بەبێ‌ بونی داواكاریەكی جەماوەری رەوا و پاڵپشتیكردنێكی راستەقینەش بۆ دروستبوونی جوڵانەوە وقەوارە و تاڤگەرێكی سیاسی نوێ‌ هەوڵی دامەزراندن یان پێكەوەنانی قەوارەیەكی سیاسی بدرێت، چونكە لەسەر زەمینەیەكی پتەو و كۆنكرێتی جەماوەری و فكری نەهاتۆتە بوون و زیانی زیاتر دەبێت بۆ ئایندە ، چونكە دەبێتە هۆكار بۆ دابڕان و لێكترازانی زیاتری ریزەكانی جەماوەر، ئاشكراشە چەندە جەماوەر و كۆمەڵگا یەك و یەكگرتوو بێت هێندە بەهێز و خاوەن ئیڕادەی پۆڵاین دەبێت، هەركاتیش كۆمەڵگا دابەشبوە سەر رەوت و بزاڤ و جوڵانەوە و قەوارە و بزوتنەوەی جۆراوجۆری جیاواز و بچوك ئەوا هێندەی تر زیانیپێدەگات و لاواز و بێئیڕادەیەكی راستەقینەش دەمێنێتەوە.بەداخیشەوە دروستبون و دامەزراندنی حیزبی سیاسی لە رۆژهەڵاتدا بەگشتی و لەكوردستانی خۆشماندا بەتایبەتی بۆتە مۆدیلێكی نوێی قێزەون، چونكە زۆربەیان تەنها لە پێناو دەسكەوتی كەسی و هەڵپەی دەسەڵات و چنینەوەی دەسكەوت و ئیمتیازات و پلە و پۆستی ناڕەوادا دروست بوون، یان كەسانی تۆراو و بێ‌ جێگە و پێگە ماونەتەوە ، ئەگینا ئەوە چ مەنتیق و رەواییەكە لە ماوەی كەمتر لە ساڵێكدا چەندین قەوارەی سیاسی بەناو سیاسی وەكو قارچك سەرهەڵبدەن و زۆر بەخێرایی كۆنگرەی خۆیان ببەستن و ئۆرگان و دامەزراوە و بارەگا دابمەزرێنن و خۆشیان ئامادەبكەن بۆ زنجیرەیەك هەڵبژاردن لە كوردستان و عێراقدا.زۆربەی ئەم قەوارە و حیزبانە لە ژێر ناوی دیموكراسی و دادپەروەری و كاركردن بۆ ئایندە و نەوەی نوێ‌ و گۆڕان و چاكسازی لە سیستەمی حوكمڕانیدا خۆیان نمایشكردوە، بەڵام هەموانیشیان لەناو خۆیاندا لەسەر بچوكترین جیاوازی لێكجیادەبنەوە و ناتوانن لەناو یەك بەرەی ئیسلامی یان دیموكراسی یان نەتەوەییدا خۆیان رێكبخەن، چونكە هیچكامیان دروشم و مەبەستیان خزمەتكردنی كۆمەڵگا و نەتەوەو نیشتیمان نیە بەڵكو تەنها بەرژەوەندی خۆیان و دارودەستەكانیانە.
پرسیار لێرەدا ئەوەیە: ئایا ئەم حیزبە سیاسیانە بنەماو بنچینیەكی ئایدیا و فكری و رێباز و رچەیەكی دیاریكراویان هەیە؟ ئایا ئەم بەناو ئەندام و لایەنگرانە لەسەر چ خاڵ و تێڕوانین و روئیایەكی هاوبەش كۆبونەتەوە؟ئایاچ زەرورەتێكی هەنوكەیی پاڵیپێوەناون كە ئەم قەوارانە دروست بكەن و سەربەخۆ هاوبەشی كاری سیاسی بكەن و بچنە هەڵبژاردنەكانیشەوە؟ ئایا كوردستان حیزب و قەوارەی سیاسی كەمە؟ ئایا پەند و عیبرەتیان لەو حیزبۆكانەی رابووردوو وەرنەگرتوە؟و ئەنجامی بوونی ئەم هەموو حیزبە سیاسیانەش چ دەبێت؟
بۆ وەڵامی ئەو پرسیارانە و دەیانی تریش، بریتیە لەوەی كە ئەو حیزب و قەوارە سیاسیانە كە تازە دامەزراون پاڵنەری سەرەكیان بریتیە لە دروستكردنی قەوارەیەك بۆ كەسە یەكەمەكان و بۆئەوەی جێگە و پێگەی لەدەستدراویان بەشێوەیك لە شێوەكان بۆ بگەڕێتەوە و بێبەش نەبن لەو كێكە بەلەزەتەی كە لەم وڵاتەدا هەیە و ئەوانیش بەشی خۆیان بپچڕن، لەلایەكی تریشەوە كۆمەڵێك پلە و پۆست و ئیمتیازات بۆ هەندێك لەو لایەنگرانەی كەلێیان كۆبونەتەوە وەدەستبخەن، ئەگینا كە بەدیقەت وورد دەبیتەوە لە پێكهاتە و پەیكەری دامەزراندنی ئەم حیزبانە هیچ جۆرە هارمۆنیەك لە پەیەوەندی و پێكەوە گرێدانیاندا نابینیتەوە، چونكە نە یەكێتی فكر و نە یەكێتی كار و و پلان پێكیانەوە گرێنادات، تەنها كۆمەڵە كەسانێكن كە بەرژەوەندی ئابوری و دەسكەوت و ئیمتیازاتی سیاسی كۆی كردونەتەوە و خۆیان رەگەڵ توڕەیی جەماوەردا نزیككردۆتەوە، نەك رابەرایەتی بكەن، چونكە جەماوەریش باش لە ماهیەتی هەموانیان تێگەیشتوە و هیچ كامیان لە ئێستادا ناتوانن بە ئەركی رابەرایەتی و پێشەنگی جەماوەر هەڵبستن، هەربۆیەش ئایندەیان روون نیە و ناشبنە خاوەن جەماوەرێكی راستقینە و پتەو لەداهاتوشدا، چونكە ئەم قۆناغ و ئەم وێسگە هەستیار و ناسكەی كورد بەم لاوازی و بێهێزی و گەمارۆدراو بە دەیەها مەترسی و ئاڵنگاری هیچ زەرورەتێك نابینێتەوە بۆ دروستبونی حیزبی سیاسی تر، سەرەڕای بوونی رەخنە و كەموكوڕی و گەندەڵی و ناعەدالەتی و نایەكسانی و قۆرخكاری دەسەڵات و خۆسەپاندن و تاكڕەوی و تەریككردنی زۆرینەی جەماوەر لەلایەن ئەم دەسەڵاتەی ئێستاوە كە هەق وایە گۆڕانكاری جدی تیادا رووبدات لە بەرژەوەندی زۆرینەی گەل.
هەربۆیە سەركەوتنی كاری سیاسی و بەردەوامبونی كایەی سیاسی بەمانای زۆری ژمارەی حیزب و قەوارەی سیاسی نایەتە دی، ئەوەتا وڵاتانێكی گەورە و پێشكەوتوو تەنانەت رابەری دونیاش دەكەن كەچی لە 2 حیزب یان 3 یان 4 حیزب تێپەڕ ناكەن بەڵام ئەزمونی كاری سیاسیشیان سەركەوتوە وەك ئەمریكا و بەریتانیا و تەنانەت روسیاش، هەربۆیە بوونی ژمارەیەكی زۆری حیزبی سیاسی لە كوردستاندا نەك بەمانای تەندروستبوون و سەقامگیری دۆخی سیاسی نایەت بەڵكو دەلالەتیشە لەسەر بونی فرەییەكی بێ‌ مانا و بێ‌ بنچینە لە روئیا و بۆچوون بۆ كاری سیاسی و ئایندەی كوردستانیش، نەكە هەرئەوە بەڵكو ئەم ژمارە زۆرەی حیزبی سیاسی بونەتە هۆی زیاتر و زیاتر دابەشبوون و پەرت و بڵاوكردنەوەی ریزەكانی گەل، چونكە هەر حیزبێك بەبێ‌ گوێدانە بەرژەوەندی باڵای كورد و كوردستان هەمیشە و دوور لە مەنتیق و یاسا و رێساكان تەنها بەرگری سەرسەخت دەكات لە بۆچون و رێباز و بەرژەوەندیەكانی خۆی و ئامادەش نیە بچوكترین سازش لەسەر هیچ بەند و خاڵێك بكات، بۆیە لەم قۆناغەدا كورد هێندەی پێویستی بەیەك و یەكگرتووی كار و كردەوە و گوتار هەیە نیوهێندە پێویستی بە حیزبی سیاسی زۆرتر و تازەتر نیە، هێندەی پێویسمان بە كردار و كوردایەتی هەیە پێویستمان بە هیوای بێ‌ بنەماو حیزبایەتی نیە.
هەربۆیە گەرەكە كە ئەو قەوارە سیاسیانەی كە تازە دروستبون و ئەوانەشی كەهەن هەق وایە عیبرەت لەو حیزبە دێرینانە وەربگرن كەچۆن بچوكبونەتەوە و لاواز و كەنەفت كەوتون و مێژوو هەنگاویان بەسەردا دەنێت، هەرچەندە خاوەن رابووردویەكی گەش و شۆڕشگێڕ و شەرعیەتی شۆڕشیش بون و تەنانەت زەرورەتی قۆناغەكەش دروستیكردون لەبەرامبەر مقاوەمەتی شۆڕشگێڕی دژ بە داگیركەرانی كوردستاندا، بەڵام دووركەوتنەوەیان لە خواست و ویستە رەواكانی جەماوەر و دووڕوویی و بێبەڵێنیان بونەتە هۆی بچوكبونەوەیان و پشتتێكردنیان لەلایەن جەماوەرەوە، جا چ جای حیزب و قەوارەیەك كە هیچ زەمینە و پاشخانێك و زەرورەت و رەوایەتیەكی مێژوویشیان نەبێت.ئەنجامی زۆری ئەم هەموو حیزب و قەوارە سیاسیانە لەكوردستاندا كە زیاد لە 30 حیزب و قەوارە و لەوڵاتێكی وەكو عێراقیشدا زیاد لە 200 قەوارەی سیاسی ناونوسكراون، بەڕاستی بۆخۆی مایەی كارەسات و لێكترازانی زیاترە بەسەر كۆمەڵگادا، بۆكورد چەندین زیانی گەورەی هەیە ، لەلایەك یەك و یەكڕیزی كۆمەڵگا و خێزانی كورد كەرتوپەرت دەكات و قوڵی دەكاتەوە و لەلایەكی تریشەوە كورد و كوردستان لاواز دەكات چونكە هەریەكە لەو حیزبانە بەداخەوە دابەشبونەتە سەر هێڵ و ئاڕاستە و بەرە ناوچەییەكان و وڵاتانی سەردەستی كوردستان كەهەموان بە ئاشكرا و نهێنی دژی ئاوات و مافە رەواكانی كوردن و هەربۆیەش ئیڕادەی راستەقینەی خۆیان لەدەستداوە لە بڕیارداندا، هەروەها ئەم ناجۆری و دوورلەیەكیەی نێوماڵی كوردە كە بۆتە لاوازی پێگە و هەڵوێستی كورد لە ناوخۆ و عێراق و ناوچەكە و دونیاشدا لەكاتێكدا كە مەترسیەكان رۆژبەڕۆژ گەورەتر دەبن.
بەم شێوەیە ئەنجامی سەرهەڵدانی حیزب و قەوارە سیاسیەكان لەكوردستاندا تەنها ماڵوێرانی زیاتر و لێكترازانی زیاتر و لاوازی زیاتری لێدەكەوێتەوە، ئەوەتا تەنانەت لەسەر دروستكردنی هاوپەیمانیەكی كوردی و یەك لیستی بۆ هەڵبژاردنەكانی عێراق لە ناوچە جێگە ناكۆك و دابڕاواكانیشدا ناتوانن بگەنە یەك بڕیار و هەموو كورد لەژێر سایەی یەك چەتری كوردایەتیدا كۆببنەوە بەجیاواز لە پێكهاتە عەرەب و توركومان و مەسیحی و ئەوانی تردا، ئیدی دەبێت چ ئومێدێك بەسەركردە و حیزبی سیاسی كۆن و نوێ‌ هەڵبچنرێت و چ ئومێدێكیش بە ئایندە گەشە بكات، هەموو ئەم هەڵە و كەموكوڕیانە بەشی هەرە زۆری دەكەوێتە ئەستۆی دەسەڵاتداران، بەڵام لەبەرامبەریشدا ئەوانی تریش بێگوناه نین، بۆیە بەداخەوە ئەو راستیە تاڵە هەمیشە ئامادەگی هەیە وخۆی دووپات دەكاتەوە لە هەموو قۆناغەكاندی خەباتی كوردایەتیدا كە دوژمنی سەرسەخت و راستەقینەی كورد تەنها كورد خۆیەتی نەك دوژمنان و داگیركارانی كوردستان.


‌ 1048 جار بینراوه‌
20/01/2018
Print Friendly and PDF
بابەتەکانی تری نوسەر
Telerik
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved