وتار
زۆرانبازی ئەمریكاو ئێران لە عێراقدا بەرەو كوێ‌ ؟

نەوزادی موهەندیس

نزیكەی 15 ساڵی ڕێكە كە ڕژێمی بەعسی صدامی ڕوخاوە لەعێراقدا بەهێزی هاوپەیمانان بەڕابەرایەتی ئەمریكا و ئیدی لەوكاتەوە گەلان و خاكی عێراق ڕزگاریانبوە لەدڕندەترین ڕژێمێكی تاكڕەو و ستەمكاری سەدەی بیستەم،هەرچەندە ئەمە دەستپێك و سەرەتایەكی قۆناغی نوێ‌ بوو بۆ گەلانی عێراق و مایەی دڵخۆشیان بوو،بەڵام لەدوای ئەو بەروارەوە و بەدرێژایی ئەم 15 ساڵەی ڕابووردوو نەگەلانی عێراق و نە ناوچەكەش ئارامیان بەخۆیانەوە نەبینیوە كە هەموانیان وایان دەزانی ڕژێمەكەی صدام حسێن هۆكاری ئەو گرژی و نائارامیە بوە،بەڵام لەئێستادا بۆیان دەركەوتوە كە ئەوە ململانێ‌ ناوخۆیەكانی نێوان حیزب و سەركردە سیاسیەكان لەلایەك و لەلایەكی تریشەوە ململانێ‌ نەتەوەیی و ئاینی و مەزهەبیە جیاوازەكان  هۆكاربونە و لەپاڵ ئەمانیشدا ململانێ‌ ناوچەییەكان و نێودەوڵەتیەكانیش بە بەهێزیەوە ئامادەگیان هەبوە.بۆیە ماوەی ئەم 15 ساڵەی ڕابووردوو گەلانی عێراق بەری ڕەنجی چەندین ساڵەی خەبات و قوربانیەكانی 30 ساڵەی قۆناغی ڕژێمی صدام حسێنیان نەچنیەوە تا ڕووبارێك خوێن و فرمێسك و قوربانی تری هاتە سەرو تائێستاش بەردەوامی هەیە و ئەوسەری ڕێگا و تونێلەكەش ناڕوون و نائاشكرایە بۆ ئایندە.
وڵاتانی ناوچەكە و زلهێزەكانیش هەریەكەیان بە پێی توانا و بەرژەوەندیەكانی خۆیان دەستیان وەرداوەتە ناو كاروباری عێراقەوە و هەریەكە بەمەرامێك و بۆ جێگە كردنەوەی پێگەیەكی شیاو لە ئایندەی عێراقی دەوڵەمەند بە نەوت و غازی سروشتی و ..هتد.گەرەكیانە بمێننەوە و لەو پێناوەشدا ململانێ‌ دەكەن.
لەناو هەموانیاندا ململانێی نێوان ئەمریكا و ئێران زۆر ئاشكرایە و زۆریش توندەو هەریەكەیان كێبكڕكێی ئەویتریان دەكات بۆ سەركەوتن و بە ئانامج گەیشتنیان لە چەسپاندنی دەسەڵات و هەژموونی سیاسی و ئابوری و سەربازی خۆی لە عێراقدا.عێراق لە ئێستادا بۆتە گۆڕەپانێكی كراوە بۆ ململانێ‌ نێودەوڵەتیەكان و بەتایبەتیش ئێران و ئەمریكا.هەردووكیان گرنگی تەواو دەدەنە ئایندەی عێراق،چونكە باش لە گرنگی و كاریگەری جێگە و پێگەی عێراق دەزانن لەناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناویندا،چونكە عێراق وڵاتێكی دەوڵەمەند و بەهێز و خاوەن 38ملیۆن كەس و یەدەگێكی زەبەلاحی نەوت و غازی سروشتیە و پێگە و هەڵكەوتەیەكی جیۆسیاسی گرنگی هەیە لەناوجەرگەی ڕۆژهەڵاتی ناویندا و دەڕوانێتە سەر وڵاتانی كەنداوی عەرەبی و دەروازەی وڵاتانی عەرەبیە بۆ ئێران و هەریەكێك لە ئێران  یان ئەمریكا بتوانێت عێراق كۆنتڕۆڵ بكات وەكو ئەوە وایە هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوینی كۆنتڕۆڵ كردبێت.بۆیە ئەم ململانێیانەی ئێران و ئەمریكا بەتەنها لەعێراقدا نەماوەتەوە بەڵكو پەلی كێشاوە بۆ تەواوی ناوچەكە لە سوریا و لوبنان و فەلەستین و میسر و یەمەن و عومان و بەحرەین و ...هتد.پڕیشكی ئەم ململانێ یان زۆرانبازیە دوو قۆڵیە پەلی هاویشتوە و مەترسیشی دروستكردوە بۆسەر نفوز و بەرژەوەندیەكانی ئەمریكا و ڕۆژئاوا و هاوپەیمانەكانیان لەناوچەكەدا بەوێنەی سعودیە و میسر و ئیسڕائیل. هەربۆیە پێناچێت ئەم ململانێیە بەئاسانی كۆتایی پێبێت و كۆتاییەكەشی كۆتاییەكی مەترسیدار و خوێناویش دەبێت بۆ ناوچەكە،چونكە لەلایەك هیچ كامیان پاشەكشە ناكەن ولەلایەكی تریشەوە بۆخۆی ئاگری شەڕی دژ بەتیرۆریستانی داعش و هاوشێوەكانی هێشتا بەتەواوەتی كۆتایی نەهاتوە.
ئێران  وەك زلهێزێكی ناوچەیی خۆی نمایش دەكات وهەرچی هەوڵی هەیە بۆ پاوانكردن و فراوانكردنی دەسەڵات و نفوزی خۆیەتی و پاڵپشتیشی هێزە ڕۆحی و ئاینی و مەزهەبیەكەیەتی لەناو گەلانی ناوچەكەدا و هەرچی ئەمریكاشە وەك زلهێزێكی جیهانی مەبەستی دەستبەسەراگرتنی تەواوی سەروەت و سامانی ناوچەكەیە لەڕووی سیاسی و ئابوری و ئەمنیەوە،چونكە ئەم ناوچەیە بۆ زلهێزەكانی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتیش گرنگی خۆی هەیە.
لە ئێستادا ئەمریكا لەسەر زەمینەی واقع و لەناو پێكهاتە جیاوازەكانی عێراقدا بە ڕادەی ئێران نەیتوانیوە سەركەوتن بەدەستبهێنێت بەهۆی لایەنگری زۆرینەی شیعە مەزهەبی عەرەبیەوە بۆ ئێران و هەرواش سونەی عەرەب و كوردەكانیش لە بێ‌ بەڵێنی ئەمریكا وەڕس بون و شكستە سیاسی و سەربازیەكانیان بۆ ئەمریكا دەگێڕنەوە و توركومانەكانیش توركیا بەپاڵپشتی ڕاستەقینەی خۆیان دەزانن و كەمینەی مەسیحیەكانیش لەو نێوەندەدا بێ‌ دەسەڵات ماونەتەوە.لە ئێستادا زۆرانبازیەكی ئەمریكا و ئێران  لە پاڵپشتی هەریەكەیان دەردەكەوێت بۆ سەركردە و حیزبە سیاسیەكان لە پێكەوەنانی لیستی و قەوارە و هاوپەیمانیەكانیان بۆ هەڵبژاردنی ئایندە و هەریەكەیان گەرەكێتی لایەنگرانی خۆیان سەركەوتوبن تابتوانن بۆ 4 ساڵی ئایندە بەردەوامی بەهەژموون و مانەوەیان بەدەن لە عێراقدا.
هەربۆیە ئەم زۆرانبازیەی نێوان ئەمریكا و ئێران لەسەر حسابی خاك و گەلانی عێراق بۆ ماوەیەكی تریش بەردەوام دەبێت تائەوكاتەی ئەمریكا دەتوانێت گۆڕانكاری لەناوخۆی ڕژێمی ئێرانیدا دروستدەكات و دەبێتە هۆی گۆڕینی سیستەمی حكومڕانی لەئێراندا و بەمەش دەتوانێت سەركەوتنی كۆتایی بەدەست بێنێت،بەڵام ئەم كارەش بۆخۆی نەئاسانە و نە لە ئایندەیەكی زوودا دێتەدی ،بەڵكو هێندەی تر ناوچەكە ڕووبەڕووی مەترسی و جەنگێكی تری تیرۆریستی دەكاتەوە،هەربۆیە ئایندەی ململانێكە و كۆتایی چارەنوسی عێراق و ناوچەكەش بەتاریكی و لێڵی دەمێنێتەوە.و نارامی لەنماوچیەكەشدا بەردەوامی دەبێت.

‌ 189 جار بینراوه‌
25/01/2018
Print Friendly and PDF
بابەتەکانی تری نوسەر
Telerik
راپرسی
پێت وایە دۆخی ئێستای كوردستان بەچی چارەسەر ئەبێت؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved