وتار
هەڵویستی ئەمەریكا و روسیا و بەریتانیا لەسەر رۆژئاوا

هۆشیار مەلا عەبدولڕەحمان

روسیاو رۆژئاوا
روسەكان لە مێژوی كۆن و نوێیاندا بەتایبەتی لەسەردەمی دەسەلاتی ئەنجومەنەكانی سۆڤیەتدا بەناو ناونیشان بنكەو پێگەو قەلای چەوساوەكانی جیهان بوە، بەڵام لەناوەڕۆكدا لەسەر ئەرزی واقیع پێچەوانەكەی بوە و لەهەمو ولاتانی چەوسێنەری كرێكاراندا لایەنگری رژێمەچەوسێنەرەكان بوە پێویستیش بەهێنانەوەی نمونە ناكات، چونكە دەركەوت پەیوەندی نێوان دەوڵەتان لەسەر بنەمای پاراستنی بەرژەوەندیەكان دامەزراوە، نەك ماف و رەوایەتی، بۆیە نابێ گلەیی لە روسیابكەین، چونكە هەرگیز دۆستمان نەبوە و ئێستاش هەر لەسەر ئەو پێودانگە روسیا بەرژەوەندیەكانی لەگەڵ توركیا و سوریادا ناگۆڕێتەوە بە دۆستایەتی گەلێكی بێ نیشتمان و ئێستاش دەیەوێ یەپەگە لاواز بێت وهەمو باكوری سوریا رادەستی رژێمی ئەسەد بكاتەوە، بەڵام هەرگیز پێی خۆش نیە دەولەتی تورك عفرین وشوێنەكانی تر لە هێزەكانی یەپەگە بسێنێتەوە وداگیری بكات، وەلی لەگەڵ ئەوەشدا لەمەسەلەی عفریندا روسیا بەئەندازەی توركیا تاوانبارە، چونكە هیچ هەڵوێستێكی بەرانبەر لەشكركێشیەكانی توركیا دەرنەبڕیوە وهێزەكانی خۆی بەرەو ناوچەی (كافریانە) كێشاوەتەوە، كەئەوەش بە واتای ئەوە دێت، كە ئیتر من لەوێ نیم وئازاد بە دایپڵۆسە... لەلایەكی ترەوە روسیا هەوڵیداوە چەند جارێك چاوپێكەوتن لە نێوان ئەم هێزانە وڕژێمی ئەسەد دا دروست بێت وتوركیاش لای خۆیەوە دژی هەر نزیك بونەوەیەكی نێوان یەپەگەو ئەسەدە... هەر لەم ماوەیەدا، كەناوچەكە كەوتۆتە ژێرهەڕەشەی لەشكركێشی توركیاوە پاشماوەی داعش والقاعدە سەریان هەڵداوەتەوە لەناوچەی ئیدلیب وشەهبا، واتا فشارەكانی توركیا لەم ساتەوەختەدا تەنها لەبەرژەوەندی داعش وئێران تەواودەبێ، بۆیە ئەمەریكا هەر وەكو ئێستا بەدەستەوستانی وتەماشاكەری نامێنێتەوە، بەڵام توركیا ئەندامی ناتۆیە ودەبێ دڵنەوایی بكرێت ... فاكتەری سەرەكی هێرشەكانی توركیا لەم كاتەدا لەپێناوی پاراستنی هێزەدەسەندەخۆرەكانی لە پاریزگای ئیدلیب وناوچەی شەهبا و الباب، كە لە راستیدا بەر هەڵمەتێكی شەڕڤانان ناگرن وئەم هەڕەشە ولەشكركێشیانەی سەر عفرین لەسەر داوای گروپە رادیكالە ئیسلامیەكانە كەلەماوەی پێشودا سوپای ئەسەد دەرگیری كردوبون .

هەڵوێستی ئەمەریكا لەسەر رۆژئاوا
ئەمەریكاش بەهەمان شێوە پارێزەرو شوانی بەرژەوەندیەكانی خۆیەتی تا ئەو رادەیە هاوكاری شۆڕشگێڕەكانی باكوری سوریا دەكات، كەلە بەرژەوەندی خۆی بكەوێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا دەیەوێ پێگەی خۆی لەباكوری سوریا لەدەست نەدات، بەلام هاوكات دڵنەوایی توركیاش دەكات، كە ئەندامی لەمێژینەی پاكتین ناتۆیە وسەبارەت بەلەشكركێشیەكەی سەر عفرینیش دەڵێ عفرین ناكەوێتە نەخشەی هاوپەیمانانەوە دژ بەداعش ! لە ئێستادا ئەمەریكا ژمارەیەكی زۆر سەربازی هەیە لەناوچەكانی رۆژئاوا لەگەڵ كۆمەڵێك جەنراڵی خانەنشین، كە ئەركی مەشق پێكردنی هێزەكانی دێمۆكراتی سوریایان گرتۆتە ئەستۆ. دەنگۆی پێكەوەنانی هێزێكی سەربازی (٣٠) هەزار كەسیش، تەنها مانۆڕێك بو بەرانبەر بەتوركیا، ئەگینا ئەو هێزە لەڕاستیدا بونی هەیە وسنورەكان دەپارێزێت وبەچەك وتفاقی ئەمەریكیش پڕ چەكراوە. بێدەنگی ئەمەریكا بەرانبەر بە تراژیدیای عفرین بۆ مەبەستی دڵنەوایی بەریتانیایە، ئەگینا هەر ئەمەریكایە رێگەنادات توركیا بەهیچ شێوەیەك لە (مەنبیج) نزیك بكەوێتەوە، ئەویش لەبەرئەوەی هێزەكانی خۆی لە مەنبیچ بونیان هەیە، جگە لەوە هەر ئەمەریكا خۆی خەریكی بەدامەزراوەكردنی دام ودەزگاكانی ئیداری رۆژئاوایە !

هەڵوێستی بەریتانیا لەسەر رۆژئاوا 
بەریتانیا وەكو دایكەدزانەی پەیمانی (سایكس پیكۆ) لەپشتی هەموو روداوەكانەوەیەو رێگەنادات ئەو وڵاتانە دابەشبكرێنەوە، كە خۆی كاتی خۆی بەپێی بەرژەوەندیەكانی خۆی دابەشیكردون، بەعێراقیشەوە... پاراستنی یەكێتی خاكی ئەو وڵاتانەی كە نیشتمانی كوردیان بەسەردا دابەشكراوە، چونكە بینیمان، كە چۆن هەفتەی رابوردو كۆمپانیای زەبەلاحی بەریتانی (BP) گەیشتە كەركوك وچاڵەنەوتەكانی بەسەركردەوە، كە خۆی كاتی خۆی هەڵكەندون ونەوەی یەكێك لەو ئەندازیارانەی بەریتانی پێرێ بەنەخشە چۆتە سەر بیرەنەوتیكی كۆن و بە ئامادەبوانی راگەیاندوە، كە باپیری سەرپەرشتی ئەو بیرانەی كردوە ! ئەم هەڵوێستەی بەریتانیا بۆ باكوری سوریاش بەهەمان شێوەیە، ئەگەرچی سوریا بەر ئینتیدابی فەرەنسیەكان كەوتبو .

هەڵویستی وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا لەسەر رۆژئاوا
هەڵویستی یەكێتی ئەوروپا لەهەڵویستی هەموو ولاتانی تر شەرم ئامێزترە، چونكە ئەوروپا وەكو بێشكەی داكۆكیكەر لەمافەكانی مرۆڤ ناوی دەركردوە، بەلام لەئاستی پێشێلكاریەكانی دەوڵەتێكی فاشیستی وەكو توركیادا بۆی هاتۆتە سەرچۆك ولەبەر بەرانبەر هەڕەشەكانی ئەردۆغاندا نەرمیەكی بێئەندازە دەنوێنێ وهەمیشە لە خەمی ئارایشتكردن ودڵنەوایی توركیادایە، كە وەریناگرن وەكو ئەندام و دەستی بەدەستی پێدەكەن وهەر رۆژەی پێشنیاری جۆرێك لە ئەندامبونی بۆ دەكەن، كە دواترینیان مۆدێلی (سویسرا) یە، كە تەنها هەندێك كارئاسانی گومرگی لێدەكەوێتەوە وتوركیاش لای خۆیەوە ئەوە بەسوكایەتی پێكردن لێكدەداتەوە... لەهەموو هەڕەشەكانی توركیادا مەسەلەی ناردنی پەناهەندەی سوریە، كە وەكو كوتەكێك نیشانی یەكێتی ئەوروپای دەدات وهەندێك جاریش زۆر بەئاشكرا توركەكان دەڵێن، ئەگەر لاساریمان لەگەڵدا بكەن، ئەوا ناهێڵین بەئازادی بەشەقامەكانی وڵاتەكاندا بسوڕێنەوە و هەمیشە داعشمان بۆتان دابەستاوە!


‌ 252 جار بینراوه‌
27/01/2018
Print Friendly and PDF
بابەتەکانی تری نوسەر
Telerik
راپرسی
کێ بەرپرسە لەم دۆخەی ئێستای کوردستان؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved