وتار
كەتنی 25ی سێپتەمبەرو شكستی 16ی ئوكتۆبەر

شێرزاد سەمەد

بەسەرهاتی گەلی كورد مێژوو و بەرواری جیای تێدایە كە زۆربەیان ئاماژەیە بە كارەسات و شكستی جیا لە گەلانی تر كە سەربەخۆبوون و داهێنان و شۆڕشی رۆشنبیری و رووخانی دیكتاتۆرەكان و سەركەوتنەكانیان دەكەن بە رۆژی نیشتمانی، ئێمەی كوردیش دەبێ دوای شكستەكان بكەوین و شرۆڤەیان بكەین بەداخەوە لەو شرۆڤەكردنانەش سوودمان لە كەتنەكان وەرنەگرتووە.
ریفراندۆم كە لە 25 / 9 / 2017 ئەنجامدرا لەسەرەتاوە مەترسیەكانی لەبەرچابوون، بەڵام بەهەند وەرنەگیراو دەسەڵاتی سیاسی كورد كەوتنە تەخوینكردنی دەنگە جیاوازەكان، هێندە حسابیان بۆ رای جیاواز و ئامۆژكاری دۆستەكان نەكرد، تا نزیكتر دەبوینەوە لەو بەروارە ترپەی لێدانی دڵمان زیادی دەكرد، چونكە ئامادكاری و كارەسات و زەمینەی لەبەرانبەر نەبوو بۆ ئەو هەنگاوە، چەندین پرسیار و پێشنیار بێ وەڵام بوون، ئەوكاتە خەڵك زۆر بەدوای نهێنی و كۆدی ئەو پرۆسەیە گەڕا، هیچیان چنگ نەكەوت، لەم روانگەیەوە دەتوانین پرۆسەی ریفراندۆم و ئەوانەی بڕیاریان لێداوەو ئەوانەی پشتگیریان كرد بەكەتنكەر ئەژمار بكرێن، بۆیە پێویستە فایلی ئەو دۆسێیە بخرێتە بەردەم لێكۆڵینەوەیەكی وردو ژیرانەو بانگەوازی كۆنگرەیەكی نیشتمانی بكرێ بۆ شرۆڤەكردنی ئەو پرسە شكستخواردووە و ئەنجامەكانی بۆ رای گشتی رابگەیەنرێ.
وەڵامی هەمو ئەو پرسیارانە بدرێتەوە كە چۆن و لەبەرچی و بۆچی ئەو پرسە لەو كات و ساتەدا خرایە بەردەم راپرسی و ئەنجامە چاوەڕوانكراوەكەی شكست و پاشەكشەیەكی بەرچاو لەم پارچەیەی كوردستان و كارەساتی 16ی ئوكتۆبەری بەدوای خۆیدا هێناوە.
لێرەوە دەچینە سەر ئەو پرسیارانەی كە ئایا شكستی 16ی ئوكتۆبەرو لەدەستدانی لەسەدا پەنجای خاكی كوردستانی باشورو شكاندنی شكۆی پێشمەرگەو تێكچوونی دەرونی كوردستانیان و لەدەستدانی دەیان پۆستی هەستیار و لەدەستدانی هەموو دۆستانی دۆزی كوردو لاوازبونی پێگەی كورد لەڕووی ئابوری و سیاسی و پەیوەندییە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەكان هۆكاری چی بوون، لەبەرامبەردا بەهێزبونی دەسەڵاتی مەركەزی عێراق بەسەر هەرێمی كوردستان و پاشەكشەیەكی بەرچاو لەو دەسەڵاتەی كە كورد پیادەی دەكرد لەباشوری كوردستان كە وەك دەوڵەتێكی سەربەخۆی لەعیراقدا هەڵسوكەوتی دەكرد، بەڵام ئێستاو لەئایندەدا پێشبینی ئەوە دەكرێ دەسەڵاتی كورد لە عێراقدا ئۆتۆنۆمییەكی لاواز بێ بەو پێیەی كە دەوڵەتی مەركەزی عێراق هەرچی یاساو رێسایەكی دەستوری هەیە دەیەوێ بەسەر حكومەتی هەرێمی كوردستاندا بیسەپێنێ و هەڵسوكەوتی شكستخواردوومان لەگەڵ دەكات بەپاڵپشتی وڵاتانی ئیقلیمی و زلهێزەكانی دونیا .
چونكە هەموان بۆیان دەركەوتووە لە 27 ساڵی حوكمڕانیەتی خۆجێیەتی كورد نمونەیەكی ناشرین و پڕ لە گەندەڵی و نادیموكراتی و ناعەدالەتی پێشكەشكراوە، ئومێدی هەستانەوەی لێبەدی ناكرێ بەهۆی داڕووخانی باری دەروونی تاكی كورد كە بێئومێدی خەڵك لەدەسەڵات و حیزب و تەنانەت ئۆپۆزسیۆنیش هاوشێوەی ساڵانی دوای ئاشبەتاڵە، هەموو ئەمانە بەهۆی كەتنی ریفراندۆمە شكست خواردوەكەوەبووە.
بەڵگە بۆ ئەم لێكدانەوەیە كە كەتنی ریفراندۆم شكستی 16ی ئۆكتۆبەری بەدوای خۆیدا هێنا ئەوەیە كە لە 27 ساڵی حوكمڕانیەتی دەسەڵاتی كوردی تەنها كار لەسەر ململانێی حیزبی و دەستكەوتی حزبی كراوە، لەم ماوە زۆرەی دەسەڵاتیاندا نەیانتوانیوە كە :
* نمونەیەكی جوانی حوكڕانی پێشكەش بەتاكی كورد بكەن.
* نەیانتوانی پەروەردەی نیشتمانی بڵاوبكەنەوەو تاكی كورد بەهێزبكەن و تاكی كورد بەئاسانی تێكنەشكێ.
* نەیانتوانی جەنگاوەری راستەقینەی كورد پەروەردە بكەن بتوانی بەرگەی شەڕی درێژخایەن بگرێ، پێشمەرگەی كوردستان لەسەر گردێك شاخێك 3 مانگ بەرگری قارەمانانەی دەنواند، بەڵام پەنجا لەسەدی خاكی كوردستان بە 3 رۆژ دەداتە دەستەوە.
* هێزی پێشمەرگە لەچەند ساڵی رابردوود نەكرا بەهێزێكی نیشتمانی لەڕووی سەربازی و وشیاری سیاسی و نیشتمانی پەروەردەنەكرا، بەپێچەوانەوە نەك بەسەر دووحیزبدا دابەشكرا، بەڵكو بەسەر چەند بەرپرسێكی دیاری ناو هەردوو حیزبدا دابەشبوون و هێزەكان بەناو كەسە دیارەكانەوە ناونران.
ئەمە وەڵامێكی تەندروستە بۆ ئەو كەسانەی كە ئەڵێن گروپێك خیانەتیانكرد، ئەی گروپەكانی تر بۆ بەرگەیان نەگرت.
* كەڵەكەبوونی قەیرانەكان و پەرتەوازەیی بڕیاری سیاسی كوردو تەنانەت بڕیاری سیاسی ناوخۆی حیزبەكانیش هۆكاری سەرەكی شكستەكەیە.
دەرەنجام ئەتوانین بڵێن كورد لەبەڕێوەبردن شكستی هێنا، ریفراندۆم بۆ شاردنەوەی ئەو شكستەبوو، شكستی تری بەدوای خۆیدا هێنا، كورد ئەڵێ لەدرۆزن مەپرسە بۆ درۆت كرد، چونكە بەدرۆیەكی تر وەڵامت دەداتەوە، یان ئەوترێت، سەركەوتن خاوەنی زۆرەو شكستیش بێخاوەنە.



‌ 480 جار بینراوه‌
27/01/2018
Print Friendly and PDF
بابەتەکانی تری نوسەر
Telerik
راپرسی
کێ بەرپرسە لەم دۆخەی ئێستای کوردستان؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved