وتار
مه‌مكی‌ بڕاوی‌ شه‌رڤانێك

عەدنان كۆچەر

له‌كتێبی (دڵڕه‌قی‌ و بێده‌نگی) كه‌نعان مه‌كیه‌دا، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ هه‌فته‌ی‌ یه‌كه‌می راپه‌ڕینی‌ به‌هاری‌ ١٩٩١ ئه‌وكاته‌ی‌ ئه‌منه‌ سوره‌كه‌ی‌ سلێمانی‌ ده‌كه‌وێته‌ ده‌ست خه‌ڵك، ده‌یان ڤیدیۆی‌ تۆماركراو به‌رده‌ست ده‌كه‌ون، كه‌ دیمه‌نه‌كانی‌ هه‌ڵواسینی‌ ژنانی‌ تێكۆشه‌ر به‌ مه‌مكه‌كانیان له‌ناو زیندان تۆماركراوه‌، هه‌روه‌ك چۆن پێشتر سوپای‌ توركیا له‌به‌ره‌كانی جه‌نگ له‌جوڵه‌مێرگ ته‌رمی‌ گه‌ریلایه‌ك ‌و هه‌فته‌یه‌ك پێش ئێستاش له‌عه‌فرین چه‌ته‌كانی‌ جه‌یشی كۆیله‌ هه‌مان ره‌وتاری‌ سیخناخ له‌شه‌هوه‌تبازی‌ پیاوانه‌یان له‌سه‌ر جه‌سته‌ی‌ (بارین كۆبانێ‌) تاقیكرده‌وه‌. ئه‌م مۆڕاڵه‌ شه‌هوه‌تبازییه‌ی‌ قه‌سابه‌كانی‌ سوڵتان، چونكه‌ له‌به‌های‌ مرۆڤبوون هێنده‌ داماڵڕاون، ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر جه‌سته‌ی‌ هه‌پڕونبووی‌ بێ گیانی‌ كچێكیش به‌ ده‌سته‌واژه‌ی‌ "حلوی‌ یا زلمی" گوزارشت له‌پیاوبوونی‌ خۆیان ده‌كه‌ن.
به‌ ئامانجگرتنی‌ ژنان‌ و به‌كارهێنانی‌ جه‌سته‌ی‌ قوربانییه‌كان وه‌ك جۆرێك له‌ تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه ‌و شكاندنی‌ ووره‌ و شكۆی‌ جه‌نگاوه‌ران، ده‌شێت له‌كه‌لتووری‌ نه‌ته‌وه‌كانی‌ دیكه‌ و بزووتنه‌وه‌ سیاسییه‌ ناكوردییه‌كان كاریگه‌ریی زه‌ینی‌ دروست بكات‌و، ئامانجه‌كانی‌ تیرۆرستان به‌جێبگه‌یه‌نێت، به‌ڵام بۆ بزووتنه‌وه‌ی‌ سیاسیی كوردی‌ و به‌تایبه‌ت بۆ رۆژئاوا و شۆڕشه‌كه‌ی‌، هه‌رگیز بینینی‌ شه‌ره‌ف ‌و شكۆی‌ ژن مه‌مكه‌كانی‌ نییه‌، به‌ڵكو له‌نشتیمان ‌و ئازادی‌ ‌و یه‌كسانیدا شكۆ و شه‌ره‌ف خۆی‌ به‌رجه‌سته ‌ده‌كات، هه‌ربۆیه‌ش وێنه‌ و دیمه‌نه‌كانی‌ (بارین كۆبانێ‌) نه‌ك خه‌یاڵی‌ مرۆڤدۆستی ‌‌و ئازایی ئه‌و شۆڕشه‌ راناگرێت ‌و په‌كناخات، به‌ڵكو دواجار هێزو ووره‌ی‌ پتریان پێده‌به‌خشێت. 
له‌راستیدا ئه‌و گروپ ‌و چه‌ته‌ داعشیانه‌ی‌ سوڵتان له‌په‌نای‌ خۆی حه‌شاریداون ‌و ده‌یهه‌وێت شه‌ڕیان له‌به‌رامبه‌ر عه‌فرین پێ بكات، ئه‌تككردنی ته‌رم ‌و سوتاندنی‌ جه‌سته‌ی مناڵ ‌و سه‌ربڕینی‌ مرۆڤ وه‌ك مۆڕاڵ‌ و نه‌ریتێكی‌ خێڵه‌كی ‌‌و ئاینی‌ بۆیان ماوه‌ته‌وه ‌و  له‌مێژووی‌ هه‌زار ساڵی‌ رابردوو به‌دانپیانانی‌ مێژوونوسه‌ گه‌وره‌كانی‌ ئیسلام خۆیان خاوه‌نی‌ ئه‌و چه‌شنه‌ له‌ئه‌تككردن ‌و دڵڕه‌قیه‌ن، هه‌روه‌ك چۆن مێژووی‌ عوسمانییه‌كان ‌و كۆمه‌ڵكوژكردنی‌ ئه‌رمه‌نه‌كان سه‌دان نموونه‌ی‌ له‌و چه‌شنه‌ی‌ له‌خۆیدا هه‌ڵگرتووه‌،  ئاخر هه‌ربۆیه‌ش سوپاگه‌لێكی‌ ئیمانی‌ له‌و چه‌شنه‌، كه‌ له‌رووحی‌ مێژووی‌ ئاین ‌و خه‌لافه‌ته‌وه‌ ئه‌و مۆڕاڵه‌ی‌ بۆ مابێته‌وه ‌و موباره‌كه‌ی‌ ئیخوان موسلمینی‌ جیهانی‌‌ و مه‌رجه‌عه‌ تیرۆرستییه‌كان ته‌به‌نی‌ "چڵه‌ زه‌یتون"ه‌كه‌ی‌ بكه‌ن، هه‌ر ئه‌و به‌هاو ئاكارانه‌یان له‌ به‌ره‌كانی‌ جه‌نگدا لێ چاوه‌ڕێده‌كرێت كه‌ له‌به‌رامبه‌ر (بارین كۆبانی) ئه‌نجامیاندا.
به‌رزكردنه‌وه‌ی‌ په‌نجه‌كان ‌و نیشاندانی‌ هێمای‌ سه‌ركه‌وتن به‌دوو په‌نجه ‌و گرتنی‌ سێلفیه‌ك له‌گه‌ڵ ته‌رمی‌ "بارین كۆبانی‌"، ئه‌گه‌ر له‌رواڵه‌تدا بۆ ئه‌و ئه‌و سوپا ئیمانییه‌ی‌ سوڵتان نیشانه‌ی‌ سه‌ركه‌وتن بێت، ئه‌وه‌ له‌راستیدا هێمای‌ شكست‌ و داڕمانی‌ ئه‌و هێزه‌یه‌، چونكه‌ شاردنه‌وه‌ی‌ نشوستیه‌كانیان ‌و به‌زینیان له‌به‌رده‌م شه‌ڕڤانان وایكردووه‌ به‌ره‌فتاری هۆڤیانه‌ رق‌و توندڕه‌وی‌ خۆیان له‌سه‌ر جه‌سته‌ی‌ قوربانییه‌كانیش تاقیبكه‌نه‌وه‌، ئه‌و هێزه‌ كه‌ پێده‌نێته‌ دوو هه‌فته‌ نه‌یتوانیووه‌ چه‌ند كیلۆمه‌ترێك بچێته‌ خاكی‌ عه‌فرینه‌وه‌، له‌رووی‌ سیاسیی ‌و سه‌ربازیی ‌و جوگرافییه‌وه‌ به‌ چه‌شنێك تێكشكاوه‌، كه‌ له‌نێو خۆیاندا له‌پای‌ ئه‌و شكسته‌ ده‌ست ده‌خه‌نه‌ یه‌خه‌ی‌ یه‌كتریشه‌وه‌، ئیدی‌ ئێستا له‌رووی‌ مۆڕاڵی ‌‌و ئاكاریشه‌وه‌ تێكشكاون.
وانه‌كانی‌ "بارین كۆبانی‌" زۆرن، شه‌ڕڤان ‌و شۆڕشی رۆژئاوا ده‌زانن چۆن سود له‌ئه‌زموونه‌كانی‌ جه‌سته‌و رۆحی‌ ئه‌و كیژۆڵه‌یه‌ وه‌ربگرن، به‌ڵام پێناچێت ئه‌و ته‌وژم ‌و هێزانه‌ی‌ دیكه‌ی‌ چوارچێوه‌ی‌ ئه‌نه‌كه‌سه‌ هێنده‌ مرۆڤ بن، له‌وانه‌كانی‌ تێبگه‌ین، به‌تایبه‌ت پاش ئه‌وه‌ی‌ هه‌موومان دیمه‌نه‌كانی‌ ئه‌و دڵڕه‌قیه‌مان بینی‌، چیدیكه‌ پاساوێك له‌به‌رده‌م ئه‌و كورده‌ چه‌تانه‌دا نه‌ماوه‌، كه‌ به‌ناوی‌ كوردایه‌تی‌ ‌و ئیسلامگه‌راییه‌وه‌ پشتیان له‌خاكی‌ خۆیان‌ و روویان له‌ سوڵتان كردووه‌ و شایه‌دی‌ ئه‌و كۆمه‌ڵكوژی ‌و ئه‌تككردنی‌ جه‌سته‌ی‌ شه‌هیده‌كانمانن، مانه‌وه‌ی بێ پاساوی‌ كورد له‌ناو ئه‌نجومه‌نی‌ نشتیمانی‌ سوری‌ و پشت به‌ستن به‌ سوپا ئیمانییه‌كه‌ی‌ ئۆردۆگان‌ و خۆڕێكخستن له‌چوارچێوه‌ی‌ سوپای‌ به‌ناو ئازاد خیانه‌ت ‌و نشتیمانفرۆشییه‌كه‌ باجه‌كه‌ی‌ قورس ده‌بێت، به‌ڵام ئه‌وان كه‌ ده‌مێكه‌ له‌رووی‌ به‌هاو مۆڕاڵه‌وه‌ باجیانداوه‌، باوه‌ڕناكرێت له ‌هیچ باجێكی‌ دیكه‌ سڵ بكه‌نه‌وه‌.
‌ 104 جار بینراوه‌
07/02/2018
Print Friendly and PDF
بابەتەکانی تری نوسەر
Telerik
راپرسی
پێت وایە دۆخی ئێستای كوردستان بەچی چارەسەر ئەبێت؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved