وتار
لەنێوان مالكی و عەبادیدا .. كامیان بۆ كورد؟

نەوزادی موهەندیس

لە دوای ڕووخاندنی ڕژێمی بەعسی صدامیەوە لەساڵی 2003دا، كورد دەرگاكانی مێژووی بەڕوودا كرایەوە و هیوا و ئاواتی زۆری هەڵچنیبوو لەسەر عێراقی نوێ‌ و ئایندە و سەركردەكانی بە عەرەبی شیعە و سونەیانەوە ، وا تێگەیشتبوو كە گۆڕانكاریەكی گەورە هاتوە بەسەر بیركردنەوە و ڕوئیا و تێگەیشتنی سەركردە نوێكانی عێراق دەربارەی كورد و مەسەلەكەی ومافە ڕەواكانی،بەتایبەتیش بەهۆی ئەوەی كە ماوەی 30 ساڵ زیاتر كورد و كوردستان و سەركردە و حیزبەكانی لە یەك بەرەی ئۆپۆزسیۆنی ڕژێمی بەعسی صدامیدا خەباتی هاوبەشیان كردبوو وەكوردستان ببوە جێگە و نەوای مانەوە و پارێزگاری لەهەموو ئەو حیزب و سەركردانە بەشێوەیەكی گشتی و بەتایبەتیش شیعە مەزهەبەكانیان بەهۆی هاوكاری و هەمئاهەنگی كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بۆ هەردوولا((كورد و شیعەكان)).بەڵام ئەوەی كە ڕوویدا لەڕاستیدا چاوەڕوانكراو بووبەڵام كورد و سەركردەكانی نەیاندەویست بڕوا بكەن بەوەی كە بەبێ‌ جیاوزای بیروڕا و هەڵوێستەكانیان و تەكتیكەكانیا هەموان بەبێ‌جیاوازی سەركردە و لایەنە عەرەبەكان بەسونە و شیعەیانەوە كاتێك گەیشتنە پۆست و پلە و دەسەڵات،لەسەر هەمان ئاڕاستە و بیركردنەوەی كۆنی بەعسیەكان بەردەوام بوون و هەموانیان كەوتنە پشتگوێخستن و دانپیادانەنان و پشتكردنە مافە ڕەوا و دەستوریەكانی كورد لە عێراقدا،ئەوەتا ماوەی 13 ساڵی ڕێكە كورد هێشتا لە چاوەڕوانی ((گۆدۆدایە)) لە جێبەجێكردنی مادە دەستوریەكان و بەتایبەتیش مادەی 140 و گەڕانەوەی 51% خاكەكەی بۆ سەر كوردستان و گەلێكی تریش،بەڵام كورد لەچاوەڕوانی بێهودەیدا ماوەتەوە.
لەئێستادا كە كەمتر لە 2 مانگی ماوە بۆ هەڵبژاردنەكانی ئایندەی پەڕلەمانی عێراق،عەرەبەكان((شیعە و سونەكان)) كەوتونەتە خۆ بۆ خۆنزیك كردنەوەیان لەكورد وەك تاكتیكێكی سیاسی و هەڵبژاردن و لەولاشەوە لەهەڵمەتی هەڵبژاردندا هەموانمیان چەندە توند و دژی مافەكانی كورد بن هێندە لەناو جەماوەردا دەنگ كۆدەكەنەوە،بۆیە كورد بۆ حیزب و سەركردە سیاسیەكانی شیعە و سونە و توركومان بۆتە فریادڕەس و مایەی دەرچوون و دەنگهێنانی زیاتر.
هەربۆیە هەموانیان كەوتونەتە خۆ بۆ پێكەوەنانی لیست و قەوارە و هاوپەیمانی بۆ ئەو هەڵبژاردنەی كە بۆ هەموانیان دەبێتە هۆكاری مانەوەیان لەدەسەڵاتدا لانی كەم بۆ ماوەی 4 ساڵی ئایندە.
دوان لەو كەسایەتیانەی كە لەماوەی ئەم 13 ساڵەی ڕابووردوودا كاریگەری و جێگە دەستیان دیاربووە لە سیاسەتی دەوڵەتی عێراقیدا و هەڵوێستیان بەرامبەر بە كورد ،بریتبین لە هەردووك(( لە مالكی و عەبادی))كە دوو كەسایەتی باڵادەستی شیعە مەزهەب و لە گەورەترین حیزبی سیاسی شیعەی عێراقن ((حیزبی دەعوەی ئیسلامی)). هەردووكیان بۆ كورد تاقیكراونەتەوە و هیچیان لەویتریان باشتر نیە و دژایەتیان بۆ مافەكانی كورد زۆر توندە، لەگەڵ ئەوەی هەردووكیان بە پشتیوانی و دەنگەكانی كورد ئەو پۆستانەیان وەرگرتوە. جاهەریەكەیان بە شێوازی خۆی ئەو دژایەتیە دەكەن،مالكی بە ئاشكرا و زۆر بەتوندی و لەڕێگەی بودجە و مووچە بڕینیهەرێمی كوردستان لە ساڵی 2014وە و هەوڵدان بۆ هەڵوەشانەوەی قەوارەی سیاسی یەكگرتوی هەرێم و ڕێگەگرتن لە جێبەجێكردنی مادە دەستوریەكان و فشار خستنە سەر لێپرسراو و نوێنەرانی كورد لەحكومەت و پەڕلەمانی عێراقیدا و لێپرسینەوەیان و تەنانەت دەركردنیشیان.
هەرچی عەبادیشە كە لەماوەی ئەم 4 ساڵەی ڕابووردودا بوە سەرۆك وەزیران و بەهۆی سەركەوتنەكانی بەسەر داعش و ڕزگاركردنی زۆرینەی خاكی عێراق و نەشوە گرتنی سەركەوتنەكانی گەرەكێتی لەڕێگەی بەناو جێبەجێكردنی مادە دەستوریەكانەوە هەرێمی كوردستان لە مەنگەنە بدات و بێ‌ دەسەڵات و بێهێز و زۆر لاوازی بكات وهەرواشی كردوە و بەردەوامیشە لەسەر هەنگاوەكانی مالكی لە بڕینی بودجە و مووچە و گەمارۆی ئابوری و سەربازی و بەكارهێنانی هێز و توندوتیژی لەسەر كورد و كوردستان.
كەواتە نە مالكی و نەعەبادی دۆست و فریادڕەسی كورد نینو هەردووكیان لاپەڕە و مێژوویەكی ڕەشیان هەیە بەرامبەر بەكورد،هەربۆیە كورد و سەركردایەتیەكانی هەڵەیەكی مێژوویی دەكەن بە پشتگیركردنی یەكێكیان لەسەر حسابی ئەویتریان،كورد پێویستە سەرەتا یەكو یەكگرتوویی ڕیزەكانی خۆی و هەڵویست و كردارەكانی خۆی بچەسپێنێت و نێوماڵی خۆی ڕێكبخاتەوە و هێز و دەسەڵاتی لەعێراقدا بگێڕێتەوە،چونكە تەنها بەیەك و یەكگرتوویی و بەهێزی چ مالكی و چ عەبادی حسابی زۆر گەورە بۆ كورد دەكەن،بەڵام بەپەرت و بڵاوی و جیاوازی گوتار و كرداری كورد لەبەغداد هەمیشە لاواز و بێدەسەڵات دەبێت،لەكاتێكیشدا كە مالكی و عەبادیش بۆخۆیان بوكەڵەیەكی سیاسبین بەدەست هێزی هەرێمایەتی و زلهێزەكانەوە و ئەوان بڕیاردەری كۆتایی نین لەعێراقدا،بۆیە كوردیش پێویستە پەیوەندیەكانی لەگەڵ ئەو هێزە هەرێمایەتی و دونیایانەدا گەشە و پتەو بەهێز و توندوتۆڵ بكاو هێندە نەرمی و سازش نە بۆ مالكی بكات و نەبۆ عەبادیش.

‌ 1062 جار بینراوه‌
08/02/2018
Print Friendly and PDF
بابەتەکانی تری نوسەر
Telerik
راپرسی
پێت وایە دۆخی ئێستای كوردستان بەچی چارەسەر ئەبێت؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved