وتار
داستانی عەفرین ... شانازیی سەردەم دژی تیرۆرو فاشیزم

ئومێد مەحمود

ئەو بەرخودان و بەرگرییەی ئەمڕۆ شەڕڤانانی یەپەگەو یەپەژەو سوریای دیموكرات و گەلی كورد لە خۆرئاوای كوردستان، دژ بە پەلامارە وەحشیگەرییەكانی ئاكەپەو چەكدارە تیرۆرست و فاشیستەكانی ئەردۆغان لە سنوورەكانی عەفرین تۆماری دەكەن، بە هەمو پێودانگ و پێوەرێكی تیۆری و پراكتیكی و بنەماو سیاقێكی سەربازیی، ئەفسانەیەكی بێ‌ وێنەیە لە مێژووی بەرەنگاریی و مقاومەتی هێزی ئازادیخوازو پێشكەوتنخواز دژی داگیركاریی و رەشەبای كۆنەپەرستی و فاشیزمی ئایینی و ناسیۆنالیزمی رەگەزەپەرست.
ئەم ئەفسانەیەی كە پاڵەوانەكەی كوڕان و كچانی دژ بە كۆیلەتی و داگیركارین لە عەفرین، هاوشێوەكەی مەگەر تەنها و تەنها لە میسیۆلۆجیای یۆنان و رۆماكانەكان و چینییەكاندا بەدوویدا بگەڕیین و بیخوێنیینەوە.
ئەم بەرەنگارییەی جەنگاوەرانی شۆڕشگێڕی یەپەگەو یەپەژەو سوریای دیموكرات، دژی جڕوجانەوەرەكانی سوڵتان ئەردۆغانی فاشیستی نەوەی نوێی عوسمانییە داگیركەرو گەندەڵە چنگ بەخوێنەكان، هەروەها ژمارەیەك لە جاش و بەكرێگیراوی كورد لە نێو (ئەنەكەسە)و كوردە ئیخوانییەكان و هەندێ‌ حزب و لایەنی كوردی لە باشوری كوردستان، لەمێژووی نوێی گەلان بۆ ئازادیی دژی داگیركەران وێنەی نییە، بەرای من ناكرێ‌ نە شۆڕشی ڤیتنام و كوباو گەلانی دیكە، تەنانەت داستانی ستالینگرادش، دژی سوپای فاشیستی هیتلەر بەم ئەفسانەیەی عەفرین بچوێندرێت.
تەنها لە ئەفسانەكاندا، پاڵەوانەكان دەتوانن، بەخۆیان و شمشێرێك یان كوتەكێك، بۆ رزگاركردنی خۆشەویستەكەیان یان گەل و نیشتمانەكەیان، بەرەنگاری خوداوەندەكانی شەڕو تاریكیی و دێوو ئەژدیهاكان ببنەوەو دەیان پیرەژنی مەكربازی سیخوڕو تەڵەكەبازو سوپای مارو جڕوجانەوەرەكان لەنێو بەرن و دەریا ببڕن و چیا كۆڵ بكەن و خۆشەویست و ئازیزانیان لە گەرووی دێوەكە دەربهێنن و رزگاریان بكەن.
ئەوەی ئێستا كەلە عەفریندا شەڕڤانان بۆ مێژووی تۆمار دەكەن، هەمان ئەو ئەفسانانەیە، كە بە حەق ئەفسانەیەكی جاویدانی نەمرە، ئەمە ئەفسانەی جەنگی عیشق و خۆرو گوڵ و تریفەو پەپولەیە دژ بە، خوداوەندی تاركیی و لافاوی مەرگ.
 ئەم كوڕو كچە خەباتگێڕو پێشكەوتنخوازانە، تەنها خۆیان و دۆڵ و چیا و ئاسمانی ئەو شارەیە، بە هەندێ‌ چەك، كە هەرگیزاو هەرگیز لەگەڵ چەك و تەكنەلۆجیای سەربازیی عوسمانییە نوێییەكاندا بەراورد ناكرێت، لەگەڵ سوپایەكی بێ‌ شوماری چەكدارو سەگە هارەكانی داعش و قاعیدە لەسەر یەك پێ وەستاون و دوژمنیان هێناوەتە زەلا زەلاو هاواری لێهەڵساندون، لەتاوا رق و ترسنۆكیان بە جەستەی پیرۆزی شەهیدە شەڕڤانەكان خاڵی دەكەنەوە.
ئەردۆغان و ژەنەڕاڵە فاشیستەكانی لە فەرماندەیی سەربازیی و سەنتەری ستراتیژیی، ماوەی سێ‌ ساڵە، لەسەر هەموو ئاستە سیاسی و دیبلۆماسی و میدیاییەك بۆ ئەم پەلامارە، زەمینە خۆشدەكات و ئامادەكاریی سەربازیی دەكات بە نوێترین و پێشكەوتوترین تەكنەلۆجیای سەربازیی سەردەم، كە لەلایەن ناتۆوە لێی بەهرەمەندە، لەگەڵ هەمو وڵاتانی ئیقلیمی، ئەوانەی كە ئەردۆغان بە تیرۆرست و دوژمن ناوی دەبردن، رێكەوتوەو چەندین نەتازولی بێ‌ شەرمانەی بۆ كردون، ئەویش دوای ئەوەی ئەمریكاو روسیا لە بەرامبەر گوژمە(صفقە)یەكی سیاسی و سەربازیی لەگەڵ ئەردۆغان، ناپاكییەكی بێ‌ شەرمانەو ئابڕوبەرانەیان لە شەڕڤانان كرد، كە پێویستە كوردو گەلانی ئازایخواز، ئەم ناپاكییەی ئەم دوو وڵاتەیان هەرگیز بیرنەچێت، ئەم خیانەت و ناپاكییەی ئەمریكاو ئەوروپای خۆرئاواو روسیا تەنها ناپاكی و خیانەت نیە لە كورد و شەڕڤانان بە تەنها، بەڵكو قێزەونترین خیانەتشە بەو پەیماننامانەی كە خۆیان بۆ بەرگریكردن لە مافەكانی مرۆڤ ئیمزایان كردوەو شانازی پێوە دەكەن.
بێگومانم ئەگەر ئەو سوپایەی كە ئاكەپە رەوانەی عەفرینی كردوە بۆ پەلاماردانی كوردو شەڕڤانان، ئەگەر سوپای وڵاتێكی دیكە بوایەو بچووبایەتە سەر ئەستەمبول و ئەنكەرە، ئەردۆغان و چەنەڕاەكانی یەكەم كەس دەبوون هەڵدەهاتن و لە ئەوروپاو ئەمریكاش خۆیان نەدەگرتەوە.
لە ئێستاشدا ئەو پرسیارەی كە بەلای هەمو چاودێرێك و نەتەوەی كوردو ئازادیخوازانی جیهانەوە زۆر گرنگە، وەڵامەكەشی زۆر قورسە، ئەوەیە كە ئاخۆ تا كەی هێزەكانی هەسەدە كە شەڕڤانانی یەپەگەو یەپەژە بڕبڕە پشتین، دەتوانن خۆراگربن و چۆن تاێستا جیهانیان بە قارەمانیی خۆیان سەرسام كردوەو ئەردۆغان و ژەنەڕاڵەكانیان شۆك كردوە، بەردەوام دەبن، یان ئاخۆ سەركردایەتی سیاسی پەیەدەو تەڤدەم دەتوانن لە مانۆڕێكی سیاسی و دیبلۆماسیدا، تەرازووی هێز بەلای شەڕڤاناندا بگۆڕن و سەركەوتن مسۆگەر بكەن؟
ئایا پێشنیارو بژاردەی، ئیدارەی هاوبەشی نێوان هەسەدەو رژێمی سوریا لە عەفرین، كەلەلایەن رووسەكانەوە، خراوەتەڕوو، تا چەند واقعییەو شانسی جێبەجێكردنی هەیە؟
لە دۆخی ئێستای زۆر دژوارو سەختی شەڕڤانان لە بەرامبەر سوپای پڕچەكی توركیا بە پێشكەوتوترین تەكەنەلۆژیای سەردەم و توانای لۆجستیی و چەكدارە تیرۆرستەكانی داعش و قاعیدە كە كەواسووری بەرلەشكری سوپای توركیان، هەموو بژاردەیەك لە بەردەم هەسەدە رەواو كراوە نابێت؟ ئەگەر پرانسیپی لە پێناوی ئامانجدا هەموو ئامرازو شێوازێك رەوایە (الغایە تبرر الوسیلە) بۆ ئەردۆغان رەوا بێت، ئەی بۆچی بۆ كوردو هەسەدە رەوا نەبێت؟




‌ 745 جار بینراوه‌
10/02/2018
Print Friendly and PDF
بابەتەکانی تری نوسەر
Telerik
راپرسی
پێت وایە دۆخی ئێستای كوردستان بەچی چارەسەر ئەبێت؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved