وتار
26 ساڵ لە عەقڵێتی شاخ

یوسف تەها

قسەیەكی كوردی هەیە دەڵێیت “تاكە پشتیوان و دۆستی كورد شاخەكانە”.. دەشێت ئەم قسەیە بۆ زۆرێك لە پارچەكانی تری كوردستانی گەورە تا ئێستاش راستبێت، وەك چۆن تا كاتی راپەڕینیش بۆ باشوری كوردستان راست بوو، بەڵام بە جیاواز لە هەموو بەشەكانی تری كوردستان بەشی باشور/ هێندە تاڵاوی بەدەست سەركردەكانی شاخی خواردوە، هیچ كات تاڵاوی دوژمنانی ئەوەندە سەخت نەبووە.
لەگەڵ رێزمدا بۆ خەباتیشیان كە بێویژدانیە هەمووی كەرەتی سفریش بكرێت، بەڵام ئەوەی ئاشكـــرایە بەشێك لە سەركردایەتی كوردی باشور كە لەدوای راپەڕینەوە هاتەوە ناو شار بەهەمان عەقڵ و دیدو بۆچوونی شاخ رەفتاری كردوەو تاكو ئێستاش ئەوەی گۆڕاوە جلـــی كوردی بوەتە چاكەت و پانتۆڵ و ئەدیداسی دڕاو بووە پێڵاوی توركی ماركەو هاتوچۆش بە گرانبەهاترین جۆری ئۆتۆمبێلە! ئەگــــینا لە رووی عەقڵی بەڕێوەبردن و پەرەسەندنی فیكری و رۆشنبیریەوە، نەك پێشوەچوون نییە، بەڵكو پاشەكشەش هەیە وەك ئەوەی ئێستا ئەنجامەكەیمان بینی. واتا لێرەش لەناو شار هەمان عەقڵی شاخ كاردەكات، عەقڵی شار عەقڵی یەكتر قبوڵكردن و دایەلـــۆگ و دانوستاندنە نەك زمانی تفەنگ و شەڕو قسەی زبرو تووندوتیژە.
ئەگەر سەیری ئەو بارودۆخە بكەین كە لەدوای راپەڕینەوە كوردستانی پێدا تێدەپەڕێت، ئەوە دەبینین بارو دۆخەكە دوو خاسێتی زۆر دیاری هەیە، یەكەمیان ئەوەیـــە هەر لایەن و هەر سەركردەیەكی سیاسی دەبین كار بۆ خۆی دەكات لەكاتێكــــدا دەبوو كار بۆ هاونیشتمانی خۆی و كورد بكات، دووەمیان ئەوەیە هیچ حیزب و سەركردەیەك دان بەوەدا نانێت كە ئەویش یان گروپەكەی یان حیزبەكەی بەرپرسیارە لەبەرامبەر بەشێك لەو كارەسات و كارە ناڕەوایانەی كە لەماوەی نیو سەدەی رابردووداكراوەو تاكو ئێستاش بەردەوامە.
گەلی باشور 26 ساڵە باجی تاقمێكی خێڵەكی نەخوێنەوار دەدات كە سەرلەبەری سامانی ژێر زەوی و سەر زەوی حەپەلووش دەدات و وەك بەرزەگی بانەش لە دوای نەمانی ئەم سامانە وەك ئەوەی كە نە بای دیبێ و نەباران دەستە چەپەڵەكەی خستۆتە ژێر سەری و سەیری میللەتیكی بێمووچەونەدارو هەژار دەكات بەبێ ئاگای لەوەی كە خوودی خۆی و تاقمە نەخوێنەوارەكەی ئەم ئەوزاعانەی ئێستای دروستكردوە.بۆیە لێرەدا دەبێ گەلی باشور چیتر جلەوی حوكمڕانی و پاوانخوازی ئەم تاقمە لە نەخوێنەوارە كەم ئەزموونە لەسیاسەت بوەستێنێت و نەهێڵێیت لە ژێر ناوێكی تردا شەرعیەت بەدەسەڵاتە شكستخواردۆكانیان بدەن و دوبارە بێنەوە ساحەی سیاسەت و بەهەمان رتمی دوای راپەرین كاری دەوڵەتداریەكی سەقەت بكەن.

‌ 491 جار بینراوه‌
17/02/2018
Print Friendly and PDF
بابەتەکانی تری نوسەر
Telerik
راپرسی
پێت وایە دۆخی ئێستای كوردستان بەچی چارەسەر ئەبێت؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved