وتار
كێ ماوە گێرەی بە ئەردۆغان نەكردبێ؟!

هۆشیار مەلا عەبدولڕەحمان


لەماوە 7 ساڵی رابوردودا هەر یەك لەئەمەریكاو روسیاو ئیسرائیل و یەكێتی ئەوروپا و عەرەبستانی سعودی و قەتەر و ئەرگەنەكۆن و باڵیۆز و فەتحوڵا گولەن و ئحمەد داود ئۆغڵو و رەزا سەراف چەند جارێك فێڵیان لەئەردۆغان نەكردبێ و بە هەڵەیاندا نەبردبێ! تەنانەت هەر یەك لەو گروپە تیرۆرستانەش، كە ئێستا پێشقەرەوڵی سوپاكەی دەكەن بەشێوەی جۆراوجۆر ئەردۆغانیان بۆ ئامانجەكانی خۆیان لە خشتە بردوە، جگە لەكورد، كە راستگۆیانە و بێ پێچ وپەنا داوای ئاشتیان لێكردوە و تەنها داوایان لێكردوە، كە وەكو ناوی حیزبەكەی خۆی ناوە پارتی عەدالەت و گەشەپێدان لەگەڵیاندا عادیل بێت و دەستبەرداری سیاسەتی توندوتیژی وشەڕ بێت، بەڵام ئەردۆغان هەرگیز گوێی لێنەگرتون و بە سزای زیندانی و وێرانكردنی شارەكانی كوردستانی باكور و سەپاندنی باری نائاسایی وەڵامی داونەتەوە. پەلاماردانی ئەفرینیش لە ئێستادا بۆ قەرەبوكردنەوەی كۆی هەڵەكانێتی.

كێبڕكێی ئەمەریكا و توركیا:
لە سەرەتای بەهاری عەرەبیدا ئەردۆغان وەكو ئەوەی هەنگی لەكونەدار دا دۆزیبیتەوە، كەوتە كۆكردنەوەی گروپە ئیسلامیە تیرۆرست وجیهادیەكانی ئاسیای ناوەراست وولاتانی عەرەبی وپڕچەكردنیان بەئامانجی روخاندنی رژێمی ئەسەد لە سوریادا وبەناوی هاوكاری توركمانەكانی سوریاوە سەرەتا سوپای سوریای ئازادی دامەزراندو هاوكاری وهەماهەنگی ئەمەریكا و سعودی عەرەبستان وبەشێك لە میرنشینەكانیشی بۆ مسۆگەركردن، كە پیكهاتبون لە ٨٠ گروپ وهێزی جیاجیای دژ بەڕژێمی ئەسەد، بەڵام پاش ٦ ساڵ پێكهاتەی سوپای ئازادی سوریا لە هێزێكی سیكولارەوە گۆڕاوە بەهێزیكی جیهادی و زۆربەی سەركردەكانی لە القاعدە وداعشن، بۆیە ئەمەریكا لەسەردەمی هاتنی داعشەوە بۆ سوریا وعێراق هاوكاریەكانی لەو هێزە بڕی و هەڵسا بەپێكهێنانی (سوپای سوریای دێمۆكراتی) لەهاوشانی یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە). دەرئەنجام سیاسەتی ئەمەریكا برەوی سەند و سیاسەتی توركیا شكستی هێنا و رێگەشی نەدا سوپای تورك وهێزەدەسەندەخۆرەكانی بەشداری ئازادكردنەوەی موسڵ و رەقە بكەن ومەنبیجیشی كردە بنكەی سەرەكی هێزەكانی سوریای دێمۆكراتی لە رۆژئاوای روباری فورات! هەمو ئامانجەكانی توركیا لەم ماجەرایەدا ئەوەبو، كە وەكو هێزێك ركابەری ئەمەریكا بكات، بەتایبەتی لە رۆژگاری بەهێزی دەسەڵاتی داع شدا لە سوریا وعێراق... ئەردۆغان ئەو رۆژگارە سەرمەستی ئەوە بو، كە دەیگوت (دونیا لە پێنج گەورەترە) واتا دەبێ توركیاش لە نێو رێكخراوی نەتەوە یەكگرتوەكاندا ببێتە ئەندامی كارای (ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی) و دەمسپی ولاتانی ئیسلامی! لە كۆتاییدا داعش نوزەی تێدا نەما وئەمەریكا وهاوپەیمانی لەناو خاكی سوریادا بەرانبەر بەتوركیا وهێزەدەسەندەخۆرەكانی ودو دۆستەنادۆستەكانی روسیا وئێران روبەڕوی یەكتر ماونەتەوە... رژیمی ئەسەدیش وردە وردە بەرهەمی هەڵەكانی ئەردۆگان دەچنێتەوە. ئێستاش ئەردۆغان نازانێ بۆچی كەوتە ناو لیتاوی شەڕی سوریاوە، ئایا شەڕەكەی لە پێناوی یەكپارچەیی خاكی سوریادایە، یا لە پیناوی دابەشكردنیدایە؟ یان لە پێناوی ئەوەدایە، كە دەسەڵاتێكی كوردی لەباكوری سوریا نەیەتەئاراوە؟ ئەگەرچی پێشتر هەر لەسەرەتای كشانەوەی هێزەكانی ئەسەدەوە لەو ناوچانە احمد داود ئۆغڵو، كەبە ئەندازیاری سفركردنەوەی كێشەكانی توركیا لەگەڵ دراوسێكانیدا ناسرابو، گەرەنتی بەئەردۆگان دابو، كە پێكهاتەی كورد لەباكوری سوریادا ژمارەكەیان ئەوەندە نیە، كە بتوانن دەوڵەت دابمەزرێنن!، بەڵام راستیەكان تێزەكەی داود ئۆغڵویان بەدرۆخستەوە وكورد وەكو هێزی یەكەمی دژ بە تیرۆرستان دەركەوتن... ئەردۆغانیش بەپەلە داود ئۆغڵوی دەركرد.

توركیا و دۆستە نادۆستەكانی:
ئەردۆغان لەماوەی جەند ساڵی رابوردودا كۆمەڵگای توركی تۆقاندوە، كە زلهێزەكانی یاری بەچارەنوسی دەولەتی توركیا دەكەن و (TEST) پرۆڤەی پێدەكەن، بۆیە بەناچاری بایدایەوە بۆ دۆستەنادۆستەكانی هەر یەك لە روسیا وئێران.لێرەدا پێویستن ناكات بە مێژوی شەڕو ناكۆكی روسیای تزاری و سەردەمی كۆمۆنیزمدا بچینەوە لەگەڵ دەوڵەتی عوسمانی و توركیای كۆماریدا، بەهەمان شێوە كێشەو ناكۆكی وشەرو شۆڕی سەفەویەكان ودەوڵەتی عوسمانی وئێرانیدا بچینەوە، كەلەبەرەبەیانی مێژوی هاتنیانەوە شەڕی پاوانخوازی مەزهەبیان كردوە. ئەوەی، كەدەمەوێ ئاماژەی پێبكەم، ئەوەیە، كە ئەم سێ وڵاتە لە مێژینەی مێژوەوە دژ بەیەكن، بەڵام لە سوریادا چەند ئامانجێكی دژ بەیەك كۆیكردونەتەوە، هەرچی ئێران و روسیایە رێگەنادەن رژێمی ئەسەد بكەوێ وهەمو تواناكانی سەربازی ودیبلۆماسی خۆیان بەو ئاراستەیە چڕكردۆتەوە وخەو خەیاڵی توركیایان بزڕكاندوە وروخاندنی رژێمی ئەسەدیان لەخەیاڵدانیدا سڕیەوە. ماوەتەوە سەر ئەوەی ئەردۆغان دوا شانسەكانی خۆی لەگەڵ ئەم دو دەوڵەتەدا تاقیبكاتەوە و ئەوانیش بە پێی بەرژەوەندیەكانی خۆیان بۆ سەر تەڵەكە بەكێشی دەكەن! روسیا، كە گڵۆپی سەوزی ئەفرینی بۆ هەڵكرد دو ئامانجی دورمەودای هەیە: یەكیكیان ئەگەر توركیا بتوانێ ئەفرین داگیر بكات، كێشەی نێودەوڵەتی بۆ دروست دەكات وپاشان هەر دەبێ رادەستی رژێمی ئەسەدی بكاتەوە ولەوێسدا تارادەیەكی زۆر شكۆمەندی گەورەترین سوپای پاكتی ناتۆ دەشكێ و دیسانەوە بەلاوازی كرنوش بۆ روسیا دەباتەوە و بەناچاریش بێت گرێبەستی كڕینی موشەكی سیستەمی ئیس 400 دەباتە سەر و تەلاقی لای ناتۆی لەق دەبێت. دەمێنیتەوە سەر ئێران، كە توركیا زیاتر ئومیدی لەسەر هەڵدەچنێ وەك لە روسیا، كە ئەویش مەسەلەی كوردە، كە هەردوكیان پێوەی دەغەزارن.

ئەردۆغان و تێست و پراوە:
ئەردۆغان لەدوای شكستەكەی هەڵبژاردنی حوزەیران و كۆدەتاكەی تەموزەوە دۆخێكی توندوتیژی داسەپاندوە بەسەر خەڵكی توركیادا، مەگەر هەر خۆی سەری لێدەر بكا، چونكە بەتەنها خۆی بڕیاردەرو بەرپرسە لەوەی، كە رویداوە. ئێستاش بۆ درێژەدان بە كپكردنی دەنگی ناڕەزایی ناوەوە راگەیاندنەكانی بەئاراستەی بونی مەترسی لەسەر توركیا خستۆتە گەڕو ئەوەی بەئاستەم دەنگی نارەزایی لێ بەرزبێتەوە خۆی لە زیندانەكاندا دەبینێتەوە... ئێستاش پاش هەفتە لە هاژوهوژەكەی بۆ سەرئەفرین وداگیركردنی شكستی هێناوە و سوپا و هێزەدەسەندەخۆرەكانی بەهیچ شێوەیەك نەیانتوانیوە پێشڕەوی بكەن، لەگەڵ ئەوەی كە بۆردومانی فڕۆكە وتۆپباران بەچڕی لەسەر ئەفرین ودەوروبەری درێژەی هەیە. بۆیە ئیمڕۆ ئەردۆغان بۆ پاساوی شكستەكانیان دەڵێ هێزەكانمان ئەوەی تائێستا ئەنجامیانداوە، تەنها پرۆڤە بوە و شەڕی راستەقینەیە لە ئێستا بەدواوە دەست پێدەكات. واتا ئەمەی كە رویداوە دەیان تانك وزڕیپۆش تێكدراون وسوتێنراون هەر هەموی پرۆڤە (إحما‌و) بوە... ئەمە قسەی بیرمەندی سەردەم سەرۆك كۆماری توركیا ئەردۆغانە! ئەم لیدوانە دوای ئەوە دێت كە ئۆپەراسیۆنەكانی سوپای تورك جارێكیتر هەمو هێزە میلیشیاكانی تاقیكردەوە وئێستا هێزێكی ٢٤ هەزاركەسی لە پاشماوەی داعش و القاعدە و هیئە تحریر الشام ئامادەكردوە، چونكە سوپای ئازادی سوریا، كە ئەردۆغان بە هێزی میللی توركی ناوزەدی دەكردن پاش دەیان هێرش بەهەماهەنگی تۆپ وفڕۆكە شكستیان هێناو نەیانتوانی ٢٠٠ مەتر بچنە قولایی خاكی ئەفرینەوە!

ئەردۆغان و ئەرگەنەكۆن:
یەكێكیتر لەو هێزە نادیارانەی، كە ئەردۆغان چەندین ساڵە دەڵێ كۆتاییمان بەهێزی تارمایی (ئەرگەنەكۆن*) هێناوە، كەچی ئێستا دەڵێ ئەرگەنەكۆنیش ئێمەی لەمەسەلەی سوریادا بەهەڵەدا بردوە، لە راستیدا ئەرگەنەكۆن هەرگیز كۆتایی نایات، تا تورك هەبێت ئەرگەنەكۆنیش هەر هەیە، چونكە دامەزرینەرەكەی دەگەڕێتەوە بۆ پێش ئەتاتورك، كە خۆشی دوای شەڕەكانی ئازادی دەسەلاتی گرتە دەست لەجیاتی ئەرگەنەكۆن بەناوی (عاصم ئوز) چالاكی دەنواند ولەسەردەمی مۆركردنی پەیمانەكانی (سیڤەر و لۆزان) دا ئەرگەنەكۆن هەمو دەنگە نارازیەكانی ئەو سەردەمەی قەلاچۆكرد... ئەرگەنەكۆن لە راستیدا ئەو هێزە تارماییە نهێنیەی دەوڵەتی قولی نەژادپەرستی توركە و توركەكان زۆربەیان هەستیان بۆ ئەرگەنەكۆن دەجوڵێت، چونكە هەمیشە لەكاتە ناسكەكاندا بۆتە فریادڕەسی مانەوەی دەسەڵاتی تورك لەساڵی ١٨٦٥ بۆ سەردەمی اتحاد والترقی و كەمالیستەكان.

ئەردۆغان ومەسەلەی باڵوێز:
باڵوێزیش بە پێی میدیاكانی ئاكپارتی هەوڵێكی كۆدەتا بو لەلایەن سوپاوە دژی دەسەڵاتەكەیان لەساڵی ٢٠٠٣ دا، بۆ ئەو مەنەستەش نزیكەی ٤٠٠ ئەفسەرێكی سوپایان راپێچی دادگاكان كرد وتا ساڵی ٢٠١٠ مەسەلەی باڵویز دڕێژەی هەبو، پاش لەخەمرەخسینی سەرانی ئاكپارتی لە دەسەلاتی دامەزراوەی سوپا ٣٢٥ كەسیان لە دەستبەسەركراوانی دۆسیەی باڵویز بەچەندین ساڵ زیندانی سزا دران.، بەڵام لەتەنگانەدا ئەردۆغان هەمو ئەمانە وەكو كۆمباسی پشتی شكستەكانیەوە ریز دەكات.

فەتحوڵا گولەن و رەزا سەراف:
 ئەمانیش رۆژگارێكن یشتمان پەروەرو فریادڕەسی حكومەتی ئاكپارتی بون وپاشان بەتایبەتی دوای كۆدەتاكەی 15ی تەموز مۆری خیانەت لەگەل و نیشتمانیان بەركەوت، رەزا سەرافیش تا قاچاغچێتی بۆ كردن هاونیشتمانیەكی پڕ بەرهەم بو، كەچی كەكەوتە داوی دادگاكانی ئەمەریكاوە لەسەر پێشێلكردنی یاسا نیودەوڵەتیەكان سەبارەت بەسزادانی ئێران لەلایەن رێكخراوی نەتەوە یەكگرتوەكانەوە، پشتیان تێكردوە و وەكو خائینێكی زیانبەخش بە بەرژەوەندیەكانی توركیا ناوزەدیان كرد.

ئەردۆغان و رۆژئاوا:
ئەردۆغان هەر لەسەرەتاوە، كە كەوتە نێو لیتاوی سوریاوە بەمەبەستی رێگری لە دروستبونی دەسەڵاتی كورد بو لەباكوری سورایادا، هاوكاری هەماهەنگی گروپە ئیسلامیەكانی دژ بەڕژێمی ئەسەد، تەنها كاتی وتاكتیكی بون.، بۆیە پاش ٧ ساڵ لەهاوكاری ئەو هێزانە بەداعشیشەوە هاتەوە سەرپەلاماردانی كانتۆنی ئەفرین... هەمو ئەو دروشمانەی لەمەر روخاندنی رژێم وپاراستنی یەكێتی خاكی سوریا وەكو دۆ ودۆشاو تێكەڵكرد، ئێستاشی پێوە بێت خۆشی نازانێت، كەچی دەوێت، لەكاتێكدا هەمو ئەو هێزانەی، كە لەگەڵیدان جوداخوازو تەكفیری وتیرۆرستن، تەنها پەیەدە نەبێت، كە پرۆژەی سیستەمی فیدراڵی دیمۆكراتی هەیە ولەگەڵ جیابونەوەدا نیەو بەهێزی پرۆژەكەی پەیەدە هەموو سیناریۆكانی ئەردۆگانی بەتاڵكردۆتەوە، چگە لەوە هێزی سەرەكی رۆژئاوا لەمەنبیج و سەریكانی وكۆبانیە، كەچی ئەردۆغان پەلاماری ئەفرین دەدات ولەوێش تێدەشكێ... بۆیە لەم بارەیەوە هەمو شرۆڤەكاران حكومەتی ئاكپارتی بەسەرۆكایەتی ئەردۆگان بەناعادیلترین حكومەتی تورك ناوزەد دەكەن و داوا دەكەن ئاكپارتی ناوەكەی بگۆڕێت لە (AKP) و (ZKP) وتا پارتی گەشەپێدانی زوڵم و ناعەدالەتی.

‌ 1041 جار بینراوه‌
17/02/2018
Print Friendly and PDF
بابەتەکانی تری نوسەر
Telerik
شوان داودی - گۆشەی لەژێر چاویلكەوە
؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟
؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved