وتار
یه‌کێتی کۆنگره‌ ده‌به‌ستێ؟!

كاروان عه‌لی شامار

(1)
ئه‌نجامدانی کۆنگره‌ بۆ هه‌ر پارتێکی سیاسی که‌ زاده‌ی دۆخێکی ته‌ندروستیش بێت و ده‌رگیری هیچ کێشه‌یه‌کی سیاسی نه‌بو‌بێت هه‌روا کارێکی ئاسان نییه‌ چما پارتێکی سیاسی وه‌ک یه‌کێتی نیشتیمانی که‌ بیماری ده‌یان کێشه‌یی ناوخۆییه‌ و به‌شێک له‌و کێشانه‌ش ره‌هه‌ندی مێژوویان هه‌یه‌ چڵۆن وا به‌سانایی ئه‌و پرسه‌ گرنگ و چاره‌نوسازه‌ تێده‌په‌ڕێنێت! 
ئه‌گه‌رچی هه‌فته‌ی رابردوو ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ندی و له‌گه‌ڵ به‌شێک له‌ سه‌رکردایه‌تی ئه‌و حیزبه دوای زیاتر له‌ چوار ساڵ تێپه‌ڕبوون به‌سه‌ر واده‌ی به‌ستنی کۆنگره‌دا‌ پێشنیاریان کرد له‌ ڕۆژی (5)ی ئازاردا که‌ هاوکاته‌ له‌گه‌ڵ ساڵرۆژی ئازادکردنی شاری رانیه‌ی ده‌روازه‌ی راپه‌ریندا کۆنگره‌ چوار ببه‌ستێ! به‌ڵام گومان له‌وه‌دا نییه‌ ئه‌نجامدانی وه‌ها کارێک ئیراده‌یه‌کی بوێر و شلگێری ده‌وێ که‌ بتوانێت هه‌موو ئه‌و بتانه‌ تێک بشکێنێت که‌ بونه‌ته‌ له‌مپه‌ر له‌بۆ ئه‌نجامدانی وه‌ها کارێک. مه‌خابن یه‌کێتیه‌ک که‌ له‌ هه‌شتاکاندا هیچ رێکخراوێکی سیاسی له‌ جیهاندا له‌ڕووی سیاسی و رۆشنبیری و چه‌کداری هاوتایی نه‌بوو وه‌لێ هه‌نوکه‌ خه‌ونی ئه‌نجامدانی کۆنگره‌ لای کادیره‌کانی وه‌ک گۆدۆ (خه‌ونێکی بێهوده‌ی) لێهاتووه‌!

(2)
له‌ ئێستایه‌ یه‌کێتی تاڕاده‌یه‌ک‌ له‌ به‌رامبه‌ر گۆرانکاری و پێشهاته‌ خێراو پرسه‌ چاره‌نوسازه‌کان پاسیڤه‌و روئیایه‌یه‌کی رونی نییه‌، به‌ڵام بونی ناکۆکی و خاڵی جیاواز له‌ نێو ڕیزه‌کانی یه‌کێتیدا شتێکی نوێ نییه‌و هه‌ر له‌ یه‌که‌م ساتی دامه‌زراندنیه‌وه‌ بونی هه‌بووه‌، له‌سه‌رده‌م و بارودۆخی زۆر سه‌خت و هه‌ستیاردا کێشه‌ و قه‌یرانی گەورەتری به‌سه‌رکه‌وتوی تێپه‌ڕاندووه‌ به‌و پێودانگه‌ش بێت تێپه‌ڕاندنی کێشه‌ هه‌نوکه‌ییه‌کانیشی ئه‌سته‌م نین به‌مه‌رجێک سه‌رکرده‌کانی له‌بری یه‌کتر شکاندن و به‌رژه‌وه‌ندیه‌ بێشوماره‌کانیان گیانی تۆلێرانس و یه‌کتر قبوڵکردنیان به‌سه‌ردا زاڵ بێت گه‌ر بتوانن بارته‌قای که‌متر له‌و سازشه‌ی که‌ بۆ نه‌یارانی یه‌کێتی و پارته‌ سیاسیه‌کانی تری ده‌که‌ن بۆ یه‌کتری بکه‌ن کێشه‌کانی یه‌کێتی هه‌نگاوی باش ده‌نێ به‌ ئاراسته‌ی چاره‌سه‌ردا!
سه‌رباری نه‌بونی کۆده‌نگی وهه‌بونی ڕای جیاواز سه‌باره‌ت به‌ چۆنیه‌تی ئه‌نجامدانی کۆنگره‌ گه‌له‌ک خاڵی هاوبه‌شیش بونی هه‌یه‌ وه‌لێ ئه‌وه‌ی گرفته‌کانی قوڵتر کردۆته‌وه‌ هه‌نده‌ک له‌و مه‌کته‌ب سیاسی و سه‌رکردایه‌تیانه‌ن که‌ به‌ربه‌ستن له‌ ئه‌نجامدانی کۆنگره‌و هاتنه‌ پێشه‌وه‌ی خوێن و روخساری نوێ و چاوگی‌ سازانی زۆرێک له‌ قه‌یرانه‌کانن مه‌به‌ستم زیاتر له‌وانه‌یه‌ که‌ خوێنی شه‌هیده‌کانیان هه‌ڕاج کردووه‌ و یه‌قینن جارێکی تر چانسی ده‌رچونیان نابێت، هه‌رجارێک یه‌کێتی هه‌نگاوی باش به‌ره‌و‌ کۆنگره‌ ده‌نێ ده‌یان ئه‌رگومێنتی بێ به‌هاو بێ ئه‌رزش ده‌هێننه‌وه‌و وه‌ک به‌هانه‌یه‌ک بۆ ئه‌نجامنه‌دانی ئه‌و پرسه‌ی که‌ بۆته‌ مۆته‌که‌ بۆ گیانیان به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی له‌ دامه‌زراندنی ئه‌و حیزبه‌وه‌ ئاماده‌ نه‌بونه‌ وچانێک به‌ن و ده‌ستبه‌رداری پۆسته‌کانیان بن له‌ کاتێکدا سه‌ری زمان و بنی زمانیان به‌ ئاراسته‌ی چاکسازی و گۆرانکاری و پراکتیزه‌کردنی دیموکراتیه‌!

(3)
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی یه‌کێتی هێزی چه‌کداری هه‌یه‌و په‌یوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌کانی له‌ ئاستێکی به‌رفراواندایه‌و به‌ ئێستاشه‌وه‌ سه‌رباری کێشه‌ نێوخۆییه‌کانی ته‌نها هێزه‌ بتوانێت به‌رامبه‌ر به‌ پارتی بوه‌ستێت و ڕێگه‌ نه‌دات سه‌رجه‌م شاره‌کانی کوردستان بخاته‌‌ ژێر قه‌ڵه‌مڕه‌ویه‌وه‌. هه‌ر ئه‌و حیزبه‌شه‌ دەتوانێت له‌به‌رده‌م هێزێکی ترسناکی وه‌ک داعشدا خۆراگر بێت و هه‌زاران کیلۆمه‌تر به‌رگری بکات و ڕێگه‌ نه‌دات به‌ میل بێنه‌ نێو خاکی پیرۆزی کوردستانه‌وه‌. جیا له‌ سه‌رکردایه‌تیه‌که‌ی یه‌کێتی باشترین کادیری خواره‌وه‌ی هه‌یه‌ به‌به‌راورد به‌سه‌رجه‌م پارته‌ سیاسیه‌کانی تر، هه‌موو ئه‌م خاڵه‌ پۆزه‌تیڤانه‌ پێمان ده‌ڵێ که‌ تا هه‌نوکه‌ یه‌کێتی حزبێکی زیندووه‌و ده‌توانێت ببێته‌ چاره‌سه‌رسازو گرێ کوێره‌ی دۆخی چه‌قبه‌ستووی سیاسی هه‌رێم بکاته‌وه‌ و وه‌ هه‌ر له‌و گۆشه‌نیگایه‌شه‌وه‌ ده‌توانێت تا پێش هه‌ڵبژاردنه‌کان چه‌ن کرده‌و گۆرانکاریی ئانی جێبه‌جێ بکات و کۆنگره‌یه‌کی باش و سه‌رکه‌وتووش ئه‌نجام بدات.

(4)
به‌هۆی شه‌ونخونی و هه‌وڵه ‌به‌رده‌وامه‌کانی هه‌ندێک سه‌رکرده‌و کاره‌کته‌ری گه‌نج و روخساری نوێی یه‌کێتیه‌وه‌ به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی ‌هیچ به‌رپرسیارێتیه‌کیان له‌شکسته‌کانی حکومه‌تی هه‌رێم و یه‌کێتی به‌رناکه‌وێ و باگراوندێکی خه‌باتی چه‌کداری و سیاسیان نه‌بوه‌و ده‌ستیان له‌ خوێنی براکاندا سور نه‌بووه یه‌قینم له‌وه‌ی‌ ‌ ده‌توانن متمانه‌ بۆ یه‌کێتیه‌کانن بگه‌ڕیننه‌وه‌و ئه‌سته‌مه‌کان بکه‌ن به‌ راستی و کۆنگره‌ی پاکماڵکردنی یه‌کێتی و به‌هێزکردنه‌وه‌ی له‌ واده‌یه‌کی نزیکدا ئه‌نجام بده‌ن به‌م کاره‌ش مێژوویه‌کی پرشنگدار بۆ خۆیان تۆمار ده‌که‌ن و دواڕۆژیش یه‌کێتیه‌کان وه‌ک عه‌رابی به‌هیزکردن و ڕێکخستنه‌وه‌ی یه‌کێتی ناویان دێنێت و شه‌ونخونیه‌کانیان جێ ئەرزش و پێزانین د‌ەبێ و به‌مه‌ش یه‌کێتی ده‌توانێت به‌ فۆڕم و ستراکچه‌رو به‌رنامه‌و‌ روئیایه‌کی نوێوه جارێکی تر ئەسپی خۆی لە‌ نێو گۆره‌پانی سیاسی هه‌رێمدا تاوبدات.

‌ 1353 جار بینراوه‌
17/02/2018
Print Friendly and PDF
بابەتەکانی تری نوسەر
Telerik
راپرسی
کێ بەرپرسە لەم دۆخەی ئێستای کوردستان؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved