وتار
توركیا و ئێران گەرەكیانە میراتی لەدەستچوویان بگێڕنەوە...

نەوزادی موهەندیس

 كارێكی شاراوە نییە كە هەردووك لە وڵاتانی توركیا و ئێران لەناوچەی رۆژهەڵاتی ناویندا خۆیان بە زلهێزێكی ناوچەیی دەزانن و هەوڵی گێڕانەوەی رۆژان و سەردەمی زێڕینی هەردوو ئیمپراتۆریەتەكانی سەفەوی و عوسمانیەكان دەدەن كە لە رابوردوودا هەریەكەیان بۆ چەندین سەدە دەستڕۆیشتووی ناوچەكە بوون،لەئێستادا و دوای زیاتر لە 100 ساڵ لە نەمانیان هەریەكەیان گەرەكێتی هێواش هێواش رۆژانی رابووردویان زیندووبكەنەوە ،لەڕێگەی پەلاماردان و داگیركردنی وڵاتانی ناوچەكە و دەستێوەردانیان بۆ كاروباری ناوخۆیی ئەو وڵاتانە و هەریەكەش بەبیانووی پاراستنی ئەمنی نەتەوەیی خۆیان لەلایەك و پارێزگاریكردن لە سنور و سەروەریان لەلایەكی ترەوە و جارێكی تریش بۆ پارێزگاریكردن لە نەتەوە و كەمایەتی و دین و مەزهەبەكانی سەر بەخۆیان لەو وڵاتانەدا.
ئەوان نیەتێكی زۆر قێزەون و ناشیرینیان هەیە ،بەڵام بە رووكەشێكی مرۆڤانە و لەژێر ناونیشانی مافی مرۆڤەكانەوە هاتونەتە پێشەوە.ئەوان شەڕی ئێستای سەدەی بیست و یەك بەكۆنە قینی سەدەكانی ناوەڕاست دەكەن،ئەوان تائێستاش پێیان وایە هەموو ئەو وڵاتانەی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوین بەشێكن لە میراتی خۆیان و مافی خۆیانە كەی و چۆن بیانەوێت دەستوەربدەنە كاروباریان و لەپێناو بەرژەوەندی خۆیان كاری تێكدەرانە و كاولكاری و داگیركاریشیان بكەن.وەك چۆن لە ئێستادا لە عێراق و سوریا و لوبنان و یەمەن و قەتەر و بەحرەین و عومان و ...هتد. دەگوزەرێت.
بەداخیشەوە لەلایەك وڵاتان و كۆمەڵگاكانی ناوچەكە خۆیان كەم تازۆر بەو قەدەر و چارەنوسەیان رازین و لەلایەكی تریشەوە وڵاتانی زلهێزی دونیاش هەریەكەیان لەپێناو بەرژەوەندیەكانی خۆیاندا ئەم دوو وڵاتەیان كردۆتە پاسەوانی خۆیان و بەرژەوەندیەكانیان و رێگەیان پێداون لەوسنورانەی كە بۆیان دیاریكردون هەڵسوكەوت بكەن،ئەگینا بڕیار بەدەستی كۆتایی هەر خۆیانن نەك توركیا و ئێران.چونكە نە توركیای ئیسلامی ئیخوانی بە رابەرایەتی پارتی عەدالەت و گەشەپێدان و ئەردۆگانی خوازیاری تاكڕەوی و زیندووكردنەوەی سەڵتەنەتی عوسمانی و نە ئێرانی ئیسلامی شیعەمەزهەبی توندڕەوی خومەینی و ولایەتی فەقیه دوو سیستەمی بێزراو و زۆر ناشیرینن لەلایەن كۆمەڵگا و زلهێزەكانی دونیا و ناوچەكەو و تەنانەت لەناوخۆی گەلانی خۆشیاندا ،نمونەی زیندووش خۆپیشاندن و ناڕەزایەتیەكانی گەلانی توركیا و ئێرانە دژ بە سیستەم و حومكڕانی و سیاسەتەكانی ئەو وڵاتەن،هەربۆیە چانسی سەركەوتن و وەدیهێنانی خەونە رزیوەكانیان زۆر كەم و كورتە،بەڵام دەكرێت ببنە هۆكاری سەرەكی نانەوەی ئاژاوە و پشێوی لەناوچەكەدا و ببنە داردەستی زلهێزەكان و وەدیهێنانی مەرام و ئامانجەكانی ئەوان لە مانەوە و بەردەوامی بونیان لەناوچەكەدا و بەتاڵانبردنی سەروەت و سامانی سروشتی و توانا مادی و مرۆییەكانی ناوچەكە بۆ بەرژەوەندی زلهێزەكمان،ئەگینا توركیا و ئێران تەنها مایەی سەرئێشە و بێزاری ناوچەكەن و هیچی تر.
ئەوەی كە مایەی نیگەرانی كوردە،ئەوەیە كە گۆڕەپانی ململانێ و زۆرانبازیەكانی ئێران و توركیا لەلایەك و زلهێزەكانیش لەلایەكی ترەوە لەسەر خاك و گەلانی ناوچەكەیە و بەتایبەتیش كوردو كوردستان،لەكاتێكیشدا كە كورد جیا لەهەموو وڵاتان و كۆمەڵگاكانی ناوچەكە بەتەنها و تەها نەخاوەن دەوڵەت و نەخاوەنی سەروەری و سنوری دانپیادانراوی خۆیەتی،هەربۆیە هەمیشە بۆتە قوربانی و ژێرپێی وڵاتانی ناوچەكە و زلهێزەكانی دونیاش.كوردستان بۆتە گۆڕەپانی سەرەكی یەكلاكەرەوەی ململانێكان و كوردیش بۆتە چەكی دەستی هەموانیان و لەناوخۆشیدا ماڵێكی شەپڕیو و وێران و پەرتەوازە و ناتەبای هەیە،كەسەرەڕای ئەو هەموو مەترسی و ئاڵنگاریانە هیچ كام لەسەركردە و پارتە سیاسیەكان لەهەوڵی ساڕێژبونی برینەكان وناكۆكیەكان نین و ئەوەندەی هەڵپەی دەسكەوتی حیزبی و تاكەكەسی و پۆست و ئیمتیازان لەكوردستان و بەغداد نیوهێندە لەخەمە گەورەكەی نەتەوە و نیشتیماندا نین.
ئەم قۆناغەی مێژووی ناوچەكە و دونیاگەلێك دژوار و مەترسیدارە بۆ وڵاتانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوین چونكە ناوچەكە لەبەردەم قۆناغێكی نوێی رێكخستنەوە و دابەشبون و تەنانەت داگیركردنێكی نوێدایە و زۆر دوور نیە نەخشە و جوگرافیای ناوچەكە سەرلەنوێ‌ دابڕێژرێتەوەو گەلێك لە وڵاتان و كۆمەڵگاكانی ناوچەكە زیانی گەورەیان بەربكەوێت بەتایبەتیش ئەو وڵاتانەی كە بەقەوارە گەورە و جۆرێك لەهێز و توانای سەربازی و ئابوریان هەیە،ئەمەش لەچوارچێوەی ((بیردۆزەی فەوزای دروستكەردا )) جێبەجێ دەبێت كە نیەت لێی دابەشكردنی وڵاتە گەورەكانی ناوچەكەیە بۆ وڵاتانی بچوكتر و سەرلەنوێ‌ دروستكردنەوەی ناوچەكەیە بە فۆڕمێكی نوێتر،جا بۆیە توركیا و ئێران و سعودیە و پاكستان و میسریش لەو وڵاتانەن كە دەكرێت ئەو پڕۆسەیەیان بەسەردا جێبەجێبكرێت،گەر ئەو كارەش سەریگرت ئەوا لەلایەك ناوچەكە لە دوو وڵاتی توركیا و ئێران و خواست و خەونە زلهێزەكانیان رزگاریان دەبێت و لەلایەكی تریشەوە كوردیش لەدوو وڵاتی گەورەی داگیركەری كوردستان رزگاری دەبێت و رۆژی ئەوان ئاوادەبێت و خۆری كوردانیش هەڵدێت.

‌ 767 جار بینراوه‌
24/02/2018
Print Friendly and PDF
بابەتەکانی تری نوسەر
Telerik
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved