وتار
پێگه‌ی سیاسی كورد له‌ عێراقدا به‌ره‌و كوێ‌ ؟

نەوزادی موهەندیس

 به‌داخه‌وه‌ كێرڤی پێگه‌ی سیاسی هه‌رێمی كوردستان له‌ عێراقدا له‌ساڵی 2012 به‌دواوه‌ به‌ره‌و داكشان و لاوازی و بێهێزی ملی شۆڕكردۆته‌وه‌، و به‌تایبه‌تیش دوای نه‌خۆشكه‌وتنی مام جه‌لال وه‌ك سه‌رۆكێكی كاریزما و سه‌ركرده‌یه‌كی سیاسی خاوه‌ن سه‌نگینی و قورسایی خۆی له‌ به‌غداد و پاشه‌كشه‌كردنی له‌گۆڕه‌پانی سیاسی عێراق و هه‌رێمی كوردستانیشدا، بوه‌ سه‌ره‌تا و ده‌ستپێكی لاوازبوونی پێگه‌ی سیاسی كورد له‌ عێراقدا و ئیدی ئه‌م لافاوی هه‌ره‌س و داكشانه‌ به‌رده‌وام بوو، چونكه‌ له‌لایه‌ك سه‌ركردایه‌تی سیاسی كورد له‌ به‌غداد به‌هۆی نه‌مانی مام جه‌لاله‌وه‌ بۆشاییه‌كی گه‌وره‌ی دروستكرد و كه‌سیش نه‌بوو جێگه‌ی بگرێته‌وه‌ و به‌ر به‌هه‌ره‌س و دژایه‌تیه‌كانی عه‌ره‌بیش بگرێت له‌به‌غداد و له‌ لایه‌كی تریشه‌وه‌ له‌هه‌رێمی كوردستانیشدا كاریزمایه‌كی به‌هێزو خاڵی یه‌كانگیری هه‌موو لایه‌نه‌كان په‌یدانه‌بوو و هه‌ڵیشنه‌كه‌وت تا لانی كه‌م پارێزگاری له‌ پێگه‌ی سیاسی كورد و ریزه‌كانی كورد یه‌ك و یه‌كگرتوو بكات، دواتریش به‌هۆی له‌لایه‌ك هه‌ڵه‌خوێندنه‌وه‌ی هاوكێشه‌ سیاسیه‌كانی ناوخۆ و عێراق و ناوچه‌كه‌ و دونیاش و له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ ناكۆكیه‌ سیاسیه‌ به‌رده‌وامه‌كان و به‌رده‌وامبون له‌سه‌ر هه‌ڵه‌ سیاسیه‌ كوشنده‌كان له‌لایه‌ن سه‌ركردایه‌تی سیاسی كورده‌وه‌، بونه‌ به‌رده‌وامیپێده‌ری لاوازبوونی پێگه‌ی سیاسی كورد.
به‌ چێكردنی ریفراندۆمیش و حیساب نه‌كردن بۆ ئامۆژگاریه‌كانی دۆسته‌كان و كه‌وتنه‌ ژێر كاریگه‌ری و هه‌ژموونی ناسیونالیستی توندی كوردایه‌تیشه‌وه‌ و له‌پێناو به‌ده‌ستهێنانی ده‌سكه‌وتی كه‌سی و حیزبی و بنه‌ماڵه‌ییدا، وه‌ك ده‌وترێت ((بوه‌ ئه‌و مووه‌ی كه‌ پشتی حوشتره‌كه‌ی پێشكا)) و ئیدی مه‌سه‌له‌ی كورد و كوردایه‌تی و پێكه‌وه‌نان و راگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی كوردی بونه‌ خه‌ون و بۆ ماوه‌ی ده‌یان ساڵ لێمان دووركه‌وتنه‌وه‌ و له‌جیاتی ئه‌و دروشمه‌ قه‌به‌ و جوان و پڕ شكۆیه‌ دروشمی به‌ڵێ‌ بۆ مووچه‌ و ناردنی بودجه‌ و كردنه‌وه‌ی ده‌روازه‌ سنوریه‌كان و فڕۆكه‌خانه‌ داخراوه‌كانمان به‌رزكرده‌وه‌.
ڕیفراندۆم گه‌رچی مافی ره‌واو سه‌ره‌تایی میله‌ته‌كه‌مان بوو، به‌ڵام دیاریكردن و پێداگیری له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی له‌م زه‌مان و زه‌مینه‌ نه‌گونجاوه‌دا به‌ نه‌رێنی شكایه‌وه‌ به‌سه‌ر ته‌واوی بیر وكار وگوتاری كوردایه‌تیدا.هه‌ر له‌ ده‌رئه‌نجانمه‌ خراپه‌كانی ریفراندۆم بوو كه‌ شكستی سه‌ربازی به‌سه‌ر هێزی پێشمه‌رگه‌دا هات و 51% خاكی دانه‌بڕوای كوردستان جارێكی تر داگیركرایه‌وه‌ هه‌ر له‌ خانه‌قین و دووزخورماتوو و كه‌ركوكه‌ تا دبس و مه‌خمور و خازه‌ر و شه‌نگال و به‌عشیقه‌ و فیشخابور و ..هتد.زۆرێك ده‌ڵێن رووداوه‌كانی 16 /10 بونه‌ته‌ مایه‌ی كاره‌ساتی داگیركاری و جینۆسایدی كورد و كوردستان له‌ دوزخورماتوو كه‌ركوك ، به‌ڵام دوور له‌ ده‌مارگیری حیزبی هیچ روویه‌كی له‌یه‌كچوون نیه‌ له‌ نێوان كاریگه‌ریه‌كانی ریفراندۆم و كاره‌ساتی 16/10دا، چونكه‌ ریفراندۆم زۆر گه‌وره‌تر و كاریگه‌رتره‌ له‌ خه‌باتی كوردایه‌تیدا و خاڵێكی گه‌شاوه‌و وه‌رچه‌خانیشه‌، به‌ڵام رووداوه‌كانی 16/10 وه‌كو هه‌موو كاره‌ساته‌كانی تری 31ی ئابی 1996 و نسكۆو شكستی شۆڕشی ئه‌یلولی ساڵی 1975 و كاره‌ساته‌كانی شه‌ڕی ناوخۆ وبراكوژی شاخ و شار له‌دوای راپه‌ڕینیش 1994-1998 هه‌موانیان كاره‌ساتی جه‌رگبڕبوون و مایه‌ی شه‌رمه‌زارین بۆ هه‌موان به‌بێ‌ جیاوازی و هه‌ق نیه‌ ئه‌و وێسگه‌ ره‌ش و تاریكانه‌ هیچ لایه‌ك نه‌ موزایه‌ده‌ی پێوه‌ بكات و نه‌ شانازیشه‌ بۆ هیچ لایه‌ك و سه‌ركرده‌یه‌ك، ده‌بێت تاده‌كرێت ئاسه‌واره‌كانیان له‌ زهن و بیری خۆماندا بسڕینه‌وه‌ و نه‌یهێڵین نه‌ك وه‌كو ئێستا و به‌ربه‌رده‌وامی له‌سه‌ر قه‌وانێكی سواو بیجوینه‌وه‌.
بۆیه‌ گه‌ر بمانه‌وێت پێگه‌ی سیاسی كورد له‌ عێراق و بۆ ئاینده‌ش به‌رز و به‌هێز و پته‌وی بكه‌ینه‌وه‌ وه‌كو سه‌ره‌تای رووخاندنی رژێمی به‌عسی صدامی له‌ساڵی 2003دا پێویسته‌ له‌سه‌ر كورد له‌نێو خۆی و له‌نێو ماڵی خۆیدا یه‌ك و یه‌كگرتوو و یه‌ك گوتار و یه‌ك كردار بێت، به‌رامبه‌ر به‌ عه‌ره‌ب ((سونه‌ و شیعه‌)) و ئه‌وانی تریشدا و پڕۆسه‌یه‌كی سازانی نیشتیمانی و ئاشته‌وایی سه‌رتاسه‌ری چێبكات، و دوور بكه‌وێته‌وه‌ له‌ململانێی ناڕه‌وای حیزبایه‌تی و ناوچه‌گه‌ری و حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵاتێكی تۆكمه‌ و پته‌و وبه‌هێز پێكه‌وه‌ بنێت له‌سه‌ر بنه‌مای شه‌فافیه‌ت و خزمه‌تكردن و چاكسازی راسته‌قینه‌ و رێزگرتن له‌ داموده‌زگا شه‌رعیه‌كانی حوكمڕانی، دوور له‌ گه‌نده‌ڵی و به‌ ئاڕاسته‌ و پلانێكی زانستی واقعی كاری خۆی بكات و رێز له‌ بنه‌ماكانی دیموكراسی و ئازادی و دادپه‌روه‌ری راسته‌قینه‌ش بگرێت، چونكه‌ كورد و مه‌سه‌له‌كه‌ی به‌بێ‌ چه‌سپاندنی دیموكراسی و ئازادیه‌كان له‌كوردستان و عێراقدا هه‌میشه‌ به‌ ژێرده‌سته‌یی و داگیركراوه‌یی ده‌مێنێته‌وه‌و بۆ هه‌تاهه‌تایش هه‌ر له‌ شه‌ڕ و كوشتار و ماڵوێرانیدا به‌رده‌وام ده‌بێت.
كورد له‌ ئێستادا هیچ چاره‌یه‌كی نیه‌ جگه‌ له‌ به‌رقه‌راركردنی ئاشتی له‌ناوخۆی كوردستان له‌لایه‌ك و له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراقدا و له‌سه‌ر بنچینه‌ی ده‌ستور كه‌ هه‌رچه‌نده‌ فریاد ره‌سیش نیه‌ بۆ هه‌موو ماف وداواكاریه‌كانی كورد، به‌ڵام تا ئه‌وكاته‌ی كورد ته‌ندروستی و به‌هێزی خۆی وه‌ده‌ستدێنێته‌وه‌ و ده‌بێته‌وه‌ خاوه‌ن ده‌ستپێشخه‌ری سیاسی ، ناچاره‌ له‌گه‌ڵ ره‌وتی رووداوه‌كاندا خۆی بگونجێنێت و ده‌بێت سزای هه‌ڵه‌ و سه‌ره‌ڕۆیی و سه‌ركێشیه‌كانی بداته‌وه‌ ئه‌وكات ده‌گاته‌ ئه‌و بڕوایه‌ی كه‌ ئاڕاسته‌یه‌كی نوێ‌ به‌ بیر و ئه‌ندێشه‌ و پلانێكی نوێوه‌ به‌ره‌و ئاینده‌یه‌كی گه‌شتر هه‌نگاو بنێت.
كورد خۆی هۆكاری سه‌ره‌كی كێشه‌ و لاوازبونی پێگه‌ی سیاسی خۆی بوه‌ له‌ عێراقدا وهۆكاری له‌ده‌ستدانی شكۆ و گه‌وره‌یی و گه‌شاوه‌یی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی بوه‌ به‌شێوه‌یه‌ك سه‌قفی داواكاریه‌كانی له‌ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌ته‌وه‌ دابه‌زیوه‌ بۆ داواكردنی مووچه‌ و بودجه‌و ..هتد. له‌هه‌مان كانتیشدا هه‌رخۆشی هۆكاری چاره‌سه‌ركردن و ساڕێژكردنیه‌تی، بۆیه‌ گله‌یی وڕه‌خنه‌ی سه‌ره‌كی ده‌بێت كورد له‌خۆی بگرێت نه‌ك عێراق و ده‌رودراسێ‌ و زلهێزه‌كان، چونكه‌ ئه‌وان هه‌میشه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان سه‌وداومامه‌ڵه‌ ده‌كه‌ن نه‌ك له‌بۆ به‌رژه‌وه‌ندی كورد، بۆیه‌ به‌هێزبونه‌وه‌ی پێگه‌ی سیاسی كورد ته‌نها به‌نده‌ به‌یه‌ك و یه‌كگرتوویی ریزه‌كانی كورد خۆیه‌وه‌.




‌ 885 جار بینراوه‌
03/03/2018
Print Friendly and PDF
بابەتەکانی تری نوسەر
Telerik
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved