وتار
ئەركەكانی روناكبیری كورد بەرانبەر گۆڕانكارییەكان

عەبدولڕەحیم سەرەڕۆ

ئەگەرچی گەلانی كوردستان نزیكەی سەدەیەك لە پشوودرێژی بەرامبەر بەو هەموو شكست و نسكۆیانەی كە لە بزوتنەوەی رزگاریخوازی گەلەگەمان دووچاری بوون و چەندین شۆڕشی كوردستانی لە دوای جەنگی یەكەمی جیهانەوە سەریان هەڵدا بەڵام بەهۆی پارچە پارچەكردنی خاكی كوردستانەوە دواجار لێرەو لەوێ سەریان هەڵدەداو دیسانەوە سەركوت دەكرانەوە،  ئینجا بۆ یەكەمجار لە دوای راپەڕین و كۆڕەوە سەرتاسەرییەكەی كوردی باشووری كوردستانەوە ناوچەیەكی ئازاد بۆ خەڵكی كوردستان دابین كراو حوكمێكی خۆجێی كوردستانیی دامەزرا، كە بیرمەندان و ئەدیبان و تێكۆشەران رۆڵی بنەڕەتیان تێیدا بینی و بەهۆیەوە چەندین بیرو لێكدانەوەی جیاجیا كەوتەوە.. ئەم بزووتنەوەیە لە شۆڕشێكی چەكداری میللیەوە گۆڕا بۆ دامەزراوەیەكی حكومی كەچی هێشتا ناكۆكیە سیاسیەكان بەردەوامییان هەبوو، ئەركی رۆشنبیران لەو سەردەمەو بەهۆی گۆڕانكارییە سیاسیەكانەوە گۆڕا بۆ ئەركی سیاسی و دابەشبوونە سەر دوو بەرەی جیاوازی دژ بەیەك كە دەبوو هاوئامانج بوونایە و تاكە مەبەستیان پێشخستنی رەورەوەی كولتووری بێت لە كۆمەڵگەی تازە ئازادو زیاتر پەنجەیان بخستایەتە سەر برینەكان و هەوڵی پاككردنەوەی رێچكەكانی ژیانیان بدایە بۆ دەربازبوون لە شوێنكەوتەیی و دەروێشی و بەتووتی بوون و رۆشنبیری زارەكییانە كە هەموو ئامانجێكیان خۆدەرخستن بووە بە لاساییكردنەوەی وتەی ئەوانی ترو هیچ بەرهەمێكی ئەوتۆی لێ نەكەوتەوە. 
دابەشبوونێكی تر بەسەر ئەزموونی كولتووری رۆشنبیران و زۆربەی بیرمەندانی كوردستان هات ئەویش بەهۆی كۆچی بە لێشاوی رۆشنبیران بوو لە كۆمەڵگەیەكی داخراوی تازە هەڵكەوتووەوە بەرەو وڵاتانی هەندەران لەخۆگرتنی چەندین كولتووری تر كە هەر یەكە لە گۆشەیەكی ئەم جیهانەوە وەك ئەزموونێكی ژیانی و ژیاری تێكەڵ بە هەناسەی كوردییان كرد، لەم كۆچكردنەی بەرەو هەندەران گەنجان رۆڵی تەواویان بینی و هۆشیارییەكی نوێ لە كایەی ئەدەب و هونەری كوردیدا سەری هەڵدا، لە پارچەكانی تری كوردستانیشەوە نووسەرو رۆشنبیری زیرەك و لێهاتوو روویان كردە كوردستان و بەهۆی جیاوازی زاراوەكانەوە شەپۆلێكی تری فەرهەنگی هاتە ناو زمانی كوردی ناوچەییمان و دواتر چاپەمەنییەكانی چەندین زمانی تر چ بە رێنوسی ئەلفوبێ چ بە رێنووسی لاتینی كە زۆرترینیان بوون روویان لە رۆشنبیری كورد كرد و تەواوی زەمینەسازی بۆ سەرهەڵدانی كولتوورێكی نوێ فەراهەمبوو. 
بەلام ئایا رۆشنبری كورد لەناو ئەم شەپۆلی گەورەی فەرهەنگی و فەلسەفی و بیرمەندییە توانی چ خزمەتێك بەنەتەوەكەی خۆی بگەیەنێت و چی بۆ دوارۆژ و داهاتووی نیشتمانەكەی دەستەبەركرد؟! 
رۆشنبیری كورد دوای كۆتایی هێنان بە شەڕی ناوخۆ بە بەرگێكی نوێی شۆڕشگێرانەوە هاتە ناو مەیدانی سیاسی و خەونەكانی بە رووخاندنی رژێمی دكتاتۆریەتەوە دەبینی و تا ئەو خەونە هاتەدی، بەڵام زۆر خێرا لە رێچكەی راستی خۆی لایداو بە واقعێكی نوێی سیاسی دژواری جیهانییەوە تێوەگلا، ئیتر هەموو بیركردنەوەكانی كەوتە سەر رێچكەیەكی ئایدیۆلۆجی دیاریكراوو دواتر سەرهەڵدانی بزووتنەوەی سیاسی نوێی جیهانی بەناوی ئیسلامی سیاسی و تەشەنەكردنی تیرۆر لەناوچەكە كە پێشتر لە شاخە دوورە دەستەكانی كوردستان و وڵاتانی دەوروبەر بنەیەیان كوتابوو، بەرەنگاربونەوەی هەموو بیرێكی كۆنخواز و تۆتالیالیزم بوو بە مۆدیلی كولتووری رۆشنبیران و بەو هۆیەوە مەسەلەكانی مافی چارەنووس و دیموكراسیزم و كاركردن بۆ بە دامەزراوەكردنی رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی لە بیری رۆشنبیری كورد رووی لە كاڵبوونەوە كردو لە كێشە سەرەكی و خەونە گەورەكان دوور كەوتنەوە. 
دەردێكی تری كوشندەی رۆڵی رووناكبیران لە پێشخستنی كۆمەڵگەدا سەرهەڵدانی میدیاكان بوو كە هەندێكیان تەواوی جڵەویان لە دەستی رۆشنبیران سەندەوەو هەندێكی تریان لەژێر دروشمی جیاجیاو پاساوی نەریتی و سیاسی و ئایینی كەوتنە دژایەتیكردنیان و بوونە رێگر لەبەردەم شەپۆڵی باڵای پێشكەوتنی رووناكبیری لە ناوچەكە بە گشتی و كوردستانی باشور بە تایبەت، ئینجا زۆربەی رۆشنبیرانمان بەبێ ئەوەی بزانن چۆن رێچكەی كولتووری لە رێچكەی میدیایی جیابكەنەوە كەوتنە ناو شەپۆلەكانی سیاسەت و دواتر كەوتنە لاساییكردنەوەی ركابەرەكانیان و لەناو چوارچێوەی بیری حیزبایەتی بەرتەسكدا كەوتنە دژایەتیكردنی یەكترو سەنگەریان لەیەك گرت بەبێ ئەوەی بزانن لەو گەمەیەی پێیانی دەكەن سوود بەچ ئەجیندایەك دەگەیەنن و لەئاكامدا كێن ئەوانەی گورزی كوشندەیان بەردەكەوێت و چۆن باجەكەی دەدەنەوە. 
دواتر جۆرێكی تری دەزگاكانی راگەیاندن دروستبوون و كارلێكی تەواویان خستە ناوەندی كولتووری و هەرچی رۆڵ و چالاكی ئەدیبان و نووسەران هەیە رووی لە پاشەكشەكردو هەموو پێكهاتەكانی كۆمەڵگە لەگەڵ شێوازێكی تری ئەو ناوەندانە كارلێكیان دەكرد نەك ئەو چالاكیانەی كە رۆشنبیران كاریان لەسەر دەكرد وەك رێكخستنی كۆرو سیماری كولتووری، بە چاپگەیاندنی كتێب و خوێندنەوەو لێكۆڵینەوەی بیرو بەهای نوێ كە لە حەفتاكان و هەشتاكانی سەدەی رابردوو كار بۆ ئاراستەكردنی تاك بە گشتی و رۆشنبیران بەتایبەت بەرەو رەوشی سیاسی دەكرا، هاوبار بەهۆی سەرهەڵدانی چەندین كەناڵی ئاسمانی جیاجیا تاكی كورد و خێزانی كورد و زەوقی هونەری كوردی بوون بە قوربانی زنجبیرە دۆبلاژكراوە ئاراستەكراوەكان و ئینجا لە بەرانبەرداو لە بابەتێكی نوێدا رەوشی ئایینی و كاریگەریان بەسەر كۆمەڵگەو دواتر كاركردن و گەیشتنیان بە جومگەكانی دەسەڵات رۆڵی رۆشنبیر لەناو كۆمەڵگەدا تەواوی رووی لە كزبوونەوە كردو لە شوێنی ئەوان كەسایەتیە سیاسیە ئایینیەكان بوونەتە پێشەنگ و كار بۆ سەرخستنی بیرۆكەكانی خۆیان دەكەن و لەبەرامبەردا كار بۆ سڕینەوەی هەموو بیرێكی نوێخوازو زانستیانە دەكەن لەناو كۆمەڵگە كە ئەمە خۆی لە خۆیدا كۆمەڵگەیەكی زیاتر چەقبەستوو لەسەر تاكە بیرۆكەیەك دروستدەكات و لەئاكامدا لە كاروانی بیری ئازادی و گۆڕانكاری كۆمەڵایەتی و بە مەدەنیكردنی كۆمەڵگە دوایان دەخات و كۆمەڵگەیەكی خێڵەكی پیاوسالاری لە بەرگێكی نوێی شارستانییەتدا دەخوڵقێنێت، وەك دەبینین ئەمڕۆ زۆربەی شوێنكەوتووانی ئەوجۆرە بیرۆكانە رای گشتی بۆ گرفتەكانی دەرەوەی كوردستان تۆخ دەكەنەوەو لەبەرامبەردا بێ باكن لەوەی كە چی لە مەنبەج و كۆبانێ و ئەفرین روودەدات لە رۆژهەڵات و باكور چی دەگوزەرێت و چەند پیلانی چەوت و نەگریسانە بۆ حكومەتە خۆجێیەكەی باشوور دادەرێژرێت و هەموو ئاناجێكیشیان لەباربردنی هەژموونی كوردە لەناوچەكەو هاوبار و هاوسۆزی خۆیان بۆ دوژمنان دەردەبڕن بەرامبەر بە میللەتەكەی خۆیان و هەمیشە نیگەرانن لەوەی خۆری ئازادی لە كونجێكی ئەم خاكە داگیركراوە هەڵبێت و هەر بۆیە بە چەندین پاساوی نالۆژیكی بەكۆیلەكردن و بەشوێنكەوتەكرو دەروێشكردنی خۆیان پێ رەواترە لەوەی كورد دوای سەدەیەك لە خەبات خاوەن قەبارەیەكی ئازاد بێت.
دەبێت رۆشنبیری كورد لە خەونە فانتازیەكانی رابچڵەكێت و كار لەناو كایەی نوێی سیاسیدا بكات بۆ ئەوەی بتوانێت گۆڕانكاڕی لە كۆمەڵگەدا بخوڵقێنێت و دواجار شۆڕشی نوێی فیكری لە رێگەی پەروەردەی ئازادی تاك و كۆمەڵگەوە بەرپابكات و ئایدیۆلۆجیایەكی نوێی سەردەمیانەی هاوچەشنی رۆژاڤا بەمەبەستی خزمەتكردن بە مێژووی نەتەوەو ئازادیەكانی كۆمەڵگە بكات و خۆی لە پەرتەوازەیی جوگرافی و كۆمەڵایەتی و سیاسی رابتەكێنێت و بایەخ بە لایەنە كولتووریەكان بدات لەناو كایەی سیاسی وەك دەبینین لەوێ بارینەكان دەبنە گڵۆڵەیەك لە ئاگرو بەسەر دوژمناندا دادەبارێن و  ئامانجەكانی خۆیان بۆ چەندین دەیەی تر دیاری دەكەن و زەمەن دەكەن بە شایەتحاڵی شۆڕشەكەیان، ئێمەش كە خاوەنی هەمان مەبەستین دەبێت هەگبەمان پڕبێت لە بەرخودان و ئەگەر نا پەرتەوازەیی و گۆشەگیری و پاشاگەردانیەكەی رۆشنبیران زیاتر دەبێتەوەو كۆمەڵگە وەك شیر هەڵدەپرووكێت و رۆشنبیرانیش تووشی غوربەتناكی دەروونی دێن و هیچیشیان پێ هەڵناكرێندرت.





‌ 621 جار بینراوه‌
10/03/2018
Print Friendly and PDF
بابەتەکانی تری نوسەر
Telerik
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved