وتار
سەرانی ریفراندۆم شایستەی پەیكەری راستگۆیین

موختار حەمە نوری


بەدرێژایی 27 ساڵی حكومڕانی دەسەڵاتی كوردی، سەرانی كورد بەقەد وەعد و بەڵێنەكانی ریفراندۆم لەگەڵ میللەتەكەی خۆیان راستگۆ نەبوون، ئەو بەڵێنانەی كە پێش ئەنجامدانی ریفراندۆم بەخەڵكیاندا، بەتایبەت دانیشتوانی ناوچە جێ‌ ناكۆكەكان سەد لەسەد بەدیان هێنا و ئامانجەكەیان پێكا. هەموومان بینیمان پێش ریفراندۆم وەعد و بەڵێنیان بە عێراق و دونیا و سەرجەم كۆمەڵانی خەڵكی كوردستاندا و لەمیدیاكانەوە بەزمانی خۆیان وتیان “ ئەم ریفراندۆمە بۆ دیاری كردنی سنور نیە”بەڵێنیاندا و وتیان “ئەم ریفراندۆمە بۆ دیاریكردنی ئەمری واقع نییە” بەڵێنیانداو وتیان “ ئەم ریفراندۆمە بۆ جیابونەوە نیە لەعێڕاق” بەڵێنیاندا و وتیان “ ئەم ریفراندۆمە بۆ سەربەخۆیی نیە” ئەم بەڵێنانە هەمووی وەك خۆی بەزیادەوە لە دوای 16ی ئۆكتۆبەری 2017 هەم جێ‌ بەجێ‌ بوو هەم بەزیادەوە ئامانج پلانەكانیان سەریگرت، بۆیە ئەوەی تاوانبارە تەنها میللەتە، چونكە ریفراندۆمچیەكان نە تاوانیان هەیە نە بێ‌ بەڵێن بوون لەگەڵمان.بۆیە من داواكارم پەیكەری راستگۆییان لە سەنتەری شار بۆ دروست بكرێت و بۆ مێژوو بمێنێتەوە كە ئەوانە سەركردەی كورد بوون و بەڵینێكیان بە میللەتەكەیاندا وەك خۆی بەڵێنەكانیان لەخەیاڵەوە بوو بە واقیع و واقیعیش گەیشتە ئەوەی كورد جگە لەوەی نیوەی خاكی لەدەسدا، هاوكات سیادەی لەبەرامبەر یار و نەیارەكانی شكاو سەنگ و پێگەی لە عێراق بەتەواوی لاواز بوو، بەجۆرێك ماڵوێرانیەكی گەورە بەرۆكی كوردانی ناوچە جێ‌ ناكۆكەكانی گرتووە كە زۆریان ئاوارە و دەربەدەربوون لەزێدی خۆیان، زۆریان ماڵ و سامان و خانویان سوتا و ئێستا ناتوانن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان.
ئەوەی مایەی هەڵوەستە لەسەركردنە ماوەی پێنج مانگە لە كەركوك حوكمی عورفی بەڕێوە دەچێت و دەسەلاتی سەربازی بەجۆرێكە سەرجەم پێكهاتەكانی كەركوك لە دڵە راوكێ‌ دا ئەژین و رۆژ بەڕۆژیش دۆخی ئەمنی كەركوك بەرەو خراپتر دەچێت، پێشتر بە هەوڵی پێشمەرگە تەواوی ناوچە جێ ناكۆكەكان لەدۆخێكی ئەمنی سەقامگیردا بوو پێشمەرگە ببوو بە سمبولی پێكەوەژیانی سەرجەم پێكهاتەكان، بەڵام ئێستا تەقینەوە كوشتنی هاولاتیان و تەقەكردن دزینی ئۆتۆمبێل ...هتد، وایكردوە تەنانەت بەشێك لە عەرەب و توركمانەكانیش خۆزگە بۆ ژیانی پێش ریفراندۆم بخوازن كە لەوپەری ئارامیدا دەژیان، خۆزگە دەخوازن كە پێشمەرگە شەرەف و كەرامەتیانی پاراست لە دژوارترین دۆخی ئەمنی عێراقدا، گروپی تیرۆرستانی داعش چەندین هێرشی بۆسەر كەركوك ئەنجامدا نەیانتوانی كەركوك داگیر بكەن، ئێستا ئەگەر لەدوای خۆرئاوابوون گوزەرێك بەشەقامەكانی كەركوكدا بكەیت جیاوازیەكی زۆر گەورە بەدی ئەكەیت لەنێوان گوزەرانی ئێستای شارەكە و پێش ریفراندۆم، جیاوازیەك ئەبینی هەم لە جولەی ئاسایی ژیانی خەلك هەم لەجولەی كرین و فرۆشتنی بازرگانی هەم لەرووی دەرونیەوە خەلكەكەی هەمیشە لە دلە راوكێ‌ ئەژین چونكە ئیستا ئایندەی كەركوك بەرەو نادیارە گوزەردەكات و كەس نازانێ‌ ئایندەی ناوچە جێ‌ ناكۆكەكان هەروا بە هەڵواسراوی دەمێنێتەوە یاخود باشتر ئەبێت یان خراپتر، ئەوەی جێی مەترسیە كە كێشە سیاسیەكانی نێوان بەغدا و هەولێر پێشبینی دۆخی كارەساتبارتری لێ‌ دەكرێت و لەسەر ئاستی ولاتانی ئیقلیمی و ناوخۆش دەنگۆی دوبارە سەرهەڵدانەوەی تیرۆرستانی داعش لەئارادایە و بۆیە ئەمانە وایكردوە خەلكی كەركوك و ناوچە جێ‌ ناكۆكەكان زیارتر لە دانشیشتوانی هەرێمی كوردستان و شارەكانی ناوەراست و خواروی عێراق لە دلەراوكێ‌ دا بژین، چونكە بەم دواییە جموجۆلی شانە چەكدارەكانی داعش لە كەركوك و دەوروبەری دەستیان بەجولە و وەشاندنی گورزی سەربازی كردوە دژی هێزەكانی سوپای عێراق و چەكدارانی حەشدی شەعبی.
ئەم كێشە سیاسی و ئەمنیانەی لەم دەڤەرە دروست بووە و یەكلایی كردنەوەی كێشە ئیداریەكانی كەركوكیش بوونە بەگرێ‌ كوێرەی مانەوەی بەلاو قەیرانەكان زیاتر بۆ دانیشتوانی ئەم دەڤەرە و هەر هاولاتی سڤیلیش باجەكەی ئەدات، ئەوەی جێی سەرنجدانە مانەوە درێژە كێشانی ئەم قەیرانانە هەمووی دەرەنجامی جێ‌ بەجێ‌ نەكردنی دەستوری عێراقە لەلایەن كاربەدەستان و حكومرانیەتی دەوڵاەتمەداری بەغدا هەم پەرچەكرداری كاڵافامە سیاسیەكانی كوردە كە بەنزینیان بە ئاگری سیاسەتدا كرد و دواجار تەنها میللەتی بەش مەینەتی كوردی پێ‌ سوتا و سیاسیەكانیش زەقەی چاویان دێ‌...!

‌ 644 جار بینراوه‌
17/03/2018
Print Friendly and PDF
بابەتەکانی تری نوسەر
هیچ داتایه‌ک به‌رده‌ست نیه‌ .
Telerik
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved