وتار
"لێرە كورد و كوردستانمان ناشتووە".. دەوڵەتی توركیا

رێبین موستەفا




 وێنەكە بەتەواوی خۆی مانیفێست كردووە و ئەوەی ئێستا لەبەردەمی ئێمەیە، تەنها خۆمانین، ئەوەی ئەكرێ شتێك بۆ مەزڵومترین نەتەوەی دونیا بكات تەنها كورد خۆیەتی، لەڕاستیدا كورد هەموو كات هەروا بووە، بەڵام ئێستا بەتەواوی بۆمان رون بووەوە كە كێ فریاد رەسەو كێ دیموكراتیخواز و شارستانی و مرۆییە، رەنگبێ بە درێژای مێژوومان لە هیچ قۆناغێك وەكو ئێستا دونیای دەرەوەمان نەناسیبێ، ئێستای كورد ئێستای تێگەشتنە لە سیاسەت و مرۆڤ و وڵاتان و سیستەمی نێو دەوڵەتی، هەڵبەت هەموو ئەوانە بەهۆی هێرشی توركیا بۆ سەر عەفرین رویدا، دەركەوت كە هەر خۆمانین دەتوانین برین و كێشەكانی خۆمان چارەسەر بكەین، دەركەوت هەر كورد دەتوانێ فریاد رەسی كوردبێ.
لە باشوری كوردستان لە سەروبەندی رێفراندۆم زۆر جار باسی ئەوە دەكرا ئەوە خۆمانین نەمانتوانیوە خۆمان لەگەڵ بەرژەوەندیەكانی ئەمریكا و زلهێزەكانی تر هاوتا بكەین، یان دەوترا ئەوەی كە وایكرد كورد نەتوانێ بگات بەدەوڵەت پەیوەندی بە ناوخۆی خراپ و سیاسەتی نادروستی حیزب و سەركردەكانی باشور بووە، هەڵبەت من ئەو كات و ئێستاش بەهیچ شێوەیەك ئەو رایەم پێ دروست نەبوو، عەفرین بەتەواوی دەریخست تۆ باش و خراپ بیت هەر دونیا و گەلانی دونیا تۆیان قبوڵ نییە، كاتێك ئەم هێرشە ناڕەوایە بەسەر عەفرین هات وێنە گەورەكەی سیاسەتی دونیا خۆی دەرخست ئەویش ئەوەبوو كە هیچ هێز و لایەنێك نایانەوێ تۆ بگەیتە دەوڵەت یان قەوارەیەكی سیاسی گەلانی دونیا هەمویان كۆكن لەسەر ئەوەی تۆی كورد قڕ بكەن، كۆكن لەسەر لەناوبردنی تۆی كورد زمان، هەڵبەت هەتا ئێستاش ناتۆ و نەتەوە یەكگرتوەكان ئەگەر پشتیوانیش نەبون لەو هێرشە بێدەنگیان هەڵبژاردووە، بێدەنگیش بەواتای رازیبون دێت.
كاتێك ئەو بێدەنگیەم بینی راستەوخۆ ئەو قسەیەی دكتۆر ئازاد نەقشبەندیم بیر كەوتەوە كە دەڵێت "زۆرجار گەلانی دونیا، بەتایبەتی گەلانی دەوروبەری كورد، وازیان لەهەموو بەرژەوەندی و مافێكی خۆیان هێناوە بە خاتری لەناوبردن و قركردنی كورد"..
لە پەیوەند بەم زهنیەتە ئۆجەلان لە شوێنێك دەڵێت : كاتێك دەستم بە خەبات كرد، دەوڵەتی توركیا گۆرێكی هەڵكەندبو لەسەر گۆرەكە نوسرابوو " لێرە كورد و كوردستانمان ناشتووە " ... ئەم زهنیەتە فاشیستە بەجۆرێك لە جۆرەكان لە پەروەردە و هونەر و كایەی رۆشنبیریش رەنگی داوەتەوە، زهنەیەتی دەوڵەتی توركیا، زهنیەتێك نییە كەسی دیكە جگە لە تورك قبوڵ بكات.
شەڕی عەفرین بۆ توركیا ئەوەندە شەری دەستخستن و داگیركردنی ناوچەیەكی جواگرافی نییە، ئەوەندەی شەڕی لەناوبردن و پاكتاوكردنی گەلی كوردە، شەری لەناوبردنی شوناسی گەلێكە كە ئەوەیان بۆیان هەزم ناكرێ، گەلێك بوونی هەبێ بەناوی كورد، بەڵام ئەوەی لە ئێستادا مایەی خۆشبینیە چەن خاڵێكە ئەوانیش: 
1 -  كورد لە ئێستادا توانای بەرگری كردنی هەیە لەخۆی و خۆی ئەتوانێ بەرگری رەوا لەخۆی بكات كە ئەمە یەكەم جارە كورد بە پشت بەستن بە توانای روبەڕوی دونیای دەرەوەی خۆی ببێتەوە .
2 -  تێگەیشتن لە دوونیا و سیاسەت بە گشتی هەڵبەت لەم خاڵەدا رۆلی ئۆجەلان و پەكەكە زۆر گرنگ و بەرچاوە، كوردبونی ئۆجەلان كوردبونێكی كزۆل و هەژارانە نییە، كوردبونێكە پڕیەتی لە سەروەری و شانازی بەخۆوە كردن، ئۆجەلان لە تاكێكی كوردی لاواز و بێ كاریگەر تاكێكی كوردی بەهێز و كاریگەر بنیاتناوە.
3 - كورد لە ئێستادا مۆتەكەیەكە بەسەر هەموو گەلانی دوونیا بەگشتی و گەلانی رۆژهەڵات بەتایبەت، تارماییەكە ئەگەر دانی پێدا نەنێی ژیانت لێ دەكاتە زەقنەبوت،لە ئێستادا كوردی چیاكان بونی نەماوە،ئەوەی هەیە كوردێكی بەهێز و دیارە كوردێك ئەگەر كوردستان بۆ خۆشی نەبێ رێگە نادات بۆ گەلانی تریش بێ.
دروستكردنی كێشە بۆ وڵاتە زلهێزەكان یەكێكە لەو خاڵانەی كە دەكرێ ئێمە گەشبینی خۆمانی لەسەر هەڵبچنین، چونكە هەتا كێشە بوونی نەبێ چارەسەریش بوونی نابێت.
دەبێت بەهەموو دونیا بڵێین ئەم ناوچەیە جوگرافیاو گەلێكی تێدا پەراوێزخراوە كە 60 ملیۆن كەسن، ئەمە جگە لە كلتورو شێوازێكی ژیانكردنی تایبەت بەخۆیان، هەتا ئەم كێشەیە چارەسەر نەكرێ هیچ گەلێك ناتوانێ ئەرخەیانبێ لە داهاتو و چارەنوسی خۆی.

‌ 810 جار بینراوه‌
17/03/2018
Print Friendly and PDF
بابەتەکانی تری نوسەر
هیچ داتایه‌ک به‌رده‌ست نیه‌ .
Telerik
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved