وتار
شه‌قوه‌شێنه‌كانى هه‌ولێر

عەدنان كۆچەر

له‌چه‌ند رۆژى رابردوو له‌تۆڕى كۆمه‌ڵایه‌تى فه‌یسبووك، قسه‌ى سه‌فیرێكى به‌ریتانى له‌به‌رده‌م په‌رله‌مانى وڵاته‌كه‌ى ده‌رهه‌ق به‌ پۆڵێنبه‌دى خوێندن له‌ جیهانى عه‌ره‌بی‌و ئیسلامی بڵاوكرایه‌وه‌، له‌و پۆڵێنبه‌ندییه‌دا، یه‌كه‌مه‌كان ده‌رچوانى كۆلێژه‌كانى پزیشكى‌و ئه‌ندازیارى ده‌بن، تایپی دووه‌م ده‌رچووانى كارگێڕى‌و ئابوورى ده‌بنه‌ به‌رپرسی ئه‌و گروپه‌ى یه‌كه‌م، گروپی خوار ئه‌وان ده‌چنه‌ كۆلێژه‌كانى سیاسه‌ت‌و ئیداره‌ى وڵات وه‌رده‌گرن، هه‌رچی تیمى چواره‌مه‌، ئه‌وه‌ ئه‌و شكستخواردوانه‌ى خوێندنن كه‌ به‌هۆى پابه‌ندبوونیان به‌ سلكى سه‌ربازییه‌وه‌ هه‌میشه‌ جڵه‌وی هه‌مووان به‌ ئه‌ستۆ ده‌گرن‌و له‌رێی كوده‌تاى سه‌ربازییه‌وه‌ هه‌ركاتێك بیانه‌وێت شێوازى حوكمڕانى‌و په‌یكه‌ربه‌ندى ده‌سه‌ڵات دیاریده‌كه‌ن، دوا گروپیش فاشیله‌كانى ناو پرۆسه‌كه‌ن، كه‌ هه‌رگیز قوتابخانه‌و زانكۆكان نابینن، كه‌چی له‌رێی خێڵ‌و باڵاده‌ستى بنه‌ماڵه‌ییه‌وه‌ حوكم به‌سه‌ر هه‌موو گروپه‌كانى تردا ده‌كه‌ن، له‌راستیشدا ئه‌وه‌ى ئه‌مڕۆ له‌هه‌ولێر خۆى به‌رجه‌سته‌كرد، رێك باڵاده‌ستى دوا گروپی خێڵ‌و عه‌شیره‌ت بوون، كه‌ له‌رێی تیمى چواره‌مه‌وه‌ كه‌رنه‌ڤاڵى شه‌قوه‌شاندنیان له‌ پایته‌ختدا به‌ڕێوه‌برد.
ئه‌و ده‌مڕوتانه‌ى به‌ پشتیوانى ده‌زگا ئه‌منیه‌كان ئه‌مڕۆ له‌ رێی شاشه‌كانه‌وه‌ له‌هه‌ولێر بینیمان به‌ ویستى خۆیان شكۆى مامۆستاو سه‌رى ماش‌و برنجى پیاوانى په‌روه‌رده‌و جه‌سته‌ى مامۆستایه‌كیان به‌ شه‌ق ده‌نوسییه‌وه‌، نیشانیدا ژیان له‌گه‌ڵ ئه‌و هێزه‌ له‌ به‌عس چووه‌ى هه‌ولێر به‌ ئه‌ندازه‌یه‌ك بۆته‌ ئه‌سته‌م، هه‌ڵكردن له‌گه‌ڵیدا ئاسان نییه‌، ئاخر له‌ جوگرافیایه‌ك ده‌مى هه‌موو خه‌ڵك قفڵى لێدرابێت چۆن ده‌شێت ده‌ستى چه‌قاوه‌سوه‌كان بۆ شه‌قوه‌شاندن هێنده‌ ئاوه‌ڵا كرابێت، چۆن ده‌بێت نه‌خوێنده‌وارێك ته‌مه‌ن له‌پێ بكات‌و بڕوانامه‌ بخاته‌ ژێر پێی‌و گه‌وره‌كه‌ى به‌زه‌برى شه‌ق‌و لێدان بخاته‌ سه‌ر ئه‌ژنۆ، ئه‌و هێزه‌ى شوێنكه‌وتوه‌كانى رادێنێت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى ده‌ست له‌ ژنێك به‌رز بكه‌نه‌وه‌، چه‌قاوه‌سوه‌كانى هانده‌دات به‌ شه‌ق بكه‌ونه‌ وێزه‌ى پیاوانى ردێن سپییه‌وه‌، له‌وانه‌ بده‌ن كه‌ سه‌دان نه‌وه‌یان له‌سه‌ر نشتیماندۆستى‌و ژیاندۆستى په‌روه‌رده‌كردووه‌، به‌رله‌وه‌ى خه‌ڵك بیڕوخێنێ، له‌رووى ئاكاریی‌و مۆڕاڵییه‌وه‌ روخاوه‌، مه‌گه‌ر ئه‌و دیمه‌نانه‌ى ئیمڕۆی هه‌ولێر نیشانى نه‌دا، كه‌ قفڵكردنى ده‌می هه‌ولێرییه‌كان به‌زه‌برى ئاگرو ئاسن ته‌مه‌نى زۆر درێژ نابێت.
له‌راستیدا له‌هه‌ولێر بێت یا سلێمانى، به‌كارهێنانى توندوتیژى‌و كاركردن له‌سه‌ر سه‌ركوتكردنى ئه‌و خه‌ڵكانه‌ى كه‌ داواى مافه‌كانى خۆیان ده‌كه‌ن، هێنده‌ قێزه‌ونه‌ به‌هیچ كڵۆجێك ناچێته‌ خانه‌ى پاراستنى ئارامییه‌وه‌، هه‌ربۆیه‌ش ئه‌وه‌ى ئیمڕۆ ده‌سه‌ڵاتدارانى هه‌ولێر به‌ پێچه‌وانه‌ى شاره‌كانى دیكه‌ ئه‌نجامیاندا، نیشانیدا كه‌ ئه‌وانه‌ى جڵه‌وى حوكمڕانى ئه‌و شاره‌یان له‌ده‌سته‌و هه‌ولێریان بۆ خۆیان پاوانكردووه‌، هێنده‌ له‌ گردبوونه‌وه‌و كۆبوونه‌وه‌ى خه‌ڵكى ناڕازی ده‌ترسن، هه‌موو رێكارێك به‌كاردێنن تا ئه‌و شاره‌ به‌ زیندانێكى گه‌وره‌ بهێڵنه‌وه‌، ئه‌و زیندانه‌ گه‌وره‌یه‌ى خاوه‌نه‌ ره‌سه‌نه‌كانى خۆی تێیدا به‌ میوانیش په‌سه‌ندكراونین.
دیمه‌نه‌كانى ئه‌مڕۆى هه‌ولێر، شه‌قوه‌شاندن له‌ مامۆستایه‌كى ریش سپی‌و برسی، په‌لاماردانى ژنان‌و كچانى بێ موچه‌، شكاندنى كامێراو رێگریی له‌ روماڵى رۆژنامه‌نووسی، نه‌ریتێكى ناهه‌ولێرییانه‌یه‌و به‌رهه‌مى پاوانخوازی هێزێكه‌ كه‌ به‌زه‌برى چه‌ك ده‌ستى به‌سه‌ر ئه‌و شاره‌دا گرتووه‌، چونكه‌ ئه‌وانه‌ى هه‌ولێر ده‌ناسن، ده‌زانن، هه‌ولێر شارێكى زیندووه‌و مه‌گه‌ر له‌رێی گۆڕینى دیمۆگرافییه‌وه‌، ئه‌گه‌رنا بێده‌نگكردنى ئاسان نییه‌، چونكه‌ ئیدى هه‌ولێر شارێكى بێده‌نگ نییه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ى ئێستا به‌زه‌برى نه‌خوێنده‌واره‌كان بێده‌نگى كردووه‌، رۆژێك دێت هه‌موو دنیا ده‌نگى ببیستێت، ئه‌وده‌م ئه‌و چوار چه‌قۆوه‌شین‌و شه‌قبازه‌ ناتوانن به‌رگری له‌مانه‌وه‌ى ئه‌و تایپه‌ له‌نه‌خوێنده‌واره‌ بكه‌ن.
تمت المشاهدة بواسطة Adnan Kochar في الأحد 2:17م


‌ 235 جار بینراوه‌
26/03/2018
Print Friendly and PDF
بابەتەکانی تری نوسەر
Telerik
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved