وتار
لە هێڕشەكانی توركیا بۆسەر ناوچەكە ئەمریكا تەماشاكەرە یان گەمەكار؟

عەبدولڕەحیم سەرەڕۆ


رانانی: عەبدولڕەحیم سەرەڕۆ

ئەردۆغان دوای داگیركردنی عەفرین لەناو پەرلەماندا بە شانازییەوە خۆی وەك سەركەوتوویەك دەبینێت و لەناو چەپڵەرێزانی داگیركەراندا خۆی وەك فریادرەسێك پیشاندەدات و هەندێكیان بە چاوی فریشتەیەكی بێگەردی رزگاركەر بۆی دەڕوانن.
ئەردۆغان رێگەی بەهەندێك لە چەتە بەكرێگیراوەكانی خۆی لە سوریەكان داوە كە هیچ كەس لە خەڵكی سوریا خۆشی بە بینینیان نایەت؛ دەست لە ئەفرین نەپارێزن و هەموو موڵك و ماڵی خەڵكی شارەكە بە دەسكەوتی جەنگ بزانن و لەژێر ئاڵای توركیا وەك چڵكاوخۆرێكی تورك لەو خاكە داگیركراوە بەرانبەر بە هێرشەكانیان تاڵانی بكەن، هەر ئەو كرێگیراوانە تەواوی مافی خۆیان لەو تاڵان و برۆیە وەرگرتووەو تەنانەت زۆربەیان هەر مانای ئازادی و شۆڕش نازانن بەڵكو بە تەنها بە چاوبڕینە ماڵ و تاڵانی بۆ ئەجێندای توركی بەناوی ئیسلامەوە دەجەنگن. 
سوریەكان زۆر باش دەزانن كە ئەم بەكرێگیراوانە لە چەند ساڵی رابردوودا چ ئەزموونێكی نەخوازراویان لە شەڕی حەلەب هەیەو لە كاتی كۆنترۆڵكردنیان بۆ ناوچەكە هەرچی كارگەی گەورەی ناوچەی پیشەسازییە لێكیان هەڵوەشاندەوەو پارچەكانیان لەناو توركیا وەك كۆنەو ئاسكەمەنی هەرزانفڕۆش كرد، ئەوەتا هەمان رەفتاری قێزەون لە عەفرین دووبارە دەكەنەوەو هەرچی هەیە دەیگوازنەوە بۆ شاری عەزاز وەك سەرەتایەك بۆ گواستنەوەیان و فڕۆشتنیان لەناو خاكی توركیا. 
چاودێرە سەربازییەكانی بەرەی دوژمنان بەر لەدۆستان دانی پیادەنێن كە شەرڤانە كوردەكان لەدژی گرووپە چەكدارەكانی داعش گەورەترین داستانی قارەمانێتییان تۆماركردووەو شەڕی نەمان و نەمانیان دەكردو هاوبار بە تەكتیك و زیرەكانە دژی هێزەكانی توركیاش دەجەنگان بەڵام دواجار روبەرووی هێزێكی بەدرەوتی گەورە بوونەوە كە بەبێ دەست پاراستن بۆردومانی خەڵكی مەدەنی شارەكەی دەكرد، ئەردۆغان لە چەند رۆژی رابردوودا بە فیزەوە دەیوت هێشتا شەڕەكە كۆتایی نەهاتووە دەبێت پارچەكانی تری باكووری سوریا بگرێتەوە تا دەگاتە بەشێك لە سنووری رۆژاوای عێراق و داواشی لە ئەمریكا كردووە لەو پرۆسە سەربازییە هاوكاری بكات. 
تۆڕی میدیایی (CNN) لە پرسیارێك ئاراستەی پسپۆرە سەربازییەكانی ئەمریكای كردووە ئایا ئەگەر توركیا دوای عەفرین مەنبەج بكاتە ئامانج چی دەكەن؟! سەرچاوەكان دەڵێن ئەوسا ئەمریكا دەكەوێتە دۆخی سامناكی و ئامادەباشیەوە، ئەركی هێزەكانی ئەمریكا روونەدانی پێكدادانە لەو ناوچانە بەڵام هەندێك گرووپی توندرەوی سوری بە پشتیوانی توركیا لە چەند شوێنێكەوە تەقە لە هێزەكانی ئەمریكا دەكەن و هەڵدێن. 
ریك فرانكۆن ئەفسەری خانەنشین لە سوپای ئەمریكا دەڵێت:” ئەگەری هەیە باكووری سوریا ببێتە مەیدانی پێكدادانێكی زۆر گەورە لەنێوان هێزەكانی ئەمریكاو توركیا، ئایا واشنتۆن رێگە دەدات هێزە كوردیەكانی سەر بە ئەمریكا دوای ئەو هەموو پاڵپشتییە توركیا بێت و وا بە ئاسانی لەناوی ببات؟!”. 
ناوبراو وتیشی: “توركیا هێرشی كردۆتە سەر ناوچە كوردییەكان لە كاتێكدا ماوەی دوو ساڵە چەتەكانی داعش بەهۆی شەرڤانە كوردەكانەوە لەو ناوچانە دەرپەڕێنراون، واتە توركیا مەبەستی شەڕی تیرۆر نییە؛ بەڵكو ئامانجی سەرەكی كوردانی رۆژاڤایە”. 
لە رووی سیاسیەوە تێگەیشتن لە هەڵوێستی ئەمریكا زۆر ئاڵۆزە، هەموو جیهان بەدگومانە لە بەردەوامی پەیوەندی و هاوپەیمانێتی نیوان توركیاو ئەمریكا، بەتایبەت دوای هێرشەكانیان بۆ سەر عەفرین و ئێستا سیاسەتی دەرەوەی توركیا گورز لە ئامانجەكانی واشنتۆن دەدات لەناوچەكە. 
پەیمانگەی كاتۆ بۆ بەرگری و سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا لە لێكۆڵینەوەیەكیدا زۆر نیگەرانە بەرامبەر بەو سەوەیەی توركیا كە بەنرخی (2,5) بلیۆن دۆلار موشەكی ستراتیجی بەرگری ئاسمانی جۆری (S-400) لە روسیا كڕیوە. 
هاوبار رێكەوتنێكی دوولایەنە لە نێوان توركیاو ئێرانی دوژمنی سەرسەختی ئەمریكا كراوە تا گازی سروشتی لە ئێران و دەریای رەشەوە بگەیەنێتە روسیای داگیركەری دورگەی قەرەم. ئەم كارەش لەگەڵ ستراتیجیەتی واشنتۆن ناگونجێت تا سزای ئابووری بخاتە سەر نەیارەكانی لە ناوچەكە بە تایبەت ئێران و سوریا كە هەڕەشە لە بەرژەوەندییە باڵاكانی ئەمریكا دەكات لەسەر خاكی سوریا. 
رۆژنامەی نیویۆرك تایمزی ئەمیركی دەڵێت: ئەگەری هەیە دوای شەڕی ناوخۆی سوریا كە حەوت ساڵی خایاندووە شەڕێكی بێ وێنە لە نێوان هەردوو هاوپەیمانی ناتۆ، ئەمریكاو توركیا رووبدات، رۆژنامەكە لەسەر ماڵپەری ئەلیكترۆنی تایبەت بە خۆی ئاشكرایدەكات دوو ئەفسەری باڵای ئەمریكا سەردانێكی مەیدانیی شاری مەنبەج دەكەن و ژەنەراڵ جیمی گاراردی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەكانی هاوپەیمانان لە عێراق و سوریا دەڵێت:” ئێمە بە شانازییەوە لێرەین و دەبێت هەموو ئەوە بزانن ئامانجمان هەاوسەنگكردنی هێزە نەك داگیركاری”، هاوبار ژەنەڕاڵ پۆل فرانك لە هەمان شوێنەوە دەڵێت:” پەیامەكەمان بۆ توركیا ئاشكرایە، گەر لێمان بدەن بە دژواری وەڵامی هێرشەكان دەدەینەوە”، ئەمە یەكەم سەردانی فەرماندە باڵاكانی سوپای ئەمریكایە بۆ بەرەی باكووری سوریا دوای ئەوەی توركیا هەڕەشەی بوونی گرووپە چەكدارەكانی كرد لەو ناوچانەو داوای لە هێزەكانی ئەمریكا كرد لە شاری مەنبەج بكشێنەوە. 
هەر لەو بارەیەوە ماڵپەڕی تورك پۆست دەڵێت:” لە بەرژەوەندی واشنتۆن نییە لەدژی توركیای هاوپەیمانی بوەستێتەوە، چونكە ناوچەكە لە رووی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەوە ناجێگیرە”. هاوبار وتیشی:” ئەمریكا شەڕ دژی توركیا بەرپا ناكات، ئەگەرچی ئێستا ترامپ و پێشتریش ئۆباما توركیایان پەراوێزخست بەڵام لە كودەتاكەی توركیا پاڵپشتیانكرد، كەچی ئێستا ئەمریكا لە پاڵپشتیكردنی كوردان بەردەوامەو ئەمەش وا لە توركیا دەكات ئێستا بە دۆخێكی ناجێگیردا بگوزەرێت”.
ئێستا توركیا كە بە خۆشیەكانی سەركەوتن بەدمەستە دەیەوێت لە ئایندەدا بەرەو رۆژهەڵات بكشێت و هەموو ناوچە كوردییەكانی ناو خاكی سوریا داگیربكات و دەڵێن ئەردۆغان بە پاساوی راوەدوونانی هێزەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان دەیەوێت ئۆپەراسیۆنێكی سەربازی بەرفراوان لە كوردستانی عێراقیش ئەنجامبدات. 
ئایا ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكاو هاوپەیمانەكانی لە رۆژاوا هەر وەك تەماشاكەرێك لە دوورەوە دەڕواننە هێرشەكان و داگیركەرییەكانی توركیا، یان پێشبینی روبەروبونەوەیەكی كارەساتبار دەكرێت تا لە داهاتوودا ئەردۆغان و حكومەتەكەی هاوشێوەی سەدام و بەعس لە عێراق.. ئێستای بكات بە رابردووی دوور.


‌ 755 جار بینراوه‌
31/03/2018
Print Friendly and PDF
بابەتەکانی تری نوسەر
Telerik
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved