وتار
كه‌ركوك له‌ پلانی پانزه‌ ساڵی كوردستان 2032 دا

هیوا نه‌جات



كاتێك زانیم نه‌وه‌ی نوێ هه‌ڵساوه‌ به‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی په‌رتوكی ( كوردستان 2032)، به‌ پێشبینی خۆم وام دانابوو ئه‌و په‌رتووكه‌ خۆی له‌ زیاتر له‌ ( ٤00) لاپه‌ڕه‌ بدات و زۆر به‌ وردی كاری له‌سه‌ر پلانی پانزه‌ ساڵی داهاتووی هه‌رێم كردبێت، بۆیه‌ بۆ به‌ده‌ستخستنی په‌رتوكه‌كه‌ سه‌ردانی شاری سلێمانیم كردو به‌شداریمكرد له‌ مه‌راسیمی بڵاوكردنه‌وه‌ی په‌رتوكه‌كه‌دا.
له‌پاش ده‌ستخستنی په‌رتوكه‌كه‌ بینیم له‌ نامیلكه‌یه‌ك ده‌چێت و له‌وه‌ناچێت كه‌ من وێنام بۆ كردبوو، له‌گه‌ڵ ئه‌شدا به‌په‌رۆشه‌وه‌ خوێندنه‌وه‌یه‌كی وردی په‌رتوكه‌كه‌م كردو گه‌یشتمه‌ ئه‌و ده‌رئه‌نجامه‌ی ئه‌م پلانه‌ هێنده‌ی له‌ كۆمه‌ڵێك پێشنیاز ده‌چێت، له‌ پلانی پانزه‌ ساڵی ناچێت بۆ حوكومڕانی هه‌رێمێك یان وڵاتێك.
ئه‌م په‌رتوكه‌ پلانه‌كانی به‌سه‌ر هه‌شت به‌ش دا دابه‌ش بوونه‌و زۆر لایه‌نی تێدا فه‌رامۆش كراوه‌، وه‌ك به‌ڕێوه‌بردن و به‌ره‌وپێشبردنی به‌شێك له‌ وه‌زاره‌ته‌كان و ته‌نانه‌ت هه‌ندێكیان وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌ر نه‌بن ئاماژه‌شی بۆ نه‌كراوه‌. له‌وانه‌ خوێندنی باڵاو كاروباری شه‌هیدان و هتد.
ئه‌وه‌ی نامۆیه‌ ئه‌وه‌یه‌ كاتێك باسی ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان به‌تایبه‌ت شاری كه‌ركوك ده‌كات، ته‌نها دوو لاپه‌ڕه‌ی بۆ چاره‌سه‌ر كردنی داناوه‌ كه‌ ئه‌وانیش رونكردنه‌وه‌ی لۆجیكیان تێدا نییه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ چاوه‌ڕوان ده‌كرا، جگه‌ له‌وه‌ی ئه‌و به‌شه‌ی كه‌ دانراوبوو بۆ ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان له‌لایه‌ن كه‌سێكی پسپۆڕ نه‌خرایه‌ ڕوو، ئه‌مه‌ ئه‌وه‌ی نیشان داین كه‌ خه‌ڵكی پسپۆڕی ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان به‌ژداریان پێنه‌كراوه‌ له‌ پرنه‌كه‌دا، چونكه‌ ناكرێت بڵێیت چاره‌سه‌ری ناوچه‌یه‌ك ده‌كه‌م و خه‌ڵكه‌كه‌شی به‌شار ناكه‌م له‌ چاره‌سه‌ركردنه‌كه‌دا.
ئه‌گه‌ر ئه‌م په‌رتوكه‌ باسی له‌ حوكومڕانی عێراق بكردایه‌ ده‌توانرا پاساوی ئه‌وه‌ی بۆ بهێنینه‌وه‌ له‌و گۆشه‌ نیگایه‌وه‌ ته‌ماشای شاره‌كه‌ ده‌كات كه‌ له‌ئاستی وڵاتێك دابێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له‌وه‌ رزگاری نابوو كه‌ بۆچی به‌هیچ شێوه‌یه‌ك پلانی یه‌ك ساڵی و چوار ساڵی و پانزه‌ ساڵی بۆ خۆشگوزه‌رانی خه‌ڵكی شاره‌كه‌ دانه‌ناوه‌.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی په‌رتوكه‌كه‌ ئایدۆلۆژی كوردی و كوردستانی پێوه‌یه‌ ،به‌ڵام به‌ ته‌واوی ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان و كه‌ركوكی وه‌ك شارێكی زۆرینه‌ كوردو كوردی پشتگوێخستوه‌ و هیچ گرنگییه‌كی به‌هاوڵاتیانی ئه‌م ناوچانه‌ نه‌داوه‌و هیچ پلانێكی جدی و روونی بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان و خۆشگوزه‌رانی هاوڵاتیانی تێدانییه‌.
ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ ده‌بوو پلانێكی دابنایه‌ بۆ ئه‌وه‌ی حوكومه‌تی هه‌رێم كار بۆ باشتركردنی ژیانی خه‌ڵكی ئه‌م ناوچانه‌ بكات و به‌ده‌ر له‌ حوكمه‌تی عێراق هه‌وڵی خزمه‌تكردنی شاره‌كه‌ بدات، جگه‌ له‌وه‌ی پێموایه‌ ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی كوردی نه‌یتوانیوه‌ بیكات له‌ ره‌خساندی زه‌مینه‌ بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی كوردی ده‌ره‌وه‌ی ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان بۆ ئه‌و ناوچانه‌، به‌تایبه‌ت سنوری پارێزگای كه‌ركوك، ده‌بوو نه‌وه‌ی نوێ به‌وردی پلانی بۆ ئه‌م پڕۆژه‌ نیشتیمانییه‌ دابنایه‌.
ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ به‌هه‌موو كه‌م و كورتییه‌كانییه‌وه‌، به‌ڵام به‌ ته‌ركیزه‌وه‌ پلانی درێژ خایه‌نی بۆ ته‌واوی پارێزگاكانی هه‌رێم داناوه‌. ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ پلانی نه‌وه‌ی نوێ بێت و له‌ زوترین كاتدا چاككردنی بۆ نه‌كرێت، نه‌ك ئه‌و ئومێده‌ی دروستی كردبوو لای به‌شێك له‌ هاوڵاتیانی ئه‌م سنورانه‌ لاوازی ده‌كات به‌ڵكو شایه‌نی ئه‌وه‌یه‌ ره‌تبكرێته‌وه‌، چونكه‌ ئه‌م پلانه‌ تازه‌یه‌ش چاوه‌ڕوانی هیچ ده‌رئه‌نجامێك باش و هیچ سودێكی بۆ ئه‌م ناوچانه‌ لێناكرێت.

‌ 71 جار بینراوه‌
07/04/2018
Print Friendly and PDF
بابەتەکانی تری نوسەر
Telerik
راپرسی
کێ بەرپرسە لەم دۆخەی ئێستای کوردستان؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved