وتار
هەڵبژاردن و دەزگاكانی ڕاگەیاندن

پارێزەر: لوقمان مستەفا ساڵح

هەروەك دەبینین لە ئێستادا هەرێمی كوردستان بە چەندین  قەیراندا تێدەپەرێت،كەم تازۆركاریگەری نەرێنی لەسەر كۆی هاوڵاتیان داناوە. بەڵام بەداخەوە قەیرانێك لەكۆی قەیرانەكان مەترسیدارترلە ئارادایە، كە ئەویش هەندێك لە دەزگاكانی ڕاگەیاندنە، بە بەهەمو بەشەكانیەوە كە لە ئێستادا زیاترڕەنگی داوەتەوە،حاڵەتێكی سایكۆلۆجی نالەبار و نێگەتیڤی لەسەرهاوڵاتیان داناوە،بەتایبەتی لە ئێستادا كە لەگەڵ نزیك بوونەوەمان لەوادەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نیشتیمانی عێراقدا، ئەم حاڵەتە بە زەقی دەبینرێت.بە جۆرێكی وا نائارامی ودڵەڕاوكێی لای تاكی هاوڵاتی درووستكردووە كە بۆتە هۆی نەمانی متمانەو تەنانەت زیاترترس‌ و دڵە ڕاوكێ ‌‌و ئازاری دەرونیشی بۆهاووڵاتیان دروستكردووە. 
چونكە ئەو لێدوان و وانە و وتارانەی كە لە میدیاكانەوە وەك بانگەشەی پێش وەختەی هەڵبژاردن دەدرێتە گوێی هاوڵاتیاندا،خەریكە هەموو هێڵە سورەكان تێدەپەڕێنێت،گەر ڕێی لێ نەگیرێت دەبێتە هۆی دروستكردنی كاری توندوتیژی، كەڕەنگە لە ئایندەدا وابە ئاسانی كۆنترۆڵ نەكرێت. لەبەر ئەوەی توومەت خستنە پاڵ یەكدی وتەخوین كردنی یەكتر بە بێ بنەمای یاسایی نەبوونی بەڵگە دەچێتە خانەی توندوو تیژیەوە،كەلەم حاڵەتەدا بۆزیاتر سەلامەتی هاوڵاتیان دەبێت داواكاری گشتی ڕێكاری یاسایی بەرانبەریان بگرێتە بەر. 
-(داواكاری گشتی) وەك بەرزترین دەسەڵاتی یاسایی، مافی تۆماری سكاڵای لەسەر ئەو بابەتانەی راگەیاندن هەیە كە زیان بە دابونەریتی گشتی و مەسەلە گرنگەكانی كۆمەڵگا دەگەیەنێ.ئامانجی داواكاری گشتیش چاودێری دەزگا راگەیاندنەكانە تا رێز لە سنورەكانی ئازادی رادەربڕین بگرن، لەهەمان كاتدا رادەربڕین نەبێتە ئامرازێ بۆ زیانگەیاندن بە سەرمایە ماددی و مەعنەوییەكانی كۆمەڵگا. سەرنج: هەر بۆ زانیاری زیاتر بەپێی بڕگەی (5)ی ماددەی هەشتەم، نابێ‌  دوای تێپەڕبوونی (90) نەوەد رۆژ لە مێژووی بڵاوكردنەوە، هیچ جۆرە رێكارێكی یاسایی لە بەرامبەر خودی دەزگاكە و رۆژنامەنووسان بگیرێتەبەر.
 بنەمای هەر تووندووتیژیەك  بۆ ئایدولۆژیاكان دەگەڕێتەوە نەك بۆ كردارەكان،هەر میدیایەك ولایەن و كەسێك، ئەوەی لە هەرێمی كوردستانە یا خود لە دەرەوەی هەرێمدا خەڵك هان بدات بۆ كاری توندوتیژی و قسەی زبر و درۆ و بوختان بكات بەمەبەستی كۆكردنەوەو دەسكەوتنی چەن دەنگێك،وەهەوڵی لەكەداركردن و یان هەڵبەستنی درۆ و بوختان بۆیەكدی كردن كە سەرجەمیان دەكەونە خانەی "لێدوانی توندووتیژی"ەوە پێویستە راگەیاندنەكان خۆیان لێ بەدوور بگرن. چونكە ئەوە ئەركی سەرەكی دەزگاكانی ڕاگەیاندنە بەتایبەت رۆژنامەنووس  لە كاتی گواستنەوەی هەوال ‌وزانیاری‌ و ڕوداوەكانی ژیان بۆگوێ ‌‌و بیروهۆشی ئەندامانی كۆمەڵگە لە رێگەی كۆمەڵێ هۆكارو شێوازو ئامێری گواستنەوە بە چەندان رێگەو شێوازو هونەر بۆ بە هرەمەند كردن ‌وئاگادار كردنەوەیان.بۆیە دەبێت میدیاكاران زۆر ووریابن لەو گوتانەی دەیخاتەپاڵ هەر كەس و لایەنێك، دەبێت بابەتە هەواڵیەكەی بریتیبێت لە دڵنیایی لە راست و دروستی هەواڵ وبابەبەتەكەی. بۆ نموونە كاتێك بەرپرسێك بە گەندەڵ ناودەبەین، یاخود تۆمەتی تەزویر لەساتی هەڵبژاردن دەدەینە پاڵ حیزبێ،یاخود كۆمسیۆن،یاهەردەزگایەكی ئیداری،پێویستە دڵنیابێت لە راستی و دروستییەكەی و بەڵگەنامەی باوەڕپێكراوی لەبەردەستدا بێ، نەك لەسەر بنەمای گومان یاخود قسەوقسەڵۆك و واتەوات. بەپێی یاسای سزادانی عیراقی، تۆمەت خستنەپاڵ ئەگەر لەرێگەی یەكێك لە ئامرازەكانی راگەیاندن ئەنجام بدرێ، ئەوا دۆخی سزادان زۆر توندترە و لە هەندێكجار دادوەر بەرزترین ئاستی سزا دەگرێتەبەر، بەمەرجێ لە دوو هێندەی سزاكە پتر نەبێت. بۆ نموونە ئەگەر سزای ناوزڕاندن و تۆمەت (5) ملیۆن دینار غەرامە بێت، ئەوا دادوەر دەتوانێ (10) ملیۆن دینار غەرامە بسەپێنێ.لەبەرئەوەی هۆكارەكانی پشت توندی سزادانی تۆمەت خستنەپاڵ لەرێگەی دەزگاكانی راگەیاندن، دەگەڕێتەوە بۆ:
ا- تۆمەت لەرێگەی راگەیاندنەوە واتا دۆخی (بڵاوكردنەوە- Publishing)، زۆرترین ژمارەی خەڵك لە راگەیاندنەوە گوێبیستی دەبن یاخود دەیخوێننەوە و دەیبینن. ئەمەش جیاوازە لەوەی تاوانەكە لەبەرچاوی كەسێك یاخود چەند كەسێكی كەمدا ئەنجام بدرێَت.
ب-تۆمەت و ناوزڕاندن دەچێتە خانەی مێژوو، زۆرجار كەسایەتییەك بۆ ماوەیەكی درێژخایەن تا دوای مردنیشی، لەلایەن هەندێ خەڵكەوە مەسەلەی تۆمەتەكە دەكرێتە ئامرازێك بۆ شكاندنی. دەشێ كاندیدێك یاخود لایەنێكی سیاسی بەهۆی تۆمەتێكەوە، دووچاری شكستی هەڵبژاردن ببێتەوە.
ج- خەڵك زیاتر متمانە بەو تۆمەتانە دەكەن كە لە دەزگا راگەیاندنەكان بڵاودەكرێنەوە، واتا پێیانوایە تۆمەتەكە راستە بۆیە بڵاوكراوەتەوە.
لەبەر ئەم فاكتەرانەی سەرەوە، دادوەر دەتوانێ بە پشت بەستن بە ماددەی (433)ی یاسای سزادان، دۆخی سزاكەی توندتر بكات، بەمەرجێ لە دوو هێندەی سزای دیاریكراوی یاسای سزادان تێنەپەڕێ.
هەروەها لە بڕگەی (3)ی ماددەی (9)ی یاسای رۆژنامەگەری ژمارە (35ی ساڵی 2007)یشدا هاتووە: لەكاتی دووبارەكردنەوەدا دادگا بۆی هەیە سزا داراییەكەی زیاد بكا، بە مەرجێك لە دوو هێندەی پارەی سزاكە كە لە برگەكانی (یەكەم)ی سەرەوەدا هاتوون پتر نەبێ‌”.
بەپشتبەستن بەم بڕگە یاساییە، هەر دەزگایەكی راگەیاندن ئەگەر دووجار تاوانێكی ئەنجام دا، سزاكەشی تا دوو هێندە زیاد دەكات.ئەمە وێڕای ئەو سزا معنویەی كە دەبێتە هۆی لە دستدانی متمانەی دەزگاكە و كەسایەتی خودی ڕۆژنامەنووسەكەش لەكە داردەبێت.
 دەرئەنجام دەزگاكانی ڕاگەیاندن بەتایبەت لەكاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا دەتوانێت ڕۆڵێكی یەجگار گەورە بگێڕێت، بە ئەركی ئەخلاقی وپیشەیی خۆی هەستێت، بە ئامانجی خزمەتی نەتەوەیی ونیشتیمانی خۆی،بە مەرجێك  نەكەوێتە ژێر فشاری حیزبی وئایدۆلۆژیایەكی دیاریكراوەوە، ئەوا بێگومان دەتوانێت ڕۆڵێكی گرنگ و كاریگەر بگێڕێت و ببێتە هۆكارێكی تەندروست لەناو كۆمەڵگەدا، پشتوانێكی ڕاستەوخۆ دەبێت بۆ هەست و سۆزی هاووڵاتیان لە نزیكەوە. لەم قۆناغە بەتایبەت،ئەوكاتە ڕاگەیاندن دەبێتە سەكۆیەك بۆ پاراستنی ئاسایشی وڵات، ئەگەر بەپێی پڵانێكی توكمە كارەكانی ئەنجام دات و، ئەگەر لەسەر بنەمایەكی هزری نیشتمانیی تەندروست بونیاد بنرێت.

‌ 462 جار بینراوه‌
10/04/2018
Print Friendly and PDF
بابەتەکانی تری نوسەر
Telerik
راپرسی
پێت وایە دۆخی ئێستای كوردستان بەچی چارەسەر ئەبێت؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved