نوێترین
100 كه‌سایه‌تی داوا ده‌كه‌ن كه‌یسی 16ی ئۆكتۆبه‌ر ببرێته‌ دادگا   |    سوپای عێراق چه‌ند شوێنه‌وارێكی كه‌ركوك ده‌كاته‌ شوێنی مانه‌وه‌ی سه‌ربازه‌كانی   |    حوكمی حه‌وت ساڵ زیندانی بۆ سێ كارمه‌ندی تاپۆ له‌ كه‌ركوك ده‌رده‌كرێت   |    (45) هه‌زار منداڵ له‌ژێر ركێفی داعش له‌دایكبوونه‌   |    یه‌كه‌مین وه‌زیری حكومه‌تی هه‌رێم له‌دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ سه‌ردانی كه‌ركوكی كرد    |    به‌به‌شداری سلێمانی فێستیڤاڵی ڕاگه‌یاندنی كوردی له‌ سنه‌ به‌ڕێوه‌چوو   |    (45) هه‌زار منداڵ له‌ژێر ركێفی داعش له‌دایكبوونه‌   |    لیژنه‌ی كشتوكاڵ: رێگری له‌ هاورده‌كردنی ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ ناكه‌ین كه‌ له‌ناوخۆ به‌رهه‌مناهێنرێن   |    په‌رله‌مان كار بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی مووچه‌ی كرێكاران ده‌كات   |    لیژنه‌ی خزمه‌تگوزاری داواده‌كات فۆرمی خۆراك نه‌مێنێت و هاوڵاتیان له‌جێی قه‌ره‌بوو بكرێنه‌وه‌   |   
كوردی  |   عربي
وتار
بۆچی هەرگیز نیشتمان نابێتە هی هەمووان؟

نەوزادی موهەندیس


 
نیشتمان ئەو پارچە زەویەیە كە كۆمەڵە كەسانێك لەسەری نیشتەجێن و دەبێتە زێدی خۆیان و نەوە و باوباپیرانیشیان، هەر ئەمەشە كە دەبێتە هۆكاری خۆشویستنی و خۆبەختكردن لە پێناویدا، و ڕێگەنەدان بەهیچ داگیركەرێكی دەرەكی كە پێی بخاتە سەر و خێروبێری وڵاتەكە بەهەدەر بباتو كوشت و كوشتاری تیادا بكات.
نیشتمان چەندە بچوك یان گەورە بێت، یا دەوڵەمەند و هەژار بێت یاخود چەندە ناخۆش بێت لەڕووی كەشوهەواو و ژینگە و نەبونی سیستەمێكی حوكمڕانی دادپەروەر كە ئازادیەكانی تاك و كۆمەڵگای تیادا زەوتكرابێت و دیموكراسیەت و مافی مرۆڤی تیادا پێشیل بكرێت، هەر خۆشەویستە و هیچ كات مرۆڤەكان ناتوانن دەستبەرداری ببن، نیشتمان لانكە و نەوای هاونیشتیمانیانی خۆیەتی، هەرچەندە ئەو تاكانەش نادڵسۆز و بێ‌وەفاو بێ‌ ئەمەك و خەمخۆریش نەبن بۆی.
نیشتمان ئەو دایكە بەسۆزەیە كە هەموان بە باش و خراپەوە لە ئامێز دەگرێت بەبێ‌ جیاوازی، بەڵام ئەوە مرۆڤەكانە خۆیان لێدەگۆڕێت و دەبنە كەسانی سپڵە و بێ‌ ئەمەك بۆ نیشتمانەكەیان.
مرۆڤەكان یاخود هەندێكی كەم لە مرۆڤەكان بەڕێكەوت یان بە تۆپزی خۆیان دەكەنە دەمڕاست و لێپرسراو و سەركردەی نیشتمان و هالە و خەرمانەیەكی درۆینە بەدەوری خۆیاندا دروست دەكەن یان كەسانی دەوروبەریان لە هەلپەرست و گەندەڵ و مشەخۆرەكان بۆیان دروستدەكەن و لەبارچاوی خۆیانیشدا خۆیان لێ گەورە دەكەن و لە زۆرینەی جەماوەر دایاندەبڕن و دەیانگەیەنن كەشكەلانی ئاسمان و بەرزیان دەكەنەوە و دەیانخەنە ((صەومەعەیەكی))داخراوی لە خوا و لەجەماوەریش دوور، ئیدی لێرەوە مەینەتیەكانی نیشتمان دەستپێدەكات و چەندین چینی جیاواز دروست دەبێت و ململانێ‌ چینایەتیەكان سەرهەڵدەدەن و كۆمەڵگاش شەقار شەقار دەبێت، چینێكی دەسەڵاتدار و خۆ بەزلزان و مەغرور و بێ‌ منەت لەگەل و نیشتمان لەسایەی دەسەڵات و پۆست و پلە و ئیمتیازاتەكانەوە كە دوور لە مافی ڕەوای خۆیان بەدەستیان هێناوە، چینێكیش هەمیشە سووتەمەنی خەبات و خۆپیشاندان و شۆڕش و ڕاپەڕینەكان بوەلەلایەك دژ بە داگیركەرانی دەرەكی و دواتریش لەسەردەمی حوكمڕانی خۆیەتیدا دەبنە سووتماك بۆ هەوەس و ئارەزووەكانی شۆڕشگێڕانی دوێنێی نیشتمان و و خۆسەپێن و تاكڕەوی دەسەڵاتی ئەمڕۆ، ئیدی ئەم دوو چینە دژ بەیەكە نیشتمان دابەش دەكەن لەنێو خۆیاندا، چینە كەمینە دەسەڵاتدارەكە بەناوی ((شەرعیەتی شۆڕشگێڕیەوە))هەموو حەرام و تابۆكانی نیشتمان بۆ خۆیان حەڵاڵ دەكەن و لەزۆرینەی جەماوەری بەش مەینەتی حەرام دەكەن، ئیدی لێرەوە نیشتمان نابێتە هی هەموان وەك یەك وبەیەكسانی، چونكە هەموان لەسایەی ئاسمان و لەسەر زەمینی نیشتماندا هەست بەیەكسانی و دادپەروەری ناكەن و ئازادی و مافەكانیان لێ‌زەوتكراوە و تەنها لەكاتی تەنگانە و شەڕ و جەنگە ناڕەواكاندا نیشتمان دەبێتە هی زۆرینەی بێ‌دەسەڵات كە هەمیشە سووتەمەنیەكی هەرزانكراون بۆ قوربانیدان و خۆشكردنی گڕی جەهەنەمێكی ب ناڕەوا داگیرساو كە تەڕو وشكی نیشتمان پێكەوە دەسوتنێنێت.
ئاخر بەچی نیشمان ببێتە هی هەموان؟ لەكاتێكدا ئیمتیازات و خۆشیەكانی ژیان تەنها بۆ كەمینەیەكی دەسەڵاتدار لە سەركردە و حیزبەكان بێت و زۆرینەش لێی بێبەش بن، لەكاتێكدا ئەو كەمینە گەندەڵ و خۆسەپێن و پاوانخوازانە كۆنتڕۆڵی تەواوی جومگەكانی ژیان و گوزەرانی نیشتمانیان كردبێت، بەڵام لەبەرامبەریشدا زۆرینە لەو نیشتمانەدا بێ‌بەشكراو وبرسی و كرێنشین بن، ئیدی چی دەیانبەستێتەوە بەو نیشتمانە و چۆن ئینتیمایەكیان بۆی هەبێت؟
كەواتە تا سیستەمێكی حوكمڕانی ڕەشید و ژیر و دیموكراسی تەواو نەچەسپێت كە هەموان وەكویەك هەست بەیەكسانی ئەرك و مافەكانیان نەكەن و دادپەروەری نەبینن لەكار وكردەوە و دابەشكردنی خێروبێری نیشتماندا و نیشتمان نەبێتە بەهەشتێك بۆ خۆیان ونەوەكانیشیان هەرگیز نیشتمان نابێتە هی هەموانو ئەوكاتیش هەركەسە دەیەوێت چیتر لەو نیشتمانەدا نەمێنێتەوە و خۆی لێ ڕزگار بكاتو بەجێی بهێڵێت.
بەداخەوە سەركردە و حیزب و شۆڕشەكانی كورد بەگشتی لەهەر چوار بەشەكەیدا و بەتایبەتیش لە باشووری كوردستاندا هەر لە قۆناغی شاخ و شۆڕشەوە تاكو ئێستای سەردەمی حومكڕانی و دەسەڵاتدا، نیشتمان هەر بۆ كەمینەیەكی دەسەڵاتدار بوە و زۆرینەش خۆیان بەبێگانە زانیوە، هەربۆیەش نیشتمان سەرناكەوێت و پێشناكەوێت و لەبازنەیەكی بۆشدا دەسوڕێتەوە و زۆرینە تیایدا هەست بە ئەمان و ئاسایش ناكات، چونكە سەركردە و حیزبە سیاسیەكان هێندەی بۆ بەرژەوەندی كەسی و بنەماڵەیی لەهەوڵدان نیوهێندە لەخەمی زۆرینە و نیشتماندا نین، ئەوەندی بەرژەوەندیە تەسك و بچوكە حیزبی و سەركردەیی و بنەماڵەیی و ناوچەییەكانیان لامەبەستە نیوهێندە بەرژەوەندی باڵای گەل و نیشتمانیان لا پیرۆز نیە.جا تا ئەوكاتەی كە هەموان وەكو یەك لە پێناو نیشتماندا قوربانی نەدەن هیچ كات نیشتمان نابێتە هی هەمووان.


‌ 1218 جار بینراوه‌
14/04/2018
Print Friendly and PDF
بابەتەکانی تری نوسەر
Telerik
بورهان حاجی سلێمان
شوان داودی - گۆشه‌ی له‌ژێ چاویلكه‌وه‌
؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟
؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟
راپرسی
?? ?????????? ??????? ???? ?? ??? ???? ??????

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved