كاروان عه‌لی شامار
مانگی داھاتوو پارتە سیاسییەکانی کوردستان ده‌چنه نێو ململانێ و کێبڕکێیه‌کی توندی ھەڵبژاردنەوە بەجۆرێک بۆ ھەندەک پارتی سیاسی ھەڵبژاردنێکی چارەنوساز و بۆ ھەندێکی تر ئەزمونێکی نوێ ده‌بێ، وەلێ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه بۆھیچ پارتێکی سیاسی بارتەقای یەکێتی گرنگ و چاره‌نوساز نابێ چونکه یه‌که‌م تاقی کردنه‌وه‌ی یه‌کێتیه له دوای کۆچی دوایی سه‌رۆک مام جه‌لال و جیابونه‌وه‌ی به‌رهه‌م ساڵحه‌وه.
وێڕای زۆری به‌ربه‌ست و له‌مپه‌ره‌کانی به‌رده‌م یه‌کێتی وه‌لێ ئەو ماوه‌یه‌ی کە ماوە بۆ واده‌ی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنه‌کان گرنگی و کاریگه‌ری خۆی هه‌یه گه‌ر یه‌کێتی بتوانێت خۆی کۆبکاته‌وه‌و کۆمه‌ڵێک هه‌نگاو و کرده‌ی ئانی ئه‌نجام بات کاریگه‌ری باشی ده‌بێت و یەقینم تارادەیەکی باش پارسەنگی ھێز دەکاته‌وه.
لێرەدا بە کورتی ئاماژە بە ھەندێک لەو کرده‌و ھەنگاوانه دەکه‌ین که ده‌بێت یه‌کێتی پێش هه‌ڵبژاردنه‌کان ئه‌نجامی بدات بۆ ئه‌وه‌ی لانی که‌م بتوانێت پارێزگاری له‌به‌شێکی زۆر له‌و کورسیانه بکات که له هه‌ڵبژاردنه‌کانی رابردوودا به‌ده‌ستی هێناوه.
(1)
دروشمه‌کانی ھەلبژاردن
یه‌کێتی نیشتیمان کوردستان زیاتر له هه‌ر پارتێکی سیاسی راستگۆ بووه له‌گه‌ڵ ده‌نگده‌ره‌کانی و تاڕاده‌یه‌کی باشیش توانیویه‌تی ئه‌و دروشم و به‌ڵێنانه جێبه‌جێ بکات که پێشتر به ده‌نگده‌رانی داوه به‌ڵام ئه‌وه‌ی گرفتی گه‌وره‌ی یه‌کێتی بووه‌و هه‌میشه‌ش له هه‌ڵبژاردنه‌کاندا باجه‌که‌ی داوه دروشمه‌کانی دورمه‌ودا بووه و پابه‌ست نه‌بووه به ژیان و گوزه‌رانی هاوڵاتیانه‌وه. ساده‌تر بڵێین گه‌ر یه‌کێتی به‌شێک له به‌ڵێنه‌کانی هه‌نوکه جێبه‌جێ نه‌کردبێت لێ فریوی هاوڵاتیانیشی نه‌داوه وه‌ک هه‌نده‌ک پارتی سیاسی باسی هێنانی سه‌یاره‌ی کاره‌بایی و بڕینی مووچه بۆ کابانی ماڵ و راكێشانی بۆری نه‌وتی بۆ ماڵه‌کان نه‌کردووه!
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دروشمه‌کانی یه‌کێتی زاده‌ی راستگۆییه ده‌کرێت گونجاوتر بێت و زیاتر پابه‌ست بێت به ژیان و گوزه‌رانی هاونیشتیمانیانه‌وه، رابردوو گه‌واهی ئه‌وه‌یه که یه‌کێتی زیاتر له هه‌موو پارته سیاسیه‌کانی تر به‌ڵێنه‌کانی خۆی بردۆته سه‌رو کاری بۆ جێبه‌جێ کردنیان کردووه.
(2)
پاسیڤکردنی ھەندێک لە بەرپرسان
به‌هۆی گرنگی ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌وه باش وایه یه‌کێتی هه‌ندێک له به‌رپرسه‌کانی پاسیڤ بکات و ڕێگه نه‌دات لێدوانی لابه‌لاو دژ به بنه‌ماو پڕه‌نسیپه‌کانی یه‌کێتی ئه‌نجام بده‌ن وه‌ک هه‌میشه لێدوانی هه‌نده‌ک له به‌رپرسه‌کان لێکه‌وته و زیانی زیاتر بووه له قازانج، له‌به‌رامبه‌ردا هه‌ندێک به‌رپرسی تر ئه‌کتیڤ بکاو ڕێگه بات که بێنه پێشه‌وه‌و هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌کان به‌ڕێوه ببه‌ن که هه‌نوکه خۆشه‌ویستن و تاراده‌یه‌کی باش جێ ره‌زامه‌ندی خه‌ڵک و لایه‌نگرانی یه‌کێتین.
(3)
ریفۆڕمی ڕاگه‌یاندن
ئه‌و میتۆده‌ی له راگه‌یاندنه‌کانی یه‌کێتی به‌کار ده‌هێنرێ هێنده ته‌قلیدییه ته‌نانه‌ت کادیر و ئه‌ندامانی حزبه‌که خۆی حه‌وسه‌ڵه‌ی گوێگرتنیان نه‌ماوه‌و سه‌یری که‌ناڵه‌کانی تری راگه‌یاندن ده‌که‌ن! ئه‌وه‌ی فڕی به میدیاشه‌وه نه‌بێ گه‌ر بۆ رۆژێک بینه‌ری میدیاکانی یه‌کێتی بێت هیچ حه‌سودی به‌م هێزه‌دا نابات و بگره به‌زه‌یشی به‌و حیزبه‌دا دێته‌وه که چۆن رۆژگارێک داینه‌مۆی راگه‌یاندن بوو باشترین کادیره‌کانی راگه‌یاندنی هه‌یه وه‌لێ ئێستا ئه‌وه حاڵی راگه‌یاندنه‌که‌ی بێت!
ساده‌تر بڵێین یه‌کێتی گه‌ر یه‌کێتی ریفۆرم و گۆڕانکاری جه‌وهه‌ری له میدیای و سۆسیال میدیاکانیدا نه‌کات ناتوانێ شه‌ڕی راگه‌یاندن له‌گه‌ڵ نه‌یاره‌کانیدا بکات به‌تایبه‌ت که‌ناڵه‌کانی ڕوداو کوردستان 24 و ئێن ئارتی.
(4)
بار و گوزەرانی هاونیشتیمانیان
ماوه‌ی زیاتر له سێ ساڵه بار و گوزه‌رانی هاونیشتیمانیان له ئاستێکی خراپدایه‌و بۆیه پێویسته ستافی یه‌کێتی له حکومه‌تی هه‌رێم ببنه به‌رگری کارێکی ڕاسته‌قینه‌ی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک و چیدی ڕێگه‌نه‌ده‌ن پارتێکی سیاسی بۆ مه‌رامه تایبه‌ته‌کانی سیاسه‌تی برسیکردنی خه‌ڵک بکاته ئه‌جندایی و دواتریش وه‌ک فریشته‌و فریادڕه‌س خۆی نیشان بات!
راسته مانگی پێشوو تاراده‌یه‌ک ده‌سکاری مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران کراوه به‌ڵام به‌هۆی ئه‌و سته‌مه زۆره‌ی حکومه‌تی هه‌رێم له مووچه‌خۆرانی کردووه هیچ متمانه‌یه‌ک له نێوان خه‌ڵك و ده‌سه‌ڵاتدا نه‌ماوه گرنگه یه‌کێتی و به‌تایبه‌ت خودی کاک قوباد‌و ستافه‌که‌ی پێش هه‌ڵبژاردنه‌کان بێنه سه‌ر شاشه‌ی تیڤی و هه‌رچی راستیه‌کانه بۆ کۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی رونکهنهوه!
(5)
مووچەی کادیران
کادیرانی یه‌کێتی به‌راورد به کادیرانی هه‌ر پارتێکی سیاسی تر له خراپترین ئاستی گوزه‌رانی ژیاندان له کاتێکدا یه‌کێتی یه‌کێکه له حزبه ده‌وڵه‌مه‌نده‌کانی ناوچه‌که به‌ڵام موچه‌ی کادیره‌کانی به دوو بۆ سێ مانگ جارێک ده‌دات له‌به‌رامبه‌ر برسیکردنی کادیره‌کانی پاره بۆ گهڕانو که‌یف و سه‌فای به‌رپرسه‌کان به لێشاو سه‌رف ده‌کرێت باش وایه ئیداره‌ی گشتی بۆ له‌مه‌ودوا بدرێته ده‌ست که‌سانێکی ئه‌مین و له‌بری به‌رپرسه‌کان ئه‌وله‌ویه‌ت بۆ ئه‌وانه بێت که شێلگێرانه و پێشمه‌رگه ئاسا خزمه‌تی یه‌کێتی ده‌که‌ن و شه‌ونخونی بۆ سه‌رخستنی ئه‌و هێزه ده‌که‌ن.
(6)
گۆڕانکاری له حیزب و حکومه‌تدا
یه‌کێتی له ماوه‌ی 8 ساڵی رابردوودا که‌مترین گۆرانکاری کردووه به‌جۆرێک زۆرینه‌ی لێپرسراوه ئیدارییه‌کانی زیاتر له واده‌ی خۆیان له‌سه‌ر کاره‌کانیانن، ئه‌و حیزبه به‌هه‌ر هۆکارێک بێت نه‌یتوانیوه ته‌نانه‌ت گۆرانکاری له‌وانه‌شدا بکات که ماوه‌یه‌کی زۆره له پۆسته‌کانیاندان و ئهداشیان وه‌ک پێویست نه‌بووه‌و چانس به که‌سانێکی کارامه ولێهاتوو بدات. وه‌ک چۆن بۆ حکومه‌ت ئه‌مه راسته بۆ حیزبیش به‌هه‌مان شێوه راستە چونکە زیاتر له هه‌شت ساڵه یه‌کێتی نه‌یتوانیوه کۆنگره ببه‌ستێ و به‌مه‌ش زۆرێك له سه‌رکردایه‌تی و لێپرسراوی کۆمیته‌و مه‌ڵبه‌ندو ئۆرگانه‌کانی چه‌ندنین ساڵه له هه‌مان پۆست و پله‌و پایهدان جا بۆیه له‌به‌ر ئه‌و هۆکارانه‌ی سه‌ره‌وه گۆڕانکاری له سێکته‌ره حزبی و حکومیه‌کانی یه‌کێتیدا له پێویستی ده‌رچووه‌و بووه به شتێکی حه‌تمی کارێکی باشه گه‌ر بتوانرێت له‌م ماوه‌یه‌دا هه‌نده‌ک گۆڕانکاری نه‌وعی له پۆسته گرنگ و دیاره‌کانیدا بکات.
(7)
په‌یڕه‌و پڕۆگرامی یه‌کێتی
گرنگه هه‌ر پارتێکی سیاسی چه‌ن ساڵ جارێک خۆی نوێ بکاته‌وه‌و په‌یڕه‌و پڕۆگرامی خۆی بۆ لایەنگرانی ئاشکرا بکات، هه‌ربۆیه په‌یڕه‌و پڕۆگرامی یه‌کێتی ده‌شێت بۆ سه‌رده‌م و خه‌باتی شاخ بێ وێنه بوو بێت وه‌لێ بۆ ئێستا نه‌گونجاوه چونکه هه‌ر په‌یره‌وه پڕۆگرامێک که داده‌نرێت بۆ ماوه‌یه‌کی دیاری کراوه یه‌کێتیش ماوه‌یه‌کی زۆره به‌هه‌مان په‌یڕه‌و پڕۆگرامی شاخ سیاسه‌ت ده‌کات و له‌گه‌ڵ پێشهاته سیاسیه نوێکاندا نه‌یتوانیوه خۆی بگونجێنێت. گۆڕانکاری له فۆرم و ستراکچه‌ری یه‌کێتیدا به‌م ده‌ست و برد‌و به‌م ماوه که‌مه‌ی که له‌به‌رده‌مماندایه ڕه‌نگه نه‌توانرێت ئه‌نجام بدرێت به‌ڵام گه‌ر نیه‌تی جدی هه‌بێت لانی که‌م ده‌توانرێت تا واده‌ی هه‌لبژاردنه‌کانی په‌رله‌مانی کوردستان په‌یره‌و پڕۆگرامێكی نوێ و سه‌رده‌میانه دابڕێژێت.
(8)
شێوازی بانگه‌شه
گومان له‌وه‌دا نییه شێوازی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن کاریگه‌ری زۆری ده‌بێت له‌سه‌ر سایکۆلۆجیای ده‌نگده‌ر، گه‌ر یه‌کێتی بتوانێت بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌کان به شێوازێکی مۆدێرن و باش ئه‌نجام بدات ئه‌وا ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌کان له به‌رژه‌وه‌ندی ده‌بێت. گرنگه یه‌کێتی پێش هه‌ڵبژاردنه‌کان ڕاوێژ به که‌سانی پسپۆڕ‌و شاره‌زاو خاوه‌ن ئه‌زموون له بواری راگه‌یاندن و بانگه‌شه‌ی هه‌لبژاردندا بکاو بتوانێت ھەستی ده‌نگده‌ر به‌لای خۆیدا راکێشێت لەرێگەی ئه‌نجامدانی بانگه‌شه‌یه‌کی بابه‌تی و دور له چه‌واشه‌کاری.