وتار
خوێندنەوەیەك بۆ یاسای دامەزراندنی (كۆمپانیای نەوتی نیشتیمانی عێراقی)

نەوزادی موهەندیس


یاسای دامەزراندنی((كۆمپانیای نەوتی نیشتیمانی عێراق)) لە لایەن پەڕلەمانی عێراقەوە لە5/3/2018دا دەرچوە بە پشتبەستن بە حكومەكانی بەندی ((یەكەم)) لە مادەی ((61 )) و بەندی ((دووەم)) لەمادەی ((73))ی دەستوری هەمیشەیی عێراق و لە 22 مادە پێكهاتوە.
هۆكارەكانی دەرچوونی ئەم یاسایە بریتیە لە :
بۆ دڵنیابوون لە دۆزینەوە و گەشەپێدان و بەرهەمهێنان و فرۆشتنی سەرچاوە نەوتیەكانە لە كێڵگە و زەویی دابینكراو بۆی بەپێی یاسا لەجیاتی دەوڵەتی عێراقی،هەروەها بۆ مەبەستی زیادكردنی بەرهەم و گەشەپێدانی پیشەسازی نەوتی و غازیە ودامودەزگا پەیوەندیدارەكانیشە،هەروەها بۆ گەشەدانی هۆكارەكانی كاركردنە لەسەر بنچینەی توانا و نەرمی و پێشبڕكێكردن بۆ زیادكردنی سەرچاوەكانی داهات لە پێناو بەرژەوەندی گەلانی عێراقدا بەپێی پێوەرە باوەڕپێكراوە جیهانیەكان ،كە پێویستی دەكرد بەدامەزراندنی كۆمپانیایەكی نیشتیمانی نەوتی عێراقی،وەك كۆمپانیایەكی گشتی كە خاوەندارێتیەكەی بەتەواوەتی بۆ دەوڵەتی عێراق بگەڕێتەوە،هەروەها رەنگدانەوەشی هەبێت بۆ چەمكی خاوەندارێتی گەل بۆ نەوت و غاز و دامەزراندنی دامودەزگای تایبەتمەندیش لەچوارچێوەی پەیكەری رێكخستنەكەیدا كە بگونجێت لەگەڵ رۆڵ و ئیدارە و پێشخستنی كێڵگە نەوتی و غازیەكان كە بەرهەمدێنن و دۆزراونەتەوە بۆ گەشەپێدانی پیشەسازی نەوت و غاز و پێشخستنی بوارە جیاوازەكانی وزە لە عێراقدا.
لەمادەكانی ((1 و 2)) دا باس لە پێناسەكان و چۆنێتی دامەزراندنی كۆمپانیاكە دەكات.
لەمادە ((3))ی یاساكەدا باس لە:ئامانجی دامەزراندنی ئەم كۆمپانیایە دەكات و روونیدەكاتەوە كە: 
كۆمپانیاكە ئامانجێتی باشترین بەكارهێنان بكات بۆ سامانی نەوتی و غازی لە بوارەكانی (( دۆزینەوەی نەوت و غاز و ئامادەكردن و پێشخستنی كێڵگەكان و بەرهەمهێنان و فرۆشتن و هەموو چالاكیەكانی تریش كە پەیوەدنیان هەبێت بە بواری نەوت و غازەوە)) ،سەرەڕای وەبەرهێنانیش لە پیشەسازی گۆڕین لە نەوت و غازدا لەسەر بنچینەی تەكنیكی و ئابوری بۆ دەسكەوتنی زۆرترین داهات و كەمترین خەرجی و تێچوون و بۆئەوەی بەرزترین قازانج بگەیەنێتە گەلی عێراق.
لەمادە ((4))ی یاساكەشدا : باس لەو هۆكار و ئامڕازانە دەكات كە كۆمپانیاكە پشتیان پێدەبەستێت لە وەدیهێنانی ئامانجەكانیدا وەك :
1.بەڕێوەبردن و گەشەپێدان و بەكارخستنی كێڵگە بەرهەمهێن و كێڵگە دۆزراوەكان و ئەوانەشی كە پێشنەخراون.(( لێرەدا هەموو كێڵگە نەوتیەكانی هەرێمی كوردستانیش دەگرێتەوە،چونكە یاساكە باس لە هیچ هەرێم و پارێزگایەك ناكات كە رێكنەخراون لە هەرێمێكدا، هەربۆیە هەموو ئەوكارانە دەچێتە پسپۆڕی كۆمپانیاكە و دەتوانێت لەهەرێمیش وەكو هەموو بەشەكانی تری عێراق دەسەڵاتی هەبێت و لێرەدا رۆڵی وەزارەتی سامانە سروشتیەكانی هەرێم ناهێڵێت،بەو پێیەی كە بوار و سامانی نەوت و غاز موڵكی هەموو گەلانی عێراقن بە پێی دەستور))
2.بەستنی گرێبەست بۆ دۆزینەوە و بەرهەم و هەناردەكردن بەپێی سیاسەتەكانی دەوڵەتی عێراقی كە پێچەوانە نەبێت لەگەڵ حوكم و مادەكانی دەستوردا.
3.پێشخستنی پڕۆسەكانی گەڕان و بەرهەم و گواستنەوە و هەڵگرتن و فرۆشتن و پڕۆسە نەوتیەكانی تریش كە پەیوەندیان هەیە.(( لێرەشدا بەهەمان شێوە كۆمپانیاكە بۆی هەیە لەهەرێمی كوردستاندا كاربكات و تەنانەت فرۆشتنی نەوتیش لەمەودوا لەژێر دەسەڵاتی ئەم كۆمپانیایەدا دەبێت لەهەموو عێراقدا)).
4.بەڕێوەبردنی ((گرێبەستی خزمەت)) كە لەوەو پێشتر ئەنجامدراون لە دۆزینەوە و بەرهەمهێناندا.(( لێرەدا باس لە جۆری ((گرێبەشتی موشارەكە/ هاوبەش )) ناكات كە لەهەرێمی كوردستان پیادە دەكرێت لەگەڵ كۆمپانیا نەوتیەكاندا)).
5.پێشخستن توانای نیشتیمانی لە پڕۆسەی دەرهێنان و فرۆشتن و پیشەسازی نەوتی و غازیدا،و وەبەرهێنانی كێڵگەی هاوبەش لەگەڵ وڵاتانی دەرودراوسێدا.
6.بەڕێوەبردن و كارپێكردنی تۆڕی بۆریەكانی نەوتی سەرەكی و بەندەرەكانی هەناردەكردن.(( كە لێرەدا بۆری هەناردەكردنی نەوتی كەركوك و هەرێمیش دەگرێتەوە بۆ بەرندەری جیهانی توركی و بەمەش فرۆشتنی نەوتی هەرێمیش دەكەوێتەوە ژێر دەسەڵاتی ناوەندو ئەم كۆمپانیایەوە)).
لەمادەكانی (( 5 و6 و7 و 8)) :
باس لە سەرمایەی كۆمپانیاكە و ئەنجومەنی كارگێڕی و پەیكەری رێكخستنی كۆمپانیاكە و ئەو دامودەزگا و كۆمپانیایانەی تریش دەكات كە پەیوەستدەكرێن بەم كۆمپانیایەوە))، زۆر بەووردی خاڵ و بڕگەكانی دیاریكردوون،كە بواری لێكدانەوە و لێكتێگەیشتنی جیاوازی زۆر كەمكردۆتەوە.ئەوەتا :
لەمادە((6)) و لەخاڵی ((5))دا: لەباسی ئەنجومەنی كارگێڕیدا باس لە بون بە ئەندامی ((وەكیلی وەزارەتی سامانە سروشتیەكانی هەرێمیش)) دەكات،ئەمەش ئەوەی لێدەخوێنرێتەوە كە كاروباری نەوت و غاز لە هەرێمی كوردستانیش دەكەوێتە چوارچێوەی دەسەڵاتی ئەم كۆمپانیایەو سەرپەرشتی دەكات.
لەمادە((8)) :دا باس لە پێكهاتەی كۆمپانیاكە دەكات ودیاریدەكات كە ئەم كۆمپانیایانە پەیوەست دەكرێن بە كۆمپانیاكەوە :
كۆمپانیاكانی دۆزینەوە و دەرهێنان و بەرهەمهێنانی نەوت و غاز.
كۆمپانیكانی هەڵكەندنی بیرە نەوتەكان لە عێراقدا.
كۆمپانیاكانی نەوتی (( باكور و میسان وناوەڕاست و زی قار ))
كۆمپانیاكانی گواستنەوەی نەوتی عێراقیش
كۆمپانیای فرۆشتنی نەوتی عێراقی ((سۆمۆ))
لێرەدا بەڕوونی دەردەكەوێت كە ئەم كۆمپانیایە ((دەسەڵاتی دەرهێنان و بەرهەمهێنان و هەڵكەندن و تەنانەت فرۆشتنی نەوتی عێراقی دەبێت)) كە چیدی هەرێمی كوردستان بۆی نیە لەو جۆرە كۆمپانیانە دابمەزرێنێت وەك لەیاسای ژمارە (22))ی ساڵی 2007دا ((یاسای غاز و نەوتی هەرێمی كوردستان)) دا هاتوە ، لەبەشی پێنجەم ((دامەزراندنی كۆمپانیا گشتیەكان)) لە مادەی ((10 و11 و12 13))دا كە بریتین لە كۆمپانیاكانی:
كۆمپانیای كوردستان بۆ دۆزینەوە و وەبەرهێنانی نەوت KEPCO
كۆمپانیای كوردستانی نیشتیمانی نەوت KNOC
كۆمپانیای كوردستان بۆ بە بازاڕكردنی نەوت KOMO
كۆمپانیای كوردستان بۆ پڕۆسەكانی پاڵاوتن و پاشكۆكانی KODO
بەپێی ئەم یاسایە بێت كە لەحكومەتی ناوەندەوە دەرچوە ،پێش یاساكانی تایبەت بەدامەزراندنی كۆمپانیا گشتیەكان كەوتوە لە هەرێمی كوردستاندا،ئەوا بەپێی دەستور جێبەجێكردن بۆ ئەو یاسایە دەبێت كەلە ناوەند دەرچوە و بەمەش هەرێمی كوردستان مافی دەركردنی یاسای نامێنێت بۆ دامەزراندنی ئەو 4 كۆمپانیایەی كە لەیاسای غاز و نەوتی هەرێمدا هاتوە كە زۆر گرنگ بوون.لەكاتێكدا گەر ئەو كۆمپانیایانە لەساڵی 2007 و دواتر دابمەزرانایە ئێستا بەغداد بۆی نەبوو رەتیان بكاتەوە،بەڵام لەئێستادا و دوای دەرچوونی ئەم یاسایە ئیدی دەستپێشخەری بۆ ئەم یاسایە دەبێت.وەك دەڵێن ((بوینە پێشكەوتەی دواكەوتە))، لەبەر نەبونی نیەت و جدیەتی باش بۆ جێبەجێكردنی یاساكە لەهەرێمدا و ترس لە كەمكردنەوەی دەسەڵاتەكانی وەزارەتی سامانە سروشتیەكان و بەرژەوەندیە تایبەتەكان ، كە بوونی ئەو كۆمپانیایانە دەبوە هۆكاری چەسپاندنی شەفافیەت لەكەرتی نەوت و كۆكردنەوەی داهات و خەرجیەكان بەشێوەیەكی روون و ئاشكرا دوور لە تاریكاندن و گەندەڵی و پشكپشكێنەی سەركردە و حیزبەكان.
مادەكانی ((9 و10 و 11 و 12و13)) : باس لە ئەركەكانی ئەنجومەنی كارگێری و سەرۆكی كۆمپانیاكە و ماف و پابەندیەكانی كۆمپانیاكە دەكات، و بەڕوونی دەسەڵات و مافەكانی روونكردۆتەوە كە زۆر فراوان و گشتگیرە .
 ((مادەكانی 14 تا 22)) : بریتین لە حوكمە گشتی و كۆتاییەكان كە دەبنە هۆكاری كارئاسانی و سەركەوتنی ئیشوكارەكانی ئەم كۆمپانیایە و پشتگیركردنی لەڕووی یاسا و دەستور و هەمئاهەنگی كردنی دامودەزگاكانی تری حكومەتی عێراقی لەگەڵیدا.
لەكۆتایدا دەكرێت بڵێین لەدوای پرۆسەی ریفراندۆمەوەو گەڕانەوەی هێز و دەسەڵاتەكانی ئەمنی و سیاسی و ئابوری و ئیداری بۆ ئەو ناوچانەی كە پێشتر لەژێر دەسەڵاتی حكومەتی هەرێمدا بوون لەدوای ساڵی 1991ەوە،حكومەتی ناوەند لە بەغداد كەوتۆتە خۆ بۆ دەركردنی ئەو یاسایانەی كە تائێستا نەیتوانیوە دەریان بكات كە لە روانگەی خۆیەوە لەبەرژەوەندی هەموو گەلانی عێراقدایە،و هەرێمی كوردستانیشی وەك رێگرێك دەبینیەوە لەبەردەم دەرچوونیاندا،بۆیە هەوڵدەدات لە ئایندەدا بەزۆرینە و بەبێ‌ گەڕانەوە و هەمئاهەنگیكردن لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا ئەو جۆرە یاسایانە دەربكات و بەتایبەتیش ئەوانەی پەیوەندیان بە كەرتی نەوت و وزەوە هەیە.
بەداخەوە لەهەرێمی كوردستاندا یاسایەكی زۆر باش بۆ كەرتی نەوت و غازی سروشتی بەژمارە ((22))لە ساڵی 2007دا دەرچوە،بەڵام تائێستا بەتەواوەتی یاساكە نەكەوتۆتە بواری جێبەجێكردنەوەو بەتایبەتیش ئەو بەشەی كە پەیوەستە بە پێكهێنان و دامەزراندنی كۆكپانیا گشتیەكانەوە.كە لەئیستادا و دوای دەرچوونی ئەم یاسایە ئیدی هەرێم مافی پێكهێنانی ئەو كۆمپانیایانەی نامێنێت،گەر لەكاتی خۆیدا ئەو بڕگە و مادانە جێبەجێ بكرانایە ئەوا بە پێی دەستور هەرێم بۆی هەبوو كە پابەندی ئەم یاسایە نەبێت.
چاوەڕواندەكرێت كە لەئایندەشدا ((یاسای غاز و نەوت)) لە پەڕلەمانی عێراقەوە دەربچێت كە یاسایەكی گرنگ و كاریگەرە،خۆ ئەگەر قەوارە و هێزی كورد لە پەڕلەمانی ئایندەدا بچوك و بێهێز بێت،ئەوا بە زۆرینەی شیعە وسونەكان و ئەوانی تر وەك تێپەڕاندنی (( یاسای بودجەی ساڵی 2018 )) ئەو یاسایەش تێپەڕدەكەن لە بەرژەوەندنی دەسەڵاتدارانی ناوەنددا.ئەوكاتیش كە كورد ئامادەگی و دەنگ و رەنگی نەبێت لەدەرچوونی ئەو یاسا گرنگەدا ئەوا زۆر زەحمەت دەبێت كە بەرژەوەندیەكانی كورد و دەسەڵاتەكانی هەرێم لەو یاسایەدا جێگەی بكرێتەوە.
بۆیە ئەم یاسایە و یاساكانی تری بواری نەوت و وزە زۆر گرنگ وە كاریگەرن بۆ ئایندە، كەرت و بواری نەوت و غازی سروشتی رێكدەخەنەوە و كۆنتڕۆڵی دەكەن،كەهەق وابوو دەسەڵاتدارانی هەرێم لەساڵانی رابووردووی قۆناغی زێڕین و باڵادەستی هێز و توانای حكومەتی هەرێم و كورد لە بەغداد دەستپێشخەری بكردایە بۆئەوەی بەپێی دەستور دەسەڵات و ماف و بەرژەوەندیەكانی گەلی كوردی بپاراستایە،بەڵام بەداخەوە ئێمە هەمیشە دواكەوتەی روداوەكان دەبین و هەربۆیەش بێبەش دەبین لە ماف و ئیمیازاتە دەستوری و یاساییە رەواكانی خۆمان.

‌ 761 جار بینراوه‌
20/04/2018
Print Friendly and PDF
بابەتەکانی تری نوسەر
Telerik
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved