وتار
پێویستە یەكێتی چی بكات ؟

زیدان تەها

وا خەریكە نزیك دەبینەوە لەهەڵبژاردن و كاتەكان وردە وردە تێدەپەڕێت و دەچینە قۆناغێكی هەستیارەوە، ئەمەش دوای ئەوە دێت كەلەم كابینەیەدا و ئەم چەندساڵەدا كێشەگەلێكی سەخت و دژوار بەرۆكی عێراق و بەتایبەت هەرێمی كورستانی گرتبووەوە، لەلایەك شەڕی تیرۆر و داعش لەلایەكی ترەوە قەیرانی ئابووری و ناجێگیری نرخی نەوت و لەدەستدانی دوو كاراكتەری سیاسی كورد كەجێگەو پێگەی دیاریان لەناخی خەڵكدا چەقاندبوو ئەوانیش مام جەلال تاڵەبانی و نەوشیروان موستەفا، كەئەمەش كابینەیەكی پڕاوپڕ لەكێشە و نەهامەتی بوو، ئێستاش پەلكێشمان دەكاتە ناو فەزایەكی دژوارەوە ئەویش هەڵبژاردنە .
لێرەوە دێینەوە كڕۆكی باسەكە ئەویش یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و هەڕەشەكانی بەردەمی بۆ هەڵبژاردن، ئەویش دوای ئەو كۆمەڵە رووداو نەهامەتیانە دێت كەبەسەر هەرێم و حیزبەكەدا هاتووە یەكێتی دەخاتە بەردەم كۆمەڵە مەترسیەكەوە، بەتایبەت دوای شەڕ و ململانێ چەكداریەكانی تیرۆر ، قەیرانی ئابووری، لەدەستدانی رابەری حیزبەكە، شكستی ریفراندۆم، رووداوەكانی 16 ئۆكتۆبەر، نەبەستن و دواخستنی كۆنگرەی حیزبەكە لەهەمووی گرنگتر جیابوونەوەی باڵێك بەناوی هاوپەیمانی لەلایەن دكتۆر بەرهەم ساڵحەوە و دروست بوونی چەند لیستێكی نوێ لەسەر سنوور و زۆنگی سەوز، كەئەم رووداوانە رووبەڕوی ئەم حیزبە بووەتەوە ئایا دەتوانێت رووبەڕوی بێتەوە ؟ ئەمە پرسیارێكە تا رادەیەك وەڵامدانەوەی قورس و ئاڵۆزە، بەڵام دەتوانیت بڵێن بەڵێ و نەخێر، چونكە حیزبێك كەماوەی چل و دوو ساڵە بەردەوامە لەخەبات و شۆڕش و راپەڕین و راماڵینی حیزبی تۆتالیتاری بەعس و بەرپەرچدانەوە بەرانبەر گیانی شۆڤینیەتی عەرەب، ئەو هەموو كارەسات ئامێزانەی تێپەڕاندبێ، دەتوانێت ئەم دۆخە تێپەڕێنێت، بەڵام كەدەڵێین نەخێر ئەمە گریمانەیەكی لاوازە، گریمانەكەش لەبەر ئەوەی تا هەنووكە خاوەن خیتابێكی سیاسی یەكگرتوو نین بۆ ئەوەی بتوانن بڕیاری چارەنوسساز لەبارەی ئەم كێشانەوە بدات و پڕۆگرام و ستراتیژێكی تۆكمە بخاتەڕوو بۆ رووبەڕو بوونەوەی مەترسیەكانی حیزبەكە .
بۆ زیاتر گرنگیدان بەچۆنیەتی رووبەڕو بوونەوەی بەرانبەر مەترسیەكان، پێویستە یەكێتی نیشتیمانی كوردستان وەك هەر حیزب و قەوارەیەكی تر و پێویستی هەڵبژاردن، بكەوێتە خۆی و خۆی توندوتۆڵ بكاتەوە و سەرجەم دەنگە ناكۆكەكانی ناو یەكێتی كۆبكاتەوە، جیاواز لە ساڵانی رابردوو بەتایبەت كەلە غیابی سەركردەی حیزبەكەوە بەشداردەبن، بەگڕوتینێك و بەرگێكی نوێوە بێتەوە مەیدانی هەڵبژاردنەكان، بۆئەوەی ببێتەوە بەیەكێتیەكی چەپكەگوڵەكەی مام جەلال، جێگەی نكۆڵی لێكردن نیە یەكێتی بەپێی ئەو تێكۆشانەی كردویەتی بەرپرسیاریەتی وەرگرتووە لەئەزموونی حكومەتدا هەر سەرۆكایەتی حكومەت و پەرلەمان تا دەگاتە دەسەڵاتە خۆجێیەكانیش بۆیە ئێستاش دەبێ بەرانبەر پشكی ئەو بەرپرسیاریەتیە كاردانەوەی بەرانبەر هاوڵاتیان هەبێ، بەڕەخنە لەخۆگرتن و رەخنە هەوڵی بەخۆداچوونەوە و چارەسەركردنی كێشەكان بدات نەك پاساوهێنانەوە بۆ هەڵەكان، چونكە بێگومان هەڵە لە ئەدا و سیاسەتی هەموو حیزبێكدا هەیە بەڵام دواجار براوە ئەوەیە كەخۆی لەبەردەم رەخنەی گەلەكەیدا ببینێتەوە نەك خۆشاردنەوە و هەڵنەگرتنی بەرپرسیاریەتی، كابینە یەك لەدوای یەكەكان بێ هەڵە نەبوون بەڵام كێشەكان وەك بۆمبێك بەسەر ئەم كابینەیەدا شكایەوە، وەك چاودێران و توێژەران دەڵێن ئەم كابینەیە بەقەرزێكی زۆری حكومەت و كێشەگەلێكی زۆرەوە رادەستی ئەم حكومەتە كراوە، كە ئێستاش بوونی فریشتەو فریادڕەسی حوكمڕانی و نەیتوانی لەكابینەكانی پێشوودا ژێرخانێكی ئابووری پتەو بونیاد بنێت و كێشەكان بەم شێوە تەقیەوە .
خوڵاسە بێینە سەرئەوەی دروستبوونی قەوارەی تازە و مەترسی كەمكردنی دەنگەكانی یەكێتی، گەر ئەم زەمینەی باسمانكرد رەخسا ئەوا كەمكردنی رێژەی دەنگەكان ئەگەرێكی لاواز دەبێت، و ئەگەر ئەو زەمینەسازیەش نەكرا ئەوا هەڕەشەیەكە لەسەر ئەزموونی حیزبكەو بیگرە سنووری سلێمانی دروست دەبێ، دروستبوونی ململانێ و دروستبوونی قەوارەی نوێ لەناو فەلسەفەی سیستەمێكی دیموكراسیدا كارێكی زۆر نۆڕماڵە بەڵام ئەوە جێگەی تێڕامان و پرسیارە ئەوەیە لەزۆنگی زەردا هیچ قەوارە و لیستێك دروست نابێ، زۆرینەی قەوارە و لیستەكان لەسنووری سلێمانی دروست دەبن ئەمەش جۆرێك هەیكەلی دیمووكراسیانەی پێوە دەبینرێ، بۆیە بەكەمكردنی رەێژەی دەنگەكانی یەكێتی، ئەزموونی ئەم ناچەیە دەكەوێتە مەترسیەوە، چونكە مامەڵەكردنی پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ یەكێتیدایە، بەهۆی ئەوەی هاوخەبات و زیاتر لێك نزیكبونی ئەدای سیاسیانەوە، بەڵام بەم شێوەیە دەبێتە هۆی رەهای زیاتر بوونی دەسەڵاتی پارتی بەسەر هەرێمەكەوە و ئەزموون و حوكمڕانی سلێمانیش دەكەوێتە مەترسیەوە و یەك هەڵوێستی لەدەست دەدات و ناتوانێت خاوەن خیتابێكی سیاسی یەكگرتوو بێت، بۆیە هەڕەشەكە تەنها لەسەر یەكێتی نابێ بەڵكو هەڕەشەكە لەسەر سنووری سلێمانیش دروست دەبێت، چونكە دەبینین سنووری سلێمانی لەم ماوەی تەمەنیدا بەهۆی عەقڵیەتی تەسكی حیزبیەوە، نەیتوانیووە لەڕووی شارستانیەوە پەرەی زیاتر بەشارەكە بدەن، سلێمانی بووەتە قوربانیدەری ململانێی سیاسی لایەنەكان .

‌ 741 جار بینراوه‌
08/05/2018
Print Friendly and PDF
بابەتەکانی تری نوسەر
Telerik
راپرسی
کێ بەرپرسە لەم دۆخەی ئێستای کوردستان؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved