وتار
بۆچی هەڵبژاردنی ئەم خولەی پەڕلەمانی عێراق چارەنوسسازە؟

نەوزادی موهەندیس



لەدوای ڕووخاندنی ڕژێمی بەعسی صدامیەوە لەساڵی 2003وە  تاكو ئێستا 3 خولی هەڵبژاردنی پەڕلەمانی عێراق بەڕێوەچووە و ئەم خولەی ئێستاش كە بڕیارە لە 12/5/2018دا ئەنجام بدرێت دەبێتە خولی چوارهەم و تا ساڵی 2022 دەخایەنێت.ئەوەی ئاشكرایە كە لەدەستوری هەمیشەیی عێراقدا كەلەساڵی 2005دا نوسراوەتەوە دانی ناوە بەوەی كە سیستەمی حومكڕانی لە عێراقدا بریتیە لە سیستەمێكی پەڕلەمانی و فیدڕاڵی و تەوافوقی و دیمكوراسیو ئەم بنەمایانە كراونەتە بنەمای سەرەكی بۆ بەڕێوەبردنی عێراقی ئایندە، بەڵام لەسەر زەمینەی واقیع هیچ كام لەو بنەمایانە تاكو ئێستا وەكو خۆیان و بەشێوەیەكی سروشتی و بێ‌ گرفت جێبەجێنەكراون و هیچ كام لە سەركردە و حیزبە سیاسیەكان كاریان نەكردوە بۆ چەسپاندنیان، ئەوەی كە بەتەنها هەوڵی چەسپاندنیانی دەدا بریتی بوو لە كورد ،بەڵام ئەویش بەهۆی كەمی كورسی و ناتەبایی ناوخۆییان و پاشگەزبونەوەی برا عەرەبەكان ((بە سونە و شیعەیانە))وە لە بەڵێن و پەیمانەكانیان،نەیتوانیوزە جێبەجێیان بكات.
ئەوەتا لەماوەی 15 ساڵی ڕابووردوودا پەڕلەمانی هێراق نەیتوانیوە یاسا گرنگەكان دەربكات و  متمانە لە حكومەتە یەك لەدوایەكەكان بسێنێتەوە و دژی گەندەڵی بوەستێتەوە و داهات و خەرجی عێراق بەفیڕۆ نەدات و هەژمونی خۆی بەسەر حكومەت و تەواوی ئۆرگانەكان بسەپێنێت،ئەوەی لەبەرچاوە حكومەت وەك دەسەڵاتی جێبەجێكار باڵادەست و ئاكتیڤە و نەچۆتە ژێر باری یاساكانی پەڕلەمانەوە،چونكە زۆرینەی حكومەت لای عەرەبی شیعەن كە زۆرینەن و بەهێزیشن،بەهەمان شێوە دیموكراسی لە عێراقدا نەك نەچەسپیوە بەڵكو لە پاشەكشەی بەردەوامدایە لە ڕووی سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی و ..هتد.هەموان بەئێستاشەوە حەز وخواستی تاكڕەوی و باڵادەستی و قۆرخكاری و پاوانخوازی لەدەسەڵاتدا دەكەن.هەربۆیە دیموكراسیش تەنها بۆتە دروشمێكی بێ‌ ناوەڕۆك.ئەوەی كە ناوی تەوافوقی سیاسی و كاری پێكەوەیشە بۆتە دروشمێكی بێ‌ بنەماو هیچ كام لە حیزب و سەركردەكان كاری بۆ ناكەن و تەنانەت لەناو ماڵی شیعیشدا باوی نەماوە و هەموان كار تەنها بۆ بەرژەوەندی حیزب و سەركردە و بنەماڵەكانیان دەكەن و لەناو سونە و كوردیشدا بەهەمان شێوەیە،هەربۆیە لە ئێستادا و لەناو پەڕلەمان و حكومەت و سیستەمی حوكمڕانی لەعێراقدا هیچ كام لە پێكهاتە نەتەوەیی و ئاینی و مەزهەبیەكان كاری پێكەوەیی ئەنجام نادەن،تەنها لەبارێكدا نەبێت كە بەرژەوەندیە ئابوریەكانیان لێك نزیك ببێتەوە.
هەرچی مەسەلەی فیدڕاڵیشە،كەهەر لەسەرتاوە تەواوی عەرەبەكان و كەمینەكانی تریش لێی ناڕازی بون و تەنها كورد داوای دەكرد،لە ئێستادا ئەویش كاری پێناكرێت و تەنانەت هەوڵی سڕینەوە و ڕەتكردنەوەشی دەدرێت و ئەوەتا لەماوەی ئەم 15 ساڵەی ڕابووردوودا،كاری جدی نەكراوە بۆ پێكەوەنانی هەرێمەكانی تر و دانەمەزاراندنی ئەنجومەنی هەرێمەكان و كەوتوشنەتە لەقاڵبدانی دەسەڵات و سنورەكانی تاكە هەرێمی فیدڕاڵی لەهەرێمی كوردستانیشدا.
بەم شێوەیە ئەو دەستور و بنەمایانەی بۆ عێراقی نوێ‌ دانراوە هیچ كامیان كاری پێناكرێت و عێراق بۆتە  وڵاتێك كە تەنها زۆرینەی باڵادەستی عەرەبی شیعە دەیبات بەڕێوەو ئەویش بەپێی نەك بەرنامەیەكی نیشتیمانی و نەتەوەیی عەرەبیو عێراقی بەڵكو بە پێی ئەجێندای دەەوڵەتانی دراوسێ لەتوركیا و بەتایبەتیش ئێرانی شیعە مەزهەب.بۆیە عێراقی ئایندە تەنها دروشمێكی بێ‌ ناوەڕۆكە و زۆر دوورە عێراقێكی ئاشتی و ئارامی و خۆشگوزەرانی و پێشكەوتوو و دیموكراسی ببینین كە تیایدا هاوڵاتی و هاونیشتیمانیان هەست بە كەرامەت و سەلامەتی و پاراستنی ماف و ئازادیەكانیان بكەن لەسایە ی حومكڕانیەكی ئاینی و مەزهەبی توندڕەو و تەسك و دواكەوتوەوە.
ئەوەی لێردا بۆتە پرسیار ئەوەیە ،بۆچی ئەم هەڵبژاردنە هەموان بە چارەنوسساز لێیدەڕوانن و بەگەرمی هەڵمەتی هەڵبژاردنی بۆ دەكەن و گەرەكیانە زۆرترین ژمارەی كورسی بەدەست بێنن؟
بەكورتی و كرمانجی هەموان لەهەوڵی بەدەستهێنانی پلە و پۆست و ئیمتیازاتی مادین و نیوهێندە بەتەنگ بەرژەوەندیە باڵاكانی نە عێراق و نەكوردستانیشەوەن، بەڵكو هەموان گەرەكیانە خۆیان ببنە زۆرینەی پەڕلەمانی و حكومەت پێكەوە بنێن ،ئەوەی زۆر بەڕوونی هەستی پێدەكرێت لەناو ماڵی شیعەكاندایە و بەتایبەتتریش لەناو حیزبی دەعوەدا وەك گەورەترین حیزبی سیاسی و هەوڵی بەدەستهێنانی زۆرینەی پەڕلەمانی دەدات و بە ئاشكراش نوری مالكی ڕایگەیاندوە كە لەگەڵ حكومەتی زۆرینەدایە ئەمەش بەواتای ئەوە دێت گەر سەركەوتنی گەورە بەدەستبێنێت ئەوا عێراقی ئایندە بەرەو دواوە دەگێڕێتەوە بۆ سەردەمی تاكڕەوی و تاك حیزبی و تاك سەركردەیی بەهەمان شێوەی ڕژێمی بەعسی صدامی.بۆیە بەڕاستی ئەم هەڵبژاردنە دەبێتە خاڵی جیاكەرەوە و چارەنووساز بۆ هەموان بە عەرەب و كورد و كەمینەكانی تریشەوە،وعێراق دەكەوێتە سەر دووڕیانی مانەوە وەك وڵاتێكی فیدڕاڵی و دیموكراسی و پێكەوەیی و پەڕلەمانی یاخود بەرەو تاكڕەوی و تاك حیزبی و تاك سەركردەیی هەنگاو دەنێت.
بۆیە عێراقی ئێستا و ئایندە دوای نەمانی یان لاوازبون و كزبوونی تیرۆر و تیرۆریستانی داعش و بەرزبونەوەی نرخی نەوت و دەستكردن بە ئاوەدانكردنەوەی وڵات و تاڕادەیەك ئارامی و ئاشتیەكی كاتی هەیە و هەستیپَدەكرێت،هەموان گەرەكیانە زۆرترین سوود و قازانجی سیاسی و ئابوری و ئەمنی بكەن.و بۆ 4 ساڵی ئایندە ببنە پاڵەوانی گۆڕەپانی سیاسی لە عێراق و ناوچەكەشدا. چونكە ئەوەی دەركەوتوە  حومكڕانانی عێراق لەماوەی دەسەڵاتیاندا هێندەی بەتەنگ كۆكردنەوەی سەروەت و سامانەوەن نیوهێندە بەتەنگ ئایندەی گەلان و خاكی عێراقەوە نین.ئەوەی لەسەر كەوردیش ماوەتەوە،ئەوەیە كە بەڕاستی ئەم خولەی پەڕلەمان زۆر گرنگ و چارەنوسسازە ـچونكە دوای تەواوبونی شەڕی داعش و دوای داگیركردنەوەی نویوەی خاكی كوردستان و دوای هەستكردن بەكەمكردنەوە و لەقاڵبدانی دەسەڵاتەكانی هەرێمەوە دێت كەهەموان نیازی پاكیان  نیە ،بۆیە دەبێت كورد بەیەك و یەكگرتوییەوە بچێتەوە بەغداد و پێداگیری لەسەر بنەماكانی سیستەمی حوكمڕانی بكات لە چەسپاندنی فیدڕاڵیەت و كاری پَكەوەیی و دیموكراسی و سیستەمی پەڕلەمانیداو هەوڵی جدیش بدات بۆ جێبەجێكردنی مادەی 140ی دەستور كە زۆر گرنگە بۆ گەڕانەوەی خاكی لەدەستچووی كورد و گەڕانەوەی شكۆی كورد و هێزی پێشمەرگەش بۆ ئەو ناوچانە.
هەربۆیە هەموان خۆیان لە هەڵوێست و وێسگەیەكی گرنگ و هەستیار و چارەنووسسازدا دەبیننەوە و هەوڵی جدی دەدەن بۆ سەركەوتن و تەنانەت دەوڵەتانی دەروردراوسێ‌ بەشیعە و سونە و بە فارس و تورك و زلهێزەكانیش بەچاوێكی پڕ گومان و مەترسیەوە سەیری ئەم هەڵبژاردنە دەكەن و هەریەكەیان گرەوی لەسەر ئەسپێكی دیاریكراو كردوە كە چەند دەتوانێت  لانی كەم بەرژەوەندیەكانیان خۆی لە چوارساڵی ئایندەدا بپارێزێت و مسۆگەریشی بكات.



‌ 547 جار بینراوه‌
08/05/2018
Print Friendly and PDF
بابەتەکانی تری نوسەر
Telerik
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved