وتار
ئێران كۆتایی هاوشێوەی سەدام یان كیم جۆن هەڵدەبژێرێت؟

عەبدولڕەحیم سەرەڕۆ


 دوو هەفتە پێش ئێستا ژمارەیەك كەشتی جەنگی ئەمریكی و زیاتر لە (30) پارچەی تر لە دەریای چین كشانەوەو روویان كردە كەنداوی عەرەب و دەریای عومان، زیاتر لە (40) بەتالیۆنی موشەكی باتریۆت لە دامەزراوەی سوپای ئەمریكی لە سعودیەوە روویان كردە بنكەكانی كوێت، ئێستا ئەمریكا (19) بنكەی موشەكی لە كوێت و (5) لە بەحرێن و (23)ـی لە ئیمارات هەیەو هەر هەمووشیان دژە موشەكی بەرامبەریان هەیەو فیرقاتەیەكی بارهەڵگر بە فڕۆكەخانەیەكی دەریایی مەزنەوە لە كەنارەكانی دەریای ناوەراست لە نزیك ئیسرائیل و دانەیەكی تریش لەكەنداو رووی لە ئێران كردووە. 
هاوبار ئیسرائیل لەماوەی هەفتەی رابردوودا (4) بنكەی دژە موشەكی جۆری (تاد thad)ـی لە دەرەوەی شارەكان و (2) بنكەی لەناو شارەكان بڵاوكردۆتەوە، هاوكات سنوری ئیسرائیل لە لای لوبنانەوە بۆتە دیوارێكی پۆڵایین و لە نێوان هەر (10) كیلۆمەتر بنكەیەكی باتریۆد دامەزرێندراوە. 
ئێرانیش لەلای خۆیەوە ئاماژەی بۆ حزبوڵاكرد هەموو هێزەكانی لە سوریا بكشێنێتەوەو بەوەش دوایین چەكداری ئەو حیزبە لە سوریا كشایەوە، هەروەها حزبوڵا نزیكەی (34) بەتالیۆنی موشەكی ئێرانی بەدرێژایی سنوور دامەزراندووە. ئیسرائیلیش لە بەرامبەردا فرقەیەكی پڕ لە چەكی جۆراوجۆری لەسەر سنوور و بەرزاییەكانی جۆلاندا داناوە.    
سوریا تا ئێستا لە دۆخی نیگەرانی زۆردایەو داوادەكات رووسیا بەپەلە فریای بكەوێت و رێكخراوی (ئیس 300)ـی بۆ بنێرێت، بەڵام روسیا ئێستا لە تەنگژەدایەو ناتوانێت بەو خێراییەو دەستبەجێ  ئەو سەربازگەیە لە سوریا دابمەزرێنێت بەڵام ئەگەری ئەوەش هەیە پۆتین بەرامبەر بە هەر هێرشێك بۆ سەر ئێران دەستەوەسان نەبێت.    
ئەفسەرێكی دێرینی هەواڵگری ئەمریكی ئاشكرایدەكات كە بەم نزیكانە دەبێت گەورەترین بنكەی سەربازی ئەمریكی لە باشووری عێراق دابمەزرێنن و هەمان پاساوەكانی هێرشكردنە سەر عێراق ئێستا لە سیناریۆیەكی تردا هەڕەشە لە ئێران دەكات.  
جۆن كریاك ئەفسەری دێرینی ئەمریكی لە وتارێكدا لە رۆژنامەی “كۆنسیرتیوم نیوز” دەڵێت لە بەهاری ساڵی 2002 لە ئەفغانستان بووم و شەڕی دژ بە رێكخراوی قاعیدەمان دەكرد، لە مایسی هەمان ساڵ بانگهێشتی بارەگای ئاژانسی هەواڵگری ناوەندی ئەمریكی كرام و سەرپەرشتیاری گشتی كاروبارەكانم پێی راگەیاندم كۆشكی سپی بڕیاری هێرشكردنە سەر عێراقی گرتۆتە ئەستۆ، هێرشێكی گەورە دەكەینە سەر عێراق و حكومەتەكەی سەدام حوسین دەرووخێنین و دواتر بنكەیەكی سەربازی گەورە لە باشووری عێراق دادمەزرێنین”. بەڵامەوە سەیربوو، چۆن دەتوانین هێرش بكەینە سەر عێراق لە كاتێكا هێشتا سەنگەرمان لە ئەفغانستان گرتووەو ئوسامە بن لادنیش ماوە.       
كریاك وتیشی:” بەرپرسیكی پایەبەرز لە ئیدارەی ئەمریكی چۆتە بارەگای نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ ئەوەی رەزامەندی ئەنجومەنی ئاسایش وەربگرێت بەوەی هێرشكردنە سەر عێراق پێویستە ئەگەرچی پێشتر بڕیارەكە وەرگیراوەو خراوەتە بەر خوێندنەوەی جێبەجێكردنەوە. 
دوای ئەوە بە ماوەیەكی كەم كۆڵن پاوڵ وەزیری ئەوسای دەرەوەی ئەمریكا چەرخەیەكی گەورەی بە ئەوروپاو رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا كرد بۆ كۆكردنەوەی پاڵپشتی جیهانی لەمەڕ هێرشەكەو بە بیانوی ئەوەی عێراق چەكی كۆكوژو وێرانكەری هەیەو هەڕەشە لە ئاسایشی ناوچەكەو بەرژەوەندیەكانی رۆژاوا دەكات. كریاك ئاماژەی بەوەشدا ئەمرۆ هەمان سیناریۆی عێراقی لە ئێران دووبارە دەكرێتەوەو ئێستا بە دەنگی جیهانی بۆ ئەو مەبەستە بەلای خۆیاندا رابكێشن، ئەوەش لە لێدوانە یەك لەدوای یەكەكانی دۆناڵد ترامپ لەكاتی خۆكاندیدكردنی بۆ سەرۆكایەتی ئەمریكا ساڵی 2016 بە روونی دەبینرێت كە بەنیازبووە لە رێككەوتنی ئەتۆمی ئێران بكشێتەوە. لەم دواییەش لێدوانی سەبارەت بە ئێران دەدا گوایا ئێران رێككەوتننامەی ئەتۆمی بەزاندووەو بەو هۆیەوە پێداگری لە بڕیاری كشانەوە لەو رێكەوتننامەیە دەكات.    
هەر خودی ترامپ لەگەڵ گەیشتنی بە دەسەڵات لە ئیدارەكەی خۆی كەسانی دژ بە ئێران و لە شوێنە هەستیارەكان دامەزراند وەك مایك بۆمپیۆ وەزیری دەرەوە، جۆن بۆڵتۆن راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی، كە هەر لە سەرەتاوە بە راشكاوی دەڵێن ئامانجیان گۆڕینی دەسەڵاتە لە ئێران. دوایین وتاریش بنیامین نەتەنیاهۆ دژ بە ئێران لەسەر بەرنامەی نهێنی ئەتۆمی ئێران بوو، هاوشێوەی وتارەكەی كۆڵن پاوڵ  بەر لە (15) ساڵ سەبارەت بە چەكی كۆكوژی عێراق دووبارە دەبێتەوە.   
دەبینین ئێستا ترامپ بە هەموو جیهانی رادەگەیەنێت كە ئێران هەڕەشەی راستەوخۆیە لەسەر ئاسایشی ناوچەكەو جیهان و بەرژەوەندیەكانی رۆژاواو دواتر بۆمبیۆۆ دەنێرێتە ئەوروپاو ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراست و ئینجا لێدوانەكانی نیكی هایلی نوێنەر لەلای نەتەوە یەكگرتوەكان دەست پێدەكات و تا ئەنجومەنی ئاسایش بگاتە ئەوەی كە هیچ بژاردێكی تر لە بەردەمیان نەماوە جگە لە رووخاندنی ئێران، لە دواهەنگاویان كەشتی جەنگی دەنێرنە ئاوە گەرمەكان و ئەگەری جەنگ دەست پێ دەكات. 
بەپێی بۆچوونی زۆربەی چاودێران ئەگەری هەیە ئاژانسی هەواڵگری بێ یەك و دوو هێرش بكاتە سەر ئێران بە بێ ئەوەی بیر لە ئاكامەكانی بكاتەوە، چونكە ئەگەر شەڕەكە دەست پێ بكات ناوچەكە بە جۆرێك بەیەكدا دەدرێت بە هیچ ستراتیژێك ئاسایی نابێتەوە. 
ئایا سیاسیەكانی عێراق و كوردستان تا چەند خۆیان لە هاوسەنگكردن و پاراستنی دۆخەكە راگرتووە؟! ئایا لە دوای 12/5ـەوە تەواوی ئامادەییان هەیە بۆ بەریوەبردنی دەوڵەت یان لەبەر مقۆمقۆی سیاسی و بەردەو بێنەی پشكەكان گوێ لەو مەسەلەیە دەخەوێنن و دواتر ئاكامەكەی بە تاڵًی دەچێژن؟!   
هەموو ئاماژەكان لە كۆشكی سپییەوە دەڵێن رێكەوتننامەی ئەتۆمی بوو بە رابردوو، تەنها راگەیاندنی بەسەرچوونی ماوە، چونكە هەموو هەوڵەكانی چین و رووسیاو ئەوروپا بەرامبەر بە ئەمریكا هیچیان نەكرد و ئەوەتا تا دێت هێز لەناوچەكە زیاتر كۆدەكاتەوە. 
ئیران دوو چارەنووسی لەبەردەمە یان دەبێت وەك سەدام حوسێن كۆتایی بەخۆی بهێنێت، یان دەبێت وەك كۆریای باكور كۆتایی بە بەرنامە ئەتۆمییەكەی بهێنێت و ئەگەرنا كۆتایی بە ئاوەدانی لە تەواوی ناوچەكە دێت.

‌ 492 جار بینراوه‌
19/05/2018
Print Friendly and PDF
بابەتەکانی تری نوسەر
Telerik
راپرسی
کێ بەرپرسە لەم دۆخەی ئێستای کوردستان؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved