وتار
ئەگەر هێزی چەكداریان هەبووایە چییان دەكرد؟!

* بورهان حاجی سلێمان


بەپێی ئەو ئەنجامانەی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان لە عێراق بڵاوی كردۆتەومە، لەم هەلو مەرجە سەختەی كە كەركوكی تێدا گوزەر دەكات، كورد یان راستتر یەكیتی نیشتمانی كوردستان نیوی كورسییەكانی شارەكەی بۆ نەتەوەكەی خۆی بەدەستهێناوە، ئەمەش نەیارانی كوردی توشی شۆك كردووە، چونكە بەگوێرەی تێگیشتنە هەڵەكەیان لە پرۆسەی دیموكراسی نابێت لە غیابی هێزی سەربازیدا براوە بیت!
تۆ لەو لایەنانەی سەر بە پێكهاتەكانی دیكە گەڕێ، ئەوان شەڕی كورد وەكو پرەنسیپ و ئیستحقاقات و مەرجەكەكانی (ممول) و فەرمانێكی هەرێمایەتی دەكەن، لەوش باشتریان لێ چاوەڕێ ناكرێت و بۆ منی كورد بەهیچ جۆرێك مایەی داخ نییە، بەڵام ئەوەی جێگەی بێزاری هەموو كەركوكییەكی بەشەرەفە، هێزێكی كوردی كە كەركوكییەكانی جێهێشتووەو بەناوە بایكۆتی هەڵبژاردنەكانی لەو پارێزگایە كردووە، دێت ئەنجامەكانی رەت دەكاتەوە، هەرچەندە ئەمە بۆ ئەو هێزە رەفتارێكی چاوەڕانكراوە، بەڵام لەوە كارەساتتر پشتگیری ئەو وردە لایەنە كوردیانەیە كە بەر لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكانیش شكستییان وەكو هەتاو دیاربوو، چونكە لە چەندین هەڵبژاردنی پێشوودا بە بەشداریكردنیان بە لیستی سەربەخۆو پەرتەوازە، جگە لە سوتاندی دەیان هەزار دەنگی كورد لە كەركوك، هیچی دیكەیان پێنەكرا كەچی ئێستا بوونەتە داكۆكیكارێكی سەرسەختی عەرەبی شۆڤینی و توركمانی تورانی كە تا هەنوكە پیلانەكانیان بۆ پەڕوباڵكردنی كورد لە كەركوك بەردەوامە، لە بەرانبەردا یەكێتی بە كێرفێكی جێگیر و هەندێ جاریش بەرەو سەرووتر هەنگاو دەنێت و متمانەی زۆرینەی كەركوكییەكان بەدەست دێنێتەوە، بەتایبەتی لەم هەڵبژاردنەدا كە پیلانی دەرەكی و ناوخۆیی بۆ ساردكردنەوەی كوردی كەركوك لە پرۆسەی دەنگدان یەكانگیربووبوون و پیلان و مەترسییەكان لە هەموو لایەكەوە روویان لە قودسی كوردستان كردبوو، بەڵام وەكو هەمیشە كەركوكییەكان گرەوەكەیان بردەوەو متمانەیان دا بەو هێزەی لە رۆژە سەختەكاندا لەگەڵیاندا مایەوە.
بە ئەندازەی بردنەوە لە هەڵبژاردنەكاندا، قبوڵ كردنی شكست و داننان بەڕاستییەكاندا گرنگە، چونكە رووی راستی هەر حیزب و لایەنێك دەردەخات... یەكێتییەكی خاوەن هیز و دەسەڵات و بنكەی جەماوەری، كاتێك لە هەڵبژاردنەكانی پێشووتری هەرێم ئەنجامەكان بە قەد قەبارەی خۆی ناهاتەوە، پەنای نەبردە بەر هێز و لە بری رەتكردنەوەی ئەنجامەكان، رێزی لێ گرت و وەكو تاقیكردنەوەیەك لێی روانی بۆ بەخۆداچوونەوە، بۆیە دەبێت بە هەمان نەفەس ئەو هێزانەی دیكە كە دەنگی یەكتریان بردووەو بەهۆیەوە بچوكتر بوونەوتەوە، قبوڵی شكستییەكانیان بكەن و لە بری تۆمەت بەخشینەوە، بەدوای هۆكارە راستەقینەكانی شكستییەكانیادا بگەڕێن، كە من پێموایە دۆزینەوەیان ئەوەندە كارێكی دژوار نییە، بەتایبەتی بۆ ئەو هێزانەی لە قسە زیاتر هیچی دیكە لە هەگبەكانیاندا نییە، بەڵام وەكو دەڵێن ئەگەر خودا قاچی بەخشیبا بە مار، دەبوایە باڵیش بدات بە مرۆڤ، بۆیە ئەگەر ئەو لایەنانە هێزی سەربازیان هەبوویایە، هەر كۆڵانێكی ئەم هەرێمە ئیمارەتێك دەبوو، دۆڕانیشیان لە فەرهەنگی هەڵبژاردنەكاندا دەسڕیەوە ... خوا تا كێو نەبینێ بەفری تێدا ناكات!  

‌ 387 جار بینراوه‌
19/05/2018
Print Friendly and PDF
بابەتەکانی تری نوسەر
Telerik
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved