وتار
كورد لە عێراقی دوای ریفراندۆم

هیوا نه‌جات


پێكهێنانی حوكمەتی داهاتوی عێراق بە گریمانەو خوێندنەوەی سیاسی نەبێت، قسەی كۆتایی لەو بارەیەوە نەگونجاوە، تەنها ئەگەر پێشتر رێككەوتنی لەسەر كرابێت و ئەمەش تەنها لای سەركردە باڵاكانی چەند حیزبێكەوە بزانرێت لەبەر ئەوەی دەتوانن بەشێكبن لە گۆڕانكاری پڕۆسەی سیاسی داهاتوی عێراق.
ئەو گریمانەو خوێندنەوانەی لای ئێمە كۆبونەتەوە بەم شێوازەیە: بەو پێیەی پڕۆسەی هەڵبژاردنی عێراق لەلایەن چەندین حیزبەوە لەسەرتاسەری عێراق تانەی لێدراو رەتكرایەوەو بە رێژەیی لە زۆرترینی ناوچەكان ئەنجامی هەڵبژاردنەكان پێشوەختە دیاری كرابوون، كەواتە حوكمەتی داهاتوی عێراقیش بەهەمانشێوە دیاری كراوەو یەكلایی كراوەتەوە، بۆ چوار ساڵی داهاتوو كە پڕۆسەی سیاسی چۆن بەڕێوە بچێت.
ئەم هەموو كۆبوونەوە خێراو یەك لەدوای یەكانەش جگە لە تەواو كردنی دیوی دوەمی شانۆگەریەكە هیچی تر نابێت، لە پێناو بەڕاستیكردنی پڕۆسەكەو سەرقاڵكردنی هەموو لایەن و پێكهاتەكان بە دروستكردنی حوكمەتێكی نوێوە.
ناڵێم حوكمەتی داهاتوو سەدا سەد دیاری كراوەو یەكلا بوەتەوە چۆن دەبێت، بەڵام بە رێژەیی هەیكەلی حكومەت و سیاسەتی داهاتوی عێراق قەڵەمی لێدراوەو كار بۆ ئەو ئەنجامە دەكرێت و هەموو پۆستە هەستیارو گرنگەكان یەكلا كراونەتەوەو ئەوەی ماوەتەوە بۆ بێدەنگردن و رازیكردنی هەموو لایەنەكانە لە پێناو متمانەدان بە حكومەت و رازیكردن ئەو لایەنانەی كە توشی شۆك هاتون و نایانەوێت پڕۆسەكە بەم شێوەیە قبوڵ بكەن.
عێراق ئەو تەختەی شەترەنجەیە كە ئەمریكاو ئێران یاری لەسەر دەكەن، و هەر لایەك لەپێش هەڵبژاردنەكانەوە خەریكی ئەم یارییە بوونەو هەوڵی بەكۆتاهێنانی لەسەر بەرژەوەندی خۆیان دەبێت و بۆ گەلی عێراقیش جگە لە قوربانی سیاسەتی هەڵەی سەركردەكانیان و باجی نەبوونی هۆشیاری، ئومێد لە هیچ ناوچەیەك بەدی ناكرێت.
هەر لیست و قەوارەیەك كە دادەنیشن و كۆبونەوە دەكەن تەنها بۆ تەواو كردنی یارییەكەیەو سودمەندبوونە لە پێناو بەرژەوەندی حیزبی و كەسی، چونكە زۆربەی پارتە سیاسییەكانی عێراق لەبەرانبەر سەركەوتن لە هەڵبژاردن و مانەوە لە پڕۆسەی سیاسی عێراق و بەرژەوەندی شەخسی و حیزبی خۆیان پێشتر رێككەوتنیان لەگەڵ كراوەو رازیبوونە بە دەرئەنجامەكان، رونتر بڵێم لەپێناو ئەو دەستكەوتانەی كە وتم، تەنازولیان پێكراوە لەسەر دەستبەرداربوون لە هەموو مافە نەتەوەیی و نیشتیمانییەكان.
بەپێی ئەو نزیكییە لە نێوان موقتەدا سەدرو حەیدەر عەبادیدا كە پەسەندی ئەمریكان و ئەو جیاوازییەی كەوتوەتە نێوانیان لەگەڵ نوری مالیكی و هادی عامری لەبەرەیەكی تردا كە لە ئێرانەوە نزیكن، سونەكانیش پێیانباشە لە گەڵ موقتەدا سەدرو حەیدەر عەبادی بەژداری حكومەت بكەن، لەبری پشتگیری لە نوێنەرە ئێرانیەكان.
بەوپێیەی ئەمریكا هەوڵەكانی بۆ سەپاندنی سزاكانی بەسەر ئێراندا چڕكردۆتەوە و گریمانەكان وای دەردەخەن هەرچەندە پێكهێنانی حوكمەتی داهاتوی عێراق بێ جێدەستی ئێران نابێت، بەڵام دواجار بە ویستی ئەمریكاو بەپێ ی ئەو پلانە دەڕوات كە لە پێش هەڵبژاردنەكانەوە بڕیاری لەسەر دابوو.
ئەو رونكردنەوانەی خستمە روو بەهەمان شێوە بەسەر هەرێمی كوردستاندا جێبەجێ دەبێت و، عێراقی ساڵی2018 وەك عێراقی دوای 2014 نابێت كە ئەوكات نیوەی خاكی عێراق لەژێر دەسەڵاتی داعشدا بوو، لەگەڵ شكستهێنان بە ریفراندۆمی كوردستان و جارێكیتر دیاریكردنەوەی سنوور لەلایەن حوكمەتی عێراقەوە كە ئەمە بە خاڵی هەرە لاوازی سەركردایەتی كوردی دادەنرێت. ئەمجارەیان گۆڕانكارییەكان لەبەرژەوەندی كورد ناشكێنەوە لە كاتێكدا كورد بونەتە سێ بەرە كە یەكێتی و پارتی لەگەڵ ئەو كەمینانەی تر كە چارەنوسیان بەنادیاری ماوەتەوە.
جگە لەوەی كورد بە یەكڕیزی و گوتاری نیشتیمانی ناچێتەوە بەغداد بەڵكو هیچ پێكەوە سازانێكیش بەدی ناكرێت لەنێو پارتە كوردییەكان، تەنانەت پارتی و یەكێتیش وەك دوو براوەی هەڵبژاردنەكان لە شارە كوردنشینەكان هەوڵ بۆ پاراستی بەرژەوەندییە تایبەتییەكانیان دەدەن، بۆیە كوردیش سیاسەتی رون و بەهێزو نیشتیمانی نییە، رۆڵێكی بەهێزی لە پڕۆسەی سیاسی عێراق نابێت وەك ئەوەی ئومێدمان بۆ دەخواست. 
ئەگەر بەژداری لە پۆستە گرنگەكانیش هەبێت ئەوا كارتۆنی و بێكاریگەر دەبێت، چونكە كورد و خاكی كوردستان پێویستی بە یەك گوتارو یەك هەڵوێستی نیشتیمانی هەیەو، هیچ لایەنێك ناتوانێت نوێنەرایەتی هەموو كورد بكات.


‌ 406 جار بینراوه‌
26/05/2018
Print Friendly and PDF
بابەتەکانی تری نوسەر
Telerik
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved