وتار
لە پەراوێزی پێكهێنانی كابینەی چواردا (خوێندنەوەیەكی یاسایی و دەستوری)

هەوارس شوانى

پرسی پێكهێنانی كابینەی چواری حكومەتی عێراق، شەقام و ناوەندە جیا جیاكانی تەنیوە و بۆتە باسێكی گەرمی رۆژ، هەر كەسەو بەشێوەیەك، لە گۆشە نیگایەكی تایبەت، وە لە روانگە بیروباوەڕێی جیاوە شەن و كەوی ئەم باسە دەكەن، ئەمەش هۆكارەكەی دەگەرێتەوە بۆ ئاڵۆزی پێكهاتەی قەوارە و لیستەكانی هەڵبژاردن و سەنگ و قورسایی و ركابەرێی كاراكتەرە سیاسیە بەهێزەكانی ناو هاوپەیمانی و لیستە جیاوازەكانی هەڵبژاردنەوە .
كابینەی چوار چۆن پێك دیت ؟ 
دەستوری ساڵی 2005 ی عێراقی چۆن ئەم بابەتەی ریكخستوە ؟
دەستور بەرزترین و باڵاترین یاسا یە لە وڵاتدا، یەكێك لە ئەركە سەرەكیەكانی دەستور رێكخستنی دەسەڵاتەكانە (دەسەڵاتی یاسادانان، دەسەڵاتی جێبەجئ كردن و دەسەڵاتی دادوەری) . بۆ رێگەگرتن لە دروستبوونی هەر فەراغێكیش یان بۆشاییەكی سیاسی و ئیداری لە دەسەڵاتی جێبەجێ كردندا ئەركی دەستورە خاڵ لەسەر پیتەكان دابنێت و بابەتی پێكهێنانی حكومەت لە چوار چیوەیەكی گشتی دا رێكبخات، هەر بۆیە لە مادە 76 ی دەستوری عێراقی ساڵی 2005 هاتوە: ( سەرۆك كۆمار هەڵدەستێت بە راسپاردنی كاندیدی باڵی زۆرینەی پەرلەمان ( الكتلە النیابیە الاكپر عددا) بۆ پێكهێنانی كابینەكەی لە ماوەی 15 رۆژ لە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماردا) .
ئەم دەقە دەستوریە لە راستی دا دەقێكی ئاڵۆزو ناڕونەو ناكۆكی سیاسی و پەرلەمانی لێ بۆتەوە، چونكە رونی نەكردۆتەوە كە مەبەست چییە لە ( الكتلە النیابیە الاكثر عددا)؟
ئایا ئەو لیستەیە كە لە هەڵبژاردنەكاندا براوە بووە یاخود گەورەترین فراكسیۆنی ناو پەرلەمانە؟.
هەر بە هۆی ئەم ناڕونی و ئەم ئاڵۆزیەوە لایەنەكان لە ساڵی 2010 لە سەروبەندی پێكهێنانی كابینەی دوو دا پەنایان بردە بەر دادگایی دەستوری ( دادگایی فیدراڵی ) بۆ ئەوەی پوختەی ئەم دەقە دەستوریە شی بكاتەوەو ئاوێك بەسەر ئەو ئاگرەكەدا بكات، بۆ ئەم مەبەستەش دادگایی دەستوریش لە بەرواری (25\3\ 2010) بە بریارێكی دەستوری روانینی خۆی لەسەر ِ ئەم پرسە خستە روو كەوا مەبەست لەم دەستەواژەی ( الكتلە النیابیە الاكثر عددا)ە بریتیە : لەو لیستەی كە بەیەك ناو و بە یەك ژمارە بەشداری هەڵبژاردنە پەرلەمانیەكەی كردوەو بۆتە براوەی هەڵبژاردن و زۆرترین رێژەی كورسی هەڵبژاردنی بردوە، یان ئەو كوتلەیەی كە دوو لیست یان دوو قەوارە زیاتر بە ژمارەو ناوی جیاواز كە لە هەڵبژاردنەكاندا بەشداریان كردوە پاشان لە ناو پەرلەماندا هاوپەیمانیەتیەك دەبەستن و كوتلەیەك پێكدەهێنن، كامیان ژمارەی پەرلەمانتارەكانیان زیاتر بوو سەرۆك كۆمار كاندیدی ئەو كوتلەیە رادەسپێریت بۆ پێكهینانی حكومەت ).
سەرەڕای نارونی ئەم تەفسیرە دەستوریەی دادگایی فیدرالی، بەڵام بە بۆچونی ئێمە جیاوازی هەیە لە نێوان لیستی براوەی هەڵبژاردن و باڵی زۆرینەی پەرلەماندا، لیستی براوەی هەڵبژاردن ئەو لیستەیە یان ئەو قەوارەیەیە كە بە یەك ناو و بە یەك ژمارە بەژداری پرۆسەی هەڵبژاردنیان كردوە و زۆرترین رێژەی كورسی هەڵبژاردنی بردوە بە بەراورد بە لیستی دووەم، بەڵام كوتلەی پەرلەمانی زۆرینە (باڵی زۆرینە) ئەو كوتلەیەیە كە لە دوایی هەڵبژاردندا چەند لیستێك لە رێگەی هاو پەیمانیەتكدا لە ناو پەرلەماندا یەكدەگرن و زۆرینەی پەرلەمان پێكدەهێن، بە واتایەكی تر وشەی كوتلەی زۆرینەی پەرلەمانتار ( الكتلە النیابیە الاكثر عددا) فراوانترە لە لیستی براوەی هەڵبژاردنەكان، بۆیە بە گوێرەی مادە 76 ی دەستوری عێراقی مافی پێكهینانی كابینەی حكومەتی هەیە.

كێ كابینەی چوار پێك دەهێنیت ؟
لە دوایی راگەیاندی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنەوە لە لایەن كۆمسیۆنی بالای هەڵبژاردنەكانەوە، لیست و قەوارەو هێزە سیاسەكان سەرگەرمی پرسی پێكهێنانی كابینەی چوارن، زۆر كەس لە شەقامی كوردیدا پێیان وایە جلەوەی ئەم كابینەیەی حكومەت دەكەویتە دەست موقتدا سەدرەوە یان كاندیدی موقتەدا سەدرەوە، چونكە لیستەكەی موقتەدا سەدر براوەی ئەم جارەی هەڵبژاردنەكان بووە، لە راستی دا ئەم بۆچونە لە روی یاسایەوە هەڵەیە و دووری نابینم هێزە شیعەكان بە تایبەت دەوڵەتی یاسا و لیستی نەسر لە رێگەی هاوپەیمانیەتیەكەوە لە گەڵ چەند هێزێكی تردا جلەوەی ئەم چوار ساڵەی داهاتوی حكومەت بگرنە دەست و موقتەدا سەدر بخزێنە ناو ئەو چاڵەی كە 8 ساڵ پێش ئیستا بۆ ئەیاد عەلاوی هەڵكەندرا.
یان ئەوەتا ئەم خولەش تەنها دووبارەكردنەوەی خولەكانی پێشترە وخولانەوەیە لە بازنەیەكی بۆشدا، دەبێت ئاوات بۆ ڕابووردوو بخوازین و چاوەڕوانی زەمانە بكەین بۆ وەڵام وەرگرتنەوەی پرسیارەكان!!!
* خوێندكاری دكتۆرا

‌ 399 جار بینراوه‌
26/05/2018
Print Friendly and PDF
بابەتەکانی تری نوسەر
هیچ داتایه‌ک به‌رده‌ست نیه‌ .
Telerik
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved