وتار
ئەردۆگان توركیا بەرەو چ ئایندەیەك دەبات ؟

نەوزادی موهەندیس

وابڕیارە كە لە 24/6/2018دا هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی كۆمار و پەڕلەمانی پێشوەختە لە توركیادا سازبدرێت،لەسەر داوای ئەردۆگان و ئاك پارتی،چونكە گەرەكێتی ساڵێك و 5 مانگ لە پێش كاتی بڕیارلێدراوی خۆیدا كە دەبوو لە مانگی نۆڤەمبەری 2019دا سازبكرایە بەپێی ئەو هەموارەی كەلەدەستوری توركیادا كرا ئەنجام بدرێت. بەڵام حەز و ویستە كەسیەكانی ئەردۆگان بۆئەوەی هەرچی زووترەببێتە دیكتاتۆر و سیستەمی حوكمڕانی لەتوركیادا لە پەڕلەمانیەوە بگۆڕێتە سەرۆكایەتی و بۆخۆی ببێتە بكوژ و ببڕ لە توركیادا و تەواوی دەسەڵاتەكان لە لای خۆی كۆبكاتەوە و سەردەمی تاك سەركردەیە و تاك حیزبی دەسەڵاتدار ببوژێنێتەوە،كە ئەمە بۆ یەكەم جارە لە دەوڵەتی نوێی توركیادا كەلەساڵی 1923وە دامەزراوە ڕووبدات،تەنانەت لەسەردەمی كمال ئەتاتوركیشدا وانەبوە و هەمیشە سیستەمی پەڕلەمانی پیادە كراوە بۆ ڕێگرتن لە دروستبوونی دیكتاتۆریەت.
ئەردۆگان لەم هەڵبژاردنەدا پشتی بەستوە بە حیزبی نەتەوەیی توركیا بە ڕابەرایەتی دەوڵەت باخچەلی كە دوژمنێكی سەرسەختی مەسەلەی كورد و كوردایەتی و هەموو مافێكی كوردانە و ئەردۆگانیش ئەم هەل و چانسە لەكیس خۆی ناداتو گەرەكێتی بەم هاوپەیمانیە شەڕانیە ببێتە تاكڕەو لەتوركیادا و بەم شێوەیەش ڕووی ڕاستەقینەی خۆی دەردەخات لەوەی كە هیچ كات بڕوای بە نەدیموكراسیەت هەبوە نە بە ئازادی و نە بەمافی كەمینەكان و هەمیشە لەناخیدا تۆوی دووبەرەكی و توندوتیژی شاردۆتەوە  ولە ئێستادا كە گەرەكێتی تەواوی دەسەڵاتەكان لای خۆی كۆبكاتەوە ئەوكات بەتەواوەتی  ڕووی ڕاستەقینەی دزێو و شەڕانگێزی خۆی پیشانی هەموان دەدات بەتایبەت هێزە نەتەوەیی و دیموكراسی و عیلمانی و سۆسیالیستەكان. ئەرۆدگان لەسەر بنەمای ((لەپێناو بەئامانج گەیشتندا هەموو كارێك ڕەوایە))،لەهیچ كۆسپ و تەگەرە و ڕێگریەكی یاسایی و ئەخلاقی و ئاینیش ناپرینگێتەوە و تەنها ئامانجەكانی خۆی لامەبەستە.
بەڵام ئەم هەڵبژاردنە زۆر سانا و ئاسان نایەتە دەستی ئەردۆگانەوە چونكە دوو حیزبی سەرەكی جەهەپە و هەدەپە بەتوندی دژی پڕۆژە و پیلان و خەونەكانی ئەردۆگانن و سەرسەختانەش بەرگری لە بڕوا و بەرنامەكانی خۆیان دەكەن و بونەتە ڕێگری سەرەكی و لەبەرامبەر ئەردۆگانیشدا كاندیدی خۆیان پاڵاوتوە بۆ سەرۆكایەتی كۆماركە بریتین لە هەریەكە لە((صلاح الدین دیمێرتاش/لەهەدەپە و محرم ئینجە        لە جەهەپە))،بۆیە بەهۆی ڕووداوەكانی دوای كودەتا سەرنەكەوتوەكەی ساڵی 2016و گرتن و ڕاوەدونان و سزادانی سەدان هەزار كەسی مەدەنی و سەربازی و خێزانەكانیان لە توركیادا وداواكردنی فتحالله گولەنیش لەئەمریكا كە ڕابەری ڕەوتی خزمەتە و زۆریش بەهێزە و خاوەن جەماوەرێكی پانوپۆڕە لەتوركیادا و هەروەها بەهۆی كێشە و ناكۆكیە سیاسیەكانی توركیا و ئەردۆگان لەگەڵ دەرودراوسێكان لە عێراق و سوریا و ئیسڕائیل و میسر و تەنانەتوڵاتانی كەنداو لە سعودیە و ئیمارات و دواتریش بۆ ئێران و ڕوسیا و لەكۆتایشدا ئەمریكا و تەواوی ئەوروپادا لەسەر مەسەی تیرۆر و پشتیوانی لەتیرۆریستان و پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ و دیموكراسیەت و ئازادیەكانی تاكەكەسی و گروپ و ڕۆناژمە و میدیاكانو كێشە و گرفتە ئابوریی و داراییەكان كەلە ئێستادا لە قوڵترین و سەخترین قۆناغیدایە و نرخی لیرەی توركی بەڕادەیەك دابەزیوە كە زۆر مەترسیدارەو بۆتە هۆی بێ‌ كاری و هەڵاوسان،ئەمە سەرەڕای  كێشە و گرفتەكانی لەبواری پەروەردە و فێركردن و گەنجان و خوێندكاران و ...هتد.و كێشەی ئاوارە سوریەكان و تیرۆریستانی داعش و..هتد. كە هەموانیان كۆمەڵە كێشەیەكن كە بە ئاسانی چانسی ئەردۆگان ڕەش دەكەن و هیوای سەركەوتنیش كەم دەكەنەوە ئەگەر بەتەواوەتی نەیسڕنەوە.
بۆیە ئەم هەڵبژاردنە بۆ ئەردۆگان و ئاكپارتی دوا چانس و چارەنوسسازیشە،چونكە بە بردنەوەی ئەردۆگان دەتوانێت تا 10 ساڵی تر ببێتە سەرۆكێكی تاكڕەو و ئاكپارتیش لەدەسەڵاتدا بمێنێتەوە وبەمەش گرەوە گەورەكەی خۆی  و خەونە سوڵتانیەكەی بباتەوە و بهێنێتەدی و ئەگەریش دۆڕا ئەوە بۆ هەتاهەتایە ئەردۆگان و پارتەكەشی دەچنە زبڵدانی مێژوەوە و لەبیر دەكرێن و كۆتایی بە ژیانی سیاسیان دەهێنرێت،هەربۆیە ئەردۆگان هەموو هەوڵێك دەدات بۆ سەركەوتنو ئامادەشە نەرمونیانی و تەنانەت تەنازولیش بكات بۆ داواكاریەكانی كەمینە نەتەوەیی و مەزهەبی و ئاینیەكانیش لە كورد و عەلەویەكان و چەركس و....هتد.
بۆیە ئەرۆدۆگان بە بردنەوەی یان بەدۆڕاندنی چارەنوسی توركیا بەرەو ئایندەیەكی نادیار دەبات ،چونكە لەسەركەوتنیدا هێندەی تر مەغرور و توشی نەخۆشی خۆبەزلزانین و بەهێزی دەبێت و خۆی لێدەبێتە سوڵتانەكانی عوسمانی و خۆی بەدەم ڕاستی وڵاتانی ئیسلامی و ناوچەكە دادەنێت و بەمەش كێشە و گرفتی ئاڵۆزتر دەخوڵقێنێت و توركیاش هێندەی تر دادەبڕێت و كەنارگیری دەخات كە هەموو ئەم كێشانەی ڕووبەڕووی ناوچەكە و گەلانی دەكاتەوە و بەمەش ئایندەیەكی ڕەش و نادیار دەنەخشێنێت،بەپێچەوانەشەوە لەكاتی دۆڕانیدا توركیا دەبێتە وڵاتێكی بێسەروبەرەیی و فەوزا و گەڕانەوەی دەسەڵاتی سەربازەكان و تەنانەت ئەگەری سەرهەڵدانی جەنگی ناوخۆیی نەتەوەیی و مەزهەبی و ئاینیش بەدوور نازانرێت و بەمەش توركیا دەبێتە گۆمی توندڕەوی و خوێناوی لە ناوچەكەدا وكاریگەریە خراپەكانیشی پەخش دەكاتەوە بەسەر ناوچەكەدا و ئایندەیەكی تارك و تون گەرچی بۆ ماوەیەكیش بێت ڕووبەڕوی توركیا و گەلانی توركیا دەكاتەوە.
بۆیە ئەردۆگان و ئاكپارتی و سیاسەتەكانی بەڕاستی بونەتە جێگەی مەترسی بۆ تەواوی ناوچەكە و خودی توركیاش و كۆتایهاتنی ئەم قۆناغە لە ژیانی سیاسی توركیادا بۆتە كارێكی ئێجگار پێویست،و لە ئێستادا زۆرینەی حیزب و سەركردە سیاسیەكان و جەماوەری توركیاش بونەتە ناڕازی لەسیاسەتەكانی ئەردۆگان ، بەمەش كورد لەلایەك و لەلایەكی تریشەوە تەواوی گەلانی توركیا و ناوچەكەش قازانج دەكەن و لە كەسێكی مەغرور وسەركێش ڕزگاریان دەبێت و ئاشتی و ئارامیش بۆ ناوچەكە دەگەڕێتەوە و دەروازەیەكی گەورەش بەڕووی چارەسەر مەسەلەی كوردا دەكرێتەوە لەباكوری كوردستاندا. لێدانێكی بەهێزیش دەبێت بۆ هەموو هێزە تیرۆریستەكان و داعش و ئەوانی تر و دەشبێتە هەنگاوێك بە ئاڕاستەی چارەسەری كێشەی سوریا و هەركاتیش ئەمە هاتە دی ئەوا سێبەر و هەوری جەنگێكی گەورەی ناوچەیی و دونیایی لە نێوان ڕوسیا و ئەمریكادا دەڕەوێتەوەو ئاشتی و ئارامی جیهانیش تاڕادەیەك دەچەسپێت و هەموان لەجەنگ و كاولكاریەكی حەتمی دوور دەكەونەوە

‌ 707 جار بینراوه‌
31/05/2018
Print Friendly and PDF
بابەتەکانی تری نوسەر
Telerik
راپرسی
?? ?????????? ??????? ???? ?? ??? ???? ??????

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved