وتار
گۆڕان بەرەو بچووك بوونەوەی زیاتر

بەهزاد ئەحمەد


زۆرینەی خەڵكی كوردستان ویستی شەڕی هەیە حەزدەكات لایەنێك لایەنێكی تر بەتەواوی بسڕێتەوە لە ساڵانی نەوەتەكان هەرێمی كوردستان دوو ئابلوقەی ئابووری لەسەر بوو گوزەرانی خەڵكی لەوپەڕی خراپی دابوو لەگەڵ ئەوەشدا شەڕی براكوژی هەڵگیرسا، بەڵام خەڵكی ماندوو نەدەبوون لەشەڕ فەرماندەیەكی سەربازی نەبوو وەك ناڕەزاییەتییەك چەك دابنێت بڵێت ئیدی شەڕی براكەی خۆم ناكەم.
كاتێ رێكەوتننامەی واشنتۆن واژووكرا لەنێوان مام جەلال و مسعود بارزانی بەدوای دا رێكەوتننامەی ستراتیژی نێوانیان كە بووە هۆی وەستانی شەڕ بەدوایدا كردنەوەی بارەگاكانی هەردوو حزب  لە سنوری سەوز و زەرد و تێكەڵكردنەوەی ئیدارە و تاڕادەیەك كاركرا بۆ سڕینەوەی ئاسەوارەكانی شەڕی براكوژی ئەم هەنگاوانە زۆرینەی خەڵكی كوردستانی نیگەران كردبوو تا وایلێهات بە ئاشكرا رەخنە لە رێكەوتنی  ستراتیژی دەگیرا بە دیكتاتۆرییەت و دابەشكردنی كوردستان ...تد ناودەبرا.
هەموو ئەمانە  زەمینە خۆشكەربوون بۆ دروستبوونی هێزێكی سیاسی نوێ ئەوە بوو گۆڕان دروست بوو لەیەكەم ئەزموونی هەڵبژاردنی دا توانی 25 كورسی پەرلەمانی بهێنێت ، دەنگدەرانی بزووتنەوەكە پێیان وابوو گۆڕان عەرشی بنەماڵەی بارزانی و پارتی دەهەژێنێت هەر لەسەر ئەو بنەمایەش دەنگیان پێدا چونكە دەنگدەرەكانیان گرفتێكی وایان لەگەڵ یەكێتی نەبوو تاكە گلەییان لەیەكێتی ئەوەبوو كە نەرمە لە ئاستی پارتی .
رێكەوتنامەی شەرەفی نێوان گۆڕان و پارتی  و كۆبوونەوەی  ژوورە داخراوەكانی گۆڕان و پارتی كە دواتر ڤیدیۆی ناو كۆبوونەوەكان گەیشتە دەست یەكێتی كە سەركردەكانی گۆڕان و پارتی بە پێكەنینەوە دەیان ووت یەكێتی نەماوە ئەمانە وایكرد ژمارەیەكی زۆری دەنگدەرانی گۆڕان پەشیمان بنەوە لەوەی دەنگیان بەگۆڕان داوە خۆیان بە فریودراو دەزانی، چونكە بۆیان  روون بووەوە ئامانجی گۆڕان لەناوبردنی یەكێتییە نەك پارتی لەكاتێكدا ئەوان بۆیە دەنگیان بە گۆڕان دابوو پارتییان بۆ لاواز بكات.
ئیدی لەوكاتەوە تادەهات دەنگی گۆڕان  لەهەڵبژاردنەكان كەمی دەكرد لێدانی پەرلەمانتارەكانی  گۆڕان لەناو حەرەمی پەرلەمان و سوتاندنی بارەگانیان و تاشینی سەروبرۆی ئەندامەكانیان و دەركردنی وەزیر و پەرلەمانتارەكانیان لەهەولێر دەستەوەستانی گۆڕان كە جگە لە بەیاننامە هیچی تری پێنەكرا هێندەی تر دەنگدەرەكانیان  هەستیان بە بەشیمانی كرد پێیان وابوو هێزێك نەتوانێ پەرلەمانتارەكانی بپارێزێت ئیدی چۆن دەتوانێ خەونەكانی ئەوان بەدیبهێنێت كە وەك ئاماژەم پێدابوو لاوازكردنی پارتی بوو.
سەفەری كاك نەوشیروان بۆ بەریتانیا و بێ ئەوەی جەماوەری گۆڕان هۆكاری سەفەرەكەی بزانن هێندەی تر ئەو بزوتنەوەیەی لاوازكرد، دواتریش بە مردنی كاك نەوشیروان و پەراوێزخستنی گەنجانی ناوبزووتنەوەكە و دورستكردنی خانەی راپەڕاندن كە پێكهاتبوون لە پیرەكانی ناو یەكێتی كە زیاتر لە ئەنجومەنی پیرانی دەكرد هێندەی تر خەونی گەنجانی بزووتنەوەكەی لەباربرد.
هەڵە و بێدەسەڵاتییەكانی گۆڕان ژینكەی رەخساند بۆ دروستبوونی هێزێكی نوێ ئەوە بوو شاسوار عەبدولواحێد ئەم دەرفەتەی قۆستەوە هەزاران گەنجی چالاكی بزووتنەوەی گۆڕانی بۆ لای جوڵانەوەكەی راكێشا دژ وەستانەوەی شاسوار وگروپەكەی لە ریفراندۆم و بێ هەڵوێستی بزووتنەوەی گۆڕان بەرامبەر ریفراندۆم دەنگدانی سەركردەكانی گۆڕان لەسەرووی هەمووشیانەوە عومەری سەیدی عەلی رێكخەر بە ریفراندۆم هێندەی تر دەرفەتی بۆ شاسوار رەخساند كە كار لەسەر دەنگەكانی گۆڕان بكات و تاڕادەیەكی باش سەركەوتوو بوو.
میدیای گۆڕان هۆكارێكی تری شكستەكانی گۆڕان بوو كە جگە لە زۆر وتن و جنێو و تەشهیر و بۆلەَ بۆڵ نەیانتوانی بە ئەندازەی  میدیای كۆمپانیای نالیا كاریگەری دروست بكەن .
هەروەها بوونی ئیخوانەكانی ناو گۆڕان هۆكارێكی تری شكستەكانن خەڵكی كوردستان سۆزی بۆ حزبی ئیسلامی نییە كردەوەكانی جوندولئیسلام و ئەلقاعیدە و بەدوایشدا داعش هێندەی تر خەڵكی كوردستانی رق ئەستورتركرد بەرامبەر گۆڕان كاتێك دەیانبینی كۆنە ئیخوانەكان ململانێی كۆنە یەكێتییەكانی ناوگۆڕان دەكەن بۆ دەستبەسەراگرتنی بزووتنەوەكە.
قبووڵ نەكردنی رەخنە و رای جیاواز لەنێو گۆڕان هۆكارێكی گەورەی شكستی گۆڕانە هەڕەشەكردنە لەو گۆڕانخوازانەی رەخنە لەبزووتنەوەكە دەگرن و لێدان لە رۆژنامەنووس و هەڵسوڕاو سەباح عەلی قارەمان  لەلایەن سەركەوتی كوبەوە لەسەر رەخنە هێندەتر بانگەشەكانی گۆڕانی لەبارەی جیاوازیان لە یەكێتی و پارتی كردە ژێر پرسیارەوە.
چاوڕوان دەكرێت لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان كە بڕیارە لە 30ـی ئەیلوولی ئەمساڵ بكرێت مەرگی كۆتایی بزووتنەوەی گۆڕان رابگەیەندرێت وەك ئاماژەم پێدا بزووتنەوەی گۆڕان ئەو  بزووتنەوەیە نەبوو كە دەنگدەرەكانیان خەونەكانیان لەسەر هەڵچنی بوو، و بەدیلی بزووتنەوەكە دروست بووە كە ئەویش جوڵانەوەی نەوەی نوێیە.

‌ 562 جار بینراوه‌
02/06/2018
Print Friendly and PDF
بابەتەکانی تری نوسەر
هیچ داتایه‌ک به‌رده‌ست نیه‌ .
Telerik
راپرسی
کێ بەرپرسە لەم دۆخەی ئێستای کوردستان؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved