وتار
كۆنگرە داخوازی منداڵانەیە!

ستران عەبدوڵا

رەنگە وابێتە بەرچاو كە داوای بەردەوامی بەستنی كۆنگرە بێ لێكدانەوە‌و تەخمین‌و تەقدیری دۆخی ململانێ و بەریەككەوتنی كوتلەكان داوایەكی “منداڵانەیە” چونكە داوای وا هەر داوایە. یان بۆ خۆنمایشكردن یان سپێردراوییە تا گروپەكان یەكتری پێ بێزار بكەن.
خاوەنانی تێزی “داخوازی منداڵانە” لەو كاتەی ئەم دەستەواژەیە بۆ توانج و تیلەبازی بەكار دێنن بە خۆیان نەزانیوە راستییەك دەسەلمێنن. راستی ئەوەی فیعلەن ئەم داوایە منداڵانەیە. ئاخر خەسڵەتی داوای منداڵانە گەڕانەوەیە بۆ كەمێك لەبەرائەت و پاكێتی، بۆ كەمێك لە پرەنسیپ و راستی كە گەورەكان ئەوەندە زاخ چووە بەدڵیاندا لە دەستیان داوە. منداڵێتی و بەرائەت و راستیگوتنی ئەوەی ((من پاشام بە ڕووتی بینی و ئەوە درۆیە كە دەڵێن جلەكەی بەری جوان و شایانە و باڵاپۆشێتییە)) ساتەوەختێكی جەوهەرییە بۆ وێستگەیەكی دیكەی پەرەسەندنی جوڵانەوەی ژیان، ژیانی سیاسی و گشتی وڵات و كۆمەڵگە. داخوازی منداڵانە گەڕانەوەیە بۆ پرەنسیپەكان پێش ئەوەی ڕاستی و دژواری ژیان ملی پرەنسیپەكانی چەماندبێتەوە و بۆ بەرژەوەندی ناڕەوای ئەم و ئەو ملی بادا بێت. 
ئەسڵ لە كاری حزبەكان هەڤاڵێتی ئارەزوومەندایە، ئەسڵ لە خەباتی حزبەكان پێكەوەیی بۆ ئامانجی هاوبەش و پێگەوە گرێدانەوەی هێزی تاك و هێزی هەمووانە تا جوڵەی سیاسیی پەلەتر بێت و بەرهەمی بەدیهاتوو بەهێزتر بێت.
ئەسڵی بەشداری لە حزبایەتی ئەگەر لەوڵاتی ئاساییە ئەوەیە ئەم كاری دەستەجەمعیە بەقەدەر گەشەی سیاسی و پێگەینی ژیانی مەدەنی گەشە بكات و شتێك دیموكراسی بێت. ئەسڵ لە حزبایەتی ئەگەر لە وڵاتی خاوەن كێشە و گرفت بێت لە گەڵ داگیركەران ئەوەیە حزبی شۆڕشگێر بێت. ئەگەر دیموكراسییەكەشی پێرفێكت نەبێت هیچ نەبێ شۆڕشگێربوونی، عەداڵەتی شۆڕشگێری و پرەنسیپەكانی ئەوەی تێگەیاندبێت كە بژاركردن و كۆكردنەوەی باشترین وزە و تواناكانی لە جوغزی كۆنگرە و پلنیۆم و كۆبوونەوەی فراواندا پێداویستییەكی شۆڕشگێری و ئیرادەیەكی خێرە بۆ گەشەی حزب لەپێناو ئامانجەكانیدا. ئەگەر تەنانەت حزبەكە زۆریش دیموكراتی نەبێت، یان دیموكراتی لە خەسڵەتە سەرەكییەكانی ئەدگاری نەبێت. لەهەموو دەركەوتەكانی حزبدا كۆنگرە هەقە و پێویستە بۆیە منداڵانەیە. 
حزب هی گەورەكانە، هی خاوەن قاڵبوویی و ئەزموونە كە بەربەستەكان دەبینن و رەچاوی دەكەن. بەڵام حزبی گەورە و حزبی گەورەكانیش جاربەجار قسەی هەقی پێویستە. قسەی بەرائەتی منداڵانی گەرەكە كە بەرژەوەندییە مەیوەكان رەچاو نەكات. رەچاوی دۆخی چەقبەستن و گەچبەستن و تەكەلەس نەكات و شتێك بجوڵێنێ.
گوتنی داخوازی منداڵانە مانای وایە هێشتا حزب سەرەڕای ئەزموونی بردنەوە و شكستی، لادان و سەركەوتنیشی هێشتا بەرائەتی خۆی لەدەست نەداوە.

‌ 569 جار بینراوه‌
02/06/2018
Print Friendly and PDF
بابەتەکانی تری نوسەر
هیچ داتایه‌ک به‌رده‌ست نیه‌ .
Telerik
راپرسی
کێ بەرپرسە لەم دۆخەی ئێستای کوردستان؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved