وتار
بەراوردێك لەنێوان سەركردەی هاوچەرخ و سەركردەی كلاسیكی

لوقمان رەئووف



هەرچەندە لەسەرەتادا ویستم پێناسەیەكی یەكانگیر بۆ زاراوەی سەركردە بكەمە پێشەنگی بابەتەكە، بەڵام دیارە چەندین پێناسەی جیاواز هەن باسی لێوەدەكەن بەجۆرێك هەندێك لەو باوەڕەدان كەسەركردە بەو مانایەدێت كە كەسەكان ئاراستە دەكات بۆ بەجێگەیاندنی كارێكی دیاریكراو، هەندێكیتریان دەڵێن سەركردە بەو مانایەدێت كە هەڵدەستێ بەهاندانی ئەندامانی تیپەكەی بۆ ئەوەی ببنە باشترین نمونە بۆ خۆیان، هەروەها دەتوانین بڵێین هەستێكی گشتیگیریش هەیە پێیوایە ئەو كەسانە سەركردەنە كەدەزانن چۆن چۆنی ئامانجەكانیان بپێكن.
لێرەدا بۆ ئەوەی كەسی سەركردەلەكەسی ئاسایی یان سەركردەی كلاسیكی جیابكەینەوە پێویستە ئاماژە بەچەند تایبەتمەندیەك بكەین:
1 - دەبێت سەركردەی هاوچەرخ كەسێكی رۆشنبیربێت و شارەزاییەكی بەرفراوانی لەفەرهەنگ و زانستە جۆر بەجۆرەكان هەبێت، بەتایبەتی زانستی رامیاری و ئابوری و كۆمەڵایەتی و مێژوو جوگرافیادا، كەچی هەندێك لەسەركردە كلاسیكیەكان پڕ بەمانای وشە نەخوێندەوارن و هیچیش لەبارەی كەلتور نازانن لەهەمان كاتدا ئامادەش نین دان بەهیچ جۆرە زانستێك دابنێن جگە لەو زانستەی كە لەڕێگای لولەی چەكەوە فێری بوونە.
2 - دەبێت سەركردەی هاوچەرخ خاوەن تەكنیك و توانایەكی عەقلی بەهێز بێت بۆ ئەوەی بتوانێ بەئاسانی چارەسەر بۆ كێشەو گرفتە جۆر بەجۆرەكان بدۆزێتەوە، كەچی هەندێك لەسەركردە كلاسیكیەكان هەموو توانا عەقلیەكەی بخاتەكار بستێك لەخوار كەپوی خۆی نابینێ و بەشی ئەوە ناكات كێشە خێزانیەكانیخۆی پێ چارەسەر بكات، هەر بۆیە لەبری پەنا بردن بۆ ئاشتی و تەبایی بەردەوام خەریكی دروست كردنی كێشەو تێكدانی یەكڕیزین.
3 - دەبێت سەركردەی هاوچەرخ لێكدانەوەی دروستی بۆ دیاردەو پێشهاتەكان هەبێت و پێشبینی و تێڕوانینیش بۆ داهاتوو بخاتەڕوو، كەچی هەندێك لەسەركردە كلاسیكیەكان لێكدانەوەكانیان لەلێكدانەوەی لیژنەی بینینی مانگ دەچێ تەنانەت ئەگەر كەسێكیتریش مانگ ببینێ ئەوان پێشبینی و تێڕوانینی لەسەر دەكەن و بۆ یەك جاریش پێشبینیەكانی دروست دەرناچێ.
4 - دەبێت سەركردەی هاوچەرخ لەبڕیارداندا بوێر بێت، هەروەها بڕیارەكانیشی عەقلانی بێت و لەژێر كاریگەری هەست و سۆزدا نەبێت، كەچی هەندێك لەسەركردە كلاسیكیەكان تەنها لەبڕیاری هەڕەشەو شەڕكردن لەگەڵ هاونیشتمانیەكانیان جەربەزەنە، بەڵام لەبەرانبەر نەیارەكانیان هەمیشە ملكەچ و زەبونن، جگە لە سۆزیش ئەوەی كاریگەری لەسەریان نەبێ عەقل و مەنتقە.
5 - دەبێت سەركردەی هاوچەرخ بەتەواوی بڕیارو راسپاردەكان پابەند بێت و هەوڵەكانیشی بۆ جێبەجێكردنی ئەجنداكان بێ هاوتا بن، كەچی هەندێك لەسەركردە كلاسیكیەكان هێندەی گوێ بۆ بڕیارو راسپاردەی نەیارەكانیان شل دەكەن و ئەجنداكانی ئەوان جێبەجێ دەكەن نیو هێندەپابەند نین بەبڕیارو راسپاردەكانی خۆیان.
6 - دەبێت سەركردەی هاوچەرخ ورەبەرزی و جوامێری لەهەڵوێستەكانیدا رەنگ بداتەوە بۆ ئەوەی ببێتە هاندەر بۆ دەوروبەرەكەی و توانای جوڵاندنیانی هەبێت، كەچی هەندێك لەسەركردە كلاسیكیەكان هەمیشە هۆكاری شكست بوونەو كاریگەریان لەسەر روحلەبەری خواییدا نییە تەنانەت ئەگەر لەناو خێزانەكەی خۆشیان هەڵبژاردنیان بۆ بكرێ دەنگی پێویست ناهێنن چ جای خەڵكیان پێ بجوڵێ.
7 - دەبێت سەركردەی هاوچەرخ متمانەی تەواوی بەخۆیی و ستافەكەی هەبێت، هەروەها توانای پێسپاردنی ئەركی هەبێت، كەچی هەندێك لەسەركردە كلاسیكیەكان بەپێچەوانەی بڕگەی پێشەوە متمانەیان نەبەخۆیان و نەبە هیچ كام لەستافەكەیان هەیە، هەربۆیە زۆرترین راوێژكاریان بۆ خۆیاندانایەو كارەكانیشیان لەڕێگای خزمە نزیكەكانی خۆیان رایی دەكەن.
8 - دەبێت سەركردەی هاوچەرخ توانای دانانی پلانی هەبێت و كارەكانیشی رێكی پێوەدیار بێت، كەچی بەهۆی پلانە بێسەرو بەرەكانی هەندێك لەسەركردە كلاسیكیەكانەوە هەموو میللەت گیرۆدەو رەنجەڕۆیەو هەر كارێكیش ئەوان پێی هەڵبستن سەقەت دەردەچێ.
9 - دەبێت سەركردەی هاوچەرخ پابەند بێت بەبەها مرۆڤایەتیەكانەوە لەسەروی هەمویانەوە چەمكەكانی دیموكراسی و مافی مرۆڤ، كەچی هەندێك لەسەركردە كلاسیكیەكان نەوەك باوەڕیان بەبەها مرۆڤایەتیەكان نیە، بەڵكو بەخۆیان پلانداڕیژەری زۆربەی كارە چەواشەكاریەكانن.
10 - دەبێت سەركردەی هاوچەرخ لەڕێگای خۆ بەدوورگرتن لەخۆپەرستی و بەرژەوەندخوازی و هەلپەرستی پاریزگاری لەكەسێتی خۆی بكات، كەچی هەندێك لەسەركردە كلاسیكیەكان ئیرەیی بەبرای خۆیان دەبەن و لەپێناو كۆكردنەوەی سەروەت و سامانی زیاتر بەزۆری زۆردارەكی لەهەموو پڕۆژەیەكی بازرگانی پشك دادەنێن بۆ خۆیان لەهەمان كاتدا گەورەترین داینەمۆشن بۆ بەهەدەردانی سامانی وڵات و بڵاوبوونەوەی گەندەڵی، لەپێناو بەردەوامی دۆخەكەش بەهەموو توانایانەوە پشتگیری لە تەكەتول و ماڵەباجێنە دەكەن و كەسانی بێ مۆرالیشیان لەدەوروبەری خۆیان داناوە پەیامە كەسی و نایاساییەكانیان بۆ جێبەجێ دەكەن.
11- دەبێت سەركردەی هاوچەرخ باوەڕی تەواوی بە نوێخوازی و گۆڕانكاری بەڕێگای ئاشتیانەو دوور لەتوندو تیژی هەبێت، كەچی هەندێك لەسەركردە كلاسیكیەكان لەبچوكترین حالەتدا هەڵدەچن و پەنا بۆ هێز دەبەن لەهەمان كاتدا پێیانوایە نوێخوازی تەنها هەڵهاتنی رۆژێكی نوێیە لەفەلەكدا.
12 - دەبێت سەركردەی هاوچەرخ ئیتیكی قسەكردن و هەڵسوكەوت و خواردن و لەبەركردن بزانێ و پەیڕەویان بكات، كەچی هەندێك لەسەركردە كلاسیكیەكان سروشتی رێژەی نەگۆڕیان هەیەو تەنانەت ناتوانن بچوكترین گۆڕانكاری لەڕەنگی جلەكانیان و جۆری خواردن و شێوازی قسەكردن و هەلسوكەوتەكانیان بكەن چۆن دەتوانن ئیتیكیان بۆ دابنێن؟!
13 - دەبێت سەركردەی هاوچەرخ رۆحی بەرخودان و مقاوەمەتی هێندە بەرز بێت بەجۆرێك نەیارەكانی تەنها بەناوهێنانی سڵی لێ بكەنەوە، كەچی هەندێك لەسەركردە كلاسیكیەكان هێندەی دۆستایەتی دوژمنانیان لا پەسندە، نیو هێندە دۆستی گەلەكەی خۆیان نین و مێژوویەكی رەشیان لەڕوبەڕوبوونەوەی دوژمن هەیە.
 ئەو بەراوردەی لەژێر رۆشنایی ئەو چەمكە زانستیانەی سەرەوە لەنێوان سەركردەی هاوچەرخ و سەركردە كلاسیكیەكانی لەمەڕ خۆمان كردمان بۆ بەخۆداچوونەوە یان دووركەوتنەوەیانە لەكورسیەكانی دەسەڵات بەرلەوەی بەڕەكەیان لەبەر پێ دەربێنن و مێژوو بیانكات بەپەندی زەمانە، ئەمانە ئەگەر تا دوێنێش كارەكتەری سەرەكی بووبن لەدەسەڵاتدا، بەڵام لەكاتی ئێستادا كاریگەریان بەپۆینتەیان هەر نەماوە، بۆ سەلماندنی وتەكانیشم وەكو دەبینن زۆرێك لەسەركردەكان لەكاتی ئەنجامدانی كۆڕو كۆبوونەوە جەماوەریەكاندا یان لەكاتی هەڵمەتەكانی پڕۆسەی هەڵبژاردندا خۆیان دەرناكەون یان رێگری لەدەركەوتنیان دەكرێ بۆ ئەوەی رەخنەو ناڕەزاییەكان زیاد نەبن، دیارە ئەمەش ئاماژەیەكی زەقە بۆ ئاوابوونی ئەستێرەی بەختیان، سەبارەت بەبەراوردكاریش تەنها لەسەر ئەو بابەتانە دەكرێ كەخاڵی هاوبەشیان هەیە، بەڵام بابەتە جیاوازەكان بۆ بەراوردكاری ناشێن.




‌ 566 جار بینراوه‌
09/06/2018
Print Friendly and PDF
بابەتەکانی تری نوسەر
Telerik
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved