وتار
عێراق لەبەردەم دەرگای جەهەنەمدا !!!

ئەردەڵان سمكۆ

 
هەڵبژاردنی 12/5  و ئەنجامەكانی عێراقیان خستە بەردەم دووڕیانێكی مەترسیدار و یەكلایكەرەوە،بەوەی كە ئەوهەڵبژاردنە بوە هۆی دووكەرتبوون و دابەشبوونی سەركردە و پارتەسیاسیەكانی عێراق بەكوردستانیشەوە بۆ دوو بەرەی دژ بەیەك و ناكۆك، بەرەیەك كە خۆیان بە براوەی گەمە سیاسیەكە دەزانن و ئەنجامەكانیان قبوڵە و داوادەكەن كە دادگای فیدڕاڵی دانی پێدابنێت بۆئەوەی دەستبكەن بە گفتوگۆ بۆ پێكهێنانی حكومەتی ئایندەی عێراق. بەرەی دووەمیش بریتین لە دۆڕاوەكان وبەرەی دژ و ئەنجامەكان سەرتاپا ڕەتدەكەنەوە و خۆیان بە مەزڵوم دەزانن و داوا دەكەن یان هەڵبژاردن دووبارەبكرێتەوە یان دەنگەكان بەدەست ئەژمار بكرێنەوە بەو هیوایەی كە گۆڕانكاری لە ئەنجامەكاندا ڕووبدات وئەمانیش بتوانن بەهێزەوە بەشداری حكومەتی ئایندەی عێراق بكەن.
بەم شێوەیە عێراق لە ئێستادا و دوای نزیكەی 40 ڕۆژ لە ڕاگەیاندنی ئەنجامەكان لەلایەن كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانەوە كەوتۆتە دۆخێكی سیاسی ئاڵۆز و ناجێگیر و شڵەژاویەكی قوڵەوە كە ئومێدی زوو پێكهێنانی حكومەتی لێناكرێت،لەلایەك لەبەر دووری و ناكۆكی سیاسی كۆنی نێوان سەركردە و پارتە سیاسیەكان و لەلایەكیشی تریشەوە دووری و فراوانی نێوان بەرنامە و دیدگا و تێڕوانینی ئەو لایەنە سیاسیانەی عێراق لەسەر بەرنامە و كاری حكومەتی ئایندە ، بۆیە پێكەوەنانی هاوپەیمانی و كوتلەی گەورەی پەڕلەمانی زۆر ئەستەم بوە تەنانەت لە نێوان لیستە براوە گەورەكانیشدا و لەناو یەك مەزهەبی ئاینیشدا. هەموو ئەمانەش دەگەڕێتەوە بۆ پەرتەوازەیی نێو ماڵی  شیعەكان و سونەكان و كوردەكانیش و هەموانیش لە دیدگایەكی تەسكی حیزبایەتی بچوكەوە دەڕواننە مەسەلە گرنگەكان و هێندەی لەخەمی دەسكەوت و پلە و پۆست و ئیمتیازاتدان نیوهێندە لەخەمی نەتەوە و نیشتیماندا نین و هەریەكە گەرەكێتی گەورەترین بەشی بەربكەوێت.
ئاشكرایە لەدوای 30/6/2018وە ماوەی یاسایی ئەم خولەی پەڕلەمانی عێراق كۆتایی دێت و ئیدی گەر تەمەنی خۆی درێژنەكاتەوە  ئەوا عێراق دەكەوێتە نێو بۆشاییەكی یاساییەوە و زەحمەتە بە ئاسانی كارەكان ڕێك بكرێنەوە و حكومەتیش دەبێتە حكومەتی كار بەڕێكەر و توانا و دەسەڵاتی بڕیاری گرنگ و چارەنوسسازی نامێنێت. ئەوكاتیش عێراق دەرگای جەهەنەمێگی پڕ ئاگر و سوتێنەری بەسەردا دەكرێتەوە و تەڕ و وشك پێكەوە دەسوتێنێت،چونكە دەوڵەت بونێكی مادی نامێنێت و داموزدەزگاكانیش مەرجەعێكی یاسایی و ئیداریان نامێنێت و وڵات دەبێتە پاشاگەردانی و سەرهەڵدانی میلیشیای چەكداری و تیرۆر و تۆقاندن و گەندەڵی و تاوان و هەموو دیاردە دزێوەكان سەرهەڵدەدەن و عێراق دەگەڕێتەوە بۆ چوارگۆشەی یەكەمی ساڵانی 2003 تا 2005 و هەڵایسانی شەڕی تایەفی و ئاینی و نەتەوەیی و ناوخۆیی. عێراق بەرەو وێرانبونی زیاتر و لێكترازان و جیابونەوەش هەنگاو دەنێت. ئەمە ئەو مەترسیانەیە كە ڕووبەڕووی عێراقی ئایندە دەبێتەوە ,گەر سەركردە و پارتە سیاسیەكان پەرۆشی و خەمخۆری خۆیان دەرنەبڕن لە زوو پێكەوەنانی حكومەتی ئایندەدا.چونكە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆخۆی بۆتە جێگەی ناكۆكی و ململانێ جیهانیەكان و بەتایبەتیش لەنێوان ئەمریكا و ئێراندا كە هەردووكیان خاوەن نفوز و هەژموونی گەورەن لە عێراقدا و تەواوی ململانێكانی خۆیان چڕكردۆتەوە لەناو عێراقدا و خاك و ئاو و گەلانی عێراقیان كردۆتە گۆڕەپانی ململانێكانیان و ئەنجامیش تەنها عێراقیەكان دەبنە سووتەمەنی. كێشەكانی نێوان عەرەب - ئیسڕائیل و كێشەی سوریا و یەمەن و وڵاتانی كەنداو و توركیا و.. هتد.هەموو ئەمانەش دەبنە مەترسی بۆسەر عێراق و وا پێویست دەكات كە بۆ ڕووبەڕووبونەوەی هەموو ئەم مەترسیانە عێراق ببێتە خاوەن حكومەت و دەسەڵات و پەڕلەمانێكی بەهێزی وەها كە بتوانێت  بەرەنگاری و وەڵامی هەموو ئەو مەترسیانە بداتەوە،چونكە عێراق وڵاتێگی گەورە و گرنگ و دەوڵەمەندی ناوچەكەیە و هەموو ئەو ئاڵنگاریانە بەباش یان خراپ كاریگەریان دەبێت لەسەری.
عێراق جگە لەم كێشە و ململانێ ناوخۆییانەی خۆی ، ڕوبەڕووی كێشەگەلێگی گەورەتر بۆتەوە لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكە و بەتایبەتیش ئێران و توركیا بەوەی كەدەبێت وەڵامی هاتنە ناوەوەی سوپای توركیا بداتەوە و وەڵامی بڕین و گرتنەوەی ئاوی هەردوو ڕووباری دیجلە و زێی بچوك بداتەوە لەلایەن ئێران و توركیاوە كەهەموو ئەمانە پێشێلكردنی یاسا و ڕێكەوتنە نێودەوڵەتیەكانن و پێشێلكردنی سیادە و سەروەری عێراقن و ئەركی دەوڵەتی ناوەندیشن لە بەغداد نەك هەرێمی كوردستان.
كوردیش لەم نێوەندەدا هەموو پڕیشك و ئازار و ململانێ‌ و ناكۆكیەكانی عێراقی بەردەكەوێت و كاریگەری زۆر خراپیشی لەسەر دادەنێن ،چونكە نێوماڵی كوردیش زۆر پەرتەوازە و ناڕێك و لێكترازاوە،گەرەكە سەركردە و پارتەسیاسیەكانیش زیاتر لەوانەی عێراق بەخەم و تەنگی كوردستانەوە بێن و هەوڵی ئاشتەوایی و لێكنزیكبونەوە و ڕێكخستنەوەی نێوماڵی كورد بدەن بۆئەوەی نەبنە سووتەمەنی هەموو ئەو ململانێ ناوچەیی و نێودەوڵەتیانە و بەرژەوەندی تەسكی حیزبایەتیش نەخەنە سەروو بەرژەوەندیە باڵاكانی نەتەوە و نیشتیمانەوە،گەرەكە كوردستان و كوردایەتی نەكەنە قوربانی چەند كورسیەكی پەڕلەمان و چەند دەسكەوتێكی كەموكورت لە بەغدا كە هیچ كاریگەری گەورەیان نابێت بۆ مەسەلەی كوردایەتی، بۆیە گەر ئەو پەرۆشیە نەنوێنن ئەوا بەدڵنیایی دەرگای جەهەنمێكی سووتێنەر بەسەر عێراق و كوردستاندا دەكرێتەوە و هەموانیش بێ‌جیاوازی لێی بەرپرسیار دەبن.

‌ 416 جار بینراوه‌
23/06/2018
Print Friendly and PDF
بابەتەکانی تری نوسەر
Telerik
راپرسی
پێت وایە دۆخی ئێستای كوردستان بەچی چارەسەر ئەبێت؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved