وتار
توركیا لەگۆشەیەكی ترەوە

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد



مەرامی ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆككۆماری توركیا بۆ دەستگەشتنی بەناوچەكانی دەرەوەی سنوری توركیا، هەوڵێكی شێتانەو تاكلایەنانەیە لەدەرەوەی یاسا نێودوڵەتییەكان  هەوڵێكیشە بەبێ پشتیوانی زلهێزێكی وەك ئەمریكا. هەر هەوڵێكیش ئەمریكا دژی بێت، ئەستەمە ئەنجامێكی پۆزەتیڤی هەبێت.
ئێستا دوو وڵاتی نزیك لەئەمریكا لەم جوڵەیەدان. یەكێكیان بەنەرمی و بەخاوی، یەكێكیتریان بەڕەقی و بەپەلەپروسكێ.
یەكێكیان ئەمریكا بەتەواوی پشتیوانی دەكات و كەوتۆتە تەماسگرتن بۆ سەركەوتنی، ئەویتریشیان ئەمریكا بەردەوامە لەبەربەست بۆ دانان و پشتیوانی ناكات لەپەلاماردانی دەرەوەی خۆی.
یەكێكیان ئەمریكا خۆی لەهەوڵی گەورەكردنیدایە، ئەویتریان ئەمریكا نایەوێت لەوەزیاتر لەكەوڵی خۆی بچێتەدەرەوە. یەكەمیان ئیسرائیلە دووەمیشیان توركیایە.
ئەگەر لەگۆشەی ئیسرائیلەوە بڕوانینە توركیا، تێدەگەین توركیا چەند وڵاتێكی بێئەرزشە لەلای ئەمریكا. لەم گۆشەوە تێدەگەین ئەمریكا نایەوێت توركیا تائەو ئاستە گەورەببێت لەژێر كۆنترۆڵی دەربچێت.
ئەمریكا نەك ڕێگری ناكات لەهەوڵەكانی ئیسرائیل بۆ گەورەبوون و شكانی ئەو ئابڵۆقە سیاسییەی لەلایەن وڵاتە عەرەبییەكانەوە خراوەتەسەر ئیسرائیل، تەنانەت ئەمریكا لەڕێگەی سعودییەوە ئیش لەسەر فراوانكردنی پانتاییە سیاسییەكەی ئیسرائیل دەكات. دیارترین هەوڵەكانیشی لەئێستادا ئەوەیە وڵاتانی میسر ڕازی بكات بۆ ئەوەی پاپۆڕەكانی ئیسرائیل بەئاسانی بەژێر ئەو پردەدا بڕوات ئێستا بڕیارە لەنێوان سعودیەو میسردا لەسەر دەریای سوور دروست بكرێت.
ئەمریكا لەهەوڵدایە پانتاییە ئابوورییەكەی ئیسرائیل لەخاڵێكەوە بگوازێتەوە خاڵێكیترو بێنێتەنێو بازرگانی وڵاتانی عەرەبییەوە، یەكەم هەنگاویش بەشداری كارای ئیسرائیلە لەپرۆژەی شاری “نیۆم” كە ڕووبەرەكەی 26000 مەتر دووجایەو بەشێك لەخاكی ئوردن و میسرو سعودیە دەگرێتەوەو تێچووی پرۆژەكەیش 500 ملیارد دۆلارەو ساڵی 2030 تەواو دەبێت. لەسەردەستی محەمەدی كوڕی شا سەلمان بنیادنراوەو لەئێسادا بەشی یەكەمی پرۆژەكە تەواوبووەو لەئایندەیشدا هەرسێ قاڕەی ئاسیا، ئەوروپاو ئەفریقیا پێكەوە دەبەستێتەوە.
بەراوردكردن لەنێوان ئەم دوو وێنەیەدا گەلێك ئاسان و بێسەرئێشەیە. ئیسرائیل لەناو بازنەیەك نەیاردا لەلایەك بەرژەوەندییەكانی خۆیی پاراستووە لەلایەكیتریشەوە دژایەتی وڵاتانی عەرەبیشی نەكردووە تاكو مەترسی بخاتەسەر بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا لەگەڵ ئەو وڵاتە عەرەبییانەدا.
بەڵام توركیا لەكاتێكدا خۆی بەخاڵی نێوان ئەوروپاو ئاسیا دەزانێت، لەڕێگەی پەلاماردانی دۆستەكانی ئەمریكاوە لەناوچەكەداو بەهۆی بوونی پەیوەندی ڕاستەوخۆیشی لەگەڵ ڕێكخراوە تیرۆریستییەكانی سوریاو عێراق، دۆخی ئەمنی ناوچەكەی تێكداوەو بووەتە مەترسی بۆسەر ئەوروپا و هاوكاریشە لەناردنی تیرۆریستانی بەرەی نوسرەو داعش بەرەو وڵاتانی ئەوروپاو ئەمریكا.
لەم هەوڵەی ئەمریكادا بۆ شكاندنی دۆخی دەقگرتووی ئیسرائیل، ئەمریكا نەك لەدەرگای قەتەر نادات و پرسیشی پێناكات، تەنانەت پەیامێكی توندیش دەداتە توركیا كە قەتەر یەكێكە لەو وڵاتانەی تێوەگلاوە لەهاوكاریكردنی تیرۆرو هەر نزیكبوونەوەیەكی توركیایش لەقەتەر مایەی توڕەیی ئەمریكا دەبێت و ئەنجامێكی باشیشی نابێت.
تەنانەت ئەمریكا لەدوای ساڵی 1975ەوە لەبازرگانیكردنی چەك و تەقەمەنیدا لەگەڵ هەر وڵاتێكی عەرەبی لەناوچەكەدا مەرجی سەلامەتی و مەرجی بەكارنەهێنانی ئەو چەكانە بۆ دژایەتیكردنی ئیسرائیل دەخاتەنێو ڕێككەوتنەكانەوە. بەڵام لەتەواوی ئەو ڕێككەوتن و هاوكاریانەدا كە ئەمریكا بەهێزە كوردەكانی سوریای بەخشیوە هیچ مەرجێكی بۆ سەلامەتی و بەكارنەهێنانی ئەو چەكانە بۆ دژایەتی توركیا دانەناوەو لەتەواوی شەڕی هێزە كوردییەكانیشدا دژی داگیركاری توركیا لەڕۆژئاوای كوردستان، هێزە كوردییەكان بەهەمان چەكی ئەمریكی شەڕی داگیركەری توركیایان دەكردو چەندانجاریش ئەردۆغان ئەم ناڕەزاییەی گەیاندووەتە ئەمریكا. بەڵام ئەمریكا بەدەم داواكەی ئەردۆغانەوە نەدەچوو.
لەدوای رەتكردنەوەی یەكەم داواكاری ئەمریكا لەتوركیا بۆ بەكارهێنانی بنكەی ئەنچەرلیك لەجەنگی یەكەمی كەنداودا، پەیوەندی ئەمریكاو توركیا كەوتە قۆناغێكی پڕ لەگرژی و هەڵبەزو دابەزەوە. دواتر هەمان داواكاری ئەمریكا بۆ جەنگی عێراقی 2003 و پاشان جەنگی داعشی 2014 لەلایەن توركیاوە ڕەدكرایەوەو بەئێستایشەوە ئەمریكا بەدوای جێگرەوەیەكی نوێدا دەگەڕێت كە شوێنی توركیای بۆ بگرێتەوە. بەمەش توركیا نەك لەناوخۆدا بەڵكو لەسەر ئاستی ئیقلیمی و جیهانیش شكستی هێناوەو هەرگیز ناتوانێت هەڵكشێتەسەر بۆ ئاستی دۆستێكی وەك ئیسرائیل بۆ ئەمریكا.

‌ 588 جار بینراوه‌
23/06/2018
Print Friendly and PDF
بابەتەکانی تری نوسەر
Telerik
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved