وتار
مەترسیی و هەڕەشەكانی گەڕانەوەی داعش و پشتگوێخستنی لەلایەن بەغداوە!

ئومێد مەحمود


 (هۆكارەكانی داگیركردنی شاری موسڵ لە ساڵی 2014 بەپێی زۆرێك لە راپۆرتی لیژنەكانی لێكۆڵینەوەو راپۆرتە رۆژنامەوانییەكان و رای چاودێران، ناكۆكی و ململانێی سیاسی لایەنە دەسەڵاتدارەكانی نێو موسڵ و حكومەتی بەغداد بو كە ئەو كات نوری مالكی سەرۆكایەتی دەكرد لەلایەك و لە لایەكی دیكەشەوە پیلانەكانی وڵاتانی ئیقلیمی بە تایبەتی توركیا بو.)*
لە 10ی حوزەیرانی ساڵی 2014 تاقمی تیرۆرستی داعش تەنها بە 300 بۆ 350 چەكدار لە ماوەی چەند رۆژێكی زۆر كەمدا موسڵی داگیركرد، لەكاتێكدا هەزاران چەكدار لە هێزەكانی سوپاو ئەمن و دژە تیرۆری عێراق پاراستنی ئەو شارەیان لە ئەستۆ گرتبو، ئەمەش هەمو عێراق و جیهانی شۆك كرد.  
بەپێی راپۆرتی لیژنەی بەرگریی (ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كە حاكم زاملی سەرپەرشتیدەكرد، دوای چوونی سوپای عێراق بۆلای چەپی شارەكە، لە بەغداوە فەرمانیان بۆ چووە كە بكشێنەوە.)
پێش داگیركردنی موسڵ سەدان جار، بە ئاشكرا لە رێگای رۆژنامەكان و میدیاو كەناڵەكانی راگەیاندنەوە، بە تایبەت لە هەردوو هەفتەنامەی(هەواڵ) و (النبأ) كە لە شاری كەركوك دەردەچن، حكومەت و هێزە ئەمنی و لایەنە پەیوەندیدارەكان لە هەڕەشەو مەترسییەكانی بەهێزبوون و فراوانبوونی تیرۆرستانی داعش لە سنووری كەركوك و حەوزی حەمرین و سنووری پارێزگای نەینەوا ئاگاداركرانەوەو هۆشداریان دا لە پەیوەندی نێوان بەشێكی زۆری هێزە ئەمنییەكان لەگەڵ داعش و فراوانبوونی دەسەڵاتی دەزگای هەواڵگریی میت لە بەهێزكردنی تاقمە تیرۆرستییەكان بە تایبەت داعش، بەڵام حكومەتەكەی مالكی و هێزە ئەمنییەكان بە مەبەست و ئامانج و ئەجێندای سیاسی و حزبی و تائیفی تایبەت، گوێی خۆیان لێ‌ كەڕ كردو چاویان لێ‌ نوقاند.
هۆكاری سەرەكی خۆكەڕكردن و چاونوقاندنی مالكی و دەسەڵاتدارانی دیكەی حكومەتی بەغدا  لە ئاست ئەو كارەسات و نەهامەتییانەی كە بەهۆی تاوانەكانی داعش بەسەر دانیشتوانی ئەو ناوچانەدا دەهاتن، ترس و نیگەرانی بو، یەكەم لە كورد و دووەمیش لە هێزو لایەنە سونییەكان، كە مالكی پێیوابو بە هێزەكەی داعش بە بەردێك چەند چۆلەكەیەك دەكوژێت، یەكەم كورد لە ناوچەكە دەردەپەڕێنێت و حزبە سوننییەكانش بە تایبەتی (ئال نوجەیفی) لاواز دەكات، دواتر بەهێزێكی گەورە و لەماوەیەكی كەمدا، دەگەڕێتەوەو وەك پاڵەوانی سەردەم خۆی نمایش دەكات.
لەم بۆچوون و بیركردنەوە هەڵەیەی مالكی، دەزگای هەواڵگریی عێراق بە تایبەتی هەندێ‌ لەو سوننە بەدەسەڵاتانەی نێو هەواڵگریی بە تابەت توركمانەكان، فاكتەری یارمەتیدەر بون، كە بە راپۆرتی چەواشەكاریی زیاتر (مالكی)یان نوقمی نێو خەیاڵەكانی كرد.
دوای داگیركردنی موسڵ و تكریت و ئەنبارو بەشێك لە سنووری خوارووی كەركوك ئەو هەمو ماڵوێرانی و نەهامەتی و كارەساتانەی كە بەهۆی داگیركاریی داعش لە خەڵكی ئەو ناوچانە كەوت، دواجار بە هاوكاری و پشتیوانییەكی زۆری هێزی ئەمریكاو هاوپەیمانان و قوربانییەكانی پێشمەرگە ئەو شارانە لە چنگی داعش دەرهێنران، بەڵام حەیدەر عەبادی سەرۆكی حكومەت وەك ئەوەی خۆی بە تەنها وەك رۆستەمی زاڵ ئەو سەركەوتنەی یەدەستهێنابێت، تووشی غروری سیاسی و سەربازی بو، بە رادەیەك ناوهێنانی ئەو هێزانە لە وتارێكی ستایشدا، بە رەوای نەدەبینی!
لە ئێستاشدا بە پێی هەندێ‌ زانیاری هەواڵگریی و رۆژنامەوانیی داعش لە نێو سەنتەرو سنووری موسڵ و تكریت و ئەنبارو هەروەها حەوزی حەمرین و خوارووی كەركوك بە تایبەتی لە سنووری داقوق و خورماتوو، بە شێوەیەكی بەرچاو، سەریهەڵداوەتەوەو رۆژ لەدوای رۆژ لە بەهێزبوون و فراوانبوندان و هەڕەشەو مەترسییەكاانی لە زیادبوندان.
بەپێی سەرچاوەیەكی ئاگادار لە سنووری تكریت و ئەنبار (هێزیكی زۆر گەورەی داعش، بە ژمارەو بە چەكی پێشكەوتووی وەك هاوەن و دۆشكا، هاتونەتە نزیك ناوچەی زەرگەی سنووری خوارووی خوروماتو، هەروەها هێزێكی دیكەیش لەنزیك سەرسار، كە رۆژانە پەلاماری هاوڵاتیان و هێزە عێراقییەكان دەدەن، كە سەرۆكایەتییەكان و لایەنە پەیوەندیدارە حكومی عێراقییەكان لە بارەی ئەو هێزانەی داعش بە زانیاری زۆر ورد ئاگادار كراونەتەوە، بەڵام ئەو لایەنانە تا ئێستا هیچ كاردانەوەیەكی جددیان نەبوە.
هەر بە پێی زانیارییە هەواڵگرییەكان، داعش (دادگایەكی سەربازیی لە نێوان خورماتوو – كفری كە تەواوی ئەو ناوچەیە لەژێر كۆنترۆڵی هێزە عێراقییەكانە، دامەزراندوە، سەرجەم ئەو هاوڵاتیانەشی كە لەسنوری حەمرین و سەلاحەدین دەڕفێندرێن بۆ ئەو دادگایە دەگوازرێنەوەو لەلایەن بەناو دادوەرێكەوە، سزایان بەسەردا دەسەپێنرێت.
هەر بەپێی زانیارییە هەواڵگرییەكان، داعش مۆڵگەیەكی دیكەی گەورەی لە ناوچەی (خاوێ كەوە) كە 4 كیلۆمەتر لەخورماتوەوە دوورە كردوەتەوە، هەروەها لە ناوچەی شۆراو و گوندی پەڵكانەی سەییدەكان بە هەمان شێوە مۆڵگەی گەورەی هەیە، گوندی پەڵكانەی سەییدەكانش لە بازگەی سلێمان بەگەوە تەنها 7 كیلۆمەتر دوورە، سەرجەم ئەو ناوچانەش لە چوارچێوەی بەرپرسیارێتی هێزەكانی حكومەتی عێراقیدان.
بۆ هاتوچۆو جموجۆڵكانشی بۆ ناوچەی حەوزی حەمرین داعش رێگەی غەرە بەكاردەهێنێت،كە بەهەمان شێوە بەناو هێزە عێراقییەكاندا تێدەپەڕێت.
 دواتریش لەنێوان زەمبور ـ خورماتوو بە سنووری (یەخجەمە شەت) تێپەردەبن، كاتێكش لەباشوری كەركوكەوە دەگەڕێنەوە، دیسانەوە بەناو هێزە عێراقیەكاندا دەگەڕێنەوە.
لەنزیك شۆراویش بەرەو حەفتەغار دەپەڕنەوە تاوەكو بەرەو حەویجەو خوارتر بچن. 
بەم شێوەیە روون دەبێتەوە كە داعش بۆ جموجۆڵەكانی رێگا سەرەكییەكان بەكاردەهێنێت لەنێوان ناوچەكان، كە ئەو رێگایانەیش لە ژێر كۆنترۆڵی هێزە عێراقییەكاندایە.)
بەپێی هەندێ‌ سەرچاوەش لە سنوورەكە، ژمارەیەكی زۆری ئەو هێزانەی داعش، لە تیرۆرستە هەڵاتووەكانی تەلەعفەر كە زۆربەیان توركمانن، هەروەها تیرۆستە شكستخواردو هەڵاتوەكانی ناوچەكانی (سوریا) پێكهاتون، بەتایبەت ئەو تیرۆستانەی لە سنوورەكانی رەققەو درعاو باب و ناوچەكانی دیكەوە هەڵاتون و ناوچەكانیان لەلایەن شەڕڤانانی هەسەدەو هێزەكانی حكومەتی سوریاوە ئازادو كۆنترۆڵكراونەتەوە.
بە دووریش نازانرێت، هەمو ئەو تیرۆرستانە بەهاوكاری و پشتیوانی (میت)دەزگای هەواڵگریی توركیا هاتبێنە ناوچەكە، بۆ جێبەجێكردنی پیلان و ئەجینداكانی ئاك پارتی، بۆ فشارخستنە سەر حكومەتی عێراق و كورد، وەك چۆن تیرۆرستانی بەرەی نوسڕەی گواستوەتەوە بۆ ناوچەكانی هەرێمی كوردستان بۆ شەڕی پەكەكە.
بەپێی هەندێ‌ سەرچاوەش لە سنووری تكریت، داعش چاوەڕێی دەرفەت و هەلی لەبار دەكات بۆ پەلاماردانی تكریت، ئەگەر هێزەكانی عێراق، گورزی پێشوەخت و هێرشی چاوەڕوان نەكراو نەكەنە سەر داعش.
ئەوەی جێی سەرنجشە، هەڵوێستی هەندێ‌ لایەنی عەرەبی و  بەرەی توركمانییە، لە بەرامبەر تاوانەكانی داعش لە سنووری داقوق و خورماتو، كە زۆر بە توندی هەوڵی چەواشەكاریی دەدەن و تاوانەكان لە ئەستۆی داعش دووردەخەنەوەو وای پیشان دەدەن، كە ئەوە داعش نیە، لە ناوچەكە، بەڵكو نا ڕاستەوخۆ كورد تۆمەتبار دەكەن و بە سیناریۆی كوردی لە قەڵەم دەدەن، هاوكات زۆر بە توندی دژایەتی گەڕانەوەی هێزەكانی پێشمەرگە بۆ ناوچەكە دەكەن، لەبەر ئەوە، ئەم هەڵویستانەی بەرەی توركمانی و ئەو لایەنە عەرەبیانە، گومانی زۆریان لێدەكرێت، بۆیە پێویستە دەزگای هەواڵگری و لایەنە ئەمنییەكان هەڵوێستی ئەو لایەنانە زۆر بە هەندو جددی وەربگرن و لێكۆڵینەوە لەو بارەیەوە بكەن.
ئەوەی پرسیارەی كە زۆر بە مكوڕی خۆی دەسەپێنێت، ئایا حەیدەر عەبادی بەهەمان رێچكەو بڕواو بۆچون و لێكدانەوەكانی مالكی، مامەڵە لەگەڵ سەرلەنوێ‌ هاتنەوە مەیدانی داعش لە كەركوك و ناوچە جێناكۆكان دەكات و دژ بە بانگەشە ئاشكراكانی بۆ پاراستنی ئەمن و ئاسایشی هەموو عێراقییەكان دەوەستێتەوەو ژیانی هاوڵاتیان دەكاتە قوربانی ململانێ‌ سیاییەكان لەو ناوچانە؟

****************
*بۆ زانیاری زیاتر دەربارەی هۆكارەكانی كەوتنی موسڵ، خوێنەر دەتوانێت بە یاداشتنامەو بەڵگەو دیكۆمێنتەكانی (ئەسیل نوجەیفی) پارێزگاری ئەوكاتی نەینەواو لێكۆڵینەوەكانی لیژنەی لێكۆڵینەوەی ئەنجومەنی نوێنەران و بەدواداچوونە رۆژنامەوانییە بینانی و نێوخۆییەكاندا بچێتەوە.

‌ 430 جار بینراوه‌
08/07/2018
Print Friendly and PDF
بابەتەکانی تری نوسەر
Telerik
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved