وتار
كێ شایسته‌ی پۆستی سه‌رۆك كۆماره‌!

لوقمان رەئووف

كۆتایی هێنان به‌ حوكمی تاكڕه‌وی ڕژێمی به‌عسی عه‌فله‌قی له‌ ساڵی 2003 ده‌رگای له‌ ڕووی سه‌رجه‌م پێكهاته‌ سه‌ره‌كیه‌كان واڵا كرد به‌شدار بن له‌ نوسینه‌وه‌ی ده‌ستورێكی تازه‌ بۆ وڵاتی عێراق به‌ ڕه‌چاوكردنی مافی سه‌رجه‌م پێكهاته‌كان و ئه‌نجامدانی یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردنی بێ سانسۆر و پێكهێنانی حكومه‌تێكی ته‌وافقی  له‌ ساڵی 2005، كه‌ له‌ نێو سێ سه‌رۆكایه‌تیه‌كه‌دا پۆستی سه‌رۆك كۆمار وه‌ك پشكی كورد دیاری كرا، دوای ئه‌وه‌ له‌ ڕێگه‌ی ڕێكه‌وتنی ستراتیجی كه‌ له‌ نێوان یه‌كێتی و پارتی ئه‌نجامدرا بڕیاردرا پۆسته‌كانی هه‌رێم و به‌غدا به‌ یه‌ك پاكێج كاریان له‌سه‌ر بكرێ به‌جۆرێك پۆستی سه‌رۆك كۆمار بۆ یه‌كێتی بێت چونكه‌ ده‌نگی دووه‌می هێنابوو له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی تایبه‌ت به‌ په‌رله‌مانی كوردستان و ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌ به‌رامبه‌ردا پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێم بۆ پارتی بێت كه‌ ده‌نگی یه‌كه‌می هێنابوو، دیاره‌ ئه‌م ڕێكه‌وتنه‌ ماوه‌ی دوو خولی خایاندو له‌م ماوه‌یه‌دا ڕابه‌ری ڕۆحی كورد به‌ڕێز مام جه‌لال سه‌رۆك كۆمار بوو كه‌ به‌ شاهێدی دۆست و دوژمن به‌ سه‌ركه‌وتووترین سه‌رۆكی عێراق داده‌نرێ، به‌ڵام به‌ نه‌خۆش كه‌وتنی به‌ڕێزیان و ده‌ستبه‌رنه‌دانی سه‌رۆكی هه‌رێم له‌ پۆسته‌كه‌ی، جارێكیتر گفتوگۆی دابه‌ش كردنه‌وه‌ی پۆسته‌كان له‌ نێوان یه‌كێتی و پارتی ده‌ستی پێكرده‌وه‌ دواجار به‌ ڕه‌زامه‌ندی هه‌ردوولاو به‌ ده‌نگی زۆرینه‌ی په‌رله‌مانتاران له‌ سه‌رجه‌م فراكسیۆنه‌ كوردیه‌كان به‌ڕێز دكتۆر فوئاد وه‌كو نوێنه‌ری كورد بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆمار دیاری كرا، له‌ به‌رامبه‌ردا یه‌كێتی له‌ 30ی حوزه‌یرانی 2013 ده‌نگی به‌ درێژكردنه‌وه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێمدا بۆ ماوه‌ی دوو ساڵ به‌ڵام به‌ كۆتایی هاتنی ئه‌م ماوه‌یه‌ش سه‌رۆكی هه‌رێم پۆسته‌كه‌ی به‌جێ نه‌هێشت ‌تاكو دواجار له‌ژێر فشاری هاوپه‌یمانان له‌ كۆتایی مانگی ئۆكتۆبه‌ری ساڵی 2017 به‌ لادانی له‌ ده‌سه‌ڵات كۆتایی به‌ حو‌كمه‌كه‌ی هێنرا.
ئێستاش له‌ دوای هه‌ڵبژاردنی 12/5/2018 بۆ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق پارتی له‌ ڕێگه‌ی كه‌ناڵه‌ ڕه‌سمی و نا ڕه‌سمیه‌كانی جاروبار له‌ بن لێوان و شه‌رمنانه‌ داوای پۆستی سه‌رۆك كۆمار ده‌كه‌ن و به‌ شایسته‌ی خۆیانی ده‌زانن به‌ بیانووی ئه‌وه‌ی براوه‌ی یه‌كه‌می دوا هه‌ڵبژاردنن له‌ هه‌رێمی كوردستان، به‌ڵام بۆ ده‌ستنیشان كردنی كه‌سی شایسته‌ بۆ ئه‌م پۆسته‌ باشتر وایه‌ ڕه‌چاوی ئه‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه‌ بكرێت:
هه‌ر چه‌نده‌ ئه‌م پۆسته‌ له‌ ڕابردوو وه‌كو پشكی پێكهاته‌ی كورد ناسێندراوه‌و له‌گه‌ڵ پێكهاته‌ عێراقیه‌كان ڕێكه‌وتنی له‌سه‌ركراوه‌ به‌ڵام یه‌كڕیزی نێو ماڵی كورد و كۆده‌نگی لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان زامنن بۆ پاراستنی ئه‌م پشكه‌ وه‌كو خۆی.  
باشتر وایه‌ پۆسته‌كانی هه‌رێم و به‌غدا به‌ یه‌ك پاكێج كاریان له‌سه‌ر بكرێ هه‌ر وه‌كو له‌ ڕابردوو په‌سند كراوه‌.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی پارتی له‌ ڕابردووش براوه‌ی یه‌كه‌م بووه‌ به‌ڵام قه‌ت داوای پۆستی سه‌رۆك كۆماریان نه‌كردووه‌، بۆیه‌ ئه‌م داوایه‌یان له‌كاتی ئێستادا جێی سه‌رسوڕمانه‌و شایه‌نی هه‌ڵوه‌سته‌یه‌. 
هه‌ر وه‌رچه‌رخانێك له‌ سیاسه‌تی پارتیدا به‌مانای بێ ئومێدی ئه‌و حیزبه‌ دێ سه‌باره‌ت به‌ ڕابردوو، ئه‌مه‌ش له‌و شكسته‌ زه‌قانه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌ كه‌ له‌ پۆستی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم دووچاری بوون هه‌ر وه‌ك له ‌ڕێگری كردن له‌ نوسینه‌وه‌ی ده‌ستورو پێكنه‌هێنانی سوپایه‌كی نیشتمانی و ڕێكنه‌خستنی نێوماڵی كورد و ناساندنی داعش وه‌ك جیرانێكی ڕاسته‌قینه‌ و ناشه‌فافی له‌ دۆسیه‌ی نه‌وت و مه‌سه‌له‌ی ڕیفراندۆمدا كه‌ له‌ ئه‌نجامدا 51% خاكی كوردستان كه‌وته‌وه‌ ژێر چه‌پۆكی به‌غداو قه‌واره‌ی هه‌رێم بچوك كرایه‌وه‌و بودجه‌ش بۆ 13% دابه‌زی و پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێمیشیان له‌ بان دانا.
هه‌ڵپه‌ساردنی پۆستی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم له‌كاتی ئێستادا ‌بیانوویه‌كی به‌رچاوه‌ بۆ دابه‌ش نه‌بوونی ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێ كردن له‌ نێوان هه‌ر دوو سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و قۆرخ كردنی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ به‌ ته‌واوی، ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدایه‌‌ له‌ ئه‌گه‌ری هه‌ڵبژاردنێكی تازه‌ ئه‌سته‌مه سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم وا به‌ ئاسانی ‌به‌به‌ر پارتی و خودی سه‌رۆكی پارتی بكه‌وێته‌وه‌. 
له ئه‌گه‌ری‌ چوونه‌وه‌ به‌غدای پارتی ترسی دووباره‌ بوونه‌وه‌ی ڕوداوه‌ مێژووییه‌كان سه‌رهه‌ڵده‌ده‌نه‌وه‌ كه‌ له‌ نه‌وه‌ته‌كانی سه‌ده‌ی ڕابردوو ڕویاندا، كه‌ له‌وێوه‌ پلان بۆ داڕشتنی شه‌ڕی ناوخۆ داده‌نراو  پشتیوانی له‌ ئه‌جنداكانی پارتی ده‌كرا.
هه‌ر چه‌نده‌ له‌به‌ر زۆر هۆكار به‌ زه‌حمه‌تی ده‌بینم پارتی پۆستی سه‌رۆك كۆماری پێ بدرێ به‌ڵام له‌ئه‌گه‌ری پێدانی ئه‌م پۆسته‌ به‌ پارتی پێویسته‌ گه‌له‌كه‌مان گه‌شبین بێ به‌لكو سه‌رۆكایه‌تی كۆماری عێراقیش به‌ ده‌ردی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم ببه‌ن. ‌ 
‌ 344 جار بینراوه‌
14/07/2018
Print Friendly and PDF
بابەتەکانی تری نوسەر
Telerik
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved