نوێترین
100 كه‌سایه‌تی داوا ده‌كه‌ن كه‌یسی 16ی ئۆكتۆبه‌ر ببرێته‌ دادگا   |    سوپای عێراق چه‌ند شوێنه‌وارێكی كه‌ركوك ده‌كاته‌ شوێنی مانه‌وه‌ی سه‌ربازه‌كانی   |    حوكمی حه‌وت ساڵ زیندانی بۆ سێ كارمه‌ندی تاپۆ له‌ كه‌ركوك ده‌رده‌كرێت   |    (45) هه‌زار منداڵ له‌ژێر ركێفی داعش له‌دایكبوونه‌   |    یه‌كه‌مین وه‌زیری حكومه‌تی هه‌رێم له‌دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ سه‌ردانی كه‌ركوكی كرد    |    به‌به‌شداری سلێمانی فێستیڤاڵی ڕاگه‌یاندنی كوردی له‌ سنه‌ به‌ڕێوه‌چوو   |    (45) هه‌زار منداڵ له‌ژێر ركێفی داعش له‌دایكبوونه‌   |    لیژنه‌ی كشتوكاڵ: رێگری له‌ هاورده‌كردنی ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ ناكه‌ین كه‌ له‌ناوخۆ به‌رهه‌مناهێنرێن   |    په‌رله‌مان كار بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی مووچه‌ی كرێكاران ده‌كات   |    لیژنه‌ی خزمه‌تگوزاری داواده‌كات فۆرمی خۆراك نه‌مێنێت و هاوڵاتیان له‌جێی قه‌ره‌بوو بكرێنه‌وه‌   |   
كوردی  |   عربي
وتار
ســاڵی سفر ! ساڵی ٢٠١٦ ساڵی سفركردنەوەی پەیوەندییەكانی توركیا دەبێت ؟

هۆشیار مەلا عەبدولڕەحمان

هێشتا مۆدێلە بەرنامەكەی سەرۆك وەزیرانی ئێستای توركیاو وەزیری دەرەوەی ئەوسا ئەحمەد دواد ئۆغڵو لەیادەوەریماندا ماوە، كە دەیوت تا ساڵی ٢٠١١ ناكۆكییەكانی توركیا لەگەڵ دراوسێكانیدا سفر دەكەینەوە، دەنگۆی ئەم بەرنامەیە دەنگێكی باشیدایەوە بەتایبەتی لە عێراق و سوریاو هیوایەكی گەورەی لەسەر هەڵچنرا، بەڵام لە دەرەنجامی خەراپ كەوتنەوەی بەهاری عەرەبیدا... بەرنامەكەی داود ئۆغڵو و هیوای دراوسێكانی لەگۆڕنران( لە جێگەی سفركردنەوەی ناكۆكییەكانی توركیا لەگەڵ دراوسێكانیدا ، پەیوەندییەكانی توركیا لەگەڵ دراوسێكانیدا سفركرانەوە) . بەو پێودانگەش ساڵی ٢٠١٦ دەبێتە ساڵی ڕیزبەندی ناكۆكییەكان و سفركردنەوەی پەیوەندییەكانی توركیا لەگەڵ دونیا ودراوسێكانیدا.

لەگەڵ ئەمەریكا و ئەوروپا:
 توركیا وەكو ئەندامێكی نەخوازراو و گومانلێكراو لەناتۆدا تەماشادەكرێ... هەر لەبەر ئەوەشە هاوپەیمانان لەسەرەتای شەڕو پێكادانەكانەوە رێگەیان نەداوە بەشداری هێرشی ئاسمانی بكات بۆ سەر بنكەو بارەگاكانی داعش لە سوریاو عێراقدا، چونكە ئامانجی توركیا لەشەڕی دژ بەداعشدا ناڕوونەو ئەگەر رێگەی پێبدرێ لە جیاتی داعش پەلاماری ئەو شوێنەدەدات، كە خۆی پێیدەڵێت باشوری توركیا و باكوری سوریا (رۆژئاوا) كە رۆژئاوای كوردستانە، كەلەئێستادا هێزەكانی (یەپەگە)ـی لێیە، كە بەهاوپەیمانە ئەكتیڤەكەی ناتۆ وهاوپەیمانان دەژمێردرێ.

لەگەڵ روسیا :
 لەگەڵ هاتنی هێزەكانی روسیاو بەشداریكردنی لەشەڕی داعشدا هاوكێشەی سەركێشییەكانی داعش و توركیای گۆڕی بەجۆرێك، كە جارێكیتر توركیا نەوێرێ بیر لە سنوربەزاندن و پێكەوەنانی ناوچەیەكی دەستەمۆ بەخۆی بكاتەوە، بەتایبەتی دوای سیناریۆی سنور بەزاندن و خستنەخوارەوەی فڕۆكەكەی روسیا لە ناو خاكی سوریادا، كەبەدوایدا گرژی و ئاڵۆزی پەیوەندییەكانی هەردوو وڵاتی لێكەوتەوە، توركیا سەبارەت بە تێكدانی پەیوەندییەكانی لەگەڵ روسیادا گەورەترین هەڵەی سیاسی ستراتیژی كردووەو سزاكەی ئەوەندە قورس دەبێت، كە كۆنڤۆی سەدان ملیۆن ترێلەی نەوتی قاچاغی داعش قەرەبووی ناكاتەوە.. ئەردۆگان لە سۆنگەی داهات ودەرامەتی خێزانەكەی خۆیەوە تەماشای ئاستی بژێوی خەڵكی توركیا دەكات و نازانێت لە ئێستادا ٢٠ ملیۆن هاونیشتمانی توركیا لە ژێرهێڵی هەژاریدان... كلیلی سەركەوتنی هەر حكومەتێك لەتوركیادا تەنها بەندە بەبەرقەراكردنی ئاشتی وئارامییەوە، كە ئەردۆگان پێچەوانەكەی دەكات ... بەڵێنی بەخەڵكی توركیادا، كەدەنگ بدەن بەپارتەكەی و ئەویش خوشگوزەرانییان بۆ بهێنێت لەبەرانبەردا، كەچی هەموو رووداوەكان پێچەوانەی ویستی خەڵكی  توركیا دەرچوون... ئایا توركیا چ بەرژەوەندییەكی لە خستنەخوارەوەی فڕۆكەی روسیدا هەیە ؟، جگە لەزیانی ئابوری و ئابڵوقەدان و رەنجاندنی دڵی  بەشێك لەدەوڵەتە ئەوروپییەكان.

لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان :
 توركیا دیسانەوە سنوربەزاندنی كردووە وەكو دۆستێكی نەخوازراو رەفتار دەكات و بە قوڵایی ١٤٥ كیلۆمەتر سنورو شكۆمەندی خاكەكەمانی پێشێلكردووەو سەرانی ئاكەپەش رۆژ دوای رۆژ دووپاتی مانەوەی هێزەكەیان دەكەن، كە سەرەتا دەیانوت ئەو هێزەی ئێمە بۆ مەشقپێكردنی هێزی پێشمەرگە هاتوونەتە ناوخاكی عێراقەوە، بەڵام ئەو قسەیەی سەرانی ئاكەپە راست دەرنەچوون، بەڵكو ئەو هێزە هاتووە بۆ دابینكردنی سەرچاوەی (وزە)  بەو ئامانجەی قەرەبووی ئەو بڕە وزەیەی بۆ بكرێتەوە، كە پێشتر روسیا بۆی دابیندەكرد لەنەوت وگازی سروشتی،  سەرچاوەكانی وزەش زۆربەی دەكەوێتە سنوری هەرێمی كوردستانەوە، بۆیە كاتی ئەوەهاتووە، كە ئیتر كورد سیاسەتی  ریالیتەو ئاشكرا لەگەڵ توركیادا پەیڕەوبكات و خۆی دووربخاتەوە لەسیاسەتی پاشكۆیەتی و پەیوەندی نهێنی وگومانلێكراو ... حكومەتی ئاكەپە دەبێ دەستبەرداری سیاسەتی پارادۆكسی بێت لەگەڵ كورددا ... ناكرێت لەباشور دۆستی بێت و سامانەسروشتییەكان بەهەرزان بە بەلاش هەڵڵوشێت و لەباكوریش قەڵاچۆی بكات ! توركیا دەبێ خۆی لەگەڵ پێداویستییەكانی سەردەمەكەدا ڕێكبخاتەوە، توركیا دەبێ تێبگات، كە كوردستان تەنها لە عەقڵی بۆگەنی ئەردۆگاندا جیاكراوەتەوە... مەسەلەی كورد یەك مەسەلەیە خەڵكی ئامەد و باتمان و ئەڵەزخ وموش و دهۆك و هەولێر وكەركوك وسلێمانی وهەڵەبجە هەر یەكن، مەگەر جیاوازی لە شێوە دیالێكتی زمانیاندا هەبێت !

لەگەڵ ئێران :
 توركیا وەكو زلهێزیك خۆی دەنوێنێت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستداو كێبڕكێ لەگەڵ وڵاتێكی دەوڵەمەندی وەكو ئێراندا دەكات، پێشێلی سنوری دۆستەكانی ئێران دەكات، كە عێراق و سوریان، بەتایبەتی لە عێراقدا توركیا ناتوانێت ململانێ لەگەڵ ئێراندا بكات لەبەر كۆمەڵێك فاكتەری بەهێزی ئێران لە عێراقدا... لە ڕووی جوگرافیەوە عێراقی عەرەبی و هەرێمی كوردستان درێژترین سنوریان لەگەڵ ئێراندا  هەیە... لە ڕوی ئایینی وسیاسیشەوە  زۆربەی عێراق لە  ئێران دەچێت، بۆیە دیسانەوە توركیا خوێندنەوەی عەقڵانی نەكردووە لەپەیوەندییەكانیدا لەگەڵ ئێراندا ! بەم سیاسەتەی ئێستاشیەوە ناتوانێت قەرەبووی سەرچاوەكانی وزە لەدەستچووەكەی روسیای بكاتەوە، چونكە كردەو پرۆسەیەكی ئاڵوگۆڕو بازرگانی پێویستی بەپەیوەندییەكی دیبلۆماسی بەتەندروست هەیەو پێكهێنانی بەرەیەكیش بەسەرۆكایەتی عەرەبستانی سعودی و قەتەر دژ بە ئێران ودرێژكراوەكانی لە عێراق و سوریا و یەمەن، تەنها بەقازانجی سعودی و زیانی توركیا تەواو دەبێت !

لەگەڵ سوریا و رۆژئاوا :
لەگەڵ كۆدەتاكەی سیسی بەسەر ئیخوانەكانی میسردا و كەوتنی دەسەڵاتی محەمەد مورسی، توركیا هەوڵەكانی خۆی لە ڕێگەی گروپە تیرۆرستییە دەسەندەخۆرەكانیەوە بۆ خستنی دەسەڵاتەكەی بەشار ئەسەد چڕتركردەوەو تا ئەو رادەیەی، كەمانگ و رۆژی بۆ رووخاندنی ئەسەد دیاریدەكرد بەسود وەرگرتن لەو كۆمەك وهاوكاریانەی، كە توركیا لە ناتۆ و ئەمەریكا دەستەبەری كردبوون بۆ ئۆپۆزۆسیۆنی سوری لەگەڵ كۆمەك وهاوكاری وڵاتانی كەنداو ... دەرەنجام دەسەڵاتەكەی ئەسەد توانی بەكۆمەكی دۆستەكانی وەكو ئێران و روسیا و چین دان بەخۆیدا بگرێت ووردە وردە نەیارەكانی لە بەرەی نوسرەو ئەحرار ئەلشام وسوپای ئازادی سوریا ویەكەكانی عەشیرەتە توركمانەكانی (بایر بوجاق) و داعش لاواز بكات... لای سەروشیەوە پەیەدە و هێزەچەكدارەكانی لەیەپەگە و یەپەژە بەرگرییەكی بێوێنەیان بەبەرچاوی هەموو جیهانەوە بەرانبەر داعش نواندو بوونە فاكتەری سەرەكی شكستی داعش لە رۆژئاوای كوردستان  و پوچەڵكردنەوەی پلانەكانی توركیا لەناوچەكەداو تا دۆخەكە گەیشتە بەشداریكردنی راستەوخۆی روسیا لە سوریادا، كەبەیەكجاری توركیای بێهیواكرد لە پێكەوەنانی ناوچەیەكی بێلان لەناو خاكی سوریاداو لەسەر ئەوەشەوە روسیا توانیویەتی كۆتایی بە بازرگانی نەوتی قاچاغی داعش توركیا بهێنێت لەدەڤەری جەرابلوس و دەڤەرەكەی لە ئاسمانەوە بەجۆرێك كۆنترۆڵكردووە، كە توركیا و گروپەدەسەندەخۆرەكانی لە جووڵەخستووە.. لە كۆتاییدا لە جیاتی ئەوەی توركیا حكومەتی سوریا بڕوخێنی خەریكە خۆی لە سوریا بچێت و لەكێشەكانییەوە بگلێت .

لەگەڵ باكور:
 سوڵتان ئەردۆگان سیاسەتوانێكی بیر كۆڵەو زۆر درەنگ لەپەیامەكان تێدەگات، كاتی خۆی ئەمەریكاو هاوپەیمانەكانی سەرۆكی پارتی كرێكارانی كوردستانیان بەدیلی ڕادەستی حكومەتی ئەوسای توركیا كرد نە حكومەتەكەی ئەوسا و نە ئەوەی ئێستاش لەو پەیامەی رۆژئاوا تێنەگەیشتن و لە جیاتی ئەوەی، كە ئیتر بیر لەچارەسەری ئاشتیانەی مەسەلەی كورد بكاتەوەو دەستبەرداری مێتۆدی جەلادانەی سەد ساڵی پێشوتر بن ...بەڵام ئەوسا و ئێستاش دەسەڵاتەكانی توركیا نەیانتوانی لەو پەیمانە تێبگەن، ئەو تروسكاییەش  بۆ ئاشتی لەگەڵ كورد دا، كە پێشتر بەناچاری لەگەڵ ئاكەپەی دەسەڵاتدار دا بەڕێوەدەچوو خودی ئەردۆگان لە ٢٨/٢ /٢٠١٥ كۆتایی پێهێناو لەبەرانبەردا حیزبەكانی باكور بەدەستەجەمعی لەژیرناوی (هەدەپە)ـدا بەشداری هەڵبژاردنە پەرلەمانیەكەی ٧ ی حوزەیرانیان كردو سەركەوتنێكی گەورەیان تۆماركرد و٨٠  نوینەریان ناردە پەرلەمانی توركیا، بەڵام ئاكەپە ئەم سەركەوتنەی كوردانی پێ قوتنەچوو بەدەرەنجامی هەڵبژاردنەكە رازی نەبوو كەوتە پلانگێڕان و لەیەكەم كاردانەوەیدا بۆ تێكدانی دۆخەكە زۆر بەشێوەیەكی دڕندانە پەلاماری بنكە و بارەگاكانی پارتی كرێكارانی كوردستانیدا و هاوكات كەوتە وێزەی ئەو شارو شارۆچكانەی، كەلە ٧ ی حوزەیراندا دەنگیان دابوو بە هەدەپە تا خەڵكی توركیای ناچاركرد كەدەنگەكانیان بدەنەوە بەئاكەپە، ئەگینا شەڕو توندوتیژییەكان درێژەیان دەبێت و نائارامی هەموو كون و قوژبنێكی توركیا دەگرێتەوە تا لە ١/١١ دا ئەردۆگان توانی وەكو سیحربازێك  دوو ملیۆن دەنگ لە حیزبەكانی هەدەپە و مەهەپە و جەهەپە بپچڕێتەوە بۆ ئاكەپە  تا بتوانێتەوە وەكو ساڵانی پێشوو بەتەنهاو بێ ڕكابەر توركیا بەئارەزووی خۆیان و بۆ بەرژەوەندی خۆیان هەڵسوڕێنن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئاكەپە نەیتوانی ئاشتی وئارامی بۆ خەڵكی توركیا بگێڕێتەوە، بەڵكو بەپێچەوانەوە توركیای پۆلین و دابەشكرد بەسەر بەیارو نەیارا و بەشێكی توركیا كردووە  بەجەهەننەم  و بەشەكەی تریشی بە كۆمەڵێك كێشەی ئابورییەوە خافڵاندووە.
ئەردۆگان باكوری كوردستانی كردە گۆڕەپانی شەڕی نێو كوچەو كۆڵانەكان و هەرچی نوێنەری هەڵبژێردراوی شارەوانییەكانی كوردستان هەیە ڕاپێچی زیندانەكان كران، هەرچی نوسەرو رۆژنامەنوس و دامەزراوەی مێدیایی هەیە، كە رۆژێك لە رۆژان ڕەخنەیەكیان لە سوڵتان گرتبێ پەلكێشی دادگاكان كراون و لە زیندانەكان ئاخێنراون... ئەردۆگان لە ئێستادا وەكو كەسێكی تاكڕەو نەك هەر سەرۆك كۆمارە، بەڵكو هەموو شتێكە لە توركیادا سەرۆك كۆمارە، سەرۆك وەزیرانە، سەرنوسەری رۆژنامەكانە، سوپاسالارە، وەزیری هەموو وەزارەتەكانە... ئەردۆگان دەستوری كۆمارەكەی وەلاناوە، تەنها ئەو بڕگانەی بەكاردەبات، كەلە بەرژەوەندی دەسەڵاتەكەی خۆیاندایە .. واتا ئەو بڕگانەی بەكاردەهێنن، كەپەیوەندی داخستنی پارتەكان و جنێودان بەسەرۆك كۆمارەوە هەیە، ئەمڕۆ لە توركیادا لە ژێرسایەی دەسەڵاتی تاكڕەوی ئەردۆگاندا دەسەڵاتەكان نەك هەر جیانەكراونەتەوە، بەڵكو لەیەك تاكەكەسێكدا چڕكراونەتەوە... ئەمڕۆ دامەزراوەی پەرلەمانی توركیا هیچ شكۆمەندییەكی نەماوەو هیچ بڕیارێكی تێدا نادرێ !  
 پێناچێت هێشتا بەنجی خەیاڵی بەهاری عەرەبی ئەردۆگانی بەریدابێت؟ ئەردۆگان لە سەروبەری گیانەڵای ڕژێمەپیرەكانی جیهانی عەرەبی ئیسلامیدا سەرمەستی خەیاڵێك بوو، كە مەگەر هەر خۆی ڕایەڵەكانی لە مێشكی خۆیدا لێك جیابكاتەوە... لەو تابلۆ وەهمیەی دوای بەهاری عەرەبیدا توركیای ئەردۆگانی بۆتەوە بە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی سەردەمی سوڵتان یاوز سەلیم و هەموو دونیای عەرەبی ئیسلامی  بەباكوری ئەفەریقاشەوە كەوتۆتەوە دەست، تەنها ئەوەندەی ماوە والیەكانیان بۆ بنێرێتەوە، بەڵام كە یەكەم والی  (محەمەد مورسی) لە میسر كەوت وشكستی هێنا... خەیاڵەكەی سوڵتان ئەردۆگان بزڕكا... ئینجا پەلە كرا بۆ لەدایكبوونی داعش، كەدەمێك ساڵ بو توركیا لەگەڵ گروپی عەرەبی سونەی عێراقی و سوریا لەهەوڵی پێكەوەنانیدا بوون و جاڕی كۆكردنەوەی جیهادیستەكانی ئاسیای ناوەڕاست و ئەوروپاو ئەفەریقاو جیهانی عەرەبی دراو توركیاش كرا بەكاروانسەرای قافڵەكانی داعشە خۆبەخشە بیانییەكان.

‌ 3056 جار بینراوه‌
09/01/2016
Print Friendly and PDF
بابەتەکانی تری نوسەر
Telerik
بورهان حاجی سلێمان
شوان داودی - گۆشه‌ی له‌ژێ چاویلكه‌وه‌
؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟
؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟
راپرسی
کێ بەرپرسە لەم دۆخەی ئێستای کوردستان؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved