وتار
كۆدەنگی نیشتمانی لە كوردستاندا بەرەو كوێ‌؟

نەوزادی موهەندیس



هەمیشە ئاشتەوایی سیاسی بۆتە هۆی دروستكردنی كۆدەنگی نیشتیمانی لەنێوان پارت و لایەن و سەركردە سیاسییەكان و جەماوەریشدا لەسەر كۆی مەسەلە گرنگە نیشتیمانیەكان، هەر بۆیە نەبوونی یان پەكخستنی ئاشتەوایی نیشتیمانی دەبێتە هۆی تێكدان و لەگرێژەنەچوونی هەموو پەیوەندی و لێكتێگەیشتن و پێكەوەكاركردنێك و وڵات و كۆمەڵگە دەخاتە گێژاوێكی سیاسی قوڵ و بەدوای خۆشیدا ئاشتەوایی ئابوری و كۆمەڵایەتیش تێكدەدات.
هەربۆیە ئاشتەوایی سیاسی لەنێوان پارت و لایەنە سیاسییەكاندا بەردی بناغەی پێكەوەنانی متمانەو كاری هاوبەشە لەپێناو پاراستنی ئەمنیەت و ئاسایش و بەرزكردنەوەی ئاستی گوزەران و پێشكەوتنی وڵات و كۆمەڵگا و چەسپاندنی یاسا و عەدالەتی كۆمەڵایەتیش، بەبێ‌ بوون و سەقامگیری ئاشتەوایی نیشتیمانی هیچ كۆدەنگییەكی سیاسی فەراهەم نابێت و وڵات و كۆمەڵگەش بەرەو دڕدۆنگی و زیاتر دووركەوتنەوە لەیەكتری و ئاژاوەو پشێوی سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی سەر دەردەكات.
بەداخەوە لە ئێستادا لە كوردستاندا ئەو ئاشتەواییە سیاسییە ڕاستەقینەیە هەست پێناكرێت لەنێوان لایەنە سیاسی و سەركردەكاندا، هەر ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی كە وڵات ڕوو لە قەیران و كێشەی سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی بكات و لە ئێسشتادا كوردستان بە دۆخێكی سیاسی ناجێگرو شڵەژاودا تێپەڕدەبێت، كە ئەمەش بۆتە هۆی سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی و ئابوری و تەنانەت قەیرانی كۆمەڵایەتیش زیادی كردووە، ئەم دووركەوتنەوەو دڕدۆنگی و لێكتێنەگەیشتنەی لایەنە سیاسییەكان بەداخەوە هێندەی لەسەر مەسەلەی حیزبی و دەسكەوتی حیزبیە نیوهێندە لەبەرژەوەندی كۆمەڵگاو چەسپاندنی یاساو دامودەزگا شەرعییەكانی حكومەتدا نیە، هەموان سیاسەت بەڕق و كۆنە قین دەكەن و هەموان لەگەڵ یەكدا ناكۆك و ناتەبان و ململانیێ‌ حیزبیەكانیان گەیاندۆتە ئاستێك كە گەڕانەوەیان بۆ نەبێت و هەریەكەیان كەوتونەتە دۆڵێك و هیچ كامیان گوێ لەوی تر ناگرێت و ئامادەش نین بچوكترین سازان و سازش بۆ یەكتری بكەن و هەرئەمەش بۆتە هۆی دابڕانیان لە جەماوەری میللەتەكەمان و كوردستان ڕووەو ئاڕاستەیەكی مەترسیدار هەنگاو دەنێت، لەم دۆخە پڕ قەیران و شەڕو ناكۆكی و ململانێ‌ ناوچەیی و نێودەوڵەتیانەدا كە هەموان بەتەنگ پاراستنی سنورو دەسەڵات و بەرژەوەندیەكانی خۆیانەوەن و لەهەوڵی دوورخستنەوەی ئاگری شەڕی داعش و تیرۆریستانن لە خۆیان و كۆمەڵگاكانیان، بەداخەوە ئێمەی كوردیش لەم هەرێمەدا خەریكی خۆخۆری و ململانێی ناڕەوای حیزبایەتین و سەرمان ناپەرژێتە سەر دەورو جیران و پیلانی ناحەزان و بێگائاین لە سیاسەتی ناوچەیی و نێودەوڵەتی و دابەشبوینەتە سەر دوو ئاراستەی جیاوازی ململانێكان هەریەكە لەبەرژەوەندی حیزب و سەركردەكانی خۆیانەوە لە مەسەلەكان دەڕوانن نەك لە پێناو بەرژەوەندی و دەسكەوتنی نەتەوەیی و نیشتیمانی كوردستاندا.
بەڵام هەموان دەبێت ئەو ڕاستیە باش بزانن كە سیاسەتی پاشكەوتنی ئەم بلۆك یان ئەو ڕیزبەندییە بەتاكو تەراو بێ‌ بەرنامەو گوتارێكی یەكگرتوویی كورد هەمیشە دەبێتە مایەی زیانی گەورەو مەترسی دروستكردنیش بۆ ئەوەی كە هەشمانە، بۆیە كورد لەم قۆناغ و دۆخە ئاڵۆزەی ناوچەكەو دونیاشدا لەهەموو كات زیاتر پێویستی بەیەكڕیزی و كۆدەنگی نیشتیمانی هەیەو لەهەموان دەخوازێت كە زیاتر بەرامبەر یەكتر نەرم ونیاتر بن و هەریەكەیان كەمێك سازش لە مافەكانی خۆی بكات و هەموان لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنیشن و ڕاشكاوانە و بوێرانە باس لەهەموو خاڵە ناكۆكەكان بكەن و بەهەموان ئەم دۆخە مەترسیدارە تێبپەڕێنن و سازانێكی گشتی و نیشتیمانی ڕاستەقینە بێننە ئاراوە .
ئاشكرایە سەركردەی سیاسی خەمخۆرو دڵسۆز لەكاتی قەیران و سەرهەڵدانی كێشەكاندا دەردەكەوێت و بە ووردبینی و دووربینی و خوێندنەوەی ڕاستی مەترسییەكان و دڵسۆزی بۆ گەل و نیشتیمان دەتوانێت قەیران و كێشەكان دووربخاتەوەو چارەسەریشیان بكات و بڕیاری ڕاست و دروست بدات، ئاشكراشە هیچ كێشەو قەیرانێكیش چەندە ئاڵۆزو سەخت بێت، هەمیشە دەرەچەو ڕووناكی و ئاسۆیەكی چارەسەر ئامادەگی هەیە گەر نیەت و بوێری و ڕاستگۆیی لای كەس و سەركردەكان هەبێت بۆ چارەسەركردن.
لەم دۆخەی ئێستادا كە لە ئەنجامی نەخوێندنەوەی راست و دروستی یەكتری بەتایبەتیش پارتی و گۆڕان هاتۆتە ئاراوەو هێندەی تر كێشەو قەیرانە سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتییەكانی هەرێمیان سەختترو قوڵتر كردۆتەوە، مەترسییەكانیشی زیاترو چڕتركردۆتەوە بۆ سەر ئێستاو ئایندەی كوردستان و هەرێمەكەمان و دەسەڵات و دەستكەوتەكانیش، بەداخەوە هیچ لایەكیشیان ئامادەیی ڕاستەقینەیان نیە بۆ چارەسەرو نەرمی نانوێنن و هەریەكەیان دەستیان گرتووە بە ڕاوبۆچونەكانی خۆیانەوەو هیچ كامیان ئامادەنین سازش بكەن لەسەر پۆست و پلەو كەسەكان و بیانكەنە قوربانی مەسەلە گەورەكەی گەل و نیشتیمان.
ئەو هێزەی كەلەم نێوەندەدا هەموو چاوەكان و هەموو ڕووناكییەكانی لەسەرن بۆئەوەی هیمەت و هەوڵَ و دەستپێشخەری بكات بۆ چارەسەر و نێوەندگیری تەنها یەكێتی نیشتیمانی كوردستانە، كە هەمیشە بەشێك بووە لەچارەسەرو ڕێگەی نەداوە كێشەكان توندترو ئاڵۆزتر بن و سەربكێشن بۆ توندوتیژی زیاترو بە ئاشكراو بەنهێنی لەهەوڵی نزیكردنەوەی هەردوو لادان وەك ئەرك و لێپرسراوێتییەكی مێژوویی و وەك هێزێكی كاراو كاریگەر كەهەموان هەست بە سەنگ و قورسایی دەكەن و هەردوولاشیان چاوەڕانن كە یەكێتی هەڵوێستێكی لایەنگیری بۆ لایەكیان بنوێنێت بۆ ئەوەی باسكی ئەویتریان لاواز بێت، بەڵام یەكێتی سیاسەتێكی ژیرانەو نیشتیمانیانەو نەتەواییانەی دووربینی لەسەرخۆ پیادە دەكات و مەبەستیش لەم هەڵوێستەی نە ترسنۆكییەو نە بێهەڵوێستییە، چونكە بڕیارو هەڵویسَتی یەكێتی یەكلاكەرەوەی دۆخەكە دەبێت بە باش یان خراپ، بۆیە سەختی و قورسی و هەستیاری دۆخەكە وا لەیەكێتی دەكات كە بەم شێوە بێلایەنییە مامەڵە بكات و هەرئەم هەڵوێستەش بارودۆخەكەی بە ئارامی هێشتۆتەوەو یەكێتی گەر بە حیزبایەتی تەسك و بەرژەوەندی حیزبی بیری بكردایەتەوەو كاری بكردایە بەدڵنیایی گەلێك دەسكەوت و پلەو پۆست و ئیمتیازاتی وەردەگرت، بەڵام ئەوە نە سیاسەت و نەپلان و نەبیركردنەوەی یەكێتیە كە بە خراپی سوود لە فورسەتە هەڵكەوتوەكان وەربگرێت، بۆیە دەبێت هەموان ئەم هەڵوێستەی یەكێتی بە بەرژەوەندی خۆیان و میللەتەكەشمان بزانن نەك بە بێهەڵوێستی.
گرنگیشە هەموان باش بزانن كە نەدەسەڵات و نە گەل و نە خاكی كوردستان تاپۆو میراتی هیچ كەس و سەركردەو لایەنێكی سیاسی نیە بەتەنها، بەڵكو میراتی هەموانەو هەموانیش بەپێی سەنگ و قورسایی و مێژووو خەباتی خۆیان بەشدارن و ئەرك و مافیان هەیە، هەر بەم بیركردنەوە كوردانەو نەتەوەیی و نیشتیمانیانە دەتوانین كۆدەنگییەكی نیشتیمانی سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی پێكەوەبنێین و هەرێمەكەمان و گەلەكەمان لەم دۆخ و قۆناغە مەترسیدارەی خەباتدا ڕزگار بكەین، باهەموان نیو هێندەی كە لەگەڵ ناحەزاندا نەرم و نیانین لەگەڵ خۆمان و لەنێو خۆی خۆماندا نەرم و نیان بین و ناوماڵی كوردایەتی رێك بخەینەوەو توندوتۆڵی بكەین بۆ ئەوەی بتوانین ڕووبەڕووی تەحەدا گەورەكانی دەوروبەرمان ببینەوە.


‌ 2430 جار بینراوه‌
10/01/2016
Print Friendly and PDF
بابەتەکانی تری نوسەر
Telerik
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved