وتار
كێشەی ئەرمەنستان.. ئەو گورزەی هەموو رێككەوتنەكان تێكدەشكێنێت

عەبدولڕەحیم سەرەڕۆ


رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی بۆتە مەیدانی ململانێی وڵاتە زلهێزەكان و كارەكە زۆری لە نەخشەی جوگرافی ئاسایی تێپەڕاندووە، بەهاری عەرەبی لە شۆڕشێكی میللی لەسەر ئاستی داخوازی میللەتانی ناوچەكەوە قۆسترایەوە بۆ بەربەرەكانی نێوان هێزە سیاسیەكانی جیهان و لەدوایین هەنگاوی گەمەكاندا سوریا بوو بەدوایین قوربانی ئەو گەمە سیاسیەو سەرەتا بە هاتنی داعش و دواجار بەداگیركردنی عەفرینی كوردستانی لەلایەن هێزەكانی توركیاوە بە چاوخەواندنی هەموو هێزەكانی جیهان بە كۆمەڵێك رێككەوتنی بەرژەوەندی سیاسی لە هەر یەك لە ئەستانەو سووچی كۆتایی هات، بەڵام پێشهات و گۆڕانكاری زۆر گەورە لە رووداوەكاندا دەبینرێت و ئەگەری گەورە هەیە بەهۆی گۆڕانكاری لە رووداوەكان وڵاتە زلهێزەكان ناچاربكات چاوێك بە هاوكێشە سیاسیەكاندا بخشێنن و هەندێك دەرەنجامی كتوپڕ لەناوچەكەدا رووبدات؛ كە بەلای هەندێكیانەوە دەبێتە بەردەبازێك بۆ رزگاربوون و بەلای هەندێكی ترەوە بە ئاكامی نەخوازراو وەسفدەكرێت.  
بەپێی بۆچوونی ماكسیم چێڤچنكۆ چاودێری سیاسەتی نێودەوڵەتی، هەڵچوونی رووداوەكانی ئەرمینیا بەرەو ئاشووپ و بەشێوەی نەرێنی دەبێتە هۆی لاوازكردنی رووسیا لەناوچەی قەوقازو هەڵوەشاندنەوەی رێككەوتننامەكانی نێوان مۆسكۆو توركیا سەبارەت بە سوریا بەمەش ئەنقەرە دەستی لە بن هەمانەكەوە دەردەچێت، ماكسیم چێڤچنكۆ میدیاكارو چاودێری سیاسی و چالاكوانی كۆمەڵایەتی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی سەبارەت بە دوایین كۆبوونەوەكان لەمەڕ سوریا دەڵێت:" ئێستا دەروازەیەكی نوێ بە رووماندا كراوەتەوە ئەویش كێشەكانمانە لەگەڵ ئەرمینیا كە ئەگەری هەیە زۆربەی هاوكێشەكان هەڵوەشێنێتەوە". 
بەمەش واتا ئۆپزسیۆنی ئەرمینی لیبرالی كە لەسەر بنەمای نەتەوەیی دامەزراوە زۆر بە توندی خۆی خزاندۆتە ناو مەسەلەی ناوچەی (ئارتساخ) ناگۆرنی قەرەباغی كێشە لەسەرو داوادەكات هێزەكانی روسیا لەو ناوچانەو لە هەموو ئەرمینیا بكشێنەوە، ئەمەش زەنگی هەڵگیرسانی جەنگ لە ناگۆرنی قەرەباغ بە ناوچەوانەوە دیارەو ئەوسا مۆسكۆ ناچار دەبێت پاڵپشتی لە حكومەتی ئەرمینیای دۆستی بكات كە پێشترو ساڵی 1994 هاوكاری كرووە بۆ گەڕاندنەوەی شەش ناوچەی ئەرمەنییەكان لە ئازەربیجانەوە، دوور نییە بەو هۆیەشەوە مەرامەكانی توركیا دەركەون و خۆی بخزێنێتە ناو گرفتەكەو هێزی سەربازی بنێرێتە ناوچەكەو روبەروی ئەرمینیا ببنەوە، ئەم هەموو پێشهاتانە دەبنە هۆكاری تێكچوونی پەیوەندی نێوان رووسیاو ئەنقەرە كە پێشتر فلادیمیر پۆتین و ئەردۆگان بە هەنگاوی ئیجابی و سەركەوتنی گەورەو هۆكاری سەقامگیری ناوچەكەیان لەقەڵەمداوە، وەك رێككەوتنەكانی فایلی سوریا تایبەت بە عەفرین و رەوپێكردنی بەزۆرەملێی مەدەنییەكان و كاروباری پەنابەرانی جەنگ بەرەو ئەورپا.. دەرەنجام ئەو هەموو رێككەوتنانەی پێشتر لە ئەستانەو سووچی لەنێوان هەردوو وڵاتی ناوبراو مۆركرابوون دەكەونە بەر گەرداوی پێشهاتە تازەكان و خاڵ لەدوای خاڵ نقووم دەبن.
هەرچەندە مۆسكۆ بە نیازە هەموو كێشە سیاسیە ناوخۆكانی ئەرمینیا لەرێگەی دەستوورەوە چارەسەر بكات و كار بۆ دانوستانی تەواوی لایەنەكان دەكات بۆ ئاساییكردنەوەی بارودۆخەكە، ئەمەش خاڵی دەسپێكی تووڕەیی خۆپیشاندەرەكانە كە ئەردۆغان وەك تۆڵەیەك بەرامبەر بەداگیركردنی بەشێك لە ئازەربیجان پشتگیرییان لێدەكات.  
لە كاتێكدا توركیا بۆ بەرژەوەندییەكانی خۆی بە هەموو مەبەستێكەوە ئاگری گرژیەكانی ناو ئەرمینیا خۆشەدەكات، ریچارد میلیز نوێنەری باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە یەریڤان خۆپیشاندانەكان و هەڵمەتی یاخیبوونی مەدەنی بە پێشێلكردنی یاسا ناودەبات و داوای ئاساییكردنەوەی بارودۆخەكە دەكات و ئاماژەش دەدات چارەسەركردنی كێشەكان لە رێگەی دیالۆگەوە تاكە رێگەیە بۆ سەركەوتن بەسەر هەموو ئەو قەیرانە سیاسی و ئابووریانەی وڵاتەكە دووچاری بووە.  
ئەرمینیا بەدرێژایی ماوەی سەربەخۆبوونی تا ئێستاش كار بۆ پاراستنی هاوسەنگی دەكات لەگەڵ هێزە دەرەكییەكان بەگشتی و لەگەڵ رووسیای فیدراڵی بەتایبەت كە خۆی بە دۆستی نزیكی وڵاتەكە دەزانێت بەڵام لەگەڵ ئەوەش هەمیشە پارسەنگی دیبلۆماتی لەگەڵ بەرژەوەندییەكانی رۆژاوا راگرتووە. هاوكات رۆڵی تەواو و كارای هەبووە لە چوارچێوەی ئەنجومەنی وڵاتانی سەربەخۆ كە لە كۆتاییەكانی سەدەی رابردوو لە یەكێتی سۆڤییەت جیابوونەوەو سەربەخۆیی خۆیان راگەیاند. هاوكات یەریڤان لەگەڵ پێشنیارەكانی كۆمەڵەی مینسك بووە كە پایتەختی بیلاروسیایە لەسەر هەرێمی ناگۆرنی قەرەباغی جێناكۆك لە نێوان هەریەك لە ئازەربێجان و ئەرمینیا، كە جگە لە چەندین وڵاتی ئەوروپی هەریەك لە روسیاو ئەمریكاشی لەخۆی گرتووە.  
جگە لەوەی بەم هۆیەوە توركیا تەواوی لاوازی هەڵوێستی بۆ ماوەتەوەو ناتوانێت گرژیەكان بەرەو پێشەوە ببات هاوكات جگە لە خۆپیشاندەران؛ هێزەكانی ئۆپۆزسیۆن هەن رێگرن لە خۆپیشاندانەكان و بەرزكردنەوەی دروشمی دیموكراسی بە تایبەت حیزبی كۆمۆنیستی ئەرمینی كە زۆرینەی ئۆپۆزسیۆن پێكدەهێنێت زۆر نیگەرانن لە بەرەو هەڵدێربوونی وڵاتەكە بەرەو كێشەكان و زیاتر تێكچوونی رەوشەكە لەناوچەكە. 
رووسیا نیگەرانە لەو پێشهاتانەی لە ئەرمینیا روودەدەن، بەتایبەت دوای ئازادبوونی جەمهوریەتی جۆرجیاو وەرگرتنی دەسەڵات لەلایەن ئۆپۆزسیۆنەوە، هاوكات رووداوی هەرێمایەتی گەورە لەناوچەكە روودەدەن بە تایبەتی بەرفراوانبوونی یەكێتی ئەوروپا لەسەر حیسابی وڵاتانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ئەوروپا كە پێشتر بەشێك بوونە لە یەكێتی سۆڤییەتی جاران، بەڵام ئێستا هەر هەموو بەشێكن لە هاوپەیمانی ناتۆو بنكە سەربازییەكانی ناتۆیان گەیاندۆتە سنووری قەفقاس و ئەمەش تەگەرەی خستۆتە هاوسەنگی هێز لەناوچەكە، جگە لەوەش هەرسێ وڵاتی ئەستۆنیاو لاتیفیاو لیتوانیا كە جاران سەر بە بلۆكی سۆشیالیستی بوون ئێستا بەناوی هاوبەشی لە پێناوی ئاشتی چەندین سەربازگەی ئەمریكییان بەهاوبەشی لەناوچەكە جێگیركردووە.
  وێرای ئەوەی ئەرمینیا رێز لەدەستوور دەگرێت و هاوكات پەیوەندی دەرەكی لەگەڵ زۆربەی وڵاتانی ناوچە تارادەیەك هاوسەنگی خۆی پاراستووەو كار بۆ هێوركردنەوەی كێشەكان دەكات نەبادە پریشكی رووداوكان بەر ناوچەكە بكەوێت، بەڵام هەر لەنگییەك لە گۆڕینی ناهاوسەنگی دەبێتە هۆی بەرپابوونی شەڕێكی گەورەی دیبلۆماتی و سیاسی لە نێوان توركیاو رووسیا، كە باجەكەی زۆر بە قورسی دەكەوێتە سەر حكومەتەكەی ئەردۆغان. 
توركیا جگە لە كێشەی ئابووری و ناوخۆیی ئێستا كەوتۆتە نێوان سێ هاوكێشەی سیاسی جیهانی  زۆر سامناك، لە یەكەمدا بەناوی ئیسلامیی ئیخوانییەوە دەست وەردەداتە قەیرانەكانی نێوان "عەرەب ــ ئیسرائیل" كە هەموو جیهان كار بۆ سەقامگیری دەكەن لەناوچەكە.. لەلایەكی ترەوە بەناوی هێزە جیهانییەكانەوە شەڕی دژبە تیرۆر دەكات و ئاراستەی ئامانجەكانی كردۆتە بارەگاو بنەی هێزەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان و بەو كارتەش توانی گرەوی عەفرین بباتەوە هەرچەندە كێشەی عەفرین هێشتا ئاوڵەمەیەو ئەگەری پێشهاتی خەتەرناك بەرێوەیە. ئێستا دەیەوێت خۆی بقورتێنێتە ناو كێشەی ئەرمینیا بەوەی بەشێك بووە لە خاكی عوسمانی و بە هۆی رێككەوتنە نێودەوڵەتیەكانەوە بێ ویستی خۆی لەدەستی داوە. 
توركیا بەو گەمە سیاسیەی كە بە خەونەكانی مێژووی داگیركاری عوسمانی موتوربەی كردووە زۆربەی دۆستانی خۆی لەدەستدەات، بەمەش كێشە دەرەكییەكانی كە خۆی ئاگرەكەی خۆشە دەكات دەبێتە هۆی ئاگركەوتنەوە لەنێوماڵی خۆی و زیانێكی گەورەی مێوویی و كارەساتی سیاسی و هەرێمایەتی لێدەكەوێتەوە كە لە كەمترین پێشهاتدا دەبێتە هۆی شۆڕێكی گەورەی توركیاو گۆڕینی حوكم لە وڵاتەكە ئەگەر بە پاساوی ئازادی بۆ گەلان نەبێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەو دابەشكردنی وڵاتەكە لەنێوان زلهێزەكان.

‌ 221 جار بینراوه‌
22/09/2018
Print Friendly and PDF
بابەتەکانی تری نوسەر
Telerik
راپرسی
پێت وایە دۆخی ئێستای كوردستان بەچی چارەسەر ئەبێت؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved