وتار
سكانداڵی ریفراندۆم

ئومێد مەحمود


ئێستا بە تەواوی و زۆر بە روونی ئاشكرا بو، كە ئامانجی  ئاشكراكراو راگەیاندراوی ریفراندۆم، لەلایەن سەرۆكی دەستەی باڵای سەرپەرشتیارەكەی، زۆر جیاواز بو، لە ئامانجە نهێنی و شاراوەكانی.
بۆ ئەوەی كەسش نیشتمانپەروەریی و نەتەوەییم پێنەفرۆشێتەوە، لە بەكارهێنانی چەمكی سكانداڵ بۆ ریفراندۆم، بەپێویستی دەزانم ئاماژە بۆ ئەوە بكەم كە مەبەستم لە بەكارهێنانی سكانداڵ، زیاتر بۆ بانگەشەكارانییەتی، نەك خودی پرۆسەكەو دەرەنجامە نەهامەتبارو كارەساتبارە هەنوكەیی و ئایندەییەكەی، كە كوردو پرسە رەواكەی بۆ دەیان ساڵ پاشەكشێ‌ پێكرد.
هەر رۆژنامەنوسێك یان توێژەرێك بیەوێت، پیشەییانەو بابەتییانە، ئامانجە پەنهانەكانی ئەنجامدانی ریفراندۆم، روون و ئاشكرا بكات، لە كاتێكدا هیچ بەڵگەو دكۆمێنتێك لەو بارەیەوە بڵاونەكرابێتەوە، دەبێتە كارێكی سەخت، بەڵام رووداوەكانی پێش و دوای ریفراندۆم بەشێكی زۆر باش لەو ئامانجانە دەردەخەن.
پێش بڕیاری كۆتایی ریفراندۆم و پێكهێنانی دەستەی باڵای سەرپەرشتیار، وشەكانی ریفراندۆم و مافی چارەی خۆنوسین، زیاتر وەك كارتی فشار لەلایەن سەركردەی حزبەكان بە تایبەتی (پ.د.ك)ەوە بەكاردەهات، نەك وەك، بڕیار تەنانەت وەك مافێكی سروشتیی و دەستووریی، بەڵام وەك شوان داودی پەرلەمانتاری خولی پێشوو، ئاماژەی بۆ دەكات، دوای لەكارلابردنی هوشیار زێباری وەزیری دارایی عێراق و تۆمەتباركردنی بە گەندەڵیی، كە لەلایەن پارتی و سەرۆكەكەی بە جۆرێك لە سووكایەتیی لێكدرایەوە، پرسی ریفراندۆم، زۆر زیاتر گەرم و گوڕتر بو، هەرچەندە مەسعود بارزانی سەرۆكی (پ.د.ك)، لە چاوپێكەوتنێكی رۆژنامەوانیدا پرسی جیابونەوەو راگەیاندنی دەوڵەتی كوردی بەستبوەوە بە هەڵبژاردنەی نوری مالكی بە سەرۆك وەزیرانی عێراق.
رۆژی كۆبونەوەو دیاریكردنی وادەی ئەنجامدانی ریفراندۆم، لێپرسراوێكی باڵای یەكێك لە حزبەكان، لە دانیشتنێكی تایبەتدا (وتوبوی، لە كۆبونەوەكەدا، كاك مەسعود وتی:” 25 مانگی 9 ریفراندۆم دەكەین” ئێمەش وتمان باشە)
ئەوانەی كە دەڵێن ئەنجامدانی ریفراندۆم دوای تاوتوێكردن و توێژینەوەو خوێندنەوەی ورد بڕیاری لەسەر دراوە، جگە لە شاردنەوەی راستییەكان، هیچی دیكە نیە.  
زۆرێك لە چاودێران و سیاسەتمەتداران و خودی لێپرسراوانی باڵای (ی.ن.ك) یەكێك لە هۆكارەكانی ئەنجامدانی ریفراندۆم و مكوڕبوونی سەرۆكی پارتی لەسەر بەڕێوەچوونی پرۆسەكە، دوای هەوڵی زۆری لایەنەكان و وڵاتانی ئەوروپاو هەڕەشەكانی عێراق، بۆ بێهێزكردن یان لەناوبردنی یەكێتی، بەتایبەت لە كەركوك دەگەڕێنەوە، بەڵام بەشداریكردنی بەشێكی گرنگیی سەركردایەتی یەكێتی لە پرۆسەكەو ئاشتبوونەوەی خێرای ئەو ئەو لێپرسراوانەی یەكێتی كە پارتی بە خیانەتكار تۆمەتباری دەكردن ئەم گریمانەیە تا رادەیەك لاواز دەكات.
پێموایە، هەوڵی بێ‌ وچان و سەرسەختانەو شێلگیرانەی ئێستای پارتی بۆ بەدەستهێنانی پۆستی زیاتر لە بەغداو هاوپەیمانیی پارتی لەگەڵ هەمو ئەو لایەن و كەسایەتییە عەرەبانەی كە پارتی بە دوژمن وێنای دەكردن، گریمانەی پیلانگێڕیی ریفراندۆم بەهێز دەكەن.     
ئەوەشی زیاتر ئەو پیلانگێڕییە لە سكانداڵ نزیك دەكاتەوە، كاندیدكردنی كەسایەتییەكی وەك فوئاد حوسێنە بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، كە پێشتر بەوپەڕی شانازی و دەنگبەرزییەوە دەیوت: “رۆژێك لە رۆژان كورد بەشێك نەبووە لە دەوڵەتی عێراق، تا بڕیاری جیابونەوە بدات، تۆمەتباررمان دەكەن بەوەی كە جیادەبینەوە، بەڵام لە راستیدا ئێمە جیانابینەوە، لەبەرئەوەی ئێمە بەشێك نین لە عێراق تا جیابینەوە”.
ئەگەر فوئاد، تا ئەو رادەیە كە خۆی بە عێراقی نازانێت، چۆن خۆی بۆ سەرۆكی عێراق، كاندید دەكات، كەبەپێی یاساو دەستوور دەبێت، سەرۆك و داكۆكیكاری هەمو عێراقییەك بێت لە كوردو عەرەب و توركمان و نەتەوەكانی دیكە؟ 
پێموایە، ئەم خۆكاندیدكردنە جگە لەوەی سكاندڵێكی زۆر گەورەیە، هەوڵێكی زۆر مەترسیدارشە بۆسەر یەكڕیزیی كورد.

‌ 95 جار بینراوه‌
29/09/2018
Print Friendly and PDF
بابەتەکانی تری نوسەر
Telerik
راپرسی
کێ بەرپرسە لەم دۆخەی ئێستای کوردستان؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved