وتار
دۆخی كوردستان و ئەنجامدانی ریفراندۆم..

زاهیر شكور



وا نزیكدەبینەوە لە تێپەڕاندنی ساڵێك بەسەر ریفراندۆمدا، ریفراندۆم و دیاریكردنی چارەنوسی میللەتان بە پێی میساقی نەتەوە یەكگرتوكان وجاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤ و پرانسیپەكانی ویلسۆن مافێكی رەوای گەلانە، لەم سۆنگەییەوە ئەنجامدانی ریفراندۆم مافێكی شەرعی ورەوای كوردە بۆ دیاریكردنی چارەنوسی خۆی.. بەڵام كاتی ئەنجامدانی پرۆسەكە و هەلومەرجی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی و دۆخی ناوخۆیی و گرنگی دروستكردنی كۆڵەكەكانی دەوڵەت لە پرۆسەكە گرنگتر و گەورەترە بۆ سەركەوتن.. ئایا دۆخی سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی و فەرهەنگی كوردستان لەبار بوو بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم؟
بە بیر هێنانەوەی دۆخی كوردستان لە ساتەوەختی ئەنجامدانی ریفراندۆمدا نەك لە بار نەبوو، بەڵكو مەترسیەكی گەورەی لەدەستدانی سنوریكی فراوانی هەرێمی كوردستانیش بوو، زۆرینەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی و پارتی و بەرێز مەسعود بارزانی هیچ حیسابێكیان بۆ نالەباری دۆخەكە و ناڕەزاییەكانی ئەمریكا و بەریتانیا و فەرنسا و توركیا و ئێران و عێراق و نارەزاییەكانی قاعیدەی یەكێتی لە كەركوك نەكرد...
كوردستان دەوڵەمەنترین رووبەری جوگرافیایی هەییە، رووبارەكانی سیروان و ئەڵوەند و زێی بچوك و گەورە و بەنداوەكانی دەربەندیخان و دوكان و بێخمە، كەتاوانێكی گەورەبوو تەواو نەكرا و كەلوپەلەكانی تاڵانكرا، زیاتر لە 500 شوێن و جێگای لەبار هەیە بۆ دروستكردنی بەنداوی گەورە و بچوك بۆ گلدانەوەی ئاوی باران و پرۆژەی ئاودێری وەك یەدەكێك بۆ گەشەپێدانی پیشەسازی و بواری كشت و كاڵ. خاوەن یەدەكێكی گەورەی نەوت و غازین بۆ گەشەپێدانی پیشەسازی قورس و زەبەلاح. دۆڵی بازیان و شاخەكانی دەوروبەری جێگای بەرهەمهێنانی چیمەنتۆییە، شاخەكانی پێنجوێن و سنوری دەربەندیخان زۆرترین مەڕمەر و ئاسنی لێ بەرهەمدێت، سەدان ناوچەی جوان و رەنگین و دڵڕفێن هەیە بۆ گەشت و گوزار، دۆڵ و دەشتایی بە پیت و بەرەكەتمان هەیە بۆ كشت و كاڵ و بەرهەمهێنانی دانەوێڵەو برنج و كونجی ولۆكە، نمونەی دەشتایەكانی شارەزور، پیرە مەگرون بتوێن، كۆیەو هەولێر، قەراج و كەندیناوە، سمێڵ و زاخۆ و دۆڵی نەهلە و ئاكرێی و ساڵەیی و شوان و قەرەحەسەن و خورماتوو و تازە و كفری و كەلار، كلتور و رۆشنبیریی فرەیی و زانكۆ و پەیمانگا، هەموو ئەمانە لە ماوەی 27 ساڵی حوكڕانی یەكێتی و پارتی ئیستغلال نەكرا بۆ دروستكردنی كۆڵەكەكانی دەوڵەت و پێشخستنی كوردستان و بنیاتنانی ئابورییەكی بەهێز و ئیكتفای زاتی، دەبوایە هەموو ئەمانە بكراییە پێش ریفراندۆم..
نەبوونی روئیاییەكی ستراتیژی و یەكدەنگی و خیتابێكی یەكگرتوو، دەبوایە هەبوایە بەداخەوە نەبوو، برینەكانی شەڕی ناوخۆ بەتەواوەتی ساڕێژ نەبوبوو، ناكۆكی و ناتەبایی نێوان هێزە سیاسییەكان بەتایبەتی نێوان یەكێتی و پارتی ئاستەنگێكی گەورەی بەردەم ریفراندۆم بوو، جگە لەوانە هەموو دام ودزگاكان داوم و دەزگای لاواز و گەندڵ بوون، ئەم ئاستەنگ و تەگەرانە و نەبوون روئیایی ستراتیژی و پەیوەندی بەهێز لە گەڵ دەرەوە، كۆسپی گەورەی بەردەم ریفراندۆم بوو، بۆیە ئەنجامەكەی شكستێكی گەورە و لە دەستدانی نیوەی خاكی هەرێم بوو، كە كوردی هێنایەوە چوار گۆشەی یەكەم.







‌ 161 جار بینراوه‌
29/09/2018
Print Friendly and PDF
بابەتەکانی تری نوسەر
Telerik
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved